سه‌رکاو گۆرانی، فیگه‌ری حه‌ز له نمایشی ''ده‌با هه‌ڵسم''
له میانه‌ی فیستیڤاڵی هونه‌ر له هه‌نده‌راندا، رۆژی 29 ئۆکتۆبه‌ری 2011 هونه‌رمه‌ندی شانۆکار سه‌رکاو گۆرانی به پارچه شانۆگه‌ریی ”ده‌با هه‌ڵسم” به‌شداری کرد.
سه‌رکاو گۆرانی ئه‌م نمیاشه‌ی ده‌رهێناوه و له‌گه‌ڵ ژان بۆنریزا و لویز مونتیزا و ماتیۆ سولێی، به‌شداری له نواندنیشدا کردوه.
ناوه‌ڕۆکی شانۆگه‌ریه‌که به‌ربه‌ره‌کانێی دوو ژنه له‌سه‌ر پیاوێک. قین و توند و تیژی حه‌زی که‌سایه‌تیه‌کان تێکه‌ڵ به ئه‌ڤین و ژیانه‌ی رۆژانه‌یان ده‌بێ.
سه‌رکاو به نێوه‌ندی نووسین و ده‌رهێنان و نواندنی ئه‌م پارچه شانۆگه‌ریه دیه‌وێ چێمان پێبڵێ؟
له پانتاییه‌کی دیاریکراودا به دیکۆرێکی نێو ماڵی کلاسیک و به روناکیه‌کی بێ دابڕان تیشک ده‌خاته سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کی ئاڵۆزی نێوان ئه‌و که‌سایه‌تیانه. سه‌رکاو لێهاتوانه په‌نجه ده‌خاته سه‌ر دووبه‌ره‌کانێی نێوان دوو مێ له‌سه‌ر نێرێک و دوو فاقه‌ی حه‌ز و قین تێکه‌ڵ به ئاڵۆزیی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌وه ده‌بن.
شانۆگه‌ریه‌که له پارچه‌یه‌کی سه‌ره‌کیی پێکهاتبوو و چه‌ند دیمه‌نێکی تێکهه‌ڵکێش تێاندا دیمه‌نه‌کان به گۆڕانی که‌سایه‌تیه‌کان جێگۆڕکێان پێده‌کرێ، بێ ئه‌وه‌ی پانتایی دیاریکراو وه‌ک سه‌کۆی شانۆکه بگۆڕێ. ونبوونی که‌سایتیه‌کان له پشت په‌رده‌یه‌کی لاته‌نیشتی سه‌کۆی شانۆکه ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه که فیگه‌ری حه‌ز له‌بری ئه‌وان دێته سه‌ر شانۆ و قسه ده‌کات. ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنی سه‌کۆیه‌کی ته‌خت که له هه‌مان ئاستی جه‌ماوه‌ردا بێ ئاماژه‌یه‌که بۆ تێکه‌ڵکردنی هه‌ست و خواستی جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تیه‌کان، جه‌ماوه‌ر به‌شێکن له نمایشکه با له‌ملاوئه‌ولای شانۆکه‌وه‌ش دانیشتبن، واته له هه‌مان ئه‌و کاته‌ی که په‌روایزن به ئامادبوونی فیگه‌ری حه‌ز ئه‌وانیش ده‌بنه به‌شێک له نمایشه‌که. دیالۆگ لیره‌دا رۆڵێکی که‌می هه‌یه، که هه‌شه به‌لای توند و تیژیدا ده‌چێ، ئه‌وه‌نده‌ی فیگه‌ری حه‌ز به ده‌مامک و شه‌پقه‌که‌یه‌وه له فیگه‌ری فاوه‌ستدا خۆیان ده‌نوێنن و دیوێکی ئه‌مدیوی حه‌زی شاراوه‌ی که‌سایه‌تیه‌کانمان بۆ ده‌خاته به‌رچاو، خودی که‌سایه‌تیه‌کان ئه‌و رۆڵه‌یان نیه که ئاشکرای هه‌ست و ئاره‌زوویان بکه‌ن. هه‌ر ئه‌ویشه له‌بری حه‌زی ئه‌وان قسه ده‌کات، روخساری راستی ئه‌وانمان پێ نیشان ده‌دات که له روخسارێکی جوان و گه‌نجێتیدا ده‌رده‌که‌ون. فیگه‌ری حه‌ز ئه‌وه‌شه که ده‌زانێ گاڵته به چاره‌نووسی ئه‌وانه بکات، بیخاته به‌رچاو جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بوو و که‌سایتیه ونبووه‌کانی ئه‌ودیو په‌رده‌ی شانۆکه، له کاتێکدا ونبوونی ئه‌وان له پانتایی دیاریکراو ناکاته ونبوون و نه‌مانی حه‌ز و ئاره‌زوو، هه‌ر بۆیه فیگه‌ری حه‌ز مه‌ترسی ئه‌وانمان بۆ ده‌گوازێته‌وه و به خۆی و ماسک و شه‌پقه‌که‌یه‌وه هانمان ده‌دات سه‌رقاپ له‌سه‌ر ئه‌و دیوه راستیه‌ی له خۆماندا شاراوه‌ته‌وه هه‌ڵده‌ینه‌وه و به راشکاویی قسه‌بکه‌ین. ونبوونی دیالۆگی راستی ئه‌و دیوه‌شمان بۆ روونده‌کاته‌وه، هه‌ر ئه‌وه له بری ئه‌وان قسه ده‌کات با بڵێین به راستی قسه ده‌کات با ماسکیشی له سه‌ر ده‌م و چاوی دانابێ. لێره‌شه‌وه خودی فیگه‌ری حه‌ز له کاسایه‌تیه‌کان شاراوه‌یه به‌ڵام نه‌ک له ئێمه، ئه‌وه ته‌نها ئێمه‌ی جه‌ماوه‌ر دیبینین و ئاگادارمان ده‌کاته‌وه که ئه‌وان چۆن ته‌ماشای یه‌کتر ده‌که‌ن، چۆن درۆ ده‌که‌ن.
ته‌قسی خواردنه‌وه، سوراو و ئاوێنه و ده‌فته‌ری تۆمارکردنی رۆژانه‌ی که‌سایه‌تیه‌کی ژن به‌شێکی ته‌واوکه‌رن له‌و حه‌زه شاراوه‌یه. ئه‌مه‌شه وا له فیگه‌ری حه‌ز ده‌کات کاتێ دێته سه‌ر سه‌کۆ ده‌مامک و شه‌پقه‌که‌ی بگۆڕی، دانه‌یه‌ک به دانه‌یه‌کی دی ده‌گۆڕێ بێ ئه‌وه‌ی حه‌ز له ناوبه‌رێ. ئێمه ناچارین بیر له فاوست بکه‌ینه‌وه وه‌ک فیگه‌رێکی کلاسیکی ئیمزاکردنی کۆنتراکتێک له‌گه‌ڵ حه‌زی که‌سایتیه‌کان. دوو خوشک حه‌ز له برایه‌ک ده‌که‌ن. شه‌ر و ناکۆکی و به‌ربه‌ره‌کانێان له‌سه‌ر ئه‌و نیره دیوێکی ئه‌مدیوی کۆنتراکه‌ته‌که‌ی فاوه‌سته له‌گه‌ڵ رۆحی میفیستۆفیلیس. حه‌زی قه‌ده‌غه به‌رابه‌ر به فرۆشتنی رۆح دیوێکی ئه‌و نمایشه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی به ته‌واویی خۆی له لایه‌نی ساکاریی شیکردنه‌وه‌ی ده‌روونیی بدات. کاری ئه‌و نیه حه‌زێک قه‌ده‌غه بکات، ئه‌وه‌نده‌ی کاری به جه‌سته‌ی که‌سایتیه‌کانه‌وه هه‌یه له پانتایی شانۆ وه‌ک ئه‌لته‌رنه‌تیڤی سه‌کۆی ژیان بیانجووڵێنێ و پێمان بڵێ هه‌ن.
لێره هونه‌رمه‌ند کاری به جووڵه‌یه نه‌ک شیکردنه‌وه‌ی ده‌روونیی، لایه‌نی هێزی ئه‌م شانۆگه‌ریه‌ش په‌یوه‌ندی به‌مه‌وه هه‌یه. سه‌رکاو گۆارنی ئیشی ته‌واویی له‌سه‌ر جه‌سته کرده‌وه، به شیوه‌یه‌کی ئاکادیمی سزای جه‌سته ده‌دات و له قاڵبه کلاسیکه‌کانی ئاماده‌بوون و نمایشی جه‌سته ده‌ریانی کردوه. کاری به حه‌زی که‌سایه‌تیه‌کانه‌وه هه‌یه کاتێ ده‌زانن چۆن له دیالۆگێکی پڕ وڕێنه سامناکیی حه‌زی ژن ده‌ته‌قێننه‌وه. ئه‌م ته‌قاندنه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستێتی پێمان بڵێ ئه‌مه هه‌یه با شاراوه‌ش بێ با ئێوه نکۆڵیشی لێبکه‌ن، مه‌به‌ستی لایه‌نی ساده‌یی حه‌ز نیه. ئه‌و ئیشی له‌سه‌ر ئاڵۆزیی جه‌سته و حه‌ز کردوه نه‌ک حه‌ز وه‌ک ئامرازێکی کاتیی که به‌سه‌ر ده‌چێ و تێپه‌ڕده‌بێ. کۆتایی نمایشه‌که‌ش هه‌ر به فیگه‌ری حه‌ز ته‌واو ده‌بێ. ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌که بۆ به‌رده‌وامیی ئالۆزیی ئه‌و چه‌مکه له ژیانی به‌شه‌ردا سه‌ره‌ڕای ره‌تکردنه‌وه‌ی له له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه. به‌م واتایه شاردنه‌وه‌ی ئه‌و حه‌زه ناکاته نه‌بوونی به‌ڵکوو توند و تیژیی لێده‌بێته‌وه و ئاکامی مردنی لێده‌که‌وێته‌وه. حه‌ز و مردن له سه‌ر شانۆ یه‌کده‌گرنه‌وه. ته‌نها له‌و پانتاییه‌دا باس ده‌کرێ ئه‌و ده‌مه‌ی ئاشکراش کرا ون ده‌بێ.
له چرکه‌ی ده‌رچوونی که‌سایه‌تیه‌کان له سه‌کۆی شانۆکه به‌ره‌و حه‌وشه‌که، شۆکێکی ته‌واومان له‌لا درووست ده‌کات. ده‌رگایه‌کی جامخانه کرایه‌وه، بایه‌کی سارد خۆیکرد به ژوورا، له‌م دیوه‌وه که‌سایه‌تیه‌کانمان وه‌ک خۆمان و وه‌ک که‌سانی بێگانه ده‌بینی(بێگانه له ده‌قه‌که و له خودی شانۆکه که پێش تۆزێک نمایشیان له‌سه‌ر سه‌کۆکه‌ی ده‌کرد)، جووڵه و کرده‌وه و قسه‌کردنیان چیدی بایه‌خی نه‌ما. به بڕوای من، هه‌ر ئه‌م چرکه‌یه‌شه ته‌واویی ناونیشانه‌که‌ی ”ده‌با هه‌ڵسم” ئاشکراده‌کات وه‌ک بێه‌وێ به‌خه‌به‌رمان بهێنێ، ئه‌و بایه سارده ته‌نها ئاگادارکردنه‌وه و له خه‌و هه‌ڵسانمان وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه، ئه‌مدیوی رۆژ و ئه‌و دیوی شه‌ومان بۆ به‌رجه‌سته‌ده‌کات، ده‌روه و ناوه‌وه و حه‌ز و قین، هه‌موو ئه‌مانه دوو فاقه‌ی ئه‌و به‌ربه‌رکانێ ئه‌نتۆلۆژیه‌یی مرۆڤمان بۆ وێنا ده‌کات، ته‌نانه‌ت شه‌و و رۆژیش تێدا ده‌بنه ئاکته‌رێک و دیوی شاراوه‌ی کاسایه‌تیه‌کانمان بۆ ره‌وان ده‌کاته‌وه، واته ئه‌و دیوه شاراوه‌یه‌ی که خۆشیان لێی ده‌ترسێن. ئه‌و ده‌رگا کردنه‌وه‌یه چرکه‌یه‌کی ئیجگار جوان بوو تێدا سه‌رکاو گۆرانی ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ ئه‌و جۆره شۆکه جه‌ماوه‌ر چاوه‌ڕێی ناکه‌ن، چوونکه وه‌ک ئه‌وه وایه هه‌موو شتێ بۆ ئێمه جێهێڵن و ئیدی خۆمان ببینه ئاکته‌ری داهاتووی رووداوه‌کان. ئه‌وان له‌وێدا رۆڵیان کۆتایی پێهات و له‌مه‌ودوا رۆڵی ئێمه دێته پێشێ و ته‌نها ئه‌مه‌یان راسته، یاخود به‌ره‌وڕووی ئه‌و راستیه‌مان ده‌کاته‌وه سا یان به باشیی پێی هه‌ڵده‌ستین یاخود خۆمانی لێده‌شارینه‌وه و وه‌ک که‌سایتیه‌کانی نێو شانۆکه له سه‌کۆی رووداوه‌کان خۆمان ده‌دزینه‌وه و ته‌نها فیگه‌ری حه‌ز به ده‌مامک و شه‌پقه‌کانیه‌وه له‌بری ئێمه دێته قسه و ناواخنمان ئاشکراده‌کات.
بۆ بینینی وێنەکان سەیری هاوپێچ بکەن لای دەستی چەپ
به‌یان سه‌لمان، پاریس