Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
شاخ… شوان عوسمان

شاخ… شوان عوسمان

Closed
by February 15, 2012 هۆنراوە

من لە تۆدا روام ،
 تۆش لە مندا روایت…
لەگەل رۆژگاری رەق، رەق و
 رەگت رەقتر لە رەگم تێکوتا..
 منیش لە تۆ رەقترو
رەگم رەقتر لە تۆ داکوتا….
بە بۆنی تەمۆخەکانی تۆوە ،
بۆنی خاک و
رەنگی خاک و
ماکی خاکیم بەبەر لوا…
بوومە تەمۆخێک لە تۆو
 تەمۆخێکیش لە من روا ،
بەو بۆنەوە تامت داو
تامم کردی…
 ماچت داو
ماچم کردی..
 بە ماچێک لە تۆدا مردم ،
بە ماچێک لە مندا مردی…
بوومە دووگردو بەرماڵێک ،
سەرت بۆ بردم ،
بوویە خوایەک کرنووشم بۆ بردی….
لەگەل تۆزی تاوێرەکانت بوومە تۆزو
 بەگەردەکانی قەدپاڵت بەبا چووم…
بە هەناسەی رەشەبات بوومە باو
وەکو ئارد بە تۆزی تەراشەکانت راچووم..
بە سەر لەپی گەردەلوولی کوفرێکت ،
وەکو باهۆزێک لە گوناه ،
بە مەرگم چەند ئەهاتم و چەند ئەچووم…
چەندیش لە رەنگی جوانەمەرگێک ئەچووم…
تا لە بۆمەلەرزەیەکدا لە دایک بووم…
لەو رۆژە من خۆم نیم و
نابم بە خۆم…
تاتەبەردێک وتاوێرەبەردێکم لە تۆ ،
زنارەبەردێک وگابەردێکم لە تۆ ،
خڕکەبەردێک و وگاشەبەردێکم لە تۆ ،
باگوردانێکم لە گوناهەکانی خۆم ،
بە سەر بانی جەستەی کوفرەکانی تۆ ،
دێم وئەچم ….
تا بەردێکت نەرم بێت و
نەرمم کات بە خۆی ،
تا بەردێکم نەرمت کات بە خۆی ،
تا بەردێک نەرمی کەمەوە بە خۆم..
کەچی دواتر ئەبم بە بەردێک بەردتر لە تۆ ..
لە مۆخم راچوویت ،
لە مۆخت راچووم ،
رەوەزەبەردت بەسەر سەرم داوەران ،
چەقەبەردت بە ناومدا داچەقان ،
 تەریشەبەردت وەکو موو لە ناومدا روو چوون …
بە بەردەکانی خۆت لە مۆمیات دام  ،
بە بتەکانی خۆت خوایەکت لە خەیاڵ نام ،
بە کێلێکی خۆت قەبرێکت پێدام ،
بە پەلەبەردێکی پیاوچاکێکت ،
پەنای مرازێکی خێرم بۆ بردی ،
بە کوچکە بەردی شەڕاویت رەجم کرام….
بەو بەردبارانە بوومە کەلەکێک لە بەردو
چیایەک لە لوتکەو بەرەدڵان…
 لە دەشتێکی شارەزوورو قەراجیش بم ،
هەر شاخێکم لە تۆ ،
 نابم بە خۆم ،
لەودەمەی گڕوگاڵم بە ئەلفوبێی داروبەردی تۆوە ،
 گرتووە ،
 بوومەتە حافزێکی بینایی بەردو
واریسێکی دڵرەق بە میراتی بەردینی تۆ ،
هەرچەند ئەکەم نابم بە خۆم….
هەروەکو تۆم ،
هەمیشە وێنەیەکم لە تۆ ،..
تازە تۆ منی ومنیش تۆم ،
نەک خۆم….

شوان عوسمان-هۆلەندە
١٤/١/٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.