سیناریۆی سەرمایەدارانی کورد!
دەلال : ئەلوو، گەورەم…لەبەر ئەوەی ئەم سەرمانگە بانکەکان بەتاڵ بوو. نەمتوانی کرێیەکان کۆبکەمەوە!.
سەرمایەدار١: ئەی بۆ زووتر پێت نەگووتم، خێرا وەرە بۆ ئێرە تا چەند فەردەیەک دۆلار لە ژێر زەمینەکە دەرکەین و بگەیەنینە بانک.
( باشترە تەلەفۆن بۆ برادەرانش بکەم )
سەرمایەدار١: ئەلوو، ئاگات لێیە بانکەکان بەتاڵن، فەرمانبەرەکان موچەیان وەرنەگرتووە و پارەی کرێ و قەرزەکانیان نییە بیدەنەوە؟
سەرمایەدار٢: بەلێ بیستم…دە تۆ لەجیاتی منیش چەند فەردەیەک دۆلار بخەرە بانکەوە، بەلێن بێت لە داهاتی مانگی ئاییندە تۆڵەی کەمەوە.
سەرمایەدار١: بۆ ژێر زەمینەکەت بەتاڵە؟
سەرمایەدار٢: نەخێر، هەرچی پارەی ڕەشم هەبوو کردمە قالبە زێڕ و لە قاسە دامناوە.
سەرمایەدار١: ئەوە بۆیە زێر گرانبووە!.
سەمایەدار٢: دەلێی لە گوێی گا نووستووی، ئەی نازانیت لە دەست کێشەی بەغدا، نەوەوی ئێران، ئەم سوریایە..ئەگەر پارەی کاغەزت هەبێت دوور نییە لە تەقینەوەیەکە بسووتێ، زێڕەکە باشترە.
سەرمایەدار١: باشە تێگەیشتم، کاتم بەدەستەوە نییە، لە جیاتی تۆش چەند فەردەیەک دەکەمە بانکەوە.
(تەلەفۆنێکیتر)
سەرمایەدار١: ئەلوو. برا ئاگاداریت هەوالەکانیت، من خێرا دەچم هەشت نۆ فەردە دۆلار دەکەمە بانکەوە، ئەگەر تۆش پێتدەکرێ هاوکاریمان بکەیت.
سەرمایەدار٣: کاتێکی خەراپ تەلەفۆنت کرد. هەرچی پارەم هەبوو لە بورسە دامناوە، بەلام بەلێن بێت مانگی ئاییندە داهاتی هوتێلەکانم دەست لێنەدەم هەمووی لەبانک دادەنێم.
سەرمایەدار١: باشە بە چ عەقلێ هەموو هێلکەکانت لە ناو یەک سەبەتە داناوە، ئەگەر بۆرسەکە شکستی هێنا؟
سەرمایەدار٣: گوێ مەدەرێ، ئەی تۆ هەموو جار نالێیت لەم نیشتیمانە پارە دەبارێ. منیش بە گسکەکم کۆی دەکەمەوە.
سەرمایەدەر٣: باشە ئەوە لە جیاتی تۆش ئەم مانگە ژێرزەمینەکەم بەتاڵ دەکەم.
(تەلەفۆن بۆ وەزیری دارایی)
سەرمایەدار١: ئەلوو، جەنابی وەزیر ئەوە بۆ زووتر ئاگادارمان ناکایتەوە کاتێ بانکەکان بەتاڵ دەبێت؟
وەزیر: بەڕاستە، ئەوە چەندین جارە بە بەڕێوبەری بانک دەلێم کاتێ بانک بەتاڵ دەبێت ئاگادارمکاتەوە. خەمت نەبێت هەر ئێستا لە بانکی سویسرا پارە دەگوازمەوە بۆ بانکەکانی خۆمان.
سەرمایەدار١: بۆ سویسرا؟
وەزیر: ئەی تۆ نازانیت ئەگەر لە بانکەکانی سویسرا پارە دانێیت هەرگیزسەرمایەکەت بۆ هێج کەس و لایەنێک ئاشکرا نابێت .
سەرمایەدار١: دەزانم، ئێمە بۆ کاری بازرگانی خۆمان پێویستە بڕێک پارە لە بانکەکانمان بهێلینەوە..جەنابی وەزیر کاتمان زۆر بەدەستەوە نییە. ئێستا سی چڵ فەردە دۆلار دەگەیەنمە ناو بانکەکان. داواکارم تۆش ئێوارە لە میدیاکان دەرکەویت و ئاگاداری بلاو کەیتەوە کە بانکەککان پڕ لە پارەیە، ترسی خەلکی بڕەوێنیتەوە.
(دەلالەکە داگاتە لای سەرمایەداری١)
دەلال : گەورەم، فەردە دۆلارەکانمان خستووەتە ناو پیکابەکە و چاوەڕوانی تۆیین.
سەرمایەدار١: زۆر باشە و باش گوێ بگرە…سەرەتا ئەم ئێوارەیە وەزیری دارای لە تەلەفزیۆنەکان ئاگاداری بلاودەکاتەوە کە بانکەکان پڕ لە پارەیەو ئەو کەسانەنی وتیانە بانک بەتاڵە، ئەوە پڕوپاگەندەی ناحەزانە.
دوەم- هەرکە وەزیر لە تەلەفزیۆن دەرکەوت ئیمەیەلی کرێچییەکان بکە و ئاگادارییان بکەرەوە ، ڕۆژنامەنوسەکانی خۆمان بانگهێش بکە، کە مانشێتی ڕۆژنامەکان بە وێنەو وتەکانی وەزیر بڕازێننەوە.
دەلال : بەسەرچاو گەورەم. بەلام داهاتی ئەم سەرمانگە بخەمە بانکەوە یان هەر بۆ ژێرزەمینەکە بڕوات؟
سەرمایەدار١: لەمەو دوا، داهاتەکانمان بەم جۆرە دابەش دەکەین: یەکەم بڕێک پارە قالبە زێڕی پێدەکڕین. دوەم بڕێک دەخەینە بانکی سویسری. سێیەم هەندێک لە بانکی خۆمان دادەنێین. بەرماوەکەشی بۆ ژێر زەمین.