شۆڕشی ته‌واونه‌كراو … عه‌زیز ڕه‌ئووف
ئه‌سته‌مه بتوانین به ڕووخانی په‌یكه‌ری دیكتاتۆر، كۆتایی به دیكتاتۆرییه‌ت بێنین. ڕه‌نگه ئاسان بێت په‌یكه‌ڕه‌كان بڕووخێنین به‌ڵام ڕێگرتن له دروستبوونه‌وه‌ی په‌یكه‌ر ئاسان نیه. من دڵنیام شه‌ڕی دیكتاتۆر ئاسانتره له شه‌ڕكردن دژ به دیكتاتۆریه‌ت و سیسته‌می دیكتاتۆریه‌ت، به‌ڵام ناشتوانین دڵخۆش نه‌بین به ماڵئاوایكردن له دیكتاتۆره‌كان و سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی گه‌ل به‌سه‌ر زوڵم و زۆرداریدا.
من درست بڕوام به‌وه هه‌یه شۆڕش پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه و ئومێدبه‌خشین به شۆڕش و جێهێشتنی سیاسه‌ت بۆ نوخبه‌یه‌كی سیاسی شۆڕشگێڕ كارێكی نه‌كرده‌یه. مێژوو ده‌ریخستووه ئه‌وه‌ی له ئێستادا شۆڕشگێر بێت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه سبه‌ی ببێته دیكتاتۆرێكی سه‌رسه‌خت. شۆڕشی ئێران و كاسترۆی كوبا و قه‌زافی لیبیا و حزبی به‌عس له عیراق و سوریا و چه‌ندین نمونه‌ی تر ده‌ركه‌وته‌ی ئه‌و ڕاستیه‌ن كه شۆڕشگێڕه‌كانی دوێنێ سته‌مكار و دیكتاتۆره‌كانی ئه‌مڕۆن.
ئه‌م بۆچوونه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش هه‌ر ڕاسته. جێهێشتنی سیاسه‌ت بۆ نوخبه‌یه‌كی شۆڕشگێڕ له سه‌ده‌ی ڕابردوودا و درێژكراوه‌ی هه‌مان سیاسه‌ت له چركه‌ساتی ئێستاماندا، ده‌ركه‌وته‌یه‌كی ته‌واو ناله‌باره. من ده‌زانم كه شۆڕشگێڕی كوردی تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش ناتوانێ سیسته‌م دروست بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانم سیسته‌مێكی دروست كردووه بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات كه له هیچ سیسته‌مه‌كانی تری دنیا ناچێت. دروست ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه هیچ نیه جگه نوخبه‌یه‌كی سیاسی كه كۆنترۆڵی سه‌رمایه و هێز و میدیای كردووه و درێژه به مانه‌وه‌ی خۆی ده‌دات. ئه‌وه‌ی جیاوازه له شۆڕشه‌كانی تر ئه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی كوردی هیچ خه‌ونێكی نماوه بۆی بجه‌نگێت و بۆی بمرێت. ئه‌گه‌ر شۆرش له ئێران تا ئێستاش خه‌ونێكی مابێت بۆی بجه‌نگێت، ئه‌گه‌ر له مسرو كوبا و سوریا شۆڕشگێڕه‌كانی دوێنێ خه‌ونێكیان هه‌بووبێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه، ئه‌وا شۆڕشگێڕی كوردی له‌چره‌ساتی ئێستادا مه‌خلوقگه‌لێكی بێخه‌ون و بێ ڕوئیایه.
چی له‌وه ناخۆشتره به‌چاوی خۆت ببینیت كه شۆڕش هیچ خه‌ونێكی نه‌ماوه. چی له‌وه ئه‌سته‌متره به‌ڕۆژی ڕووناك شۆڕشگێڕ نه بتوانێت به‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می شۆرشگێڕی و نه له‌ناو شاردا سیسته‌مێكی حوكمڕانی جوان پێشكه‌ش بكات. دڵنیام بۆ كۆمه‌ڵگه له‌وه ناخۆشتر نیه كه ببینێت شۆڕش هیچ خه‌ونێكی نیه و هیچ قسه‌یه‌كی نیه پێمانی بڵێت. یان به‌مانایه‌كی تر شۆڕشگێڕ هه‌ر قسه بكات و سور بزانێت خه‌ڵك بڕوا به قسه‌كانی ناكات و به‌ردوامیش بێت له وتن.
شۆڕش پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه. جێهێشتنی به‌رهه‌می شۆڕش بۆ نوخبه‌یه‌كی سیاسی نه‌ك هه‌ر كارێكی نه‌كرده‌یه، به‌ڵكو هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی گه‌وره‌شه. دروست ئه‌وه‌ی له ئێستای مسردا ده‌بینرێت ئه‌و دۆخه‌یه كه خه‌ڵك ده‌یه‌وێت شۆڕش به‌رده‌وام بێت. جێهێشتنی سیاسه‌ت بۆ نوخبه‌یه‌كی سیاسی له‌و وڵاته هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت كه موباره‌ك ئه‌نجامیدا. بۆیه ده‌بێت شۆڕشگێڕ قه‌له‌ق بێت. ئومێدهه‌ڵچنین به هه‌ر هێزێكی سیاسی دواجار بێئومێدی به‌رهه‌م دێنێت.
شۆڕشگێڕی لیبیی شۆڕگێڕێكی چه‌كداری سرفه. هه‌ڵگری هیچ جیهانبینیه‌كی نوێ نیه جگه له مه‌رگی قه‌زافی. ده‌ركه‌وته‌كانی ئه‌م شۆڕشه له ئێستادا دیاره كه ئاینده‌یه‌كی تاریك له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت. مێژووش پێمان ده‌ڵێت شه‌رت نیه هه‌موو شۆڕشێكی جه‌ماوه‌ری جوان بێت، شه‌رت نیه شۆڕش بتوانێت به ڕوخانی دیكتاتۆر ئیدی به‌هه‌شتمان بۆ بنیاد بنێت، به‌ڵام ڕێگه‌ی تر نیه هه‌ر ده‌بێت شۆڕشگێڕ بین، ڕێگه‌ی تر نیه جگه له ڕوخانی بته‌كان، به‌ڵام بێشك ده‌بێت شۆڕش ڕێگربێت له دروستكردنه‌وه‌ی بتی نوێ. هه‌ر شۆڕشێك سیاسه‌تی به‌خشی به نوخبه‌یه‌كی سیاسی ناو شۆڕش، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانێت به‌ده‌ستی خۆی بتێكی نوێی دروست كردووه، به‌ده‌ستی خۆی گۆڕێكی بۆ منداڵه‌كانی هه‌ڵكه‌نیوه.
بێ گومان شۆڕش له پنتێكه‌وه ده‌ستپێده‌كات و ئه‌گه‌ر لێیگه‌ڕێین له پنتێكیشدا ده‌وه‌ستێت. بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕش له پنتێكدا نه‌وه‌ستێت پێویستمان به‌وه‌یه هه‌میشه شۆڕشگێڕ بین. من دڵنیام سانا نیه مرۆڤ هه‌میشه شۆرشگێڕ بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانم ئه‌گه‌ر شۆڕش به‌مانا عه‌قڵانیه‌كه‌ی نه‌توانێت شۆڕش بێت، نه‌توانێت كۆی ستره‌كچه‌ری كۆمه‌ڵگه له‌گه‌ڵ خریدا بگۆڕێت، ئه‌گه‌ری سته‌مكاری له‌ئارادایه.
ئێمه له‌به‌رده‌م به‌رهه‌می شۆڕشی چه‌كداریداین له‌م هه‌رێمه. خۆمان به چه‌پڵه‌ڕێزان بتمان بۆخۆمان دروست كرد. هه‌ر ده‌بێت خۆشمان بته‌كان بڕوخێنین. شۆڕش هه‌رگیز بت به‌رهه‌مناهێنێت ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر خۆی بت دروست نه‌كات. هه‌م خۆمان به‌رپرسیارین به‌رامبه‌ر به ڕووخانی بته‌كان و خۆشمان بته‌كان دروست ده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر شۆڕش پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام بێت ئه‌وا بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش دروسته كه ڕێگه‌ی ترمان له‌به‌رده‌م نیه جگه له ڕێگرتن له هێرشی بته‌كان. ئێستا ئه‌و بتانه‌ی كه خۆمان له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه دروستمان كرد خه‌ریكه خۆمان و منداڵه‌كانمان و ئاینده‌شمان له‌گه‌ڵ خۆیدا بێده‌نگ ده‌كات.
AZIZRAUF75@YAHOO.COM