Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
سەلام مستەفا لەنان کۆمارێکی شیعری دروست دەکات

سەلام مستەفا لەنان کۆمارێکی شیعری دروست دەکات

Closed

 

 

 

 

هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە زۆربەی شاعیران ، بابەتێک ، ڕووداوێک ، مەسەلەیەک ، ناخی دەهەژێنێت و کانیاوی شیعری تێدا دەتەقێنێتەوە. بەشی زۆری ئەو شاعیرانەی کە ناسیوومن یان شیعرەکانیانم خوێندۆتەوە، زیاتر بابتگەلی ( خۆشەویستی، کوردایەتی) بۆتە کلیلی کردنەوەی دەرگای شیعری بەڕوویاندا. لێ ئەوە یەکمجارمبوو،  شاعیرێک بناسم و پرسی ” نان”  ببێتە شەپۆلی دەریایی شیعری.

 دیوانی شیعری ” کۆماری نان” ، لەنووسینی کاک سەلام مستەفای شاعیرە. هەر لە ناونیشانەکەیەوە خوێنەر هەست بەوە دەکات ، کە نان لەلای ئەم شاعیرە جێگەیەکی تایبەتی هەیە. تارمایی ” نان” بەسەر ئەم دیوانە شیعرییەوە زاڵە، هەر لە دەستپێکەوە تا کۆتایی ، هاورێی و هادەمی شیعرەکانییەتی. دیارە ” نان” پرسگەلێکی گرینگ و پڕ بایەخە. یەکێک لە دروشمە گەورەکانی شۆرشی رووسی ” نان، کار، ئازادی” بوو. ” نان” لەپێش هەموو شتێکدا بوو. لێ ئەوە یەکەمجارە شاعیرێک ” نان” بکاتە دروشمی ئەدەبی و شیعری خۆی . 

سەلام مستەفا لە ڕێگای سی ویەک تابلۆی شیعرییەوە، باس لە نان دەکات. سی ویەک تابلۆی جوان ، کە پڕیەتی لە ووشەو دەستەواژەی جوانی شیعری . 

یەکەم کەست پێئەناسێنم ئەی ستەم 

مرۆڤێکە .

هەرچوار دەوری کولێرەیە

لەبرسانا .. دەم لە گۆچوو

بێ جووڵەیە ..

دەمی ئازاری لەسەرەو 

ددانەکانی دەرهاتوو. 

 

دیارە تەنها لەم 31 تابلۆیەوە باسی نان  ناکات، بەڵکە لە زۆربەی شیعرەکانی تریتشیدا نان هەر باسی سەرەکییە. دیارە لەم دیوانەدا باسگەلی تریشی تێدایە لەوانە : ( خۆشەویستی ،سیاسی ، نیشتمان، هەڵەبجە،،،هتد) . یەکێک لەو شیعرە جوانانەی ناو ئەم دیوانە ، شیعری ” خەمی شەو” . دیارە ئەم شیعرە لەلایەن گۆرانبێژی ناسراوی گەلەکەمان ( کەمال محەمەد) کراوەتە گۆرانیی، لەڕاستیشدا ئاوازێکی زۆر جوانیشی بۆ داناوە:

خەمی شەوە..

دەریاش لە من تێناگا چۆن ئەکەومە ڕێ

زامی ئەوە..

بۆیە گریانم کەوتۆتە ناو ساڵی نوێ

من شەوانم ..

یادی کەشتییەکی وێڵە نزیک دەریا

ڕۆژانەشەمم ..

مناڵێکە .. بەرگێکی شڕ وا لەبەریا 

خۆم ناکوژم..

نەبا زریان.. لافاوی شووم دابارێنێ

پێئەکەنم ..

تا ڕووخسام .. شەرمی گوڵیش بوەرێنێ.

لەلایەکی ترەوە سەلام مستەفا چەند شیعرێکی تایبەی بۆ چەند کەسایەتییەک هۆنیوەتەوە لەوانە : (کامەران موکری، دیلان ، ئەحمەد رەزا). یەکێک لە شیعرە جوانەکانی تری ئەم دیوانە ” تکا” یە. 

حەوت شیعر و نیوم نووسیوە

ئەیاندەم بە ئێوەی دڵم 

شیعری یەکەم .. ئاوێنەیەک

چۆن سەیری ئەکەن سەیری بکەن 

بتاندوێنێ.. بیدوێنن 

بەڵام تکا.. سەری لەبەردامەهێنن

دووەم ناو ناوە چرا..

چیم هەیە پێی بسووتێننن

بەڵام تکا .. لەڕۆژا دایمەگیرسێنن

سێیەمیش ناوی کۆرپەیە 

چۆن گەورەی ئەکەن گەورەی کەن

بەڵام تکا بێ لایلایە مەیخەوێنن

 

بەگشتی شاعیر توانایەکی جوانی لە ” دروستکردنی وێنەی شیعری” هەیە.  لەم دیوانەشدا سەلام مستەفا هەوڵیداوە، چەند ” هایکۆ” یەک بنوسێت، ئەویش لە شیعری ” تەنورەکانی دۆزەخ”. بەڵام بە بڕوای من سەرکەوتوو نەبووە، چونکە بەڕاستی هایکۆ نووسین پێویستی بە شارەزایی و توانایەکی تایبەت هەیە. لێ لەناو ئەو چەند شیعرانەدا دێرێکی جوانی شیعریم بەدیکرد  :  

پێش ئەوەی نامەیەک بنووسی

کۆترێک بناسە.

لێ بەگشتی ئەم دیوانە شیعرییە، یەکێکە لەو دیوانە شیعرییە جوانانەی کەلەم دواییەدا خوێندوومەتەوەو شاعیرەکەشی جێگەی دەستخۆشی لێکردنە.

 

 

 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.