Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
سەرۆك حكومەتێكى تەمبەڵ

سەرۆك حكومەتێكى تەمبەڵ

Closed

  عەزیز ڕەئووف……

 سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان نێچیرڤان بارزانى خەڵكى كوردستان بە بێباك و تەمبەڵ ناوزەد دەكات. ئەمەش بۆ تەنها جارێك نەبوو گەر تەفسیرى ئەوەى بۆ بكەین كە هەڵەى كردووە، بەڵكو لەم هەفتەیەدا چەندین جار لە چاوپێكەوتنەكانیدا ئەم وشەیەى دوبارەكردەوە. جەنابى سەرۆك ئەم كەلتورە دەگەڕێنێتەوە بۆ كەلتورى بەعس و پێى وایە لە بەعسەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو كۆمەڵگەى كوردى. لەكاتێكدا حزبەكەى ناوبراو لێوانێلوە لە كادرى بەعسى و تەنانەت لە پەرلەمانیشدا ئەندام پەرلەمانى سەر بە لیستى زەرد هەیە مێژوویەكى لەناو حزبى بەعسدا بەسەر بردووە و كەچى ئەمە بەدیاردەیەكى زۆر ئاسایى دەزانێت. پارتەكەى ناوبراو پڕە لە سەرۆك عەشیرەت و كۆنە جاش و مستەشار، كەچى بەڕێزى بە خەڵك دەڵێت ئەو كەلتورەى ئێوە كەلتورێكى بەعسیانەیە.
 قسەكردن لەسەر خەڵكى كوردستان لەناو سەركردەكاندا بۆتە دیاردەیەكى ئاسایى. پێشتریش هەر لە پارتەكەى سەرۆكى حكومەتى هەرێم بەرپرسى ڕاگەیاندن خەڵكى كوردستان بە سەگ وەسف دەكات. ئەمەش لانى كەم دۆخێكى سایكۆلۆژیە بەوەى كە بەرپرسان لێوانلێون لە هەڵە و كەم و كوڕى، سەربارى ئەوەى بێن خۆیان چاك بكەن، كەچى هەوڵ دەدەن بەرامبەر ناشرین بكەن. بەڵام بەدبەختى ئەم بەرپسانە لەوەدایە كە دەیانەوێت هەموو كۆمەڵگە تاوانبار بكەن.
 دیاردەى بەسوك تەماشاكردنى بەرپرسان لەو سۆنگەیەوەیە كە ئەوان باش دەزانن كە سەربارى ئەم هەموو سوكایەتیە كەچى خەڵك بەرامبەر بە بێحورمەتیكردنەكانیان بێدەنگە. بەكورتى ئەوان خەڵكى پارتەكەى خۆیان باش دەناسن، هەربۆیە لە بێدەنگى خەڵكانى نێو پارتەكەیانەوە بۆ سەرجەم كۆمەڵگە دەڕوانن.
 قسەكانى سەرۆكى حكومەتى هەرێم هەڵگرى چەندین مانا و مەغزاى جیاوازە. سەیرە سەرۆكى حكومەت بەرامبەر بێكارى لەنێو گەنجاندا هیچ پرۆژەیەكى نەبێت، سەرۆكى هەرێم ئامادە نەبێت لانى كەم سەردانى شارو شارۆچكەكانى كوردستان بكات و لە كەم و كوڕیەكانیان بكۆڵێتەوە، سەرۆكى هەرێم تەنها ئەو شەقامە قیرتاوكراو و بە پۆلیس تەنراوانە دەبینێت كە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەویش لە جامى ڕەشى ئۆتۆمۆبیلەكانیەوە، كەچى زۆر بێباكانە خەڵكى كوردستان بە تەمەڵ و تەوەزەل وەسف دەكات.
 ئەوەى كە سەرۆكى حكومەت باسى دەكات و لاى مەعقوڵ نیە ئەوەیە كە كریكارى بەنگەلادیش دێن بۆ پاكردنەوى شەقامەكان. پرسیار لێرەدا ئەوەیە كىَ دەستى هەیە لە بێحورمەتكردن و بەسوك تەماشاكردنى كەناس لە كۆمەڵگەى كوردیدا؟ بێشك لە هەر كۆمەڵگەیەك پیشەیەك لە پیشەیەكى تر باشتر بوو ئەوا لانى كەم حكومەت لێى بەرپرسیارە. جەنابى سەرۆكى حكومەت، كام كادر لە پارتەكەت و تەنانەت لە ئۆفیسەكانى حكومەتیش ئامادەیە كارى پاكردنەوەى كۆڵانەكان بگرێتە ئەستۆ؟ ئێوە هەمیشە پیشەى سیاسەت و بەرپرسیارێتى لە ئۆفیسەكاندا لە هەموو كارێكى تر بە پیرۆزتر بزانن، ئیدى خەڵك نایات كارێك بكات كە لانى كەم ئێوە خۆتان بە سوك تەماشای بكەن. تۆ كاتێك دەتوانى بە خەڵكى كوردستان بڵێى لە جیاتى بەنگەلادیشیەكان شەقامەكان پاك بكەنەوە، كە لانى كەم گەنجەكانى ناو پارتەكەت وا ڕاهێنابێت كە كارى پاكردنەوى شەقامەكانیش هیچى كەمتر نیە لە كاركرن لەنێو پارت و ئۆفیسەكانى حكومەتدا. ئێوە هەر كاتێك ئەمەتان كرد و حورمەتتان لەو كەسانە گرت كە شەقامەكان پاك دەكەنەوە، دەشتوانن خەڵك تاوانبار بكەن بەوەى كە كار ناكەن.
 ئەو پەرەگرافەى سەرۆكى حكومەت كە تەواو توشى شۆكى كردم ئەوەیە كە سەرۆك دەڵێت كەلتورى تەمبەلىَ كەلتورێكە لە بەعسەوە بۆمان ماوەتەوە. منیش لە سەرۆكى حكومەت دەپرسم ئەى گەندەڵى لەكوێوە بۆمان ماوەتەوە؟ ئەى پیرۆزى دەسەڵات و كورسى لەكێوە بۆمان ماوەتەوە؟ كێ بوو خەونى بەوەوە دەبینى تاكو قیامەت لە پۆستى باڵادا بمێنێتەوە لە بەعسیەكان زیاتر ؟ ئەوە نییە بەرپرسانى حزبى و حكومى لاسایى بەعس دەكەنەوە و ئامادە نین بۆ چركەیەكیش بێت كورسى دەسەڵات بۆ نەوەیەكى تر و خوێنێكى تازەتر چۆڵ بكەن.
 سەرۆكى حكومەت بزانێت یان نا، هەر بێباكى و تەمبەڵیەك گە لە كۆمەڵگەى كوردیدا هەست پێبكرێت، ئەوا دەسەڵات لێى بەرپرسیارە. كۆمەڵانى خەڵك ئامادە بوون خوێنى خۆیان بڕێژن بۆ خوڵقاندنى ئەزمونێك لە دەروەوەى بەعس، ئەوە خێرە بوون بە مەخلوقگەلێكى تەمەڵ و تەوەزەل؟ كێ بەرپرسارە لەوەى كە خەڵك بەرامبەر بە حكومەت و كۆمەڵگە كەمتەرخەم بێت؟ ئێوە لەماوەى حەڤدەساڵى دەسەڵاتدا مۆدێلێكى هێندە جوانتان پیشان نەداین كە تاكو هەست بە بەرپرسیارێتى بكەین. ئێوەن بە سەدان كادرى تەمەڵتان لە ڕیزەكانتانا بەخێو دەكەن و بە خەڵكیش دەڵێن بڕۆن شەقامەكان پاك بكەنەوە. ئێوە مەگەر بەس خوا بزانێت سەرمایەكانتان چەندە و تەنانەت پێشمان ناڵێن بودجەى ئەمساڵى حكومەت چەندە، كەچى زۆر بێباكانە خەڵك لە تەمبەڵى ئاگادار دەكەنەوە.
 زانكۆیەكى بیانى بڕوانامەى فەخرى بە سەرۆكى حكومەت دەبەخشێت، بەبێ ئەوەى لێى بپرسێت ئایا حكومەتەكەت گەندەلە یان نا، بێ ئەوەى لێى بپرسێت، ئایا لە حكوكەتەكەى تۆدا كەناس و پۆستى سەرۆكى حكومەت، یەك ڕێزیان هەیە یان نا؟ سەرۆكى حكومەت بزانێت یان نا بەر لە هەر شت دەبێت جیاوازى وەزیفەكان لە حكومەتەكەیدا كاڵ بكاتەوە و هیچ وەزیفەیەك لە وەزیفەیەكى تر ناشرینتر نەبێت، گەر سەرۆكى حكومەت توانى ئەمە بكات، ئەوا هەموومان گسك لەدەستى كرێكارە بەنگەلادیشیەكان وەردەگرین و پێیان دەڵێین: بڕۆنەوە، خۆمان شەقامەكان پاك دەكەینەوە.
 
azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.