Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
سەرچاوەی گرفتی كارەبا:  بێدەربەستی خەڵكە یان دەسەڵاتدارانە؟!

سەرچاوەی گرفتی كارەبا: بێدەربەستی خەڵكە یان دەسەڵاتدارانە؟!

Closed
by February 1, 2011 گشتی

 

 
وەڵامێك بە بەھانەكانی دەسەڵاتداران لەبارەی سەرچاوەی كێشەی كارەباوە
موزەفەر عەبدوڵا

mozafar_as@yahoo.com

كێشەو گرفتی نەبوونی كارەبای بەردەوام و دابین نەكردنی لە لایەن دەسەڵاتدارانی بۆرژوای دزو گەندەڵی كوردستانەوە نزیك بە بیست ساڵە، لە پاڵ دەیان كیشەو گرفتی تردا، بووە بە یەكێك لە كێشە موزمنەكانی كۆمەڵگای كوردستان . دیارە ئەم كێشەیە وەك ھەمو كێشەكانی تر بە پلەی یەكەم یەخەی خەڵكانی كریكارو زەحمەتكێش و تویژە كەمدەرامەدەكانی كومەڵگا دەگرێتەوە نەك دەوڵەمەندەكان و  خاوەن سەرمایەو بەرپرسە گەورەكانی دەسەڵات.
لەم بارەیەوە ڕۆژانە ھەواڵەكان ئەم ڕاستی یە دەسەلمێنن كە چۆن دانیشتوانی گەرەكە زەحمەتكێش و كرێكارنشین و ئاوارەنشین و تویژە كەمدەرامەتەكان لێرەو لەوێ ،و لە قەراغی شارەكان ڕووبەڕووی ئەم كیشەیە دەبنەوە،و بەرامبەر بەمەش نارەزایەتی دەردەبڕن .وە ئەو خەڵكانە لە كاتی نارەزایەتی یەكانیان و لە پاڵ راگەیاندنی خواست و دروشمەكانیان  توانجی سیاسی وا بەھێز لە بەرامبەر دەسەڵاتداراندا دەڵێن، كە وەك دەڵێن، پر بە پێستی دەسەڵاتدارانە ،ھەروەك زۆرێك لە رۆژنامە نوس و راپۆرتنوس و ھەواڵنێرەكان بڵاوی دەكەنەوە.
ھەر وەك نمونەیەك لەو توانجە سیاسیانەی خەڵكی ئەوەیە كە دەڵێن:  سەرانی دەسەڵات نەك بۆ زیندوەكانیان بەڵكو بۆ گۆڕی مردوەكانیشیان كارەبایان لێ نابرێ ،و گۆڕەكەی برایم ئەحمەد وبارزانی و بەرپرسەكانی تر ھەمیشە وەك چراخان وان، بەڵام كارەبای ماڵە ھەژارەكان دەڵێی ترافیك لایتە و ھەر ماوە ماوە دەكوژێتەوەو ھەڵدەبێتەوە.
ھەروەھا خەڵكی لە ناڕەزایەتی یەكانیان و لە رێگای راگەیاندنەكانەوە بە شێوەی جۆراوجۆر، بە تایبەتی ئەوانەی سەربەدەسەڵات نین، چەندین جار كاربەدەستانیان لە وەعدەو وەعیدەكانیان بە درۆ خستۆتەوە. ئیتر ھەر لە سەرۆك وەزیرانەوە تا وەزیری كارەباو بەریوەبەرەكان..ھتد.ھەر بۆ نمونە تا ئێستا چەندین جار سەرۆك وەزیرانی ئێستاو، پێشو تریش لە دەورانی نێچیروان بارزانی، پەیمان و بەڵێنیان دەدا كە تا ئەوەندە رۆژو مانگی تر كێشەو گرفتی كارەبا بە یەكجاری چارەسەر دەكەن . وە ئەوە چەندین ساڵە ئەم بەڵینە درۆیانە بە خەڵكی دەدەن ئەمەش تەنھا بو ڕاگرتنی نارەزایەتی خەڵكی بە ڕوویاندا.
دیارە ئەم كیشەو گرفتە زیاتریش لە گەرمای ھاوین و سەرماو سوڵەی زستاندا زیاتر قوڵ دەبیتەوە بەھۆی ئەوەی لەو كاتانەدا خەڵكی بو گەرم كردنەوەو ساردكرنەوەی ماڵەكانیان و پێویستی یەكانیان زیاتر پەنا دەبەنە بەر بەكارھێنانی كارەبا .وە ئەمەش تەنھا تایبەتمەندی دانیشتوانی كوردستان نی یە بە تەنھا، بەڵكو ھی ھەمو دانیشتوانی جھانەو خەڵكیش مافی خۆیانە كە بەھرەمەند بن لە ھەمو پێویستیەكان.
ئەم ماوەیەش بەھوی سەرماو سوڵەو سەختی زستانەوەو لە نەبوون وفەراھەم نەبوونی بەردەوامی پێویستیە سوتەمەنی یەكانی تردا خەڵكی ناچارن زیاتر كارەبا بەكار بێنن.لە كاتێكدا ئەم قەیرانی نەوت و گازەش ھەیە كوردستان نقومی نەوتو گازی سروشتی بوو و ھەمیشە دەسەڵاتداران شانازی پێوە دەكەن.ھەروەك بارزانی لە قسەكاندا بۆ ساداتی پیرخدری و زۆرێك لە كۆبونەوەكانی تردا شانازی پێوە دەكات.
  جا دەسەڵاتداران  لە جیاتی خەمخۆری جدیان بۆ خەڵكی و زیاتر پێدانی كارەبا لەو ساتە سەختانەدا ڕێك بە پێچەوانەوە كارەبا لە دانیشتوان كەم دەكەنەوە.بۆیە خەڵكیش ناچارن نارەزایەتی دەرببرن بەرامبەر دەسەڵاتداران. ھەروەك لە چەندین گەرەك لە شارو شاروچكەكانی كوردستان نارەزایەتی پەرش و بڵاو ساز دراوە،و وا ئیستا وردە وردە خەریكە ئەم نارەزایەتیانە سەراسەری و ڕێكخراو تر دەبیتەوە .ھەر بۆیەش بۆ پێش گرتن بەو نارەزایەتیانەو ڕێگرتن لە خەڵكی وەك سیاسەتیكی چەواشەكارانەو لە ژێر فشاری خەڵكدا، سەرانی دەسەڵات ھەر لە سەرۆك وەزیرانەوە تا كاربەدەستانی خوارەوە، كەوتونەتە مقو مقوو فشە فشو سەردان ، گوایە لێپرسینەوە لە بەرپرسانی بەشی كارەبا دەكەن.وە لە ھەمان كاتدا سەرانی یەكێتی كەوتونەتە گلەیی و گازاندە لە پارتی و گوایە خەتای پارتی و وەزیری سامانە سروشتی یەكانەو سوتەمەنی پێویست نادات بە وێستگەكانی كارەبا تا تەنگو چەڵەمە بۆ حكومەتەكەی بەرھەم ساڵح دروست كات و بكەوێتە بەر نارەزایەتی خەڵكەوە.
بەڵام لە پاڵ ئەو ھەمو پروپەگەندەو خۆ فشكردنەوی دەسەڵاتداراندا دەبیین ناوەرۆكی قسەكانیان و بەھانەو بەڵگە ھینانەوەكانیان بۆ نەبوونی كارەباو سەرھەڵدانی ئەم كێشەو گرفتە ئەوەیە كە خەڵكی تاوانبار دەكەن بەوەی گوایە خەڵك نامەسئولانەو بێ دەربەستانە كارەبا زور بەكار دینی بۆیە كارەبا بەش ناكات و دەبریت .
ئەگەر ھەر چاودێرێك بە ووردی سەرنج بدات دەبینێ كە ئەم بەھانە پوچە لە پاڵ بەھانەكانی تریان و تاوانبار كردنی ھاووڵاتیان زیاتر لە ھەر بەھانەیەكی تر زەق ترە.
ڕاستی یەكەی ھەمو ئەم ھۆكارو بەھانانەی دەسەڵاتداران ،چ پارتی چ یەكێتی دەیلێێن، قسەی بێ ناوەرۆك پوچن بە نیسبەت خەڵكی یەوە. وە خەڵكی بە شێوەیەكی گشتی ھۆكاری سەرەكی لەم كێشەیە ھەر لە خودی دەسەڵاتداراندا دەبینێتەوە.
بۆیە خەڵكی مافی خۆیانە بەھەر شێوەیەك بۆیان دەكرێت ناڕەزایەتی دەرببرن و فشار بێنن بۆ دەسەڵاتداران تا كۆتایی بەم كێشەیەیان بێت و كارەبای بەردەوامیان بۆ فەرامەم بكرێت.
نەبوونی كارەبای بەردەوام لەمڕودا كە ئێمە تیا دەژین و لەم سەدەی بیستو یەكەی، كە زانست و تەكنەلوژیا زۆر زۆر لە پێشە، بە ڕاستی شەرمە بۆ دەسەڵاتێك كە بیست ساڵە دەسەڵاتدارە، كارەبای بەرەدەوام دابین نەكات بو ھاووڵاتیانی.ئاخر نزیك بە سەد ساڵ بەر لە ئێستا لە زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپاو تەنانەت  ڕووسیای سەردەمی لینین، بەو ھەمو شەڕو شۆڕو دواكەوتویی یەو لادێ نشینی یەوە توانیان كارەبای بەرەوام دابین بكەن بۆ دانیشتوانەكەیان و ھیچ كێشەیەكیان نەبێت بە ناوی كارەباوە.بۆیە لینین  ھەر لەو دەورانەداو لەبەر گرینگی كارەبا لە بەرەوپێش بردنی ژیانی ھاوچەرخانەی دانیشتوانەوە  دەیوت سۆسیالیزم ئەمڕۆ یانی بە كارەبا كردنی ووڵات.
جا ئەگەر دەسەڵاتێك دوای نزیك بە سەدەیەك  نەتوانێت ئەم پێداویستی یە سەرەتایی یە لەمڕۆدا بۆ خەڵكی دابین بكات نەك ھەر لادانی فڵان و فیسار وەزیری پەیوەندیدار بە كارەباوە بەس نیە بەڵكو ئەو دەسەڵاتە بە شێوەیەكی گشتی شاییستەی ئەوەیە كە جەماوەر بیكێشێتە خوارەوەو كۆتایی پێ  بێنێ كە تا بینەقاقای نوقوم بووە لە سەركوتی خەڵكی و دزی و گەندەڵی .
بۆیە خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان و ئەو لایەنە سیاسی و كۆڕو كومەڵ و ھەڵسوڕاوانەی كە بەرگری لەم خواستەو تەواوی خواستە بەرھەقەكانی خەڵكی دەكەن پێویستە قەبوڵی ھیچ بڕو بیانویەكی دەسەڵاتداران نەكەن لە نەبونی كارەبای بەردەوام. بە تایبەتی ئەو پڕوپاگەندە پوچەی كە خەڵكی خەتابار دەكەن لە نەبوونی كارەبا كە دەڵێن خەڵكی كارەبا زور بەكار دێنن و بێدەربەستن لە سەرف كردنی كارەبادا.
ڕاستی یەكەی ئەمڕو دوای بیست ساڵ لە دەسەڵاتی ئەم حزبە دواكەوتوە میلیشایی و خێڵەكیانە بۆ ھەمو لایەك ئیتر ڕۆشن بۆتەوە كە ھیچ پێویستی یەكیان مەیسەر نابێت ئەگەر خۆیان ناڕەزایەتی دەرنەبرن و نەیسەپێنن بەسەر دەسەڵاتداراندا. وە نابێت چاوەڕ بن كە ئەم دەسەڵاتە ھەر خۆی لە ڕوانگەی ھەست كردن بە بەرپرسییارێیەوە پێویستی یەكانی دانیشتوان جێ بەجێ بكات.
بۆیە تاكە ڕێگا بۆ سەپاندنی خواستی كارەبایی بەردەوام و بەنرخی ھەرزان ھەر ناڕەزایەتی دەربڕینە بە شێوەیەكی  ڕێكخراوو  سەراسەری.
كۆتایی جەنیوەری 2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.