Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
سنوورێک بۆ شەقاوەیی خاوەن پۆستەکان

سنوورێک بۆ شەقاوەیی خاوەن پۆستەکان

Closed
by August 1, 2012 گشتی

 

ڕەنگە هیچ ڕووداوێکی تر ئەوەندەی ئەو شێوەقسەکردن و مامەڵەکردنەی مەحمود سەنگاویی کە لە تەلەفۆن و لە فەیسبووک لەگەڵ ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانییدا دەیکات، پیشانی نەدات کە دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێمی کوردستان چەندە ڕێزیان کەمە بۆ ئازادیی چاپەمەنیی و، چۆنیش بڕیاریان داوە بە هەڕەشە و چاوترساندن و جنێوی بازاڕییانە خۆیان لە هەموو ڕەخنەیەک بپارێزن. ئەو ڕووداوە پیشانی دەدات کە ئازادییەکانی ئێمە لەژێر چی خەتەرێکدایە و ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتیان دراوەتە دەست، ئامادەن بۆ پاراستنی دەسەڵاتدارێتیی خۆیان، تا چی ئاستێک لە غرورنواندن و یاساشکێنیی و تاوانکاری بۆی بڕۆن.

ئێمە دەبێت بزانین کە ئەوەی سەنگاویی لەو تەلەفۆنەدا دەیکات و دەیڵێت هەر تەنها جنێودان نییە، وەک چۆن زۆرێک بە هەڵە وا لێکی دەدەنەوە، بەڵکو هەڕەشەی کوشتنیشە. ئەمە دەخوازێت لەسەر ئەو هەڕەشەیە سەنگاویی بدرێتە دادگا و سزا بدرێت. ئەمە هەم لەبەر ئەوەی لە یاسای سزاداندا هەڕەشەکردن لە خەڵک سزای هەیە و، هەمیش لەبەر ئەوەی ئەو هەڕەشەیە هێرشێکی خەتەرناکە بۆ سەر ئازادیی چاپەمەنیی لە کوردستاندا و هەر بەفیعلیی دەبێتە هۆی بەرتەسکبوونەوەی ئەو ئازادییە. ئاخر ئەوە ئەرکی دەزگای داواکاری گشتیی و دەسەڵاتی دادوەرییە لەڕێگەی مولاحەقەی یاساییەوە پێ لەسەر پارێزراویی ئازادییە مەدەنیی و سیاسییەکانی خەڵک دابگرن.

چی خەتەرناکە پیاوێکی عەسکەریی بەو شەخسییەتە توڕە و بێباڵانسەیەوە و بەو عەقڵییەتە ئاغایی-یەوە، دەسەڵاتی بدرێتە دەست و هێزێکی گەورەی سەربازیی بخرێتە ئیختیاریەوە و بەناوی بەرپرسی حیزبیی و حکومییەوە دەمانچەیەک بکرێت بە بەر پشتوێنەکەیدا و بەر بدرێتە گیانی خەڵک.

ئەو ڕاستییەی کە مومکین نییە دەسەڵات ئامادە بێت سەنگاویی بنێرێتە بەر دادگا تا لەسەر ئەو هەڕەشەیە سزا بدرێت، نەک هەر مانای ئەوە نییە کە ئێمە واز لەوە بێنین داوای بردنە بەردادگای بکەین، بەڵکو پاراستنی بەرپرسان لە مولاحەقەی یاسایی لەلایەن یەکێتیی و پارتییەوە، زەرورەتی ئەوە پیشان دەدات کە ئێمە دەبێت زیاتر و زیاتر پێ لەسەر ئەو داوایە دابگرین.

یەکێتیی و پارتیی دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە ئەوە دانی پۆست بەم جۆرە شەخسییەتانە و ئەم جۆرە تەسەڕوفانەیانە کە دەسەڵاتدارێتیی ئەوانی لەناو خەڵکی هەرێمی کوردستاندا وا بێزراو کردووە. ئێستاش تاکە ڕێگەیەک لەبەردەم یەکێتییدا نیشتیمانییدا هەبێت بۆ کەمکردنەوەی شتێک لە ڕقی خەڵک بەرامبەر بە خۆی، هەر ئەوەیە کە نەک هەر ڕێگر نەبێت، بەڵکو ڕێخۆشکەر بێت لەبەردەم ئەوەی سەنگاویی لە دادگا لەسەر ئەم دۆزە سزا بدرێت. ئەگەر ئەمە ناکات، ئەوا یەکێتیی نیشتیمانیی دەبێت چاوەڕێی ئەوە بێت کە ئەوەندەی تر بێزراو بێت لەناو خەڵکدا.

بیرمان نەچێت ئەم دۆزەی نێوان سەنگاویی و ئەو ڕۆژنامەنووسە دوو دۆزی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە و نابێت بهێڵین یەکێکیان ئەویتریان کاڵ بکاتەوە. لەپاڵ دۆزی هەڕەشەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسێک لەلایەن سەنگاوییەوە، دۆزەکە خۆی لە ئەسڵدا باسی ئەو هەواڵە خەتەرناکەیە کە چەند پلەدارێکی دەزگای دژەتیرۆر دەستیان بۆ تیرۆر بردووە. ئەو هەواڵە ئەو ئەرکە دەخاتە ئەستۆی ڕۆژنامەنووسان کە بەدواچوونی زیاتری بۆ بکەن چونکە وەک دەردەکەوێت مەسەلەکە هەر تەنها هەوڵی جێگرتنەوەی سوڵحکردنی عەشایەریی نییە بۆ دادگاکان لە دۆزێکی جینائییدا، بەڵکو خستنەژێرگوشاری خانەوادەی قوربانییەکە بۆ دەربازکردنی تاوانبارانێک لە دەستی عەدالەت. 

ئەمانە هەموو دۆزی گرنگن کە ڕۆژنامەنووسان ئەرکیانە دوای بکەون و نەهێڵن ئەم سکانداڵانە بکەونە سێبەری ئەو ناکۆکییەوە کە ئەمڕۆژانە لەنێوان سەنگاویی و ڕۆژنامەنووسێکدا کەوتۆتەوە. خۆی ئەسڵەن ئامانجی سەنگاویی لە هەڕەشەکردن و دروستکردنی ئەم دۆخەدا ئەوەیە کە ئاوا ئەو دۆزەی یەکەم بکەوێتە ژێرەوە و ڕۆژنامەنووسان بترسن و فۆکەسی خەڵک ببەنە سەر دۆزی دووەم. ئەمە فێڵێک و هەوڵێکی چاوترساندنە کە نابێت بەسەر ڕۆژنامەنووساندا تێپەڕێت.

هەرچی دۆزەکەی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانییە، ئەوا مەسەلەی نەبوونی مۆڵەت بۆ گۆڤارەکە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە هەرەشەی کوشتنی لێکراوە و ئەمە دەبێت سزای هەبێت. سەنگاویی کەسێکی خاوەن پۆستە و لە شوێنێکی گشتییدا وێنەی گیراوە. بۆیە ئەو ناتوانێت داوای ئەوە بکات وێنەی بڵاو نەکرێتەوە.

ئێستا سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە هەوڵدایە نەبوونی مۆڵەت بۆ دەرکردنی گۆڤارێک لەگەڵ هەڕەشەی کوشتنی ئینسانێک بەرامبەر بکاتەوە و بەمە سەنگاویی بێئارەقە لە دۆزەکە بپەڕێنێتەوە. بەرپرسەکانی ناو ئەو سەندیکایە کە خۆیان کردووە بە قەرەقۆزی بەردەستی دەسەڵات، دەبێت بە بێحیسابکردنیان لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە دەستکۆتا بکرێن لەوەی شەڕی دەسەڵات بکەن دژ بە ئازادیی چاپەمەنیی. کاوە گەرمیانیی لەخراپترین حاڵەتدا لەسەر نەبوونی مۆڵەت، غەرامەیەکی کەم دەیگرێتەوە. غەرامەکەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەهەمییەتی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵەی بڵاویکردۆتەوە بۆ دۆزی دادپەروەریی لە کۆمەڵگادا، دەبێت تا ئاستی سفر کەم بکرێتەوە. ئەوەشی کە بۆی هەیە بەرپرسی تر هاندەری بووبێت بۆ دەرکردنی ئەو گۆڤارە و بەرپرسی تر سەرچاوەی ئەو هەواڵە بێت کە بڵاویکردۆتەوە، (کە من ئەم ئیحتیمالە دوور ناخەمەوە) ئەمە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت و مانای ئەوە نییە کە هەواڵەکە ڕاست نییە. ڕۆژنامەنووسیش ڕێک ئەوە کارەکەیەتی کە لەم سەرچاوە و لەو سەرچاوە هەواڵی نهێنیی دەست بخات و بڵاویان بکاتەوە.

ئێستا سەنگاویی داوای لەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسە تۆمار کردووە لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ئەو بەبێ پرسی خۆی. ئەمە شکاتکردنێکە کە ئەگەر بگاتە گوێی خەڵکی دەرەوەی ئەو هەرێمە زەدیدەیەی ئێمە و بگاتە گوێی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئابڕوچونێکی تری ئیزافیی دەبێت بۆ یەکێتیی نیشتیمانیی و بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان. لای خۆیەوە ئەو ڕۆژنامەنووسەی هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، دادی خۆی بردۆتە لای دادوەرەکانی ناو دادگاکانی کوردستان. ئەو دادوەرانە تا ئێستا سەربەخۆییەکی وایان لەئاست حوکمداراندا پیشان نەداوە کە جێگەی شانازییان بێت. ئەمێنێتەوە ببینین ئەم دۆزە دەگەیەننە کوێ.

ئەگەر ئەم دەزگایانە وا دەستەمۆ کراون و هیچێکیان لەبەرابەر خۆفەرزکردن و شەقاوەیینواندنی دەسەڵاتداراندا پێناکرێت، گرنگە خەڵکی ئێمە و بەتایبەت ڕۆژنامەنووسان نەهێڵن ئەو هەڕەشانە چاوترسێنیان بکات و نەوێرن دوای فەزحکردنی ناشیرنییەکان بکەون، چونکە ئامانجی دەسەڵاتداران لەو هەڕەشانە ڕێک خستنەوەی ئەو چاوترساوییەیە.

دۆزەکە چەندین هەواڵی سکانداڵئامێزی لەخۆگرتووە. لەلایەکەوە پلەدارەکانی دەزگای دژەتیرۆر دەستیان بۆ چالاکیی تیرۆریستیی بردووە. هەواڵێکی تر ئەوەیە کە ئەو دەزگایە پلەدارەکانی خۆی کە تاوانیان ئەنجام داوە، لە دەستی یاسا دەرباز کردووە. هەواڵێکی تری دوای ئەوە ئەوەیە کە سەنگاویی و لاهور تاڵەبانی هەوڵیانداوە بە ئیغرای پارە و بە چاوترساندن و بە موجامەلەی عەشایەریی، هەموو ئەو سکانداڵانە بکەن بە ژێر خۆڵەوە. دوای ئەوە ئەو هەواڵە هەیە کە سەنگاویی لەسەر فەزحکردنی ئەم ناشیرینیانە هەڕەشەی کوشتنی لە ڕۆژنامەنووسێک کردووە و ئێستاش دەیەوێت بێ سزا لێی دەرچێت. ئێستا دۆزی ئەم هەڕەشەی کوشتنە لە دادگایە و هەوڵ هەیە ئەمە بەرامبەر بکرێتەوە لەگەڵ ئەوەدا کە ئەو گۆڤارەی ئەو سکانداڵانەی بڵاوکردۆتەوە مۆڵەتی ڕەسمیی نییە. ئەمانە هەموو هەواڵی گرنگن کە دواکەوتنیان ئەهەمییەتی گەورەی هەیە بۆ دەستکۆتاکردنی دەسەڵاتداران لە خۆفەرزکردن بەسەر خەڵکدا. دواکەوتنی جیدییانەی ئەم دۆزانە و فەرامۆشنەکردنیان ڕێگایەکە بۆ سنووردانان بۆ دیاردەی شەقاوەیینواندنی خاوەن پۆستەکان لە هەرێمی کوردستاندا.

 

ڕۆزا حسێن

31.07.2012

rozahusein@yahoo.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.