Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
شیری فیل، پەنیری ماین

شیری فیل، پەنیری ماین

Closed
by July 6, 2013 چیرۆک

 

 

ELEPHANT MILK,HIPPOPOTAMUS CHEESE

 

جارێکیان کچێکی هەتیو هەبو بە ناوی دیدی ، پێ گەورەی وەکو ئەو لە دونیادا نەخولقابو ، ئەژنۆ و پاژنەیەکی ئەستوری لێ ڕسکابو تابتوانی ئەو پێ یە قوڕسانەی هەلگری و دانێتەوە . پێ یە قەبەکانی شەرمەزاری کردبون هەروەها بەرێوەبەری هەتیوخانەکەشی نیگەران کردبوو ، حەزی نەدەکرد هەتیوێکی پێ گەورەی شەقاو گرانی لەپێش چاوی  بخولێتەوە ، وای دەزانی ڕاوبۆچونی خەلکیش بەرامبەر هەتیو هەتیوخانەکە ئالۆز دەکات ئەویڕاست بیت لە هەلێک دەگەڕا لەکۆڵ خۆی کاتەوە.

 لە نزیکی هەتیوخانەکە ژن و مێردێکی تەمەل و تەوەزەل دەژیان ئەوەندە بێقونەبان بوون شەش حەوت مانگ بوو  قاپو قاچاغی مالی خۆیان پاک نەکردبۆوە قەلاتێک قاپ و مەنجەلی نەشۆراویان هەتا بن میچی خانوەکەیان  کەلەکە کردبوو ،هۆل و ڕارەوەکە ئەوەندە پیس و پۆخل بوو لەڕوت نەدەهات تەماشای بکەیت. چانسیان باش بوو لە رۆژی مارە بڕی و زەماوەندیان کەوچک و چەنگال و قاپ و مەنجەلێکی زۆر یان بەدیاری بۆ هاتبوو 

بەیانیەک ژن و میرد لەخەو هەلسان هیچ قاپو کەوچک و پەرداخێکی پاکیان نەمابو نانی تێدا بخۆن !

پیاوەکە هاواری کرد چی بکەین خۆ ئێمە ناتوانین ئەم کەلەکە  قاپو قاچاغە پاک بکەینەوە و هیچ دەفرێکێ پاکیشمان نەماوە. 

ژنەکەی گۆتێ ئێستا تەلەفۆن بۆهەتیوخانە بکە کچێکمان بەناو بکەن و خێرا بینێرن بۆ ئەوەی قاپەکانمان بشوات مالەکەش پاک کاتەوە ،وا نەبیت قاپ و مەنجەلی پاکمان نابیت خواردنی تیا بخۆین. 

پیاوەکە گۆتی پێشنیارەکەت بەجێ یە ، یەکسەر بەتەلەفۆن پێوەندی بەهتیوخانە کرد:

کچێکی هەتیوتان هەیە توانای چێشت لێنانی هەبیت شەوو رۆژ ئیشمان بۆ بکات ، کچیکمان ناوێ  هەر بخوات و بخەویت  کچێکی توندو تۆل و بەهیز بیت چونکە ئیش و کارمان زۆرە  ، خۆم و ژنەکەشم  تا بلێی نەرم و نیان و خۆش مەشرەبین .

  بەڕێوەبەر یەکسەر گۆتی بەڵێ بەلێ  ئەوەی تۆ لێی دەگەڕێی هەمانە ناوی دیدی یە زۆر خۆر نیە بچکۆلەیە  هەندێک پی یەکانی قەبەن بەلام زۆر بتەوە هەر دەلێی تاوێرە بەردە ، ئێستا هەندی بلێی یەکو دوو بۆتان دەنێرم .

بەڕیوبەر چووە لای پەنجەرە بانگی کرد ویدی دیدی هەر ئێستا شتومەکت بپێچەوە دەفتەرەکە ئیمزاکە  ، تۆ لەلایەن ژن و پیاوێک وەرگیرای و بویت بەکچی ئەوان و بەخێوت دەکەن.

 ویدی دیدی بە شەقاوی گران لە هەتیوخانەوە سەرەو خوار شۆڕ بۆوە ، هەردوو پێی یە زەبەلاحەکانی لەناو کالە شینەکەی زۆر ڕەزا قوڕس دیاربون ، بەژن و بالای بەقەد بنە گولێک بەرزبو  وەکو پەت باریکو لاواز بو سەرو قژی دەتگۆت قەیتانی قۆندرەن پێ یەکانیشی وەکو بەلەم ، بەلام کچێکی لەش سوک و چاوگەرم و لێو بەخەندە بوو .

 کچە گەیشتە مالەکە و چاوی بەو هەموو مەنجەل و قاپ و قاچاغ و کەوچک چەتال و پەرداخە کەوت لە موبەق هەلدرابۆنەوە ڕاڕەوەکان پڕبون، ئاهێکی هەلکیشا بەلام بەڕشتی دەست بەکاربو پێدا هات قاپەکانی چێشت و جام و سوراحی و پەرداخی بیرەو چەقو و چەنگال و تاوەو کەوگیر و هەموی پاک شت و ئەدرەو شانەوە. 

ویدی پرسیاری کرد ئایا هیچی تر ماوە بیکەم چونکە دەیزانی زۆر شتی تر ماوە پێی بکەن .

پیاوە گۆتی کچەکە هەتیوە کەمان وابزانم قاپو دەڤرەکانت تەوا کرد

ژنەکە بە دەنگێکی زل گۆتی دەبی جلەکانیشمان ئوتو بکەیت! جێگەو پێخەفەکان چاک بکەیت  . 

ئەمجارە پیاوەکە هاواریکرد : کورسی و میزو تەبلەکان بسڕەوە ، پاشان ژنەکە گۆتی دەبی سیسرکەو جالجالۆکان ڕاوبنێیت ،  بە مێشکوژ تەپە لە مێشەکان هەلسێنیت ، تۆزو خول بسرەوە ، وەکی ئەوانەت هەموو تەواو کرد دەبی گیاکەلەی ناو مەلکانەکان بژار بکەیت . 

وێدی گۆتی ئای کە ڕۆژێکی سەخت و پڕ ئیشە !!  کچە هەر چەند لەڕو لاوز بوو بەلام لە هەناوی خۆی زیتو بەهێز بوو ملی لە ئیشەکان نا ، قاپەکانی خاوێن کردەوە ، ئوتۆی تەواو کرد مێزو تەبلەکانی سڕیەوە ، مێشکوژی بەکارهێنا ،  تۆزو خۆلی سەر قەنەفەو دارو دیواری سڕیەوە ، مەلکانەکانی بژار کرد مالەکەی وا پاک کردەوە هەر زێنەت بوو لەناوی بژیت . 

ویدی دیدی گۆتی هەموو ئیشەکانم کرد تەواو هیچیتر نەماوە بیکەم ، زۆریشم برسیە کاتی ژەمی خواردنم لەمێژە تێ پەڕیوە تکایە شتێکم بدەنی بیخۆم .

ژن و مێرد بە نیگەرانیەوە سەیری یەکتریان کرد  ، بەلام وەکو دەلێن زگی تێر ئاگای لە زگی برسی نیە ، سەری رەزامەندی یان نەلەقاند ژەمە نانێکی پێ بدەن .

پیاوەکە بە تەوسەوە گۆتی کچەکەمان  زۆر ووردە تەنیا پێ یەکانی زلن .

ژنەکەش منگاندی ئەو کەسانەی پێ یان گەورەیە هەمیشە زۆر خۆرن ، زۆریش ماندی بوە ڕەنگە ئێستا زۆر برسی بیت و هەر تێر نەخوات .

پیاەوکە: گۆتی خەمت نەبیت بۆ منی بەجێ بێلە من پێشنیارێکم هەیە!

ئاوڕیکی لە کچە داوە و گۆتی ئازیزەم کچە هەتیوەکەی خۆمان ئێمە خواردنێکی باشمان هەیە قەلێکمان سوور کردوتەوە لەگەل شلەیەکی بەتام جگەلە سێ جۆرە جەلی ئایس کرێم و میوەی ئالو باڵو بۆ شیرینی دووای نانخواردن . 

بەلام کارێکی ترمان ماوە دەمانەوێ ئەم بنمیچەش بۆیە بکەیت چونکە دەمێکە بۆیە نەکراوە ، کچەکە سەرێکی هەلبڕی و گۆتی باشە بەلام پێویستیم  پەیژەیە  لەکوێ یە : 

پیاوەکە بە گرژینەوەیەکی پیسکانە  ئاخر کێشەکە لێرەیە ، ئێمە پەیژەمان نیە ! کچەکە ووتی باشە دەچمە سەر ئەم تەبلەکە بۆ ئەوەی دەستم بگاتێ ، ژنی کابرا هاواریکرد دەتەوێ بەو پێ یە گەورانەت بچیتە سەر تەبلە بریقەدارەکەم ، ناشێ و نابیت !  دیدی گۆتی بەلام دەستم پێی ناگات بەژنم کورتە ئەی چارم چی یە؟. 

ژنە گۆتی دیارە خۆشت  دەزانی کەلکی هەمو ئیشێکت نیە ، زۆریشم پێناخۆشە خەمیشت بۆ دەخۆم  بەلام  باشتر وایە بچیتەوە بۆ هەتیوخانەکەی خۆت هەتا هەندێک بەژنت درێژ تر دەبیت ، ئەو کارانەی بۆمانت کرد زۆر باشە ، هەرکات بەژنت درێژ تر بوو وەرەوە تۆ هەرکچی هەلگیراوەی ئێمەیت لای خۆمان دوعای خێرت بۆ دەکەین هەتا ئەو ڕۆژەی سێ پێی تر بەژنت درێژ دەبیت و بتوانی بنمیچەکەش بۆیە بکەیت .

ویدی دیدی هێشتا پریاسکەی نەکردبۆوە لەگەل جانتا بچکۆلەی کە فلچەی ددان و هەندی موتو مۆری تێ هەلگرتبوو  بەناچاری بەرەو هەتیوخانەکەی گەڕاوە بەلام کە گەیشتە وێ قاپی هەتیوخانە تووند داخرابوو ،بەڕێوەبەر سەری لە پەنجەرەوە هەلکێشا گۆتی کە تۆ ڕۆیشتی ئێمە لەشوێنەکەی تۆ هەتیوێکی ترمان وەرگرت ، شوێن بۆ تۆ نەماوە ،  ئێستا بۆ کوێ دەڕۆی دەتوانی بڕۆیت 

دیدی گۆتی هیچ جێگایەک شکنابەم بۆکوێ بچم ؟ 

بەڕێوەبەر هەر شوێنێک خۆت حەز بکەیت تۆ وەکو بالەندە ئازادیت ، ئای ئازادی چەند خۆشی حەزم دەکرد منیش وەکو تۆ شاد و ئازاد بام ئیتر سەریخۆی لەپەنجەرەکەوە کێشاوە بۆ ئەوەی کچە هیوا بڕ بیت تووند پەنجەرەکەی داخست.

ویدی دیدی یان  لەدونیایە بەرەلاکرد بڕۆ بگەڕێ هەر بگەڕێ ڕێگان تۆزو خۆل و دورو درێژن بەلام لەم کژەی ساڵدا رێگەکان جوان و قەشەنگن ئەمبەرو ئەو بەری ڕێگاکان بە گولە لاولاو حاجیلەو نێرگز تێکچرژاون .

کچە سەریخۆی هەلگرت ماویەکی باش ڕۆیشت ، هەرچەند پێ یەکانی قەبەش بوون شل و کوت بون و وەژان هاتن ، گەیشتە سەر کانی و ئاوێکی ڕوون و پاک لەسەر رۆخی لێی دانیشت کالە شێنەکانی داکەند هەردوو پێی هاویشتە ناو چۆگەلەی ئاوەکە کە وەکوو دوو ماسی گەورە وەسەر ئاو کەتن .

وێدی ئاهێکی قوڵی هەلکێشا ئای چەندم برسی یە ئێستا دەتوانم یەک فیلی سوور کراوە بخۆم هێشتا جێگەی یەک ماینی دەریاش دەبیتەوە بۆ میوەو شیرینی !

       سەیر ئەوەبوو کاتێ  دیدی لەبەرە خۆیەوە ئەم قسانەی دەکرد فیلێک لە تولە ڕیگەوە دەرکەوت پاشان یەکێکی تر و یەکیکی تر هەتا بوونە  یەک ڕەوە فیل ، گیاو گولە حاجیلەو نیرگزیان دەڕناندەوە  ، دوای ئەمان ماینیکی دەریایی هات پاشان یەکێکی تر هەتا بونە کۆمەلێک  لەبەر تیشکی خۆرە تاوا بەلارەلار دەڕۆیشتن .

پاشان ترپەی پێ یەکی جیاواز هات ئەمجارە دەنگی پێ یە گەورەکە نزیک بۆوە تەنانەت لە ترپەی پێ یەکانی خۆی گەورەتریش بوون بەرەو کانیەکە دەهات کچە ترسا و لە شوێن خۆی ڕاپەرێ و خۆ خزاندە بن گول و گولزاری دەورو بەری کانی و بەئاسانی لەبنە گولە شیلانێک جێی خۆی کردەوە تەنیا پێ یەکانی بەدەرەوە بون.

 پاش تاوێک شوانەکە – خاوەنی فیل و ماینەکان وەدەرکەوت ، گەنجێکی کەتەی کۆک و بەقەلافەت تا بڵیی ڕێکو پێک بەلام بەهۆی زل و زەبەلاحی جەستەی نەتدەوانی هەمو شوێنێکی هەلسەنگێنی ، ئەگەر سەیری لووتت دەکرد دەبوایە چاو برۆی فەرامۆش کەیت ،شێرێک و سەگێکی ووشیاری لەگەل دابوو ! کاتێ کالە شێنەکەی کچەی بینی وەک بەلەمێک  لە ڕۆخێ  ئاوەکە لەناو گول و گولزار لەنگەری گرتبو یەکسەر گۆتی ئای لەم جۆتە پیلاوە جوان و دلگیرە ..! بەتامەرزرۆیی هاواری کرد ئەگەر خاوەن ئەم پێی یانە بدۆزمەوە  یەکسەر شێتو شەیدای دەبم لەم کاتەدا کچە خۆی پێنەگیرا پەنجەکانی پێی خۆی نەجولێنیت   . 

بەدرێژایی ئەم هەلچون و بزاف جولە جولە  ئەو پیاوە زەبەلاحە  چاوی بڕیبوە پێ یە زلەکانی دیدی و بە سەرسامی یەوە قیژاندی ئای لەم پێ یە جوانانەی ژێر ئەم گولە شیلانو حاجیلەو نێرگزانە ئەم پاژنانە چ خڕو پەمەیین چەند جوان پەنجەکانی دەبزوێنیت ئەگەر بە دیداری خاوەنی ئەم پێ یە قەشەنگانە شاد بم لەدەست خۆمی نادەم  دەیکەم  بە هی خۆم. گۆمانم نیە ئەم پێ یانە جوانترین پێی  ئەم سەر زەمینەن .

 کچەش لەپشتی گولە و نیرگزو لاولاوەکانەوە خۆی پێنەگیرا سەری دەرهێنا و گۆتی بەهەر حال گەورەترین پێن لەدونیادا ! دەستی کرد بە پێکەنین پیاوە کەتەکە بە سەرسوڕمانەوە سەیرێكی کرد ئەویش دەستی کرد بە پێکەنین .

 شێرەکە پێی دیدی لێستەوە خوتەکەی هاتی بۆیە هەندێکیش بەوە پێکەنین ، پیاوەکە دواجار ووتی باشە ئەمە ژیانە هەورازو نشێوی زۆرە من جووتێک پێم دۆزی یەوە شەیدای بوم کە هی ئەم کچەیە و بەژنیشی لە بنەگولێگ بەرزتر نیە  گوێی مەدەرێ چیتر پویست ناکات لەناو گولە نێگزو لاولاو خۆت بشاریتەوە لەشێرەکەش مەترسە مالی کراوە هەروەها خۆمیش .

 با فیلەکان و ماینەکان بۆخۆیان بلەوەڕێن و خۆیان بدەنە بەر خۆرەتاو تۆش دەتوانی لەگەل من دانیشیت و بەشداری ژەمی خواردن بیت .

دیدی گۆتی زۆر خۆشحالم بەمیوانت بم لەبەر ئەوەی ڕۆژیکی سەخت و پڕ ئیشو کارم بەسەر برد  سەر لەبەیانی ژن و مێردیک  بەکچی خۆیان وەریان گرتم بەخێووم بکەن قاپ چەنگال و مەنجەلی کەلەکەبوی چەند مانگیان پێ شتم خانوە پیس و پۆخلەکەیانم پاک کردەوە پاشان داوایان کرد بنمیچەکەش بۆیە بکەم بەلام بەژنم ئەوەندە درێژ نەبوو بتوانم کارەکە جێبەجێ بکەم داوایان لێکردم بگەڕێمەوە هەتیوخانەو چاوەڕێ بکەم هەتا سێ پێی تر درێژ دەبم . لەو سەرو بەندەشدا هەتیوخانە کەسێکی تریان لە شوێن من وەرگرتبو بۆیە منیان وەکو بالەندە ئازاد کرد ، وێل و سەرگەردان بوم گەڕام و سوڕام هەتا ڕێم کەوتە ئێرە. 

ئێستاش هیندی ماینێکی دەریا برسیمە ! چونکە بەدرێژایی ئەمڕو زادم تامم نەکردووە .

پیاوە زەبەلاحەکە گۆتی بیری لێمەکەوە چونکە بیرکردنەوە لەو سەربردەیەی تۆ دەیلێ یت تەحەمول ناکرێت .

 پارچە پەنیرێکی زلی بەقەد سنیەک و پەرداخە شێرێکی بەقەد سەتلێك لەپێش دانا لەکاتێکدا فیلەکان لەدەروبەریان دەلەوەڕان و ماینەکان لرفیان لەسەوزە گیای ژێر درەختەکان ئەدا شتێکی نامۆو سەیرو سەمەرە ڕویدا کاتێ کچە پەنیرەکەی خواردو شێرەکەی خواردەوە هەستی کرد پێ یەکانی بچوک بونەنەتەوە.. هەندێک ترسی لێ نیشت پاشان پیاوە زەبەلاحەکە گۆتی ئەوە پێ یەکانت نیە بچوک بونەتەوە ئەوە خۆتی بەژنت درێژ تر بووە وابزانم ئەوە کاریگەری شیری فیل و پەنیری ماینی دەریایە هەر تەماشای من بکە چونکە ژیانم لەسەر ئەم شیرو پەنیرەیە دەبینی چێم لێهاتوە . بڕوا بکە هەر بەڕاستی سێ پێ درێژتر بوی .

کچە گۆتی مەبەستت ئەوەیە وام لێهاتووە بتوانم بنمیچ بۆیە کەم  ئای ئەوێ ڕۆژێ ئەگەر بمتوانیایە چەند دلم پێی خۆش دەبوو .

پیاوەکە گۆتی لەبیر خۆتی بەرەوە لێرە لای من بمێنێوە گەورەتریش دەبیت مێردم پێبکە لەسەر ئەم یالە قەڵایەک و باخێکی خۆشم هەیە  ببە بەهی من هەردوکمان پێکەوە شوانکارەی فیل و ماینەکان دەکەین باخەکە خۆشتر دەکەین چل و نۆ منال دەخەینەوە (حەوت جاران حەوت).

ئیتر لەمەو دووا بەخۆشی و شادی دەژین . ئێستا وێدی گەورەتر بوە دەتوانی دەم و چاوی دەزگیرانەکەی  باشتر ببینیت وێدەچی ژیانێکی خۆش چاوەڕێ یان بکات  بەلام دیدی گۆتی پێمخۆشە یەکەمجار بنمیچی خانوەکە بۆیە بکەم بەدایکو باوکم بلێم شووم کرد ڕەنگە وەکو لەکتێبەکان خوێندومەتەوە دایکم وەکو دایکی خەلک حەزبکات یارمەتیم بدات کراسی بۆکینیم بۆ بکات .

من دەچمەوە ماڵ بن میچەکە بۆیە دەکەم بە جلی زماوەندی بوکینی بۆ تۆ دێمەوە. 

پیاوەکە گۆتی بۆ ڕێگا هەندێ شیرو پەنیر لەگەل خۆت ببە من زۆرم پێماوە.

ئەوەبو دیدی هەندێک شیرو پەنیری بۆخۆی برد کالە شینەکانی لەپێ کردن و بەڕی کەوت. ئێوارەیەکی زێڕین بوو کەکەیشتە ماڵ لەبەر دەرگا ڕاوەستا هەتا بزانن کچیان هاتەوە و بینی قاپی بەیانی نیوەڕۆیان بە پێسی لەوێ فڕێ دابوو دیدی خێسەیەکی لێکرد .

 ژن و پیاوەکە خەریکی خواردنی ژەمی ئێوارەیان بون قەلی سورکراوەو شۆربای سێ جۆرە جەلی ڕەنگاو ڕەنگ و ئایس کرێم و میوەیان دانابو.

پیاوەکە بەڕوگرژی گۆتی: چەند زوو ئەو کچەتیوەی بەناوی خۆمان کردبو گەڕاوە. ژنەکەش گۆتی لەبەر چاووم گەورەتر بووە وابزانم ئێستا دەتوانی بنمیچەکە بۆیە بکات ،  ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئەگەر لەسەر ئامانجێک سوور و مکوڕ بیت  دەبی هەر بگەیتە مەبەست .

  پیاوەکە پێی گۆت  تەشت و قازانی بۆیە  لە ژوری خۆشتنە . دیدی بۆیەکەی لێکداو تێکەلی کرد فلچەکانی پاک کردەوە بێ هیچ گیرو گرفتێک کە شایەنی باس بیت ملی لەبەر کارەکەی نا ، دەست و بردی لێکرد لەوکاتەی کچە بنمیچەکەی  بۆیە دەکرد ژن و پیاوەکە تەماشایان دەکرد و ئیسقانە قەلیان بەولاو بەولای خۆیان فڕی ئەدا .

 کچە سەیرێکی ژنەکەی کرد گۆتی دایکی ئازیزم من بەنیازم شو بکەم بیرم لەوە کردەوە تۆش وەکو دایکی خەلک یارمەیەکم بدیت کراسی بوکینیم بۆ بکەیت .

ژنە لەشوێن خۆی قیژاندی من ! من کراسی بوکینی بۆ دیدی بکڕم کەتەنیا ڕۆژیکە دەیبینم!  ، خراپ نالێی ! ، نەخێر بەتەمای من مەبە ،  بڕۆ جارێکی تر بیر بکەوە.

دیدی بیری کردەوە خێسەیەکی لە دایکە بەخیوکەرەکەی کرد  پیاوەکەش بە خەندەیەکی ساردەوە گۆتی با بالە قەلێکت بدەمێ تەنیا بالێک چونکە قەل گۆشتی زۆر پێوە نیە ، ئەگەرنا من و خێزانم میهرەبان و چاوتێرین

دیدی گۆتی سوپاس من نانی خۆم لەگەل خۆم ‌هێناوە ، خواردنەکەی خۆی لەپێش خۆی دانا و تێری خوارد !

ژن و پیاوە زۆر تەنگەتاو بون ویستیان هەنجەتێکی پێبگرن وەدەری نێن  لەکۆل خۆیانی بکەنەوە ، ڕاستو ڕاست پێ یان گۆت بڕۆ لێرە نەمینێت!

کچە گۆتی دەڕۆم دەچم بۆ شوینێک ڕێز لەم  پێ یە زلانەم بگیرێت لای کەسێک ڕێزو بەهای خۆیان هەبیت!

 ڕۆیشت پیاوە زەبەلاحەکە چاوە ڕێی دەکرد ! کە دیدی دەرکەوت پیاوەکە بەگەرمی لەیالەکە بەیاوەی شێرەکەی دابەزی ، گۆتی بۆچی ئەوەندە دووا کەوتی هەر چاوڕێم دەکردیت. 

دیدی بە پێکەنینەوە گۆتی بنمیچەکەم بۆیە دەکرد ، سەیری کە ئەمە یەکەمین کراسی بوکینی یە لە دونیادا کە ئەوەندە پەلەی بۆیەی پێوە بیت ، مارەبڕی یان تەواو کرد مالیان ڕێکخست  ، وێکرا قاپ و مەنجەلەکانیان دەشۆری باخەکەیان بژارکرد ماینەکانیان دەڕەوەلاند فیلەکانیان دەدۆشین حەوت جاران حەوت منالیان خستەوە ،لەناو باخەکەیان یاری یان دەکرد ، منالی ژیکەلەو  خڕیلەو چاوگەش و پێ جواون سەبارەت بەوەی لەسەر شیری فیل و پەنیری ماینی دەریا و گولە بەڕۆژە پەروەردە دەکران خێرابون لەگەشە کردن ، هەمیشە لە گۆڕان و گۆڕانکاری دابون   .    

 

نوسینی : مارگرێت ماهی (*)

وەرگێر لە ئینگلیزیەوە  : مستەفا رابەر

———

(*) مارگرێت ماهی (١٩٣٦-٢٠١٢) نوسەرێکی  بەناوبانگی نیوزلاندی یە ، چیڕۆکەکانی جەخت لەسەر پێوەندیە کۆمەلایەتیەکان دەکاتەوە  ، دیاردەی سروشتی لەڕادەبەدەر  بەشێکن لە پێکهاتەی چیڕۆکەکانی ، ئەو ژنە سەد کتێبی وێنەداری بۆ زاروک و هەرزەکاران نوسیوە ، کۆمەلە خەلاتێکی بەناوبانگی وەرگرتوە ،  ئەم چیڕۆکەش( شیری فیل ، پەنیری ماینی دەریا) بە زمانی ئینگلیزی لەسەر تۆری ئینتەر نێت بلاوکراوەتەوە ، بە سوکە دەسکاریەک کراوە بەکوردی .  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.