Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
شیکردنەوەی راگەیەندراوەکەی لێژنەی لێکۆڵینەوەی …..

شیکردنەوەی راگەیەندراوەکەی لێژنەی لێکۆڵینەوەی …..

Closed
by September 19, 2010 سەردەشت عوسمان

شیکردنەوەی راگەیەندراوەکەی لێژنەی لێکۆڵینەوەی کوژرانی سەردەشت عوسمان
کانەبی موحەممەد عەوڵا

 

بە ناوی داکۆکی لە بەهاکانی دێمۆکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بیروڕاوە دێمە ناو پرسە هەستیارەکانی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان.
لە ١٥ ی ئەیلولی ٢٠١٠، لێژنەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە کوژرانی سەردەشت عوسمان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە کە تا ئێستا پێیگەیشتوە بۆ میدیاکانی ئاشکرا کرد. بە گوێرەی ئەو ئەنجامانە، ناوی تەواوی کەسێک و پیتە یەکەمەکانی چەند کەسێکی تر باسکراون کە دەستیان هەبوە لە رفاندن و کوشتنی خوێندکار و رۆژنامەگەر سەردەشت عوسمان لە ٤ بۆ ٥ ی ئایاری ئەمساڵ. لە بەر ئەوەی روداوی کوشتنەکە و هۆکارەکانی و هەروەها زانیاریەکانی ناو راگەیاندراوەکانی لێژنەکە لێڵ و ئاڵۆز و گوماناوین، بۆیە ئەو بابەتە هەڵوەستە و رای جیاواز هەڵدەگرێت (یانیش ئەگەر هەشبێت ناگوترێت) بە پێی تێگەیشتن و سەرلێدەرکردن و بەرژەوەندی کەسی و سیاسی کەس و لایەنەکان.

هەندێک کەس بە کردارە دزێوە پێشینەکانی حیزبەکان و حکومەت و دەستڕۆیشتوەکانی ناو دەسەڵات ئەو کوشتنە دەناسنەوە و یەکسەر دەسەڵاتی حیزب تاوانبار دەکەن؛ هەندێکی تریش لە وتارەکانی سەردەشتەوە کە تێیاندا رەخنەی لە دەسەڵاتی حیزب و حکومەت گرتبو و ناوی سەرکردەکانی هێنا بو، دەگەنە ئەو باوەڕە رەهایەی کە پارتی لە رێگای دەزگا هەواڵگریەکەی (پاراستن) خۆی کوشتویەتی؛ هەندێکی تریش، کە خۆیان بە لێزان و بە پشودرێژ و هۆشمەند دەزانن، پێیانوایە کە نابێت، بە بێ هەبونی بەڵگە و پێش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان، کەس تاوانبار بکرێت؛ هەندێک کەسیش، بە مەبەست بێت یانیش بە راستی، بکوژەکان لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان و کێشەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت تورکیا و بەعس، دەبیننەوە!

هەندێک کەس رەخنەکانیان لە بکوژانی سەردەشت گەیشتنە ئاستی جنێو و لە هەندێک میدیادا بڵاو دەکرێنەوە بە تایبەتی لە سەر ئینتەرنێت؛ کەچی هەندێک هەڵوێستەکەیان تەنها وردە گلەیی بو لە نەبونی ئازادی و ترس لە سەر ژیانی رەخنەگران؛ بەڵام لە هەموی ناخۆشتر لای من، بێ دەنگیی خەڵکێکی یەکجار زۆر لە مامۆستا، خوێندکار، نوسەر، رۆژنامەگەر و راگەیاندنکار، پیاوانی ئاینی، و دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە ئاست ئەو کوشتنە و کوشتنەکانی دیکە و هەڕەشە و سەرکوتکردنی ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان و دیاردەکانی گەندەڵی.

با بچینە سەر راگەیاندراوەکەی لێژنەی لێکۆڵینەوە و لە چەند خاڵێکدا لێیدەدوێم:

١-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی دا بە پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت لە کەسانی سەر بە پۆلیس و ئاسایش و دادگا بۆ بە دواداچونی هۆیەکانی کوشتنەکە و ئاشکراکردن و گرتنی بکوژەکان. ئایا دەکرێت سەرۆکی هەرێم لێژنەی لێکۆڵینەوە دروست بکات؟ هیچ یاسایەک هەیە ئەو دەسەڵاتەی پێبدات؟ پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە لایەن داواکاری گشتی و پۆلیسەوە دەبێت. ئەدی ئەندامانی لێژنەکە کێن؟
٢-  ئەو راگەیاندراوە بە تێکست بوە نەک بە لێدوانی راستەوخۆ بۆ میدیاکان، لە بەرچی؟ خۆ زۆربەمان لە فیلمە پۆلیسیەکان دیتومانە کە پێش و پاش دەستبەکاربونی لێکۆڵینەوە بەرپرسانی باڵای پۆلیس و لێکۆڵینەوەکە بۆ میدیاکان دەدوێن. لێرەدا، من گومان دەکەم کە ئەمە بۆ خۆ دزینەوە بوە لە پرسیاری میدیاگەران نەوەک ناچاربکرێن زیاد لە سنوری بۆدانراوی خۆیان زانیاری بدەن، یانیش شەرمەزار بن لەو قسە ناکۆکانەی پێشویان و ئێستایان و ناو راگەیاندراوە داڕێژراوەکەیان، یانیش دەربکەوێت کە زانیاریەکانی ناو راگەیاندراوەکە هی خۆیان نیە و کەسانی تر، گوایە زیرەکانە، بۆیان داڕشتون. راگەیاندراوەکە زۆر کورتە و چەندین پرس هەن دەبوایە درێژەی بدرابایە، بۆیە ئەگەر بە لێدوانی راستەوخۆ بوایە، رەنگە میدیاگەران لێدوەریان ناچار بکردایە ئەو پرسانە درێژتر بکاتەوە، بە پرسیار و وەڵام، بەو مەرجەی ئەگەر نەیگوتبا، نازانم یان ئەو پرسیارە تەرکە!

٣-  ئەو شاهێدانە کێن و چیان گوت لە بارەی سەر و کەلە و دەموچاو و پۆشاک و شێوەی زمانیان و جنێوەکانی ئەو کەسانەی سەردەشتیان فڕاند؟ شاهێد، ئەگەر ژیانی لە مەترسیدا بێت ناوی ناهێنرێت، بەڵام دەکرێت ئەو شتانەی باسم کرد، بدیتبا.

٤-  هشام محمود اسماعیل ناوێکیان گرتوە، کە گوایە دەستی هەبوە لە روداوەکە، ئێ باشە بۆ چاویان داپۆشیوە؟ ئەی بۆ چاوی شێخ زانایان دانەپۆشت؟ ئینجا ناوی تەواوی دەڵێن و شوێنی ژیان و کاری دەڵێن بەڵام چاوی دەگرن!

٥- ئەو هشامە و هاوکارەکانی سەر بە رێکخراوی ئەنسار ئیسلامن و بە قسەی ئەو سەردەشتیان بۆیە کوشتوە چونکە ئەو کارەی کە بەڵێنی پێدابون بیکات نەیکردبو، یانی بکوژەکان و سەردەشتیش ئەنسار ئیسلامن. ئەو کارە چی بو کە سەردەشت بۆیانی نەکردبو؟ تۆ بڵێی هشام نەزانێت؟! یانیش ئەوە نهێنیی دەوڵەتە!  ئایا سەردەشت زوو و پێش کوژرانی مەیلی ئاینی هەبوە؟ بە قسەی خەڵک، بنەماڵەی سەردەشت لە بیری چەپەوە نزیکن نەک لە بیری ئیسلامی، بۆیە کەسێک عەقلی هەبێت باوەڕ بەمە ناکات. پاش چەند رۆژێک ئینجا سەرۆک باندەکە پێی دەڵێت کە ئەو کوڕەیان کوشتوە. گروپە ئیسلامیەکان وەک باندەکانی مافیا نین، کە “نەیارێکی” خۆیان دەکوژن هەر زو دەستخۆشی لە یەکتر دەکەن و لە میدیاکان بڵاوی دەکەنەوە کە فلان کەسیان لە سەر فلان شت کوشتوە، ئینجا باوەڕیش ناکەم لە پلانی گرتن و کوشتندا بەشدار بوان زانیاری تەواویان نەبێت کە چی دەکەن، کێ دەگرن و دەکوژن و لە سەرچی! ئەگەر هشام کەسێکی سادە بوایە و ئەنسار ئەو کارەیان پێکردایە ئەوە رێیتێدەچو کە هەمو شتێک نەزانێت، بەڵام راگەیاندراوەکە دەڵێت سەر بە ئەنسار ئیسلامە.

٦-  ئەوەندەی لە وێنەکەی هشام ورد دەبمەوە، لە ٢٨ ساڵی ناچێت، کەسی ناو وێنەکە تەمەنی لە چلەکانە بە رای من!
٧-  ئەو کەسە دەبێت بیهێننە سەر تەلەڤزیۆن و قسە بکات. ئینجا تۆ بڵێی دادگایی بکرێت و مافی گرتنی پارێزەرێکی بدەنێ؟ لەوانەیە ئەو کابرایە فڕی بە کوژرانی سەردەشتەوە نەبێت و کەسێک بێت لە سەر شتی تر گیرا بێت و دوای دادگاییەکی سەرپێیی لە سێدارەی بدەن و بڵێن دۆسیەی سەردەشتیش تەواو و کێشەکە بە نەمانی یەکێک لە بکوژەکان کۆتایی هات و بکوژەکانی تریش هەرگیز نەدۆزرێنەوە! روداوەکەی باندی شێخ زانامان دیت چ دادگاییەکیان بۆ کرد!

٨-  پۆلیس لە دونیا ئەگەر بە دوای تاوانکارێکدا بگەڕێت و زانیاری لە سەری هەبێت، بڵاوی دەکاتەوە بە شێوەی (داواکراو) وێنەکەی و ناوەکەی بڵاو دەکاتەوە تا خەڵک هاوکاری پۆلیس بکەن، کەچی ئاسایش و پۆلیسەکەی لای خۆمان ناوی تاوانکارەکانی بە پیتی یەکەم هێناوە، کەس نازانێت کوردن یان عەرەب…! بۆیە پێشنیاز دەکەم کە پۆلیس و ئاسایشی کورد بچن لە وڵاتانی رۆژئاوایی خولی فێربون ببینن تا فێری چۆنیەتی لێکۆڵینەوە ببن!

کوشتن لە سەر ناموس و ئازادی بیروڕا و چالاکی سیاسی و هەروەها دیاردەکانی دزی و گەندەڵی و چەوساندنەوەی خەڵک کۆمەڵە دیاردەیەکن نابێت لێیان بێدەنگ بین. بێدەنگی لە زیانی خەڵکە و لە قازانی دەسەڵاتدارانە تا بەردەوام بن لە حوکمە ستەمکارانەکەیان و گلدانەوەی سامانی میللەت بۆ خۆیان. کوژرانی سەردەشت روداوێکە کەسانی خاوەن ویژدان و هەڵوێست دەهێنێتە قسە. ئەگەر کێشەکە گەورە نەکرێت، رەنگە دەسەڵاتداران بە ئاسانی بۆی دەرچن و هەر کەسێک بە کردەوە یان بە قسە بە مەترسی بزانن لە سەر بەرژەوەندیەکانیان لە ناوی دەبەن و ترسێکیش دەخەنە دڵی کەسانی تر هەتا بێ دەنگ بن.
بە رای من سەردەشت عوسمان لە سەر نوسینەکانی کوژراوە نەک لە سەر کێشەی کۆمەڵایەتی یان تێوەگلان لە کاری تێکدەرانەی ئیسلامیە توندڕەوەکان. ئەو راگەیاندنەی ئاسایش زۆر ساویلکانە داڕێژراوە و  گومان هەڵدەگرێت. لە هەمان کاتدا، ستەمێکی زۆر گەورەی لە سەردەشتی جوانەمەرگ کردوە کە بە مەبەست لە کاری تیرۆریستانەی ئیسلامیەکانی گلاندوە.

لە زۆر کەسانی لایەنگری پارتیم گوێ لێبوە کە سەردەشت دەبوایە بکوژرێت چونکە باسی “ناموسی سەرۆکی” کردوە. بێ گومان ئەم قسانە رەنگدانەوەی کولتورە خێڵەکیەکەی زۆربەی خەڵکی کوردستانە کە سەرکردایەتی هەندێک حیزبی کوردستانیش لێی بەدەر نیە. لای کەسانی نەزان و خێڵەکی کە لە جەوهەری تێکست تێناگەن، ساویلکانە واتایەکی لێ هەڵدەهێنجن. نوسینەکەی سەردەشت ناموس شکاندن و جنێو نەبو، بەڵکو لە ژێر ناوی مەجازیەوە، ئەدەبیانە و سیاسیانە رەخنەیەکی توندی ئاڕاستەی پارتی و حکومەتەکەی کردوە. ئەو رەخنەیەی کە لە ئازاری خەڵکی کوردستانەوە بە دەست دەسەڵاتی سیاسی کوردیەوە هەڵقوڵاوە.

ئەم جۆرە کوشتن و هەڕەشە و سەرکوتکردنی ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان و شەڕفرۆشتن بە میدیا ناحزبیەکان و تەزویرکردنی هەڵبژاردنەکان هیچ واتایەک بۆ “دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ” ناهێڵنەوە. ئەم کارانە کوردستان دەبەنەوە سەردەمی بەعس و بە جۆرێک کە وای لێبێت ئەوەی گۆڕاوە سیستەم و کولتور و عەقلیەت نەبوە بەڵکو دەموچاوەکان و زمان بوە لە عەرەبیەوە بۆ کوردی، لە عەگالەوە بۆ جامدانی. کوردستان بەرەو مۆدێلی ئیسرائیل ناچێت بەڵکو بەرەو مۆدێلی میسر و سوریا دەچێت. ئەو گۆڕانە سیاسیە جێی شانازی میللەتی کورد نیە کە خەونی بە رزگاری لە دەستی دیکتاتۆرێتی دەدیت و بەرەو ئازادی نەتەوەیی و سیاسی و مەدەنی بچێت.

ئەو راگەیاندراوەی لێژنەی لێکۆڵینەوە بیرمان بۆ ئەوە دەبات کە جۆرێکە لە سیناریۆ بە شێوەیەک کوشتنەکە لە ناو تۆڕی تیرۆریستەکانی ئەنسار ئیسلامدا ون بکات و دوری بخاتەوە لە کاریگەریی نوسینەکانی سەردەشت لە سەر دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان. ئەم سیناریۆیە ساویلکانە داڕێژراوە و هەرگیز ناتوانێت کوژرانی سەردەشت لە کاریگەریی نوسینە رەخنەییەکانی دورخاتەوە و شکست دێنێت.

کە راگەیاندراوەکەم خوێندەوە هەم پێکەنیم و هەم توڕە بوم. پێکەنیم، چونکە یەکسەر زانیم ئەمە فیلمە، هەروەک زۆر زوتر پێشبینی ئەو سیناریۆیانەمان کردبو. زۆریش توڕە بوم چونکە سەردەشتی کردۆتە تیرۆریست و برینێکی تری خستە جەرگی بنەماڵەکەی و داکۆکیکەرانی، هەروەها چۆن بوینە خاوەن رژێمێک ئاوها ساختەچیانە خۆی لە بەرپرسیارێتی تاوانەکانی دەدزێتەوە و دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت روە رەشەکەی لە ئاست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سپی بکاتەوە!
دادگا، پۆلیس، ئاسایش، حکومەت، هێزی چەکدار، زانکۆ، مزگەوت، بازاڕ، ئابوری…هتد هەموی لە دەستی حیزبدان، جا دادگای چی و لێکۆڵینەوەی چی و سکاڵای چی، هەموی قسەی قۆڕن ئەگەر پەیوەست بێت بە بەرپرسیاران، کە بە هێزی خۆیان و بە واستە هەمو رێچکەیەکی یاسایی یان دەوەستێنن یان دەگۆڕن. پیاوم دەوێت بچێتە دادگا سکاڵا لە وەزیرێک یان ئەفسەرێکی ئاسایش یان بەرزتر بۆ بەرپرسانی بەرزی پدک و ینک بکات، بزانە چی لێدەکەن! بۆیە لەو وڵاتەدا یاسا و دادگا دو شتی بێمانان!

کوژرانی سەردەشت دەبێت ببێتە هەوێنی هۆشیاربونەوە و ورەگرتنی خەڵکی کوردستان بۆ بەرەنگاربونەوەی دەسەڵاتدارانی کوردزمان و نەهێڵن لە بەعسێکەوە بیانبەن بۆ بەعسێکی تر، بێدەنگی بێئومێدمان دەکات و بە پلەی یەکەمیش خەڵکەکە زیانمەند دەبن.

 
کانەبی موحەممەد عەوڵا
kanawla@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.