Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
سیمای بەرگریی لە شیعرەكانی گۆڤاری (قەڵا)دا

سیمای بەرگریی لە شیعرەكانی گۆڤاری (قەڵا)دا

Closed
by November 14, 2011 ئەدەب

 شیعری بەرەنگاری، رووبەرێكی بەرفراوانی لە ئەزموونی شیعری كوردی گرتووە. بەومانایەی شیعر وەك پەیامێك، كە ئامانجێكی نەتەوەیی و شۆرشگێری هەبووە، هەمیشە وەك چەكێكی بەرەنگاری و یاخیبوون بەرەو رووی دوژمنان بۆتەوە. لەو سۆنگەیەشەوە كەم نین ئەو تێكستە شیعریانەی بەو هەناسەیەوە لەلایەن شاعیرانی ئێمە نووسراون.كەهەموویان سیمای بەرگری و تێكۆشان وهاندانیان تیادایە. بێگومان ئەمەش پەیوەستە بەو هەلومەرجە سیاسی وشۆرشگێری وكۆمەڵایەتیەی كۆمەلگای كوردی. بەومانایەی ئێمە هەمیشە وەك نەتەوەیەك بە ژێردەستەیی و چەوساوەیی ژیاوین.ئیدی لەو قۆناغانەدا،شیعریش وەك پەیامێك رەنگدانەوەی ئەو واقیعەیە.بۆیە دەكرێ بڵێین هیچ ئەدەبێكی بەرەنگاری، بەبێ سیمای بەرەنگاری نەتەوە بوونی نابێت.شیعری سیاسی وشۆرشگێری، ئەوكاتە دێتە ئاراوە، كەنەتەوەیەك،لە هەلومەرج وقۆناغی خەبات وبەرگری وتێكۆشان دابێت.لەو روانگەیەشەوە، ئەگەر تەماشای ئەزموونی شیعری كوردی لە قۆناغە جیاوازەكان دابكەین، دەبینین گوتاری شیعری بەرگری پەیوەستە بەخودی ئەو قۆناغانەوە. بەومانایەی ئەگەر لە هەلومەرجێكدا، نەتەوە لە ساتەكانی تێكۆشان وبەرگری دابێت،ئەوا بە شێكی سەرەكی ئەدەبەكەشی رەنگدانەوەی ئەو تێكۆشانەیە.كاتێكیش نەتەوە دەگاتە ئازادی وسەربەستی،بەو مانایەی هەلومەرجی شۆرشگێری كۆتایی دێت،ئەوا تارادەیەكی زۆر شیعری بەرەنگاریش وەك ئەزموونێك،كۆتایی دێت.لەوسۆنگەیەشەوە ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین،لە قۆناغی دوای راپەریندا،شیعری بەرەنگاری بەبەراورد لەگەڵ قۆناغی هەفتاوهەشتاكان،بوونی نییە. لەكاتێكدا، كۆی ئەزموونی شیعری كوردی لەو قۆناغەدا،دەچێتە خانەی ئەدەبی بەرەنگاریەوە.تەنانەت شوناسی شیعری كوردی شوناسێكی بەرەنگاریانەیە.بەومانایەی وەك وتمان شیعر چەكێكی دیكەی رووبەروبونەوە بوە لە ئاست دوژمناندا.لەوروانگەیەشەوە كەم نین،ئەو تێكستە شیعریانەی هەڵگری ئەو دەلالەتەن،كە ئەویش سیمای بەرەنگاری وهاندانی مرۆڤەكانە، بۆ تێكۆشان وقوربانیدان وخەبات لە رێگەی ئازادی وسەربەستی نەتەوەدا.بێگومان لەم روەشەوە، شیعری كوردی رۆلێكی مێژوویی وشۆرشگێری گرنگی بینیوە،لە هوشیاركردنەوەی تاكەكان وجۆشدانیان بە بیری نەتەوەیی وكوردایەتی.واتە شیعر هەمیشە چەكێكی دیكەی بەرگری بوە،لە قۆناغی تێكۆشانی نەتەوەی ئێمە. ئەگەر بەوردیش بە قۆناغە مێژوویەكان دابچینەوە،بە تایبەتیش دەیەی هەفتاوهەشتاكان،ئەو راستیەمان بەرچاو دەكەوێت.بە تایبەتی ئەو دوو دەیە،زۆرترین شیعری بەرگری،وەك تێكستی نووسراو لە خۆدەگرن.تەنانەت شوناسی شیعری ئەو قۆناغە،شوناسی شیعری بەرگریە.بەومانایەی گوتار وناوەرۆكی شیعرەكان،هەڵگری پەیامی نەتەوەیی وشۆرشگێرین،كە مرۆڤ فێری گیانی رووبەروبونەوەو خۆراگری ویاخیبوون، لە ئاست دوژمندا دەكەن. بێگومان بە شێكی ئەو شیعرانەش، لە رێی زمانی هێما وبەرجەستەكردنی واتا، لە شێوازێكی شاراوەدا نووسراون. بە تایبەتیش ئەو شیعرانەی لە شاردا شاعیران نووسیویانە، پێچەوانەی،ئەزموونی شیعری شاخ كە ئەزموونێكی راستەوخۆیە،لە گەیاندنی ماناوپەیامدا.كەواتە دەتوانین بڵێین زمانی شیعری ئەو قۆناغەی شیعری كوردی، زمانێكی هێما ئامێزەو،شیعری كوردی لەو سەردەمدا،پڕە لەو ێنەی شیعری شاراوە، كە هەموویان گوزارشت لە خەبات و تێكۆشانی نەتەوەیەك دەكەن، كە ئامانجی سەرەكی گە یشتنە بە ئازادی  وسەربەخۆیی.لەو روانگەیەشەوە ئەگەر سەرنج لە دوو توێی ئەو شیعرانە بدەین، كە لە گۆڤاری(قەڵا)دا بڵاوكراونەتەوە دەبینین،هەموویان هەڵگری ئەو گوتارەن كەباسمان كرد. كە ئەویش گوتاری شۆرشگێری وسیمای بەرگرییە. ئەو گۆڤارە،یەكێكە لەو بڵاوكراوانەی رۆلێكی گرنگ وپربایەخی بینی لە بەرەو ێشەوەچوونی رەوتی رۆشنبیری لە شاری رواندز.ئەم گۆڤارە كە بە نهێنی لەلایەن،كۆمەڵێ رۆشنبیری شاری رواندز،لەهەلومەرجێكی سیاسی یەكجارسەخت ودژواردەرچوو. كە سەردەمی بە عس بوو.سەردەمێك كە كارێكی لەو شێوەیە،نەك هەرئاسان نەبوو،بگرە هەڵبژاردنی مەرگێكی حەتمیش بوو.بەتایبەتی كە هەموومان،رادەی درندەیی وخوێنرێژی رژێمی بە عسمان دەناسی.ئەو گۆڤارە ژمارە یەكی بە نهێنی ولەزەمەنی،بەرلەراپەریندا دەرچوو.بەدوای ئەویش نۆژمارەی تری لە سەردەمی راپەرینە شكۆدارەكە لە فۆرمێكی هونەری ساكار،بەڵام بە ناوەرۆكێكی دەوڵەمەند لێ دەرچوو.ئیدی بەدوایی وەستا. لە ناوەرۆكی ئەو دەژمارەیەی گۆڤاری قەڵا، چەندین بابەت،لە هەموو ژانرەكانەوە بڵاوكراونەتەوە.لە نێویشیاندا شیعر وەك ژانرێكی ئەدەبی، بایەخێكی زۆری پێدراوە.دیارە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ كاریگەریەتی ئەو ژانرە ئەدەبیە، لە مێژووی فەرهەنگی ورۆشنبیری ئێمەدا،هاوكات رۆڵی شیعرلە هوشیاركردنەوەو هاندانی تاكەكان،بۆ گیانی بەرگریكردن وخەبات بۆ ئازادی وسەربەستی.لەوروانگەیەشەوە شیعرەكانی گۆڤاری قەڵا،بەگشتی هەموویان هەڵگری سیمای بەرگرین،لە ئازادی وسەربەستیەكانی نەتەوەیەك.ئەگەرچی شیعرەكان لەرووی فۆرمی شیعریەوە سادەن وزمانی نووسینی شیعرەكان،بێ گرێ وگۆڵە.وەلێ لەگەڵ ئەمەشدا وێنەی هونەری جوان ومانا ودەلالەتی شیعری جوان لە دەقەكاندا بوونی هەیە.كەواتە دەتوانین بڵێین شیعرەكانی گۆڤاری قەڵا،لەرووی گوتاری شیعریەوە، هەڵگری هەمان خاسیەتەكانی دەقی شیعری كوردییە،لە قۆناغی هەفتاو هەشتاكاندا.واتە شیعرەكان دەچنە چوارچێوەی شیعری بەرەنگاری نیشتمانی.لەو روانگەیەشەوە ئەگەر سەرنج لەناوەرۆكی شیعرەكان بدەین،دەبینین هەموویان گوزارشتن لە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی وهاتنەوە بەگژ دوژمناندا.بێگومان ئەمەش رەنگدانەوەودەرەنجامی ئەو بارودۆخە سیاسی و كۆمەڵایەتیەی كۆمەلگای كوردیە لەو كاتدا.بەومانایەی چونكە نەتەوە لە قۆناغی رزگاری و نیشتمانی دایە،ئیدە ئەدەبیش وەك لایەنێكی گرنگی نەتەوە،دەچێتە خانەی بەرگری لەنەتەوەو ئازادی نیشتمان.بۆیە هەمووشیعرەكانی گۆڤاری قەڵا شیعری نەتەوەیی و نیشتمانین.واتە پرسە نەتەوەیەكان لە پێشەوەی پرسەكانی ترن.دیارە ئەمەش پەیوەستە بەرزگاری نەتەوە.بەومانایەی مرۆڤ رزگاری خۆی لەرزگاری نەتەوەو نیشتمان بینیوەتەوەو،بە بێ ئەو سەربەستیە مانایەك نییە بۆ سەربەستیەكانی مرۆڤ. بۆ ئەوەی مرۆڤیش بگات بە سەربەستی و ئازادی،دەبێ تێبكۆشێت وخەبات بكات.تێكۆشانیش بە بێ قوربانیدان وخۆبەختكردن نابێت.لەو سۆنگەیەشەوە،شاعیرانی گۆڤاری قەڵا بەگشتی لە شیعردا،هەمیشە پەیامی تێكۆشان و رزگاری نەتەوەبە گوێی ئێمە دائەدەن وهانمان دەدەن،نەتەوەونیشتمانمان خۆشبوێت وخەبات بكەین.بۆیەشە شیعرەكان هەڵگری پەیامی شۆرشگێری وهاندانە لە پێناوكاروانی ئازادی وسەربەستیدا.بەومانایەی بەبێ ئازادی مانایەك نییە بۆ بوون وژیان.هەڵبەتە گەیشتنیش بە ئازادی كاروانێكی درێژ وهاوكات سەخت و دژوارەوبەردەوامی دەبێت ولەدەرەنجامی ئەوەشەوە،رووبەرووی نەهامەتی زۆر دەبینەوە.بۆیە نابێت لە هیچ شتێك سڵ بكەینەوە.هەربۆیە شاعیر دەلێ:_
 
دەرۆم..دەرۆم
گەر لە رێ ما..
كێل بێتەوە سەدان لوتكەو دوندی چیا…*
 
ئەگەر سەرنج لەو كۆپڵە شیعریە بدەین دەبینین شاعیر،لەپێناو گەیشتن بە ئازادی وسەربەخۆی نەتەوە،باكی بەو هەموو سەختی و نەهامەتیانە نییە كە دێنە رێی. شاعیر دەزانێت ئازادی بێ تێكۆشان نایەتەدی.تێكۆشانیش بە بێ قوربانیدان بوونی نییە. هاوكات هەموو جۆرە تێكۆشانێكیش لە ناوەرۆكدا هەڵگری سەختی و دژواری ونەهامەتیە.بۆیە شاعیر وێرای هەموو ئەو سەختیانە كەچی بەردەوام دەبێت لە شۆرش وتێكۆشان وگەیشتن بە ئازادی.لێرەوە شاعیر بوونی خۆی لە بوونی نەتەوەدا دەبینێتەوە،بۆیەشە بێ ئازادی نەتەوە،ئەویش هەست بە ئازادی ناكات.لە پێناو گەیشتنیش بە ئازادیش دەبێ خەبات بكات.ئەمە لە لایەك لەلایەكی ترەوە،شاعیر مەبە ستیەتی ئەو پەیامە بە دوژمن بگە یەنێت،كە ئەستەمە ئەوان بتوانن شۆرش وبەرخودانی نەتەوەیەك خامۆش بكەن.بۆیە ئەگەر هەزاران دوندولوتكە چیای سەختیش بێنە سەررێ، كەچی كاروانی خەبات هەر رێدەكات و بەردەوامی دەبێت.دیارە شاعیر دەزانێت بەردەوامی شۆرش هاوكات مانای بەردەومی سەختی ودژواری و نەهامەتیەكان، تا دواوێستگەی سەركەوتن. بۆیە ئەگەر دوندولوتكەی چیاش بێنە سەر رێی شاعیر وەك مرۆڤێك، ئەوا باكی پێ نییەو ئەو بەردەوام دەبێت، لە خەبات و تێكۆشانی خۆی.لێرەوش شاعیر بوونی خۆی لە بوونی نەتەوەدا دەبینێتەوە.بەو مانایەی شاعیر وەك تاكێك خۆی دەكاتە سیمبول بۆ نەتەوە.كەواتە دەكرێ بڵێین ئەوەی لێرەدا لە بەرامبەرسەدان دوندو لوتكەی چیا هەر دەروات، شاعیرنییە بە تەنیا بەلكو هەموومان وبگرە نەتەوەیەكیشە بە گشتی.كاتێكیش ئاماژە بۆ دوندو لوتكە دەكات،دەیەوێت ئەو پەیامە بە هەموومان بگەیەنێت، كە رێگە سەخت ودژوارە. بۆیە نابێ هیچ شتێك ساردمان كاتەوە.ئەمەش هاندان وجۆشدانی مرۆڤەكانە، تاكوسوورتر وخۆراگرتربن،لە ئاست خەبات و تێكۆشان و گەیشتن بە سەربەستی و ئازادیەكانی نەتەوە.
بێگومان لەروانگەی شاعیرانی گۆڤاری قەڵادا، هیچ خۆشەویستیەك نییە بەقەد خۆشەویستی نیشتمان گەورەو پیرۆز. بۆیە تاكە شتێك لە ژیاندا كە بشێ مرۆڤ ژیانی خۆی لە پێناو دابنێت كوردستانە. دیارە ئەوان دەزانن بێ ئازادی نیشتمان مرۆڤ ناگا بەو عشق و خۆشەویستیەی مەبە ستیەتی.یاخود بەدەربرینێكی تر،خۆشەویستی نێوان دوو رەگەزی جیا، چ مانایەكی هەیە،ئەگەر خاك و نیشتمان لە ژێر كەڵبەی داگیر كەران دابێت.لێرەوەش ئەو بۆچوونەی ئێمە دەردەكەوێت، كە لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا بەوەی كە شاعیرانی قەڵا بوونی خۆیان لە بوونی نیشتمان دەبینیەوە.بۆیە تا ئەو ساتەی نیشتمان ئازاد نەبێت،لە روانگەی ئەواندا ئەوا خۆشەویستی وعەشقیش بوونی نابێت.ئەمەش تایبەتمەندی شۆرش و مرۆڤە شۆرشگێرەكانە لە سەردەمی خەبات و تێكۆشان وشۆرشدا.لەرورانگەیەوە شاعیر دەڵێت:
 
لەبەهاری حەوت ساڵ دووری و
خۆشەویستی….
رۆژێ نەتگوت..سەنگەرەكەت…
جێبهێڵەو..
بەسەر شۆری بگەرێوە. باوەشم..**.
 
دیارە تاكو نەتەوە ئازاد نەبێت،مرۆڤەكانیش ناتوانن ئازادبن. بە بێ خاك ونیشتمانێكی ئازاد،مرۆڤە ناتوانێ سەربەستانە بژیت و خۆشەویستی بكات. بۆیە كاتێ وڵات لە ژێر چرنووكی داگیر كەران دائەبێت،ئەوەی بۆ مرۆڤ گرنگە خەباتە لە پێناو نیشتمان نەك خۆشەویستی.كاتێ نیشتمان ئازاد دەبێت، لە گەڵیشیدا مرۆڤەكان وچەمكی عەشق وخۆشەویستیش ئازاد دەبن. بۆیە لەو كۆپڵە شیعریەدا، شاعیر پەسنی دەزگیرانەكەی دەكات، كە وێرای دووری ودابران، كە چی بۆ ساتێكیش پێی نەوتوە،ئامێزی نیشتمان جێبێڵەو بگەرێوە ئامێزی من.شاعیر هەڵویستی سیاسی و شۆرشگێریانەی ژنی كوردمان لە وهەڵومەرجەدا پیشان دەدات،كە تیایدا هاوشانی پیاو ئاواتی سەرەكی لە ژیاندا رزگاری نەتەوەو نیشتمان بوە.بۆیە نەك هەر قوربانی بەو عشقەو دووریەی خۆی دەدات لە پێناو نیشتماندا،بگرە هاوكات هانی دەزگیرانەكەشی دەدات، كە سوورتر وبەردەوامتر بێت لە خەبات و تێكۆشان.لێرەوەش كاتێ داوا لە شاعیر ناكات،سەنگەرەكەی جێبێلێت،دەلالەتی ئەوە دەگەیەنێت كە لەروانگەی ئەودا خۆشەویستیەك هەیە، لەسەرووی خۆشەویستی نێوان ئەوان،كە ئەویش خۆشەویستی خاك ونیشتمانە.لەو سۆنگەیەشەوە داواناكات سەنگەرەكەی جێبێلێت.ئەمە لەلایەك لەلایەكی ترەوە شاعیر پەسنی ژنی كورد دەكات، بەوەی كە ئامادەیە قوربانی بە عشق و خۆشەویستی خۆی بدات لە پێناو عە شقێكی گەورەتر و پیرۆزتر كە ئەویش نیشتمانە. لەو سۆنگەیەشەوە نەك هەر داوا لە خۆشەویستەكەی ناكات سەنگەر جێبێڵێت، بە ڵكو هانی دەدات سوورتریش بێت لە سەر خەبات.لێرەوەش خەمی نیشتمان بە تەنیا خەمی پیاو نەبوە، بگرە خەمی ژنیش بوە،هەربۆیەشە شەهیدبوونی دەزگیرانەكەی بەڵاوە پیرۆزتر بوە لەوەی، بە سەر شۆری بگەرێتەوە باوەشی دوژمن و سەنگەرە كەی جێبێڵێت. هەروەك شاعیر خۆشی ئاماژەی پێدەكات.
بێگومان وەك ئاماژەمان پێدا، پە یامی شیعرەكانی گۆڤاری قەڵا، پە یامێكی شۆرشگێریان هەیە، كە ئامانج تیایدا هاندانی تاكەكانە بۆ خەبات وتێكۆشان و نەسرەوتن تا سەركەوتن.دیارە ئەمەش رەنگادنەوەی ئەو هەڵومەرجە سیاسی و مێژوویەیە كە كورد وەك نەتەوەیەك لەو قۆناغەدا تیایدا ژیاوە. لە پێناو گەیشتنیش بە سەربەستی جگە خەبات و كۆڵنەدان، هیچ رێگەیەكی تر نییە. بۆیە هەمیشە شاعیرانی قەڵا لە رێی شیعرەكانیانەوە، ئەو پە یامە دەگەیەنن.دیارە ئەمەش پەیوەستە بە رزگاری نەتەوە، بەو مانایەی تا نەتەوە، ئازاد نەبێت مرۆڤەكان ئازاد نابن.بۆیە شاعیر دەڵێ:-
 
ئەسپێ بە سۆز دەحیلێنێ…
دەڵێ ئەوەی دوام كەوتووە…
چەكی كۆڵنەدان دەربێنێ…***
 
شاعیرلەو كۆپڵە شیعریەدا، ئەسپ وەك سیمبولێك تەوزیف دەكات.بێگومان ئەسپ هێمایە بۆ بە هێزی و خۆراگری و نەسرەوتن وماندوونەبوون. لەو سۆنگەیەشەوە شاعیر خەبات و بە رخودانەكانی مرۆڤی كورد، لە ئاستی بە هێزی و خۆراگریدا بەو هێزە دەچوێنێت.بۆیەشە هانی مرۆڤەكان دەدات چەكی كۆڵنەدان دەربێنن. دیارە شاعیر دەزانێت، رێگەی ئەو خەباتە سەخت و دژوارونەهامەتی زۆری تیایە. بۆیە لە پێناوگە یشتن بە ئازادی دەبێ مرۆڤەكان سڵ نەكەنەوە لە كۆڵنەدان. واتە نابێ سەختی ئەو رێگەیە ماندوو ساردیان بكاتەوە، لە تێكۆشان بۆیەشە لە فۆرمێكی بەرگریانەدا ئەو پە یامە بەگوێی هەموو ئەوانی تر دا ئەدات،كە تاكە رێگە كۆڵنەدانە.لێرەوەش شیعر ئەو پە یامە بەرگریە دەگەیەنێت، كە پێویستە لە پێناو نەتەوەدابێت.چونكە گوتارێك بەرهەم دێنێت،كە تیایدا مرۆڤەكان وابە ستە بە خەبات و تێكۆشان دەكات.
بێگومان گۆڤاری قەڵا، چونكە لە سەروبەندی راپەرین وبلێسەی شۆرش و ئازادی دەرچوو، ئیدی دەتوانین بڵێین بە شێكی زۆری شیعرەكانی نێو ئەو گۆڤارە، دەچنە چوارچێوەی ئەدەبی بەرگری. واتە شیعرەكان هەڵگری تایبەتمەندیەكن كە ئەویش،سیمای نەتەوەیی و بەرگرییە لە نەتەوەو نیشتمان. بۆیە ناوەرۆكی شیعرەكان رەنگدانەوەو گوزارشتن لەو پەیوەندیەی نێوان مرۆڤی كوردو خاكەكەی.بەدەربرینێكی تر شیعرەكان گوزارشتن بۆ مێژووی سیاسی و تێكۆشانی نەتەوەیەك،كە لە پێناو سەربەستی و ئازادیدا تاكەكانی ئامادەن شەهید ببن. واتە قوربانی بە روحی خۆیان دەدەن لە پێناو نیشتمانەكەیان. لێرەوەش نەك هەر باكیان بەمەرگ و شەهید بوون نییە، بگرە شەهید بوونیان ئەوەندەی تر خاك ووڵاتیان لا خۆشەویست دەكات، هەروەك شاعیر دەڵێ:
 
جەستەی بێ گیانی شەهید..
لە جێگای خۆی ..دووخشت گڵی هەڵگرتووە..
فرێ ی نادا…بە شەهید بوونی ناوەستێ…
خۆشی خۆی بۆ نیشتمان دەردەخا..****
لەراستیدا هیچ كەسێك نییە لە سەرەمەگ و ئاوزینگداندا، ئارەزووی ژیان نەكات و لە مردن نە ترسێت. بەو مانایەی ژیانی لاخۆشەویست نەبێت وسڵ لە مەرگ نەكاتەوە. چونكە مەرگ هەمیشە چارەنووسێكی نادیارو پڕ لە ترس وتراژیدیایە. كەچی شەهید چونكە لە پێناو نیشتماندا قوربانی داوە، ئیدی لە دوای شەهید بوونیشی نیشتمانی هەر لاخۆشەویستەو باكی بەو مەرگەی نییە. بێگومان ئەمە گوزارشتە بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤی كوردو خاكەكەی. بەو مانایەی بوونی خۆی لە بوونی خاكەكەی دەبینێتەوە. ئەمەش پەیوەستە بە خودی چەمكی ناسنامەوە.چونكە مرۆڤی بێ خاك و نیشتمان هەمیشە قەیرانی ناسنامەی هەیە، لە ئاستی نەتەوەییدا. بەدەربرینێكی تر مرۆڤ كە خاك و نیشتمانێكی سەربەخۆو ئازادی نەبوو، ئیدی خۆشی ئازاد نابێت. كە ئازادیش نەبێت بەمانای وایە ناسنامەی نییە لە ئاست ئەوانی تردا. لە پێناو بونیاد نانی ئەو ناسنامەیەش ئیدی دەبێ قوربانی بدات. بۆیە بە لای شاعیرانی گۆڤاری قەڵاوە ئازادی مرۆڤەكان بێ ئازادی نەتەوە دەستە بەر نابێت،لەو پێناوەشدا هیچ باكیان بەمەرگ و شەهید بوون نییە.چونكە دەزانن لە رێگەیەكی پیرۆز و سەرفراز وپڕ شكۆ گیانیان دەبەخشن.
دیارە كورد وەك نەتەوەیەك هەمیشە، لە دۆخێكی ژێر دەستەیی و چەوساوەی سیاسی ژیاوە. بۆیە بە درێژای مێژوو ناسۆری وكارەسات و كوێرەوەی زۆری بینیوە. بەرادەیەك كە هەمیشە مەرگ وەك دیاردەیەك بوونی هەبوە لە نێو ئێمەدا. واتە مێژووی كورد مێژووێكە لە قوربانیدان و خوێن بە خشین لە پێناو ئازادی و سەرفرازیدا.بۆیەشە هیچ چەمكێك هێندەی مردن، ئاشنا بە ژیانی ئێمە نەبووە. بەومانایەی هەمیشە مەرگ ئامادەیی هەبوە لە دنیابینی و ستراكتۆری كۆمەڵایەتی كۆمەلگەی ئێمە. بۆیە شاعیر ئاماژە بە و مێژووە درێژەی مەرگ و مردن دەكات و دەڵێ:_
 
لە گەڵ قرمژنی گوللەدا..
لە دایك بووم…
كە چاوەكانم هەڵهێنا…
لە هەر چوار لاو دەوروبەرم…
دیم مەرگ ئاوزنگی ئەدا..*****
 
شاعیر مێژووی نەتەوە دەبە ستێتەوە بە مێژووی مەرگ. بەومانایەی هەمیشە كورد وەك نەتەوەیەك لە دەرەنجامی ستەم و ژێر دەستەیی سیاسی، رووبەرووی مەرگ بۆتەوەو، مردن دیاردەیەكی ئامادەیە لای ئەو. لێرەدا مەرگ بە مانا مەرگدۆستیەكەی نایەت، بە و مانایەی حەز لە مەرگ دەكەین،بە پێچەوانەوە بە ڵكو بەو مانایە دێت، كە چەمكی مەرگ و مردن هاوشێوەی هەر دیاردەیەكی دیكەی ژیان ئاسایە لای ئێمە. ئەمەش پەیوەندی بەو مێژووە تێكۆشانەوە هەیە، كە كورد وەك نەتەوەیەك لەو هەڵومەرجەدا تیایدا ژیاوە. هەربۆیە شاعیر یەكەم بەریەكەوتنی لە گەڵ ژیان و دەروربەردا، بەمەرگ و مردن دەبێت. ئەمەش وا لە شاعیر دەكات كە هاوشێوەی مرۆڤەكانی تر باكی بەمەرگ نەبێت و تێبكۆشێت لە پێناو نەتەوەو نیشتمان و خاكەكەی.لێرەوەش ئێمە وەك خوێنەرێك بەو دەرەنجامەدەگەین، كە بە شێوەیەكی گشتی شیعرەكانی دووتوێی گۆڤاری قەڵا،هەڵگری تایبەتمەندیەكن كە ئەویش سیمای بەرگرییە لە نەتەوەو نیشتمان.دیارە ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو هەڵومەرجەیە كە ئەو گۆڤارەی تیادا دەرچووە. قۆناغێك كە خۆشەویستی خاك و نەتەوە لە سەرووی هەموو خۆشەویستیەك بوو.بە پێچەوانەی ئێستا كە بەداخەوە تادێت لەبەر هەر هۆیەك بێت خەریكە مرۆڤی كورد ئەو ئنتما پتەوو پیرۆزەی ئەو سەردەم بۆنەتەوەو نیشتمان هەیبوو لە ئێستادا كاڵدە بێتەوە….
پەراوێزەكان:_
*بروانە گۆڤاری قەڵا/ژمارە(3)ئازاری 1991/شیعری شاعیر ئاكۆ ئاكۆیی…
**بروانە گۆڤاری قەڵا/ژمارە(5)حوزیرانی1991/شیعری هەڵۆ حسن….
***بروانە گۆڤاری قەڵا/ژمارە(8)تشرینی یەكەمی 1991/شیعری شاعیر سەركەوت رسول…
****بروانە گۆڤاری قەڵا/ژمارە(6 ) تەمموزی 1991/شیعری زێوەرمحمد…
*****بروانە گۆڤاری قەڵا/)ئەیلولی 1991./شیعری رێباز….
 
تێبینی/ رێنووسی شیعرەكانمان وەكو خۆی نووسیوەتەوە…..

sadiqrwandze@yahoo.com
سەدیق سەعید رواندزی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.