سێیه‌م چیا كه لێمه‌وه نزیكه
چیرۆك
دادگاییكردنه‌كانی ناوه‌وه‌م نه‌یانده‌هێشت چێژ له‌هیچ شتێك ببینم، هه‌میشه خۆم له‌وانه پێتاوانبارتر بوو كه یه‌كه‌م فیشهكیی شه‌ڕی براكوژییان ته‌قاند. گرێیه‌ك هه‌میشه بیرم لێیده‌كرده‌وه و بۆم نه‌ده‌كرایه‌وه. نزیكه‌كانم هه‌ستیان بهشپرزهییی من ده‌كرد.. ره‌نگم وه‌ك په‌ڕه‌ی گوڵهبهڕۆژهكانی هاوینی لێهاتبوو. به‌رده‌وام سه‌ردانی پزیشكه‌كانم ده‌كرد، كه‌چی پێم ئاسایی نه‌بوو سه‌ردانی پزیشكێكی ده‌روونیی بكه‌م.. زیاتر بۆ ناخم ده‌گه‌ڕامه‌وه. بای ئه‌وه‌نده ئازانهبووم گرێی ده‌روونم ڤاڵاكهم، نه‌وه‌كو كاره‌ساتێك له‌دوای گێڕانهوهكهمدا سه‌رهه‌ڵبدات.
كه په‌نام بۆ ئیشێك ده‌برد هه‌ر بۆ ئه‌وه‌م بوو له‌و پرسیاره برینداركهرهی ناوه‌وه‌م راكه‌م، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر زیاتر تۆختر ده‌بووه‌وه و زیاتر مێشكی به‌خۆوه سهرقاڵدهكردم. له هیچ شوێنێك ئۆقره‌م نه‌ده‌گرت. له سیمای هه‌ندێك كه‌سیشدا ده‌سڵه‌میمه‌وه. زه‌نگه ناوه‌خته‌كانی مێشكم ئه‌وه‌نده زیادیانكردبوو، خه‌ریكبوو ته‌واو شێتیاندهكردم، شه‌وانه له‌خه‌و راده‌په‌ڕیم، ئاره‌قه‌م ده‌رده‌دا.. وڕێنه‌م ده‌كرد، دڵه‌كوته‌م زیادی ده‌كرد.. هه‌ناسه‌ی قووڵم ههڵدهكێشان ، به‌ڵكو ئۆقرهیهك بگرم. كه‌مێك باشتر ده‌بووم، به‌ڵام هه‌ر كه رووداوه‌كه‌م بیرده‌هاته‌وه ته‌واوی له‌شم شڵاڵی ئارهقهدهبووهوه. زوو زوو ئیشم ده‌گۆڕین، له هیچیشیان به‌رده‌وام نه‌ده‌بووم. پێم سه‌یره به‌و شپرزهییهشمهوه بڕیاری بوونه چهكدارییمدا!!. له یه‌كێك له فه‌وجه‌كان به‌هۆی خزمێكمهوه دامه‌زرام. شه‌وان تینم بۆ ده‌هات، بیرۆكه‌ی خۆ كوشتنیش به مێشكمدا ده‌هات. ئه‌م بیرۆكه بێبنه‌مایه گیری كردبووم و په‌ستانی ده‌خسته سه‌ر قه‌فه‌سی سینگم و ته‌نگه‌نه‌فه‌سیی كردبووم، راپه‌ڕینه ناوهختهكانم هه‌مووی هی ئه‌وه‌بوون وامده‌زانی یه‌كێك په‌نجه‌كانی له قوڕگم گیركردوون و منیش هاوارده‌كه‌م و ده‌نگم ده‌رنه‌ده‌چوو، تا له‌پڕ راده‌په‌ڕیم و سه‌ره‌تا ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ریشم ته‌واو بێزاركردبوون ، تا ورده ورده له‌گه‌ڵ ئه‌و دیارده ناحه‌زه‌م راهاتن. ده‌یان چیرۆكی ترسناكتر به‌دوای ئه‌م بیرۆكه خهمۆكییهمداهاتن. رۆژ به‌رۆژ هه‌ستم ده‌كرد هۆكاری هه‌ڵگیرساندنی كاره‌ساتێك له ملی مندایه‌و ده‌مه‌وێ له خه‌ڵكی بشێرمه‌وه و خاكبهسهری بكه‌م. دانیشتنه تهنهاكانم له‌سه‌ر تارمه‌ی ره‌بایه‌كه سه‌رنجی هه‌مووانی به‌لایخۆیدا راده‌كێشا… ئای چه‌نده شێواو و سه‌رگه‌ردان بووم، هه‌موو هه‌سته‌كانم ببوونه گوێ، گوێیه‌كانیش پڕ ببوون له ته‌په‌ی دڵ، كه ته‌په‌ی ترپه‌كان زیادیاندهكرد بێوستی خۆم هه‌ڵده‌ستام، وه‌ك له خه‌وێكی ناخۆش رابپهڕم ئاوام به‌سه‌رده‌هات. ئه‌و راپهڕینهم ئۆخه‌یه‌كی به دڵ ده‌به‌خشیم، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئۆكسجینم لێبڕابێت و خێرا فریای كهمامهكه كه‌وتبم. له‌ولاش ده‌مدیت ئه‌وان قاقا لێده‌ده‌ن و یاری كۆنكان ده‌كه‌ن و ناوه‌ناوه‌ش ده‌خوێننه‌وه و چه‌ك پاكده‌كه‌نه‌وه و به‌یه‌كه‌وه ده‌چنه سه‌ر رووباره‌كه بۆ خۆشۆرین یان مهلهوانییی، ئیره‌ییم به‌وان ده‌برد به تایبه‌ت كاره دمبك، كه‌وا چۆن ده‌توانێ ئاوا به گۆرانیی كۆڕیان بۆ گه‌رم بكات.. له‌وێ له دووری ده‌مه‌تر ده‌ماره ده‌رپه‌ڕیوه‌كانی ملیم ده‌بینین ئه‌وه‌نده “با”یان تێچووبوو خه‌ریكبوو ده‌ته‌قین، كه‌چی ئه‌و هه‌روا ته‌زبیحه ده‌نك قهزوانهكهی له‌م ده‌ست بۆ ئه‌و ده‌ست تێهه‌ڵده‌دا و ملی به‌ملاو به‌ولادا باده‌دا و هه‌مووی ده‌خستنه پێكه‌نین و خۆشیی. وه‌ك پیشه‌یه‌كی رۆژانه‌ی مام سولاحیش ئه‌وه‌ی له‌هه‌موومان به‌ته‌مه‌نتربوو به‌یانیان زوو هه‌ڵده‌ستا ریشی ده‌تاشیی و ده‌جار زیاتر سه‌ربه‌ره‌وخوار ده‌ستی به‌لا روومهتهكانیدا ده‌هێنا. منیش بهبێهودهییهوه سه‌یرم ده‌كرد و جارجاره‌ش به بزه‌یه‌كی بن سمێله بۆیه كراوه‌كانی بانگی ده‌كردم ؛وه‌ره مام سۆفی ریشهكهت بتاشه.. سۆفیایهتیت لێنایه‌ت. منیش بێئومێدانه لێم ده‌ڕوانیی و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی ته‌ڵخم بۆده‌كرد تا نه‌ڵێت گرنگی به داواكارییه‌كه‌ی ناده‌م و به بێتاقه‌تی ده‌ستێكی “نا” م بۆ به‌رزده‌كرده‌وه. رابه‌ر سیاسییهكهشمان هانی ده‌دام بخوێنمه‌وه، ده‌یگوت: ئێره به خوێندنه‌وه نه‌بێت بۆ ئێمه‌مانان ناڕوات. ئه‌و راستی ده‌كرد، به‌ڵام من زۆر له خوێندنه‌وه ده‌ترسام، به تایبه‌ت ئه‌و كتێبانه‌ی ئه‌و ده‌یخوێندنه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌لیقه‌ی من و باری ده‌روونییم نه‌ده‌گونجان، هه‌ر به ناونیشانه‌كانیان دڵم تێكههڵدههات، چجای ئه‌وه‌ی په‌ڕه‌كانیان هه‌ڵده‌مه‌وه و بكه‌ومه نێو ده‌ریای بێ‌بنی خوێندنه‌وه‌یان. وام هه‌ستده‌كرد ئه‌گه‌ر ده‌ستیان بۆ ببه‌م و بیانخوێنمه‌وه ئیتر وه‌ك مه‌له‌وانه نهزانهكه ده‌بێت ده‌ست له‌خۆم بشۆم .كه‌چی ئه‌و هه‌ر وازی نه‌ده‌هێنا و ده‌یگوت: باش بوو خوێنده‌وارێكی وه‌ك تۆ هاته فهوجهكهمان، هه‌وڵده بخوێنه‌وه منیش هانت ده‌ده‌م تا بۆ دواڕۆژ ببیته ئه‌فسه‌رێكی ناودار…پف ..پف .ئهفسهرت دۆزییه‌وه، من له سێبه‌ری خۆم ده‌ترسم .. له كتێب ده‌ترسم ، چی هه‌یه به‌رامبه‌ری بوه‌ستم و چاونه‌ترسانه قوڵ لێیڕامێنم، ئه‌م قسانه‌م له‌گه‌ڵ ده‌روونیی خۆم ده‌كردن و له مێشكمدا سه‌دایان ده‌دایه‌وه، دواڕۆژ ببیته ئه‌فسه‌رێكی ناودار.. دواڕۆژ ببیته ئه‌فسه‌رێكی ناودار.. دواڕۆژ ببیته ئه‌فسه‌رێكی ناودار. رۆژان تێده‌په‌ڕین و رامانه‌كانی منیش له‌سه‌ر ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی ده‌وروبه‌رم رۆژ به‌رۆژ سیمایان به‌ره‌و كرانه‌وه ده‌بردم.
جه‌نگ هه‌ندێك ره‌نگت له‌لا شیرین ده‌كات و له ئاوه‌زت ده‌یهێڵێته‌وه، ره‌نگبێ ئێوه‌ش كۆدی نهێنی ره‌نگه هاوشێوه‌كانی ته‌واوی له‌شكره‌كانی دونیاتان دۆزیبێته‌وه، كه‌دوو له‌شكری ره‌قیبیش ده‌چنه به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌دوو تیمی جیاوازیی گۆڕه‌پان ناچن ئه‌وه‌نده‌ی یه‌كڕه‌نگیی له خۆیاندا به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن. پێكهاته‌ی هه‌موو له‌شكرێكیش له سه‌رباز و ئه‌فسه‌رو پله‌داره‌كانی خوار ئهفسهرهوهیه، ئه‌و جه‌نگه ده‌روونییه‌ی نێوان سه‌رباز و ئهفسهرهكانیش هیچی كه‌متر نیه له شهڕهبهرهییهكهی به‌رانبه‌ر دوژمن. كه‌چی له‌وێ نه ئه‌فسه‌رمان دیاربوو نهعهریف، هه‌موومان جهنگاوهربووین، خاكی ببووینه‌وه وه‌ك ره‌نگی ره‌بایه‌كه.. تۆزی هه‌ڵنیشتووی سه‌ر روخسارمان هه‌مووی یه‌كسان كردبووینه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موومان به‌یه‌ك زگ له‌دایك بووبین. ته‌می ئه‌و ترسه‌ش، كه له‌سه‌ره‌تادا هه‌مبوو به‌یه‌كجاری له مێشكمدا ره‌وییه‌وه. نه فه‌رمانێك له‌گۆڕێ بوو نه بڕیارێكی خۆسه‌پێن، كه‌چی ئیشه‌كان وه‌ك ژووری شانه هه‌نگ به رێكوپێكی ده‌ڕۆیشتن. ئه‌وه‌نه‌بێ جارجار مام قادر مه‌نجه‌ڵ و قاپه‌كانی تێفڕێدهدایه خواره‌وه، به تایبه‌ت كه سامانی لێنزیك ده‌بووه‌وه و پێی ده‌گوت كابان چیمان هه‌یه بۆ نیوه‌ڕۆ. .. شیڕه و هاوار و جوێنه‌كانی مام قادر وه‌ك ته‌مێك چۆن ورده ورده به‌سه‌ر چه‌مێكدا ده‌نیشێ ئاوا سه‌دای به دۆڵه‌كه‌دا بڵاوده‌بووه‌وه و ده‌نیشت… سه‌گباب باوكت كابانه، دوو ته‌مه‌نی تۆم تێدان عه‌یب ناكه‌ی پێم ده‌ڵێیت كابان. هه‌مووان به منیشه‌وه ده‌ماندایه قاقای پێكه‌نین و ده‌چووینه لای مام قادر و ساردمان ده‌كرده‌وه و مه‌نجه‌ڵ و قاپ و قاچاغهكهشمان سهردهخستنهوه.
ئه‌و بڕیاره‌م له هه‌موو بڕیاره‌كانی تر توندتر و پڕ ماناتربوو، بوون به چه‌كدار.. ترسم له‌وه هه‌بوو ژیان به‌ڕێبكه‌م له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پیاوكوژ .. له گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه هه‌ر ئه‌و رۆژه ده‌مبینین، زۆربه‌یان مێردمنداڵبوون له‌گه‌ڵ یه‌ك دووانێكی به‌ته‌مه‌ن، كه ئه‌وانیش زۆر له‌وان به ئاوه‌زتر نه‌بوون. ترسم له‌وه هه‌بوو له‌وێ هه‌ست به گیانی لێبوردن نه‌كرێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی راسپێردرابم تۆوی لێبوردن بچێنم، ئه‌وه‌شم به خهیاڵدادههات كه لێره‌و له‌وێ ده‌مبیست ئه‌وان: ” دیله‌كان ناگهیهننهوه باره‌گای سه‌ره‌كیی هه‌ر له‌وێ دهشتڕێژیان لێده‌كه‌ن و خۆڵبهسهریان ده‌كه‌ن” . سه‌ره‌تا كه چووم زۆر ره‌خنه‌ی ئه‌و كارانه‌م كرد، كه‌چی له‌سه‌رێ خواسته‌كه به‌جۆرێكی تر بوو، نه‌مده‌زانی ئه‌وانه‌ی ده‌وریشم ملكه‌چ بوون، ده‌بێت رابه‌ر سیاسییه‌كه وه‌ك تووتی بیڵێته‌وه وبڕیارهكهش بۆ كاتی روودانی رووداوه‌كه جێده‌هێڵن. ئه‌م كاره‌م سه‌فه‌رێك بوو پڕ له ره‌نگی خۆی. له هه‌موو ئه‌و سه‌فه‌رانه‌شدا ئه‌و چیایه‌ی دڵخواستمه ده‌هاته خه‌ونم و له‌گه‌ڵ خه‌یاڵه‌كانم پاندهبووهوه و ره‌نگه‌كانی له هیچی ئه‌و ره‌نگانه‌ی نه‌ده‌كرد كه له‌وێ ده‌مبینین. ره‌نگه‌كانی خه‌یاڵم كه له دیمه‌نه‌كه‌ی ئه‌وێدا هه‌ڵده‌قوڵین گه‌شتر و رازاوهتربوون، لێره ره‌نگه‌كان مردووتر و خامۆشترببوون. ره‌نگی دوكه‌ڵ و خاك و ره‌نگی تۆزلێنیشتووی هاوسه‌نگه‌ره‌كانم .. ره‌نگه سه‌ره‌كییه‌كانی به‌ردیده‌م بوون. هۆشم وای پێده‌گوتم: ئه‌و ره‌نگانه له‌گه‌ڵ ره‌نگێكی خۆڵه‌مێشیی تۆخ له تۆدا به‌رجه‌سته‌بوون، تازه ناتوانی خۆیان لێبتهكێنییهوه. . تازه بوویته جه‌نگاوه‌ر و ده‌بێت له‌و جانه‌وه‌رانه بچیت كه به هه‌واوه گۆشت بۆق ده‌خۆن و كام زه‌ڵكاو پڕیه‌تی له ئاوی گه‌نیو ده‌بێت خۆتی لێبده‌یت و ترس تهڵاقبدهیت. ئه‌م وشه‌یه‌ی دواوه به‌رده‌وام له مێشكم دووباره ده‌بووه‌وه..ته‌ڵاقدانی ترس، ترس له چی ؟ خۆ شتێكی ئه‌وه‌نده ترسناك رووبه‌ڕووم نه‌بووه‌ته‌وه تا لێی بترسم؟ ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسم و به‌رده‌وام راوه‌دووی ده‌نام ترسه‌كانی ناوه‌وه‌م بووه؟ ترس بووه له بیره‌وه‌ریێكی خه‌مناك و پڕ ئازار، كه ئێره شوێنی به‌رهه‌مهێنانی ده‌یان چیرۆكیی ترسناكترن له‌وه‌ی به خه‌یاڵی من ده‌گوزه‌رێن.
ئه‌و ره‌بایه‌ی تێیدا ده‌ماینه‌وه، گه‌وره‌ترینی ره‌بایه‌كانی ئه‌م ناوه‌بوو، له چوار لای شوێنی پاسه‌وانیی تێدابوو، دوژمن زۆر به ئاسانی نه‌یده‌توانی زه‌فه‌ری پێببات، له ناوه‌ڕاستیی گۆڕه‌پانێكی چوارگۆشه‌ی لێ‌بوو، له رۆژئاواشیدا قولهغێك دروستكرابوو، له خانۆچكهیهك ده‌چوو، پێده‌چوو بۆ ده كه‌سێك دروستكرابێت، به شه‌ش كۆسپه بۆی داده‌به‌زین، كه ده‌چوویته ناوییه‌وه هه‌وایه‌كی فێنك و شێداری هه‌بوو، به‌ڵام پڕی بوو له كێچ و ئه‌سپێ، هاوسه‌نگه‌ره‌كانم له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌وشه راهاتبوون، منی بێئۆقره كه سه‌دجار ئه‌و ژیانه‌م به نه‌عله‌ت ده‌كرد، ده‌چوومه ده‌ره‌وه و یاتاغهكهم له‌سه‌ر بانه‌كه راده‌خست و خوم به رادیۆیه‌كی قیساره‌وه گرتبوو، ئه‌وه هه‌ر پیشه‌ی من نه‌بوو، هه‌موویان یه‌كه‌و رادیۆیه‌كی به بن گوێیه‌وه ده‌گرت و به خرۆشه‌وه گوێمان بۆ هه‌واڵه‌كانی شه‌ڕ راده‌گرت.. ئای له‌و خۆشییه‌ی هه‌موویان ده‌ریانده‌بڕی، كه هه‌واڵێكی تری سه‌ركه‌وتنیان ده‌بیست له قۆڵێكی تری به‌ره‌كان… منیش وه‌نه‌بێ به‌م هه‌واڵانه خۆشحاڵنهبم، به‌ڵام نه‌مده‌توانی وه‌ك ئه‌وان ده‌ریببڕم و ناوه ناوه په‌نجه بنێم به پهلاپیتكهی تفه‌نگه‌كه‌م و چه‌ند فیشه‌كێك بۆ ده‌ربڕینی ئه‌و خۆشییه به هه‌واوه بنێم… خۆشیی و خۆشحاڵیی ، ئه‌وه منم ئه‌م وشانه دهدهبڕم؟! ئه‌وه په‌یڤی سه‌رزمانی خاوبووهوهی منه له بهستهڵهكیی ئه‌م جۆره وشانه؟ ! بڕوام نه‌ده‌كرد، ئه‌وانیش بڕوایان بهسیمام نه‌ده‌كرد كه زهردهخهنهیهكیان له‌سه‌ر ده‌بینی، خۆ ئه‌وێ شوێنی زایینی خۆشیی نه‌بوو ئه‌وه‌نده‌ی هه‌واڵی خهمناكت به‌رگوێ ده‌كه‌وتن، چ سیحرێك له گوێم ده‌كرا و شنه‌ی چ بایه‌ك ئه‌و وشانه‌ی به په‌رده‌ی گوێیهكانمدادهدا، خۆ له‌وێ هه‌موومان مه‌رگی كتوپڕی ئومێدمان بینی.. ئومێد خه‌مناكترین كوڕ كه‌له‌وێ ناسیم. تۆزێك له‌وانی تر به ته‌مه‌نتر بوو، به‌ڵام تازه خێزانی پێكه‌وه‌نابوو، وه‌ك خۆم كه‌مدوو خه‌یاڵاوی بوو به‌رده‌وام له داڵغهدابوو، زۆرجار له ئێشكگرتن دهیانبوارد، ئهوهندهمانزانیی ئێواره‌یه‌كیان كۆتایی به ژیانی خۆی هێنا. باشترین هه‌لیش بۆ ره‌شكردنه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی ناوه‌وه‌ی ئه‌و ئێواره ئێشكگرییهی بوو، كه به‌ته‌نها له قونیچكی سه‌نگه‌ره‌كه‌دا كه له‌شێوه‌ی پیتی ” ئێڵی ” ئینگلیزی له‌ترسی هاوه‌نه‌كانی دوژمن هه‌ڵكه‌ندرابوو، كۆتایی به خۆیی و نهێنییه قانگدراوهكانی ناوه‌وه‌ی هێنا… ئه‌و رووداوه وه‌ك هه‌ڵكردنه‌وه‌ی بهكرهیهك، ههڵیكردمهوه سه‌ر دۆخی پێش هاتنم، به‌رده‌وام بیرم له خۆكوشتنه‌كه‌ی ده‌كرده‌وه.. سه‌دان جار له‌گه‌ڵ خۆم ئه‌و پرسیاره بێوهڵامهم دهجوویهوه، گومانیشم نه‌بوو هیچیان نه‌یانده‌زانی ئومێد بۆچی خۆی كوشت؟!!ده‌نگێك له ناوه‌وه هه‌میشه پێی ده‌گوتم: غیره‌ت سه‌گ بتخوا ، ئومێدی براده‌رت، ئومێدی هاوسه‌نگه‌ر و هاوڕهنگت، خۆی كوشت تۆ بۆ خۆت ناكوژی؟ ئه‌و ده‌نگه ناوه‌كییه ته‌واو بێزاری كردبووم، هه‌میشه لێده‌درایه‌وه، له‌سه‌ر نانخواردن ،له‌سه‌ر تارمه‌ی ره‌بایه‌كه، له چوونه خاڵی پاسهوانییهكه، ئه‌و شوێنه‌ی له شوێنی ئه‌و ده‌چوو، ترسم بۆ ئه‌م شوێنه زیادتر ده‌بوو.. ده‌نگه‌كه له‌وێ زیاتر فشاری بۆ مێشكم ده‌هێنا، ده‌مه‌ویست ئارام ببمه‌وه، كه‌چی وڕهوڕێك له مێشكم زیادی ده‌كرد، سه‌دای ئه‌و ده‌نگه ناوه‌كییه ئه‌وه‌نده به‌سه‌ر یه‌كه‌وه لێیده‌دا هه‌راسانیی كردبووم.. له‌و سه‌رمایه‌ی ده‌رێ كه وه‌ك مووس ده‌موچاوی ده‌بڕین ، من هه‌ستم به گه‌رما و ئارهقهدهردان ده‌كرد.. ئای چه‌ند كاره‌ساتێكی ناوه‌خت بوو، تازه خه‌ریك بوو به زه‌رده‌خه‌نه ئاشنادهبوومهوه.. تازه هه‌ستم به باڵاكردنی منداڵی ناوه‌وه‌م ده‌كرد.دیسان ده‌كه‌وتمه‌وه نه‌فره‌تكردن له‌وشوێنه. ئه‌وێ سروشتی چای هه‌بوو له ناوه‌وه تاڵ، كه تۆزقاڵێك شه‌كرت تێده‌كرد شیریندهبووهوه، هیچ شوێنێك هێنده‌ی ئه‌وێ تاڵیی و شیرینی تێكه‌ڵ نه‌ده‌بوون، ئه‌زموونێك بوو بۆ من له ئه‌زموونیی چوونه شێتخانه‌م به‌چاكتر ده‌زانی. ئه‌و ره‌وشه هه‌روا پێچی ده‌دام .. تا ورده ورده ئاسایی بوومه‌وه و تێكه‌ڵ بوومه‌وه به كۆمهڵبوونهوهیان . كردنه‌وه‌ی ئاگر پیشه‌یه‌كی رۆژانه‌مان بوو، به تایبه‌ت كه ئێواره داده‌هات له دواوه‌ی ستاره‌ی ره‌بایه‌كه، كه شوێنێكی په‌نهان بوو دووریش بوو له گولله‌كانی دوژمن دهمانكردهوه. له‌به‌ر تینی گه‌رماكه و بینینی ئه‌وه‌ی قسانده‌كات ده‌سته‌كانمان ده‌كردنه په‌رژینی چاوه‌كان و لێیڕادهماین. زۆربه‌ی به‌سه‌رهاته‌كان سه‌رمه‌د ده‌یگێڕانه‌وه. كه چۆن رێ‌یان له‌خه‌ڵكی ده‌گرت و رووتیان ده‌كردنه‌وه، چۆن باجیان خستبووه سه‌ر ئه‌و دوكاندارانه‌ی كه بازاڕیان گه‌رمتر بوو له‌وانی تر. ئه‌مانه‌ی به جوامێری ده‌زانین و ئه‌وه‌شی ده‌خسته‌سه‌ر كه چه‌ند كه‌سیان به‌دیلی كوشتووه. ئه‌م قسانه‌ی ئه‌و سامێكی به‌لای هه‌موومانه‌وه دروستكردبوو، ترسی خستبووه دڵی هه‌موومان ، كه‌چی دواتر كه تهقهیهكیش ده‌بوو ده‌ماندیت وه‌ك مشك خۆی به زه‌ویدا دهموچراند و تفه‌نگه‌كه‌ی دهگۆڵمهی ده‌نا و له‌به‌ر ده‌مه‌كه‌ی خۆی ده‌یڕوانی. “ته‌نیا”ش باسی ژووانهكانی بۆ ده‌كردین ، به قسه‌ی خۆی هیچ كچێكی هاوته‌مه‌نی خۆی نه‌بووه له شارۆچكه‌كه‌یاندا كه حه‌زی له‌و نه‌كردبێت و نه‌چووبێته باخه‌ڵیه‌وه. به‌و قسانه‌ی زیاتر كونیله‌كانی هه‌ست و دڵی گه‌نجه‌كانی ده‌كرده‌وه و دهیخرۆشاندن و هانی ده‌دان ئه‌وانیش نهێنییه قهتیسماوهكانی ناو دڵیان، وه‌ك كۆمه‌ڵێك ده‌نكه مرواری هه‌ڵڕێژنه به‌رپێیان و ئه‌و په‌ته‌ی كه چه‌ندین ساڵ بوو ده‌نكه‌كانی كۆكردبوونهوه دهیانپچڕاند. زۆرجار هه‌ستم پێیده‌گوتم ده‌ی تۆش نهێنییه‌كه‌ت بدركێنه خۆ هی تۆش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وان شه‌رمهێن و قێزه‌ونه. غیره‌تم نه‌ده‌كرد، ههرسهفهرێك كه ده‌چووینه‌وه و ئه‌و دانیشتنانه سازدهبوون، چیرۆكی گه‌رمتریش ده‌هاتنه ئارا، به‌ڵام سه‌ره‌تا كه‌سێك چیرۆكێكی له زاری منه‌وه نه‌بیست، هه‌تا ئارامتردهبوومهوه و وڕێنه‌كانم ورده ورده كهمدهبوونهوه و به‌ره‌و نه‌مان ده‌چوون وئارهقهدهردانم كهمتربوهوه، تای گێڕانه‌وه‌ی نهێنییه‌كه‌ش ساردتر ده‌بووه‌وه، تا دواجار گه‌ڕامه‌وه سه‌ر ریتمیی ئاسایی خۆم و ئه‌مجاره منیش چیرۆكم دروستدهكردن و خۆم ده‌خسته مه‌یدانی گێڕانه‌وه‌یان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رگیز نهمگێڕایهوه و ناشمه‌وێ بیگێڕمه‌وه، نه‌وه‌كو چیای سێیه‌م لێم یاخی ببێت و نه‌هێته خه‌ونم و لێم زویرببێت و ره‌نگه‌كانی خۆیم پێنه‌به‌خشێ.
29\9\2010 رانیه