شه‌ش كورتیله چیرۆك:
كه‌متیار
كه‌متیارێك له‌حه‌شارگه‌كه‌ی هاته‌ده‌ر، سه‌ركزو دڵته‌نگ ڕێی ده‌كرد، ڕێوییه‌ك به‌لایدا تێپه‌ڕی، لێی پرسی: ها مام كه‌متیار چ خێرته، ده‌بینم دڵته‌نگ و بێ‌وازی؟ كه‌متیار وه‌ڵامیدایه‌وه: چۆن دڵته‌نگ نه‌بم، ئه‌ی نابینی ئاسمان هه‌موو ڕۆژێ به‌خوڕ ده‌یبارێنێ! ڕێوییه‌كه وتی: جا ئه‌وه چی تێدایه؟ كه‌متیار گوتی: ئه‌وه زۆری تێدایه؟ ڕێوییه‌كه دیسان پرسی: چۆن؟ كه‌متیاره‌كه گوتی: كاتێك ئاسمان به‌خوڕ ده‌یبارێنێ ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ئه‌مساڵ به‌هاره‌كه‌ی هات ده‌بێت، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه‌ئاژه‌ڵان له‌برسانادا نامرن، ئه‌دی من چی بخۆم؟؟.
گه‌له‌گورگ
به‌ده‌م باعه باعه‌وه له‌خه‌و هه‌ستا، ته‌ماشایكرد بووه به‌شه‌كه نێره‌یه‌كی قه‌ڵه‌و، ژنه‌كه‌شی بووه به‌ده‌ڵه‌گورگێك ومناڵه‌كانیشی به‌چوار به‌چكه گورگ، ماوه‌یه‌ك له‌م كاره‌ساته واقی وڕما، پاشان هێواش هێواش بیری هاته‌وه خۆ ئه‌و تا نیوه‌شه‌وێكی دره‌نگ له‌گه‌ڵ ژن و مناڵه‌كانیدا گاڵته‌وگه‌پ و قسه‌ی خۆشیان كرد، تاخه‌ویشی لێكه‌وت هه‌زار هیواو ئاواتی به‌مێشكدا هات، پلانی ده‌یان پرۆژه‌ی داڕشت، ئه‌ی ئێستا چۆن؟ شایه‌تمانێكی هێنا، به‌كاوه‌خو له‌نوێنه‌كه‌ی هاته‌ده‌ر، كه‌مێك هه‌ستی ڕاگرت، له‌چوار قۆڵه‌وه لوره‌ی گورگ ده‌هات، چووه سه‌ربان، سه‌یریكرد شار سه‌رپاك بووه به‌گورگ، به‌ئه‌سپایی گه‌ڕایه‌وه نێو جێگاكه‌ی، نه‌وێرا ژن مناڵه‌كه‌ی له‌خه‌و هه‌ڵسێنێ ترسا بیخۆن؟ هه‌وڵیدا بخه‌وێ نه‌یتوانی، كۆڵه گریانێكی سه‌خت له‌ناخیدا سه‌ریهه‌ڵدا، له‌خوا پاڕایه‌وه وه‌ك ئه‌و هه‌موو گورگه بیكا به‌گورگێگ تا هیچ نه‌بێت به‌ده‌می ژن و مناڵه‌كانی خۆی به‌گورگان خوارد نه‌چێت؟!.
قه‌قنه‌ز
پاڵی دابوو به‌دیواری كه‌لاوه‌كه‌یه‌وه، به‌رانبه‌ر به‌تله تاوێرێك هه‌ڵتروشكابوو، هه‌ردوو زرانی له‌سه‌ر سینگی تووند كردبوو، سه‌ری وه‌ك گوڵێكی سیس به‌سه‌ر كڵاوه‌ی ئه‌ژنۆكانیدا چه‌مابووه‌وه، بیری له‌ڕابردووی ده‌كرده‌وه، لاپه‌ڕه‌ی رۆژانی ته‌مه‌نی به‌سه‌رچووی ده‌خوێنده‌وه، چركه‌كانی ژیانی به‌سه‌ر ده‌كرده‌وه، ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی ده‌ژمارد كه‌به‌سه‌ریدا هاتبوون، هێشتا نیوه‌یانی نه‌ژماردبوو، هه‌ستی به‌بۆنی كڕووزو دوكه‌ڵێكی خه‌ستكرد، كه‌سه‌ری هه‌ڵبڕی تله‌تاوێره‌كه‌ی به‌رامبه‌ری بووه قه‌قنه‌ز.
جانتا شینه‌كه
به‌هه‌ر ویستگه‌یه‌كدا تێده‌په‌ڕی به‌كۆمه‌ڵ خه‌ڵك ده‌بوون به‌ته‌ماشاچی، یه‌كێك ده‌یگوت: ئه‌م جانتایه چه‌ند جوانه ئێستا بڕۆ پڕه له‌دۆلار؟ یه‌كێكیتر ده‌یگوت: بزانه جانتای چ به‌خته‌وه‌رێكه وا پڕیكردووه له‌زێڕو زیوو؟ یه‌كێكی كه ده‌یگوت: كوره خودا ده‌زانی جانتای چ بازرگانێكه مه‌نته‌سیله له‌گه‌وهه‌ر! كاتێك له‌دووا ویستگه كردیانه‌وه له‌تێ نانه ڕه‌ق و كه‌لله‌سه‌رێكی تیا‌بوو.
پرسیار
به‌ته‌واو بوونی جه‌نگ ئه‌میش وه‌ك زۆر كه‌س گه‌ڕایه‌وه سه‌ر پیشه كۆنه‌كه‌ی، له‌سه‌ر شۆسته‌كه، له‌پشتی سنوقێكی داره‌وه له‌نگه‌ری گرت، ده‌ستی كرده‌وه به‌جگه‌ره فرۆشتن، ساڵ هات وساڵ چوو، زۆرشت گه‌ڕانه‌وه دۆخی جارانیان، به‌ڵام ڕوومه‌تی ئه‌م پیاوه هه‌رگیز نه‌گه‌ڕایه‌وه دۆخه‌كه‌ی جارانی، هه‌میشه وه‌ك كێوێكی ته‌ماوی غه‌مۆكییه‌كی تاڵی پێوه دیار بوو، شه‌وێك له‌پڕێكدا خۆی له‌چه‌قی شه‌ڕگه‌یه‌كدا دیته‌وه، چوار ده‌وری بوو به‌ئاگرباران، به‌هه‌زارحاڵ له‌ده‌ستی مردن رزگاری بوو، له‌قه‌ره‌وێڵكه‌ی كه‌وته‌خواره‌وه، ئاره‌قێكی ساردی كردبوو، له‌نێوه ڕاستی ژووره‌كه‌دا هاواریكرد: ئه‌رێ ئه‌م شه‌ڕه نه‌گریسه كه‌ی ته‌واو ده‌بێت؟؟.
خه‌ون
له‌شه‌ڕگه‌یه‌كدا هه‌ردوو ده‌ستی قرتاو بۆ هه‌تاهه‌تا ونیانی كرد، له‌نه‌خۆشخانه دوو ده‌ستی پلاستیكیان بۆ دروستكرد، هه‌میشه به‌قۆڵی كراسه‌كه‌ی دایانی ده‌پۆشی، حه‌زی نه‌ده‌كرد خه‌ڵك ده‌سته پلاستیكییه‌كانی ببینن، كاتێك ئه‌و خانووبه‌رانه‌ی ده‌بینی كه‌كاتی خۆی به‌ده‌سته‌كانی ئه‌وسای دروستی كردبوون ئاهێكی ساردی هه‌ڵده‌كێشاو ته‌ماشایه‌كی ده‌سته‌كانی ئێستای ده‌كرد، هه‌موو شه‌وێك به‌بێده‌نگی له‌سه‌ر جێگاكه‌ی ڕاده‌كشا، تاخه‌وی لێده‌كه‌وت سه‌یری ئه‌ستێره‌كانی ده‌كرد، ئه‌و شه‌وه به‌ده‌م خه‌وه‌وه هاوریكرد: دایه دایه وه‌ره سه‌یركه ده‌سته‌كانم دۆزییه‌وه؟ دایكیشی به‌ده‌م ناسۆرو فرمێسكه‌وه به‌لێفه‌كه‌ی دایپۆشی زانی وه‌ك هه‌موو شه‌وه‌كانیتر خه‌و ده‌بینێ؟!.