Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024

سەردەشت عوسمان لە سیمبولى ئازادى وشەوە بۆ تیرۆریست

Closed
by September 19, 2010 سەردەشت عوسمان

سەردەشت عوسمان
لە سیمبولى ئازادى وشەوە بۆ تیرۆریست
لە قوربانییەوە بۆ تاوانکار
سەعید ئەحمەد

دواى چوار مانگ هەوڵ و  ماندوبوون سەرەنجام لیژنەى لێکۆلێنەوەى تایبەت بە کەیسى سەردەشت عوسمان ئەنجامى لێکۆڵینەوەکانى ئاشکرا کردو تاوانکارانى دۆزییەوە!!
سەرەتا پێویستە بووترێت بۆ هەرکه‌سێک کە بڕێک سەرنجى قسەو تەسریح و نووسراوەکانى پارتى و بەرپرسانى باڵاى ئەم حیزبە و هەروەها لیژنەى لێکۆلێنەوەى (بێلایەنى!!) سەرۆکى هەرێم لە تاوانى تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمانى دابێت، ئەوە زۆر جێگاى سەرنجە کە پارتى و لیژنەکەى لە هیچ جێگایەک ئەو وەک نووسەرو رۆژنامەنووس باس ناکەن. تەنانەت مەسعود بارزانى دەڵێت ئەو نووسینانە هى سەردەشت نییە و بەناهەق دراوەتە پاڵى!! مەسەلەى سڕینەوەى سیفەتى رۆژنامەنووسى و رەخنەگرى لە سەردەشت بۆ پارتى زۆر گرنگە. ئەوان بە ئەنقەست دەیانەوێ ئەم سیفەتە لە سەردەشت بسەننەوەو بەمەش بە خەڵکى کوردستان بڵێن کە سەردەشت لەسەر رەخنەگرتن لە پارتى و مەسعود بارزانى نەکوژراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەرکەسێک تۆزقاڵێک بەدواى ئەم مەسەلەیەدا چووبێت و نووسینەکانى سەردەشتى خوێندبێتەوەو تاقیبى کردبێت، بەحەق مەسەلەکە بەوجۆرە لێک ئەداتەوەو پەنجەى تاوان بۆ پارتى درێژ ئەکات.
دیسان پێویستە بووترێت کە پارێزگارى هەولێر لە خۆڕا نەبوو لەوەڵام بە داواى مۆڵەتى دانانى پەیکەرى ئازادى سەردەشت عوسماندا ئەیووت: پەیکەرى ئازادى چى؟ راوەستن با ئەنجامى لێکوڵنەوەکان دەربچێت ئەوجا باسى دانانى مۆنۆمێنتى ئازادى بۆ سەردەشت عوسمان بکەن! زۆر کەس دەیانووت ئەنجامى لێکۆڵینەوە چى پەیوەندییەکى بەم مەسەلەیەوە هەیە؟ بەڵام ئەوەتا لیژنەکە دەریخست کە پیوەندى پێوە هەیە هو پارێزگارى هەولێر لەسەر حەق بووە!! سەردەشت عوسمان لەسەر رەخنەو رادەربڕین لەلایەن پارتیەوە تیرۆر نەکراوەو شەهیدى قەڵەم نییەو شایانى پەیکەرى ئازادى نییە، بەڵکو خۆى دەستى لەگەڵ تیرۆریستان تێکەڵ بووەو هەر ئەوانیش کوشتوویانە!!
بەپێچەوانەى زۆرێک لەو هەڵوێستانەوە کە لەلایەن رێکخراوو کەسانى ئازادیخوازەوە سەبارەت بەم ئەنجامانە بڵاوکراونەتەوەو دەڵێن ئەنجامەکان چاوەڕوان نەکراوبوون و تووشى شۆکى کردوون، پێم وایە هیچ ئەنجامێکى غەیرى ئەمە لە لیژنەیەک کە لەلایەن تۆمەتبار خۆیەوە دروستکرابێت، چاوەڕوانکراو نەبوو. هەر لەسەرەتاوە ئەوە ئاشکرابوو کە کارى ئەم لیژنەیە نەک هەڵدانەوەى پەردە لەسەر تاوانبارى راستەقینەى کوشتنى سەردەشت، بەڵکو پەردەپۆشکردنى ئەم تاوانبارە راستەقینەیەو هەڵبەستنى سیناریۆیەکى چەواشەکارانە بوو. جا سیناریۆکە چۆنە؟ ئەمەیان کەس نەیئەزانى کە پارتى کام سیناریۆیە دائەتاشێ و پێىوایە ئەیگرێت. تەنیا شتێک کە چاوەڕوان نەکراو بوو شێوەى سیناریۆکە بوو. بەڵام ناوەڕۆکەى روون بوو: شاردنەوەى بکوژى راستەقینەى سەردەشت.
ئەم لێکۆڵینەوەو سیناریۆ ساختەکارانەى پارتى گاڵتەکردنە بەخەڵکى کوردستان و هەموو لایەنگرانى ئازادى وشەو رادەربڕین. لەمەش زیاتر هەڕەشەیەکى جدییە بۆ سەر هەر رەخنەگرێکى پارتى و دەسەڵاتەکەى.
خۆشبەختانە مەسەلەى تیرۆرى سەردەشت بەزیندوویى ماوەتەوەو کاردانەوە سەرەتاییەکان ئەوە نیشان ئەدەن کە ئازادیخوازان و خەڵکى کوردستان نایەڵن ئەم مەسەلەیە ئاوا بەئاسانى تێپەڕێت. درک بەوە ئەکەن تێپەڕینى ئەم مەسەلەیە مەترسییەکى گەورە بۆ ئازادیخوازان و رەخنەگرانى پارتى و دەسەڵاتى کوردى دروست ئەکات و ئەگەرى ئەوە هەیە کە سبەینێ هەرکەسێکى تر لەسەر رەخنەیەک بەدەردى سەردەشت بچێت و لیژنەى لێکۆڵینەوەش دواتر لە قوربانییەوە بیکات بە تیرۆریست و تاوانبار.
دۆزینەوەى بکوژى راستەقینەى سەردەشت و پارێزگاریکردن لە ئازادى وشەو رۆژنامەگەرى و ئازادى رادەربڕین، کە خواستێکى سەرەکى خەڵکى ئازادیخوازى کوردستانە، خەباتێکى بەهێزترو یەکگرتووترو هەمەلایەنەتر دەخوازێت. خۆشبەختانە کاردانەوەکانى تا ئێستاى ئەم مەسەلەیە دڵخۆشکەرە.
17-9-2010

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.