Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
سەمای ئەنفال و زریانی خۆڵەمێشی ستەم

سەمای ئەنفال و زریانی خۆڵەمێشی ستەم

Closed
by March 30, 2012 هۆنراوە

 

لەزەمەنی كڕوسانەوەی نان و
سروشتی خۆڵەمێشی دا
یادی سەدو هەشتاو دوو هەزار پاسارییە و
سەمای ئەم دارەو دارە دەكەن
لەكۆت و بەندی بیاباندا
لێرەو لەوێ‌
لەئامێزی كەروێشكە خەونێكی هەمیشەیی دان
دەنگدانەوەی نزای پەپوولەكانیان دێ‌
قاقای بایەقووشەی بەعسی جەنگەڵیش
بێ باكن
لەبێگەردی سپێدەی كازێوەی بەیان
ئەنفالت ئەی زریان
جوانترین دیاری بیابان بوو
بۆ بزاڤی هەڵۆكانی شاخ و
ئەسرینی ئەبەدی بوو
بۆ زوڵفە سپیەكانی ژنان

000000

لەم نزرگای زامەدا
سیناریۆی خەونی دزێوو
دووایی نایە
ئەسرینی زامەكانی شارەزوور
زنجیرەو
وەك كانیەكانی مانگی نەورۆز بەخوڕەو
دووا تنۆكی بڕانەوەی هەرگیز
كۆتایی نایە
پۆشاكی ڕەش
دەكەمە كەڤاڵی یاداشتەكانی گەلان
ئێوە تەنها لەكەوڵدان
چونكە نەگەشتین زووخاوی هەناوی هەڵەبجە
بەبابدەیین
باڕێژەی ئەنفالیشتان یادگار كردیین
هاوارە هاوارە هاوار
لەگەڵ هەرەسی شۆڕشدا
بزاڤی نوێ‌ چرۆی كرد
لەگەڵ هەرەسی گونددا
مرۆی كورد ئایندەی نادیار ڕاپێچی كرد
دزێوترین كۆپتەر
چرۆی بابان و بارزان و ڕیشەیان
لەنێو خۆڵی خەونی گەندەڵدا وەران و
چاوەڕوانی هەمیشەییان كردە
ملوانكە بۆ كچان و
بەچكە بۆ نێرو مێ كان
بەفرمێسكی قەتیس ماوەوە
لەچوار ڕێیانی عەرعەردا
زیندە بەچاڵ كران

000000

برینەكان هێندە بەسوێن
هەرگیز بەتۆڵە ئارام نابن
هەورەكانیش هێندە دەگرمێنن
بۆ هەمیشە خەو لەچاوان دەزڕێنن
هۆ ژنە ماندووەكان
لەبری خەندەی هاوسەر و شیردانی ڕۆڵە
كەڤاڵی سپیتان كردە دیاری پرچە بێ نەواكانتان
بۆ بەدەست هێنانی ئایندە هەرگیز
دیدەو بازوتان ناسرەوێ
سبەینێش
لەنێو خۆڵەمێشی قێزەون بێ پایان ون
هاوارە هاوار
تاكەی بێدەنگی لەخشتەمان ببا
تاكەی مەرگی بێ وادە
تاكەی هەناسەی درۆ بەسە ئێدی
كۆتری سپیشتان لەخشتە برد
لەبری (گمەگم)
لەنێو دەواری جەنگەڵی ئاشتی دا
ڕەش پۆشتان كرد
بێ پرسە بێ نەوا سەری نایەوە
پیران و حەفید
قازی و بارزان
ئێدی نانوون و دەست بەمێزەرەكانیانەوە
ناگرن تا با نەیبا
لەنێو ئارامدا ناخەفن
بۆیە (ڕاپەڕین) بووە كۆرپەی ئازارو
لەنێو تەمومژی لەدایك بوون دا
چاوی هەڵهێنا
قەلەڕەش سەربڕاو
كوندەپەپوو كوناوكونی بوو
هەڵۆكانی لامل و سەرشان حەشاردران
ئێدی هەڵەبجە تاوێ‌ خەوی لێكەوت
بەڵكو گوندەكان چرۆ بكەنەوەو
ئەنفالەكانیش بدۆزرێنەوە
خاك ژان گرتی و پەرلەمان چاوی هەڵهێنا
مەخابن هێشتا یاساوڵەكان ئاوەڕوت نەكرابوون
خەندە هەموومانی لەئامێزنا
لەڕەش بەڵەكی ڕەنگەكاندا هەموو زامەكان
كولانەوە
تكایە مەست مەبن بازەكان نەمردوون
دەتان قۆزنەوەو لەخشتەتان دەبەن
براكوژی
لەنێو شەڕە پەڕۆو تەقەی خۆشیدا سەری دەرهێنا
پێنج هەزار پەپوولەی كانی عاشقان هاواری كرد
كەس گوێی لێ نەگرتن
ئەنفالەكانیش
ئێدی بێ هیوا بوون لەهەڵهاتنی خۆر
شەو هەمووانی لەئامێز گرت
تادەهات كانیەكان دەبوونە كارێزی خوێنی شار
هەموو شتێ‌ سەرئاو كەوت
برینەكان كرانە قوربان
(دراو) ی مەملەكەتی پڕ لەئەستێرەو
(كورسی) دونیای پڕ لەتیشكی خۆر
وەفا نەما بۆ جەستەی زاماری شەهید
تائێستا لەئارامیداین
چیتر بەرگە ناگرین
دە كاروانچیەكی دڵی گەل بن
دڵنیابن دەبینە سەرچۆپی گری هەموو
باڵندەیەك بۆتان
دەئێوەش تەنها چەپكێك خەندەمان یادگار كەن
بەڵكو تاوێ‌ پشوو بدەیین

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.