Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
سیناریۆی پارتی ناحەقیەکی گەورەیە بەرامبەر دنیابینی و حەقیقەتی سەردەشت عوسمان

سیناریۆی پارتی ناحەقیەکی گەورەیە بەرامبەر دنیابینی و حەقیقەتی سەردەشت عوسمان

Closed
by September 23, 2010 سەردەشت عوسمان

سەرئەنجام لیژنەی پارتی نەک بۆ لێکۆڵینەوە بەڵکە بۆ سازکردنی سیناریۆیەک، دوای زیاتر لە ٤مانگ لە ڕاگەیەنراوێکدا شانۆگەریەکی قێزەونی، سەبارەت بە دۆسیەی رفاندن و پاشان تیرۆرکردنی سەردەشتی خوێندکارو ڕۆژنامەنووس، ڕاگەیاند. پاشانیش لەبەرامبەر کاردانەوەکان بەرووی ئەم سیناریۆیەدا، شەوی ٢١ لەسەر ٢٢/٩ کەسێکیان هێنایە سەر ڕووی تەلەفزیۆنەکەیان تاڕاستی سیناریۆی ناو ڕاگەیاندنەکە، نیشان بدەن.
بۆ هەموو کەسێکی هوشیارو وە چاودێری سیاسی چاوەروانکراو بوو کە پارتی پێویستی بە سیناریۆیەکە لەپەیوەند بە دۆسیەی سەردەشتەوە. چ بە سازکرنی شانۆی هێنانی چەند زیندانییەکی نهێنییەوە یان هێنانی چەند قوربانییەک بۆ سەر تەلەفزیۆنەکەیان، تا تاوانباربوونی خۆیان ڕابگەیەنن، و پارتیش لەو ڕێگایەوە چەواشەکاریەک نیشانی ڕای گشتی بدات و تورەیی و نەفرەتی شەقام و دنیای دەرەوەی پێ خاوبکاتەوە.
بۆ کەسانیک کە دەزگای فکری و سیاسی و هاوکات پراکتیکی پارتی باش دەناسن چاوەروانکراو بوو کەپارتی نایەوێت ئەم کەیسە بشارێتەوەو سیناریۆیەک سازبکات کە تیایدا خۆی بێبەری  بکات و وا نیشان بدات کە پارتی دەستی لە تیرۆری سەردەشتدا نییە. هەر وەکو رووداوی ٣١ ئاب کە تائێستاش ئەنجامدانی بە بەڕەوا دەزانن.
بە پێچەوانەوە لە یەکەم رۆژی رفاندن و پاشان تیرۆری سەردەشتەوە، پارتی هونەری نەشاردنەوەی ئەم تیرۆرە و بەرەوا نیشاندانی ئەم کردەوە قیزەونە، ئاراستە دەکات. تا چاوی کۆمەڵگا، تا دەنگی نارەزایەتی جەماوەری، تا چاوی کامیرا و میدیا و تا سنوردانان بۆ کاری رۆژنامەگەری، تا قەبڵاندنی هێڵە سورە نیشتمانی و نەتەوەیی  دینی و بنەماڵەیی و کەلتوری و ئەخلاقی… بەسەر کۆمەڵگای بێداربوەوەی کوردستاندا بسەپێنێت.
پارتی بە حاشانەکردنی لەم تاوانکارییە، دەیەوێت چ حزبە موچە خۆرەکان و حزبە شەرمنۆکە نارازیەکانی تری نەیار بە خۆی و چ نوسەرو قەڵەم بەدەستە سازشکارەکان چاوترسێن بکات و بە بیریان بهێنێتەوە کە هەموویان باڵ و لق و پۆپی بزوتنەوەیەکن کە پارتی دایکیانە!! کە هەموویان خاوەنی دەیان تاوانکاری و هاوکات خاوەنی تۆرێک هێڵی سورن بۆ سەرکوتی ئازادی و سیاسی و ئازادی بەیان و رادەربڕین و رۆژنامەگەری و ترساندنی کۆمەڵگا لە دەست بۆبردنیان.
لیژنەی پارتی بۆ سازکردنی سیناریۆیەک زیاتر لە ٤ مانگ کاتی ویست، بۆ سیناریۆی دوای ئەوەش کە پێویست بێت و بەسەریدا بسەپێنرێت کاتێ دەوێت، بەڵام بەئاسانی رێگا بە هیچ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بێلایەن نادات پێک بێت و بەدواداچوون بکات، هۆکەشی ئاشکرایە، پارتی چۆن سیناریودارێژەرانی خۆی باش دەناسیت، ئاواش رۆڵی هەرکام لە ئەکتەرەکان و نەخشەبۆ کێشەران و بکوژانی سەردەشتیش لای شاراوە نییە.
لە سیناریۆی پارتیدا، ئەوەی پارتی و لیژنەکەی بۆیان مەسەلە نییە و ناکریت بدرکێنرێت و درکاندنی چارەنووسی ڕەشی بەدواوەیە نەخشەدارێژەران و بکوژانی سەردەشتن. بۆیە نەنەخشە سازان و نە بکوژانی دیار نیین، تەنها سایەقێکی لێهاتوو شارەزا دیارە کە سەردەشتی دەم و دەست و قاچ بەستراوەی گواستۆتەوە!
لە سیناریۆی پارتیدا، ئەوە ئازادی سیاسی و رادەربڕین و رۆژنامەگەری نییە، کەلایەن دەسەڵاتەوە چ بەزۆرو هەڕەشەو چ بەیاسای میلیشیای و بەعسی پێشێل دەکرێ، بەڵکو ئەوە ئەنسار ئیسلامە!! دەستی دەگاتە ناو جەرگەی شارو لە بەردەم زانکۆدا و بەبەرچاوی زێرەفانی و پۆلیس و دەیان کەسی سەر بەدەزگای پاراستن و ئاسایشەوە، نوسەر و خوێندکار بەزۆر دەرفێنرێت و پاشان دەکوژرێت.
هەروەها بێ هۆ نییە یەکێتی نیشتمانی، گۆڕان، حسک و دوو زەحمەتکێشانەکە، کۆمەڵ و یەکگرتوو، هەروەها حکومەتی هەرێم و وەزارەتخانەکانیان!! و میدیاکانیان خۆیان کردووە بەکەڕەی شەربەت و لەبەرامبەر راگەیاندنی بەناو لیژنەی پارتی و لە راستیدا موچەخۆرانی نیشاندانی شانۆیەکی دروستکراودا، بونەتە بتی بەردەم کەڵەگایی دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی تا دەیان هەزار ئینسانی ناڕازی بە سەرکوتی ئازادی بە بەرگری لە تیرۆریستانی ئەنسار ئیسلام، لەقەڵەم بدات.
واقعیەت ئەوەیە، چاوەروانکراو بوو پارتی سینارێوی لەم چەشنە دەبڕێژێت، چاوەراونکراو بوو کە پارتی لەم سیناریۆیەدا نەخشەدارێژەران و بکوژانی نیشان نەدات، چاوەروانکراو بوو پارتی نایەوێت پاشەکشە لەم تاوانکارییەی بکات، چاوەروانکراو بوو حزب و لایەنە سیاسی و نوسەرو قەڵەم بەدەستە موچە خۆرەکانیان بێدەنگ ببن. چونکە دەنگ هەڵبڕینیان مۆڵەتی پێویستە. چاوەروانکراو بوو ئەوانەی خۆیان تۆڕێک هێڵی سوریان هەیە، ناتوانن بە واقعی لە پشت بەرگری لە ئازادی سیاسی و ئازادی رادەربڕین و بلاوکردنەوە و… بوەستن.
ئیستا پارتی بە نیشاندانی ئاکامی راگەیاندنی لیژنەکەی و نیشاندانی کەسێک وەک بەشدار لەم تاوانەدا، دەیەوێت کۆمەڵگا و رای گشتی پاشەکشە پێبکات و ئەم دۆسیەیە لای خۆیەوە دابخات.
خەڵکی بێدارو بلۆکی رادیکاڵ و پێشکەوتنخوازی کوردستان و هەر حزب و لایەنێکی سیاسی و هەر رێکخراوەو کۆڕو کۆمەڵێکی جەماوەری و پیشەیی ئازاد و ئازادی سیاسی و ئازادی بەیان و رادەربڕین و بڵاوکردنەوەو ئازادی رۆژنامەگەری، لەبەردەم هەڕەشەی واقعی دەسەڵاتدایە. پەیامی ڕاگەیەنراوی  بەکردەوەی پارتی و ئەو سیناریۆیەی کە لە پەیوەند بە دۆسیەی سەردەشت عوسمانەوە ڕای گەیاندراوە جگە لەوەی ناحەقیەکی گەورەیە بەرامبەر دنیابینی و حەقیقەتی سەردەشت، هاوکات هەڕەشەیەکی ئاشکرایە لەئازادی و ئازادیخوازی کۆمەڵگای کوردستان، ئەمە پێویستی بە وەڵامە.
هەموو ئینسان و هیزو حزب و لایەنێکی سیاسی و جەماوەری و هەموو دەنگ و رەنگێکی میدیای ئازادیخواز، پێویستە روبەرووی ئەم هەڕەشەیە ببنەوە، روبەرووبونەوەی ئەم هەڕەشە و کەڵەگاییەی پارتی پیویستی بە نەخشەیەکی ڕۆشنی بەرەنگاربوونەوە هەیە، پیویستی بە رێکخراوبوون و سەراسەری کردنەوەی هەیە، هاتنەمەیدانی شەقامی دەوێ، دەستدانە مانگرتن و خۆپیشاندان و کۆبونەوەی جەماوەرییە دەخوازی،  پێویستی بە هاوئاهەنگکرنی دەنگی نارەزایەتی کوردستان و دنیای دەرەوەیە… تاد، لەم نێوەدا نەخشی کەسایەییە ئازادیخوازەکان، رابەرانی بزوتنەوە جەماوەرییە نارەزایەتیەکان، قەڵەمە بوێرەکان، میدیا رەچەشکێنەکان، دەوری بەرجەستە دەگێڕن.
پێداگرتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بێلایەن و بەچاودێری رێکخراوەوکانی مافی مرۆڤی جیهانی، کە ئازاد بێت لە کارەکانی و هەموو بەڵگە و دیکیۆمێنت و شایەدحالەکان ببینێت. تا تاوانباران و نەخشەدارێژەرانی رفاندن و تیرۆرکردنەکە، ئاشکرا دەکات.
چاوسورکرنەوەو هەرەشەو سزا میلشیا و بەعسیەکان لەسەر رۆژنامەکان و ڕۆژنامە نووسان هەڵبگیرێت.
ئازادی بێقەیدو سیاسی و ئازادی بەیان و رادەربرین و رۆژنامەگەری، بەرەسمی بناسرێت.
بەیان( مانفیستی) ئازادی بنوسرێت کەبەیانی ئازادی بێت و ڕێگە بگرێت لەوەی لە ژێر ناوی ‌هێڵی سورەکان، پیرۆزییە نیشتمانی و نەتەوەیی و دینی و بنەماڵەیی و کەلتوری و ئەخلاقی….تاد، ئازادی سنوردار بکەن یان پێشێلی بکەن.
پیویستە بزوتنەوەی ئازادیخوازی بەردەوامی پێبدرێت تا تەواوی ئەم داخوازیانە
دادەسەپێنرێن. ئەمەیە زامنی پاشەکشەی دەسەڵات و پارتی بەتایبەتی.

٢٢/٩/٢٠١٠

عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.