Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ساڵێک دوای ١٧ شوبات …   عەبدوڵا مەحمود

ساڵێک دوای ١٧ شوبات … عەبدوڵا مەحمود

Closed
by February 15, 2012 گشتی

لە ئاکامی نابەرابەرییەکی ئابوری زەبەلاح و شەپۆلی نەوەستاوی دژی ئازادی و دزی و تاڵانی و گەندەڵی بێپەردەی ڕاشکاوی فەرمی و نافەرمی، لەبەرامبەر دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشایی و بێیاسایی نزیک بە دوو دەهەدا، بەشێکی خەڵکی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و ناوچەی سەوزو نیلیدا بەئیلهام وەرگرتن لە بزوتنەوەی ڕامالینی دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتی بۆماوەیی “پشتاو پشت- وراسی” و لە پێناو نان و ئازادی و گێڕانەوەی شکۆی ئینسانیاندا، کە وڵاتانی عەرەبی و باکوری ئەفریقای هەژاند، هاتنە سەر شەقامەکان و خواستە سەرەتایی و رەواکانی خۆیان ڕاگەیاند کەپاشان بەزۆری چەک و پیلان و سازشی ئۆپۆزیسیۆنێکی! بودەڵە و ماڵی خامۆشکرا. بەش و ناوچەکانی تری کوردستانی ژێر دەسەڵاتی زەرد کە لەژێر لە قەڵەمڕەوی میلیشیایی پارتیدا بوو ترس و تۆقاندن و ڕێگەی نەدا تورەیی و نەفرەتی لێوان لێویان، فوارەی ئاسایی خۆی بگرێتە بەر و هاواری رەوای ملیۆنییان، بەزۆر کڵۆم درا.
هاتنە مەیدانی خەڵکی ناوچەی سەوزو نیلی و سازشی ئۆپۆزیسێۆن و سەرکوتی ناوچەی زەرد، هەر هەموویان چەند ڕووداوی لە بیرنەکراوی و پڕ ئەزمونی خرۆشانی جەماوەری خەڵکی کوردستانن.
ئیستا کە ساڵێک بەسەر خرۆشانی جەماوەری پارێزگای سلێمانی و بەزۆر کڵۆمدانی دەنگی نارەزایەتی پارێزگاکانی دهۆک و هەولێردا، تێدەپەڕێت. نابەرابەری ئابوری و قوڵبونەوەی قڵشتی چینایەتی نێوان سەرمایەداران و دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی لەگەڵ جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستاندا، زیاد بووە و کەمی نەکردووە. کەشتیگەلی دەسەڵات بۆ شێلانی شەپۆلەکانی ئازادی سیاسی و رێکخراوبوون و خۆپیشاندان و ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی بەیان و بڵاوکردنەوە، لەگەڕدان. هێشتا برسێتی و گرانی بازار، بێکاری… دیکتاتۆریەتێکی بێرەحمی دەست نەپارێزن لەسەر ژیانی دەیان و سەدان هەزار خێزانی دەست کورت و هەژار. هێشتا دزی و تاڵانی و گەندەڵی فەرمی و نافەرمی و بەسیستماتیک کراو، درێژەی هەیە. هێشتا بێیاسایی  بێداد دەکات. هێشتا بەرپرسی حزبی و حکومی و ئەولادی حزب، لەسەروی هەموو یاساو رێسایەکەوەن و یاسا لەژێر چەکمەیاندا درۆیەکی بازاڕییە. هێشتا یاسا مۆتەکەیەکە بۆ گیانی هەژاران و خاوەن مافەکان و دەنگە ئازادەکان و ئازادیخوازی. هێشتا تاوانباران و بکوژان و بریاردەرانی کوشتن و لێدان و شکنجە بە کوشتارچیەکانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواترییەوە، ئازاد و مکرەم و بەرپرس و هێلی سوری بەردەم یاسان!!
هێشتا لاوانی بێبەش و پڕ تاسەو هیوا، لەدۆزەخی ژێر سایەی دەسەڵاتی تاڵانچی و ماف لوشدەری پارتی و یەکێتیدا، بێهیواترو بێبەشتر و بێئایندە راگیراون و تەمەنی جوانی و لاویان لە چاوەڕوانیدا، دەگوزەرێنن.
هێشتا هەواڵی توندوتیژی و کوشتنی ژنان و ناچارکردنیان بە خۆکوژێ…لە ژێرسایەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەو رەگ ڕۆچوو بە ئیسلام و یاسا بۆگەنە سەرچاوەگرتوەکانی” شەریعەت” قورعان و حەدیس دا، هەموو ڕۆژە و دڵ کونکەرەیە.
بەڵێ… هێشتا دوای هەموو ئەم ژیانە دۆزەخی و نابەرابەر و نائازاد و نائینسانیەی یەخەگیری خەڵکی کوردستانە… دەسەڵات دەست لەسەرکوت و هەڵناگرێت و رێگا نادات خواستە کەڵەکەبووەکان، هیوا جوانەکان، تاسە رەنگینەکان و خەونە زێڕینەکانی خەڵکی کوردستان، بێنە سەر شەقام.
دوای ساڵێک بەسەر ١٧ شوباتدا، دەسەڵاتی ڕۆچوو لە تاڵانی و نابەرابەی و سەرکوتدا…لەو راستیە تێناگات، کە مەیدانەکانی ئازادی تینووی سێڵاوی جەماوەرێن، تینوی هاوارو بڵندگۆی گەروەکانی نان و ئازادی و بەرابەری و دەسەڵاتی پشتبەستوی پڕ شکۆی جەماوەرین. خواستی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، لاوان و ژنان و ئازادیخوازی… ئێستا گەورەتر لە پارە. خرۆشان و هاتنە سەرشەقامی پار ساڵ، و کاردانەوەی دەسەڵات و مامەڵەی ئۆپۆزیسیۆنە دەستەمۆکراوەکەی دەشی ئێستا هێندە پڕ ئەزموون بێت کە کرێکاران و زەحمەتکێشانی بەو ئاکامە گەیاندبێت، کە بۆ دوبارە هاتنەوە مەیدان، سەربەخۆیی چینایەتی، ڕێکخرابوونی شوێنی کار ژیان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی راستەقێنەی خۆیان، بۆ هێنانە مەیدانی داخوازیەکانیان و ناچارکردنی دەسەڵات بۆ ملدان لەبەرامبەر ریزی رێکخراو و یەکپارچەو سەربەخۆدا، چەندە پێویست و ژیارییە.
کۆبونەوە جەماوەرییەکانی مەیدانەکانی ئازادی، بۆ سەرکەوتن و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر دەسەڵات و چاوچنۆکی سەرمایەدا بە سودی جەماوەری خوازیاری نان و ئازادی و گێرانەوەی شکۆی و ئیرادەی ئینسانیدا پێویستی بەلێکهەڵپێکان هەیە لەگەڵ کۆبونەوەو رێکخراوبوونی کرێکاران و راگرتنی کارگەکانی بەرهەمهێنان و راگرتنی جوڵەی کۆمەڵگا.
ئەوە کە دەتوانێت تەلیسمی سەرکوت و زۆرداری شەقام برمێنێت، ئەوەی کە دەتوانێت مەیدانەکانی ئازادی بکاتەوە بە نمایشی توانایی واقعی شەقام، هاتنەمەیدانی ریزی کرێکارانی رێکخراو سەبەخۆییە لە شوێنی کار و راگرتنی چەرخەکانی بەرهەمهینانە.
ئێمە کۆبونەوەی مەیدانە ئازادییەکانمان بینی، راوەستاوی چەند مانگەی ئەم گۆرەپانانەمان ئەزموون کرد، بەڵام چونکە کرێکارانی کارگەکانی بەرهەمهێنان، بیناسازی، هاتوچۆ، شارەوانی، گەیاندن…بە راگرتنی کارەکانیان و دەستدانە مانگرتن و خۆپیشاندان و بەهۆی نارێکخراویەوە، بەکردەوە بەمەیدانەکانی ئازادییەوە، پەیوەست نەبوون… دەسەڵات لە ناوچەی سەوزو نیلی توانی لە رێگای زۆرو سەرکوتەکەی مەیدانەکانی ئازادی چۆڵ بکات و لە زونی زەردو ژێر سایەی پارتیشدا مەیدانەکانی ئازادی لە چاوەروانی بانگەشەی نان و ئازادی و بەرابەری و دەسەڵاتی رەوادا، تەنها بمێننەوە.
ئێستا دوای ساڵێک بەسەر ١٧ شوباتدا، هێشتا کۆمەڵگا لە کوڵاندایە، و هیچ کام لەخواستەکانی خەڵکی شەقام گرتوو نەک جێبەجێنەکران بەڵکو تاوانباران و بکوژانی خۆپیشاندانەکانیش دەستگیر نەکراون، ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیش دوای ئەوەی سەرەتا خۆپیشاندان و هاتنە مەیدانی جەماوەری تورەی بە “ئاژاوەچی” ناوزدەکرد، پاشان بۆ بەهرەبەرداری و کردنی بەدەستمایەی بەدیهێنانی خواستی حزبی و پۆستی سیادی و بوجە، لەگەمەی کۆبونەوە سێ قۆڵی و پێنچ قۆڵی و بۆ نیشاندانی شەفافیەتی! دانوستاندن و کۆبوونەوەکان و توڕدانی نەریتی کۆبونەوەی “داخراو و ژورە تاریکەکانیش”!!، کۆبونەوەی داخراوی و دوو قۆڵی ژوری تاریک و دور لەچاوی میدیاکان…کردۆتە پیشەیەکی ئاسایی خۆی.
لە دۆخێکی لەم بابەتەدا، کە خواستەکانی خەڵکی کوردستان زیادیان کردووە. سەرکوت و تاڵانی و دزی و گەندەڵی…پشوی نییە. برسێتی و گرانی و بێمافی، بێداد دەکات. دەسەڵات میلیشیایی و حزبییە. یاسا لەهیچ ئاستێكدا رێز لێگیراو سەربەخۆ و بێلایەن و بەرابەر نییە. شکۆو ئیرادەی خەڵکی لە بەرێوەبردن و دەسەڵاتدارێتیدا، جێگایەکی نییە. ئۆپۆزیسیۆن ماهیەتە واقعی و کارنامەو ناکۆکیەکەی لەگەڵ خواستەکانی خەڵکی کوردستان، رۆژ بەرۆژ زۆرتر دەردەکەوێت… پێداویستی خۆ رێکخراوکردن و کۆبونەوە لەدەور ئاسۆی رزگاری و بەرابەری و دەسەڵاتی پشت بەستوی جەماوەریدا، لە زەمینەیەکی باشتر بەهرەمەندە، نابێ ئەم ژینگەو زەمینەیە خاڵی بمێنێتەوە، ١٧ شوبات بە هێزیكی رێکخراوترو ئاسۆی رۆشنتر و سەراسەری ترەوە، پێویستە پێشوازی لێبکرێت. کارگەکانی کارو بەرهەمهێنان، مەیدانەکانی ئازادی و گۆرەپانەکانی گەڕەك، لە پێشوازی ١٧ شوباتدا لە ئامادەباشیدان.

ناوەراستی شوباتی ٢٠١٢         

abdulla.mahmud@gmail.com
www.abdullamahmud.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.