شیعر و چالاككردنی هه‌سته‌كان …. سه‌باح ره‌نجده‌ر
سه‌یركردن ده‌ستپێكێكی پڕ به‌هایه و یه‌كه‌م ورووژان له‌وێوه ده‌ست پێده‌كات. ده‌توانم رۆژێ چه‌ندان كاتژمێر به‌رانبه‌ر خاڵێك بوه‌ستم و هه‌موو هه‌سته‌كانم به‌كار بهێنم. بۆ ئه‌وه‌ی بزانم ئه‌م خاڵه چۆن و به‌سه‌ر چیدا ده‌كرێـته‌وه. له هه‌ر رۆژێكدا چاوه‌ڕوانی زۆری رووداو ده‌كه‌م بۆ زانین، به‌ڵام بۆ سه‌رناسین و به‌مانا و دیمه‌نداركردنی ژیان له ئاسۆ و دوورییه‌كانی شیعره‌وه چاوه‌ڕوانی روودانی خه‌یاڵی خۆمم و سه‌رچاوه‌ی سرووش و په‌یامی به‌هره‌ش له‌به‌رچاو ده‌گرم. هیچ رۆژێكیش له بوونم تێ نه‌په‌ڕیوه به‌بێ ئه‌وه‌ی تێیدا بیر له شیعر و چێژه مه‌ستكه‌ر و سرووشهێنه‌ره‌كانی نه‌كه‌مه‌وه و خه‌باتی گیانیی بۆ نه‌كه‌م. مه‌رجیش نییه نووسیبێتم.
ده‌شزانم هه‌ندێك كپیی خود و گیانی مرۆڤ له ئارادان ته‌نیا شیعر له توانایدا ده‌بێت شتیان له‌باره‌وه بڵێت و پڕۆژه‌ی جوانناسییان دامه‌زرێنێ، پاشان بۆنی ناته‌واوی گه‌ردوون بكات.
كاریگه‌ری و خه‌سڵه‌تی ناساندنیان له شیعرییه‌تدا خه‌ست بكاته‌وه بۆ زاده‌ی توانا و گه‌شكردنه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری، له‌هه‌مان هێڵدا ته‌قاندنه‌وه‌ی خاڵی پێكهێنه‌ری بیره‌وه‌ری له ئاگاییه‌كی روون‌دا، یان گه‌وهه‌رێك له‌و بۆشاییه هه‌ڵداته ئاسمان، كه له خود و گیان په‌یدا بووه، خود و گیانی داهێنه‌ریش هه‌میشه له بۆشاییدا له‌گه‌ڵ ئاسۆیه‌كی گه‌وره‌تر له ئاسۆی واقیع سۆسه‌یه‌تی. ئه‌مه كێشه‌یه‌كی گرینگه له‌مێژه مرۆڤی هه‌ستیار پێوه‌یه‌وه خه‌ریكه و گرژی هه‌سته‌كانی تێدا خاو ده‌كاته‌وه.
پرسیارێك له‌مێژه بووه‌ته مایه‌ی سه‌رسوڕمانی باڵنده ناسه‌كان، ئایا بۆ هێزی باڵی باز بۆ به‌رزبوونه‌وه له هێزی باڵی قه‌تێ به‌هێزتره، هێزی باڵی قه‌تێش بۆ نیشتنه‌وه له هێزی باڵی باز به‌هێزتر له‌نگه‌ر ده‌گرێ. به‌رزبوونه‌وه و نیشتنه‌وه‌ش دوو ئاراسته‌ی سه‌ره‌كین به‌هره و به‌رهه‌م له ژیان وه‌رده‌گرن.
شیعری راسته‌قینه جه‌سته‌یه‌كی ته‌واوه، خانه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ چه‌نده پێوه‌ندییان پێكه‌وه هه‌یه و وزه‌یان ده‌ڕژێنه ناو یه‌كترییه‌وه، هونه‌ره‌كانی شیعر هێنده‌ش زیاتر هه‌ڵده‌ڕژێنه ناو یه‌كدی و شیعرییه‌ت له جه‌سته‌ی ده‌قدا پێك ده‌هێنن.
له‌مێژه ئه‌م بۆچوونه باوه دۆخێكی نه‌گۆڕی گرتووه و هه‌سته‌كان هه‌ڵده‌بزڕكێنێ.
ده‌گوترێت: شیعر ده‌ربڕی گیانی سه‌رده‌مه. من خۆم له‌م بۆچوونه جیا ده‌كه‌مه‌وه و راده‌گه‌یه‌نم شیعر ده‌ربڕی هێز و گیانی سه‌رده‌م نییه. چونكه پێكهێنه‌ری هێز و گیانی سه‌رده‌م كۆیه و شیعریش هێز و گیانی تاكی جوانیبه‌خشه. به‌شی زۆری هێز و گیانی كۆ توندوتیژی به‌رهه‌م ده‌هێنێ و خۆی به ده‌سه‌ڵاته‌وه گرێ داوه، هێز و گیانی جوانیبه‌خش هێز و گیانێكی گه‌رم و نیان و خۆ به‌دوورگره له ده‌سه‌ڵات و توند و تیژی. بۆیه ئه‌م ده‌ربڕینه هه‌ڵه‌به‌ره و پێویسته گومانی بخرێته سه‌ر.
چركه ده‌گمه‌نه‌كان بیره‌وه‌ری به‌رهه‌م ده‌هێنن. شاعیر گه‌مه جیاكانی بیره‌وه‌ری و ئه‌ده‌ب ئه‌زموون ده‌كات، به‌و مانایه‌ی شیعری فره ده‌نگ و نوێبه‌خش تانوپۆی له‌ناو هه‌موو لكه‌كانی ئه‌ده‌ب و نووسین ده‌چنێ و خۆی له دیوی نهێنییان تاقی ده‌كاته‌وه، پنتی باڵای لك و نهێنییه‌كانیش خه‌مڵان و چالاككردنی هه‌سته‌كانن، له‌م باره‌دا وه‌رگر وه‌ك توخمێكی زاڵ و كارای نووسین ئیش له كه‌ش و كایه‌كان ده‌كات.
هه‌میشه ویستوومه كاره‌كته‌رێكی چالاك بم له‌ناو شیعردا نه‌ك وه‌رگرێكی ته‌مبه‌ڵ و گوێڕایه‌ڵ، كه به‌شێكی زۆری شیعری كوردی كه‌سی ته‌مبه‌ڵ و گوێڕایه‌ڵی به‌رهه‌م هێناوه. چونكه ئیلهامی له سروشتی ته‌مبه‌ڵ وه‌رگرتووه و نه‌چووه‌ته ناو گه‌ردوونی چالاك و پڕ كار و به زه‌بر. رێكه‌وتم كردووه له هه‌موو جووڵه‌كانی سه‌ر زه‌مین راماوم و شیعرم نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، به‌ڵام بڵقێكی سه‌رئاو هێڵه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی جووڵاندووم و دۆخێكی بۆ دروست كردم خولیاكانی نووسینی تێدا به‌دی بهێنم، شیعر هیچ خاڵێك راناگه‌یه‌نێ، بگره خاڵ ده‌كاته‌وه. ته‌نیا شیعرییه‌تیش یه‌كه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنیه‌تی. دیمه‌نی به شكۆ له زه‌یندا ده‌خاته پاڵ یه‌ك و گیان رێك ده‌خاته‌وه.
له نسكۆ چۆك شكێنه‌كاندا شیعر گیانی تاكی هه‌ستیار و جوانیویستی رێك خستووه‌ته‌وه و خستوویه‌تییه‌وه سه‌ر هێڵی بووژانه‌وه و بڕوا په‌یداكردنه‌وه.
هه‌رچه‌ند جارێك ویستبێتم له‌باره‌ی شیعره‌وه بدوێم، پرسیاری هاوپه‌یوه‌ست به پڕشنگی جوانی تر رووبه‌ڕووم ده‌بێته‌وه و ترسێك دوانه‌كه‌م دوا ده‌خات. ته‌نیا ده‌قی فره ده‌نگیش كه ده‌نگ و به‌رده‌نگه‌كان تێیدا یه‌كتری وه‌رده‌گرنه‌وه و تێكهه‌ڵكێشی یه‌كتر ده‌بن، له‌سه‌رده‌می خۆیدا بیر ده‌كاته‌وه، له پێوه‌ندیی نێوان وێنه و رووداوی واقیعی و خه‌یاڵی و كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه، به‌هره‌ش بۆ به‌هێزكردنی سروشتی ژیان و به گه‌ڕخستنی ده‌به‌خشێته‌وه و په‌رجووی خۆی ده‌خوڵقێنێ. كۆ ده‌نگ بوێر و جه‌ربه‌زه راده‌هێنێ و له دیلییه‌تی رزگاری ده‌كات، به‌های دۆزینه‌وه‌ش له‌م رزگاركردنه‌دا ده‌بێته بوونێكی به‌رجه‌سته و جووڵه‌ی لێوه په‌یدا ده‌بن.
خاوه‌ن ده‌قی فره ده‌نگ گشتبینه و بینینی ئاسمانی و زه‌وی و خه‌ونی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، نه‌ك هه‌ر ده‌بێ ته‌نیا ته‌واوی ده‌نگ و به‌رده‌نگه‌كان ئاشق بكات، بگره ده‌بێت هێزی ئاشقبوون له یه‌كه یه‌كه‌ی دانه په‌یڤه‌كانیش نیشان بدات، بۆئه‌وه‌ی له ئه‌فسوونی یه‌كه یه‌كه‌ی ئه‌شقی دانه په‌یڤه‌كان بگه‌ین، پێویسته ئه‌فسوونی ئه‌شق و شیعر خۆی بناسین، كه ئه‌فسوونێكه سه‌رڕێژ له ئه‌شق و دروود بۆ بینینی كورت و درێژ و دروستكردنی رووداو له زمان و ماڵی خودا له‌سه‌ر زه‌مین. ئه‌و زه‌مینه‌ی سروشتی هه‌موو پێویستییه‌كانی گه‌شه‌كردنی ژیانی تێدا ئاماده‌یه. هێزی نوێكردنه‌وه‌ی جوانییه‌كانیش له‌ناخی شاعیری په‌یوه‌ست به ئه‌فسوون و خه‌ون به‌هێز و چالاكه.
له‌میانی زمانه‌وه زیندوویه‌تی مرۆڤی سه‌ره‌تاكانی خه‌ڵق و بوون ده‌دۆزمه‌وه و ئاشكرایان ده‌كه‌م، وه‌ك كه‌سێكی ئێستایش قسه‌ی خۆمیان له هه‌ناودا ده‌كه‌م به فه‌رمووده و بۆ تا هه‌تایی له هه‌ستی چالاكیان جێی ده‌هێڵم. تێكه‌ڵكردنی زمانی قسه‌كردنی رۆژانه‌ی خه‌ڵك به شیعره‌وه كارێكی پڕ بگره و به‌رده‌یه، چونكه توانایه‌كی زۆری ده‌وێ شیعرییه‌ت بده‌یت به زمانی ئاخاوتنی رۆژانه، تا راده‌یه‌ك هه‌وڵم داوه ئه‌و كاره به‌جێ بهێنم.
شیعر مێژوویه‌كی دیاریكراوی نییه، له ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا رێڕه‌وێك بۆ هاتوچۆكردنی شه‌ق ده‌كات، وزه‌یه‌كی زۆری رێگایه‌كانی تریش بۆ گیانی خۆی راده‌كێشێ. به ده‌گمه‌نیش نه‌بێت، پێوه‌ندی به مێژووی نووسینه‌وه نامێنێت، بگره هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك باری له پێشینه‌یه. چركه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه ده‌بێته مێژووی نووسینی، چركه‌ی ته‌قینه‌وه‌ش ته‌نیا ئاوازه و ئاماده‌كردنه و به‌س، بگره پێكهاته و دروستبوونه‌كه كۆمه‌ڵه باركه‌ی پێشینه‌یه. ئه‌م كۆمه‌ڵه باره هه‌ڵگری مانان و چركه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ش فۆرم و هێڵی ره‌وتی به‌رده‌وام ده‌دات به‌و مانایه‌ی كه كۆمه‌ڵێك باری له پێشینه تێیدا زاڵه. ماڵی شیعریش وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی پاڵاوتن و ئاكاری باڵا بۆ دیمانه‌كانی داهێنه‌ری جادووگه‌ر له زمان ده‌كات به شوێنێكی شێوه به‌هه‌شت و تاقانه بۆ چالاككردنی هه‌سته‌كان و شیعر و شیعرییه‌تی تێدا ده‌دۆزێته‌وه، پاش په‌روه‌رده‌كردنێكی كورت بۆ فه‌زایه‌كی نادیار هه‌ڵیده‌دا و بزری ده‌كاته‌وه.