Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
سێبەرى سزا…… حە مە سەعید كەلارى

سێبەرى سزا…… حە مە سەعید كەلارى

Closed

 
 
                  سێبەرى سزا…… حە مە سەعید كەلارى
 
       ئاوێزانت ئەبم           
 پیرە ئاوى دورگەى ترس
 بە كەمەى رۆح پەشۆكاوتا
 بۆ                   ئەوى دى
       لە خومایە
            ش
             ۆ
             ڕ
        ئەبمەوە
 تا بنەچەت ئەبەمەوە ژێر دوو باڵى گەرمى تەوار
           چەتوونییت  ئەگەڕێتەوە
 بەردى لەزەت ئەگرێتە دار گوێزى حەرام ،
 بێئۆقرەییت بە شاخێكى عاسیەوە لانەى بازە
 بەر لەوەى  " با "
 عەرشى گوڵێ بهەژێنىَ
 بەرز ئەفڕێ
 لە تافگەى غەریزەكانا
 یاقووتى تەڕ
 بریقەى گەوهەر ئەچریكێنی و
 بە مەڵاشووى داتەپیوى زەمەنەوە
 خەونى چۆلەكە ئەبینى` .
              تۆۆۆۆۆ
 بەزكماك مارانگەستە ی
 بازدان بەسەر كوانووى پیرا بێفایدەیە
 كە دەرگاكان كڵۆم ئەخۆن
 بۆ ئاشنا بوون سەفەر چاكە
 سەفەر بە ڕێى كاكێشانا
 كە پەنجەرە ئەكوژێتەوە
 مەرگەساتى پەروانەیە
 گەڵاى ئومێد بە هاڵاوی  هەناسەێ‌  هەڵئەقرچىَ
 چڵى گومان بە شاڵاوى دەمە داسێ ئەڕوێتەوە
 لە هەڵهەڵەى مەنجەنیقا ئەسووتىَ  كۆتەرەى یەقین
 توشیى قەڵغانپۆشى شاخ رووت ئەبێتەوە
 هەورى پڕ تریشقەى نەزۆك زامى زەویى ساڕێژ ناكا
 پەلى وەهم لە حەقیقەتى دۆزەخا ئەبڕێتەوە
 لە شەوێكى تلیقیدا
 ئیتر ناكشىَ هەسێرە
 تێكئەشكىَ چركە ژمێرى  كاتى  سفر
 لە ژێر پێى خرمۆكە خاكا بەرد ڕائەكا،
 كە ناڵى ئەسپ بوونى ئەسوىَ
 ژیان ….. بنجىَ سوڕناتكى نیوە گیانە
  كەڵۆزێكى رەوتەنیى نایگرێتە خۆ .
  *
 ئاسمان هەورین
 دۆناو دۆن ئاو  رەنگ ئەگرىَ
 هەڵۆ بە چاوى سوورەوە ئەڕوانێتە دەریاى لۆكە
 لەشەبەقى برینەوە بە نێو دوكەڵانى چڕا دائەبەزى
 كۆڵانى تەكبیر پڕە لە ترپەى سەربڕاوى خۆزگە
 لێڵیى بەسەرا دىَ  ڕوانین
 گوڕى تەكان شپرزەیى لىَ ئەوەرىَ
 بەدووى گمەى ڕەتێنراوا پەتاى ڕەشڕوانیى ئەتگرىَ
 لە دەرگاى كەیلى دەروونتا ئیستێ ئەكەى
 لە  دەلاقەى سوورى جەستەى  نیشتمانا
 چاوت شەوگڕ
 سەرت خستوەتە سەر ڕانى سپێسوارێ
 دەیان هەزار پێى پۆڵاین
 دەنگى ناڵە ناڵ و ناڵ دىَ
 لە بەرد
 تەقتەقەى تەوێڵت چەخماخە ئەنووسێتەوە
 بوونەوەرێكى جەستە سڕ
 وڕێنە  ئەتبێژێتەوە
 ( كوفرستانە ، قورعانە ڕشەكەى مەرقەویش غەیب ئەبىَ ) .
  *
 بەر لەوەى كانیى كۆچ بكا
 باڵندەیەكى ناباڵق لە سێبەرى بەردەنوێژا یەكەم خەنى خۆش ئەبینىَ !
 شەوىَ باڵاى لە تاریكیى هەڵەژەنىَ ،
 لە رۆخ چەمێكى عازەبا مراویەكى حەیزنەشۆر
 ختوورەى  پرسیار  هەڵەخا ،
 كارمامزێكى تەڕلامێژ  لە برسان  لاكەى دڵى دىَ و
 بەدەم مژینى پەنجەى شوانەوە لە مرقە ئەكەوىَ،
 مەلایەكى بێئیجازە
 لە میحرابى سەرسامییا دۆعاى ڕەهاكان ئەخوێنىَ ،
 ڕائەجەنی
 ماڵى دەنكە هەنارى نازت تەكیوە
   " زەینى كوێرە
 بیابان ناونیشانى كەس لەبەرناكا
 ئێستە ئەوان ناسنامە بە لم ئەسپێرن " ،
 شتێ وەك تۆپەڵى پەخشە كەللەت قورس قورس دائەهێنىَ
 ئێڵنج لەپت رائەكێشىَ بۆ ژێرچەنە
 وەختە دڵت لەدەمەوە بێتە دەرىَ ،
 لە دەڤەرى دەسكەوانا
 قاوەى ، هێلى ؟
 ورد ئەكوترێى
 تۆ سوورە تایەك ئەتگرىَ و هەم سوورەتێ حەڵاڵتەكا
 خاتیمە فووى ئایەتەلكورسیى هەڵچوونى شیر دانامركێنێتەوە
 وەك هەناسەى بەفرە تەزى
 ناتوانى خەوپرژێنى شەونمىَ بكەى
 لە شەوى زاوایەتیا
 بەر لەوەى بە هەناسەى شەوبۆوە ئاڵىَ  بووبە هەڵم،
 زڵەى زامى وشكە میراتیى باپیران، ژان ئەچۆڕىَ
 لە شارێكى جەستە رەشا راكشاوى
 مێروولە ئەتنووسێتەوە
 ئەمجارە وەك خەو شتێكە ئەتباتەوە
 ئاسكە ژنێ مەستى فرمێسك
 نووسەنەكى پەست لە خوریى دابڕان جیا ئەكاتەوە ،
 لەم كەڤاڵى تاكڕەنگەدا من یاوەرتم :
 رەشمارێ لانەم لووش ئەكا ؟؟
 نەْ …………………نازانم !
 ئێستاكە تۆ بیرت كۆڵە
 ئەژنۆت لەرزۆك ،
 دێتە بیرم ،لە وەیشوومە
 چەن بەتام بوو گوێزى ڕقت لە سەختییا
 لە جەنگەڵى توتڕكا ، درێژبوو بینى یاخیبوونت
 ئەمێستاكەش
 بێسەمەرە بڵنگى تۆڵەت  لەبۆسەدا
 كولە چەقۆى بیرت لە قەمچكردنى بالدا
 تیژە خەنجەرى دڵسافییت لە كالانى غەفڵتا ،
 ئەى گوڵپەرست
 دڕكى گوناە بە  رۆحى تینووت ئاشنایە
  هەناسەى ساردت  گەشتە  سەر لێوى  فەنا
 بە زەمزەمى موژدەیەكى حاجی یان  گەرم  نابێتەوە ،
  كاو كۆتەڵ ، عەقڵ و حیكمەت 
 بە دەم سووتانى رۆحەوە تێكەڵاوە
 بە ( كفرەل كوون ) بژار ناكرىَ
 بۆ سبەى نوىَ گەر هاتیەوە
 بەسەر شوێن پێى گەڕۆكێكى گریكیا
 مەلێكى موبارەك ئەتبا بۆ دیوى بوون
 لەوێندەرىَ پەڕو باڵى تەم لێنشتووت
 لە ناو كۆماوەى ڕەنگینى كۆمارێكا ئەشواتەوە
              لە ماڵێكى بێپەرژینا
             گرێى زەینت ئەكاتەوە
                 ئەبیە  هێما
                       ***
                سەرت شاخە
        بەسەر دەشتێكى قرفەدا
      پۆل پۆل روانینت هەڵەفڕىَ
 تەتەرى " با " لاگوێلێ لە گوارەى گەڵا
 لوتەوانەى گوڵحاجیلە و بۆنى شەوبۆ
           بە روخسارتا ئەپرژێنىَ
 لێوت پەڕەى گوڵە پاتۆنیاى مەغریبە زەردە ئەكرىَ
 دەستى ئێشك دەرگاى كێڵگەى حەسرەتت ئەخاتە سەر پشت
 هەرێزى سینەت مێرگە پێش مەرحەباى خۆر
      لە پى چەپت بەندى بالیفە لە بەردا
 دیرۆكى ئەگەڕێتەوە تێكەڵ بوونى فۆبیا و مرۆڤ .
      ئالێرەوە وەكو بەفر ئەچیتەوە 
 لە كێوماڵى سۆراخێكى بە پەلەدا
  دەمى دەربەندى رەشەبات ئەكەیتەوە
      ئەشكەوتى گەواە ئەتدوێنىَ
 مەلێكى ورتە نەبێژى ، سەرسامیى هەناسەت ئەچنىَ
 لە ناو لەشكرێكى ساما گەرمە تایەكى وەرسیى دیسانەوە هەڵت ئەبڕىَ
 لە مەنزڵى پڕوكانا لاپەڕەیىَ نوتقى چەرم حونجە ئەكەى :
 رەوە پێكوڕەى ئسفەنج پىَ هەنگوینى كاڵ ئەكرتێنىَ
 ڕەشەبایەكى سپى پۆش دەس ئەنێتە بینە قاقاى مەشخەڵەوە
 (( هورمزكان ڕمان  ئاتران كشان…….
  زۆركار ئارەب كردنە خاپوور
 كناى پاڵەیى  هەتا شارەزوور………………………………))
 لە شوێن خەرمانى پەیڤى سوور دەستەو نەزەر
  فریشتەكان
 پەشمەكى شەرمیان پۆشیوە
 لەوىَ خەتایە گەمەى عەشق
 چاوبازیى لەگەڵ شیعرى مىَ
 دەسبازیى لە گەڵ وەفاى سەگ ،
 بەدەم نازى نازنازێكەوە خەندەیىَ
 ئاوڕێ لە باخەڵى كونى تەماشا بەربێتەوە
 بەیانیى باش لە نوكتەیەكى قۆشمەباز
                  كەراهەتە
 لە رووى كەوێكى زەخەڵى فیتنە بازا سەهوێ ناشىَ
          تەوسە كەنینىَ هەڵفڕىَ
 لە ئاوێنەى بەرباخەڵى خەونێكى هەڵەجەیتا لە سیماى مۆنت ئەڕوانى
 سەیرى شێتى پۆرترێتى مەراقتەكەى
 شووشەى باڵەڕوانى تەمەن بەردەلاستیكى خەوى قورس ئەیزرێنىَ
                     رائەچەنیت
 ((  بەزایع چوو لە " مالایعنیى " یا وەقتم هەموو ، یەعنى ))   *
 لە پاشكۆى چاخێكى سۆزانیى ئەترازێى
 ئەزنەك ئەدەى
 بەرانێكى پیرى برینە كراوى ،
  وەرسییت رائەوەشێنى
 پژمەیەىَ
 پرمەیەىَ
 پردى ئولفەت ئەپسێنى
 ئەدەى لە قرمەى راپەڕین
 لە نابینایى رێو بانا پەیكوڵ خوێنین ئەكا ژێر پێت
 تۆوى تۆڵە بە كۆلاِنە عاسیەكانا دائەبارىَ ،
 لە كەلتوورى شامەرگەوە ملى كوێرەڕىَ ئەگرى
 كانیە قووڵكەى فریشتەكان سەرنجت شۆڕ ئەكاتەوە
 پەریخان هەر پەریخانەكەى جارانە
 روخسارى هەمان روخسارى وێرانەیە
 (( چاوى رۆح گل ئەكاو ئارەزووى دیدارى زەردەخەنەى كەلە ))**
 لە بێبەرماڵیى شیعرا ئاوێزانتەبم
 ئەوەى ماوە هیچە بە دوولەپ ئەیوڵیى
 نوقڵە ماچى مزرى لاسارى بەرخەوان سنوورى تاسەت ناشكێنىَ
 شێتۆكە قاقاى وڕكێكى شیرینخێل خەوى جووتبوونى دوو چپە نازڕێنىَ
 زنەى تێڕمانت تانەى نك ئەپۆشىَ
 جوكرافیاى بوون بە ئەندازەى جووڵەى باڵى پەپوولەیەك ،
 لە بازنەیەكى قەرجا،
 پەپوسلێمانەى عەجوولیت بەلارێى چاوەڕوانیدا دێت و ئەچىَ
 لە تەك جێگۆڕكەى هەتاوا  سایەى بەرد ئەگوازیتەوە
 لەو بازنە گەردوونیەدا
 ژوورى نووزەت پڕە لە نركەى تەبەڕا
 گۆچان هەنگاوت ئەژمێرىَ
 سێبەر
 سزا .
 
 *      هى " مەحوی "  یە
 **   دێڕە شیعرێكى شاعیرە .
        ئه‌م شیعره‌ له‌ ساڵی 2002 به‌یارمه‌تی برای نووسه‌ر و رۆژنامه‌ نووس
     کاک نه‌جات حه‌مید ئه‌حمه‌د به‌" ڤۆلده‌ر"ێک و به‌ تیراژێکی که‌م بڵاوم
     کرده‌وه‌ ،ئێسته‌ش به‌ سووکه‌ ده‌سکاریه‌که‌وه‌ به‌ باشم زانی بیخه‌مه‌ به‌ر
    دیدی خوێنه‌ران.
            
 
    
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.