Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
شێوازە جۆراوجۆرەکانی توندوتیژی

شێوازە جۆراوجۆرەکانی توندوتیژی

Closed

لەگەڵ ئەوەی کە بابەتی سەرەکی ئەم کتێبەی من ، باسی شێوازە پیسەکانی  هێزی وێرانکاری دەکات ، لێ سەرەتا من لێرەدا دەمەوێت  باس لە شێوازەکانی “توندوتیژی”  بکەم . ئەمە مانای ئەوە نییە ، کە من بمەوێت بەشێوەیەکی تەواو ئەم باسە شیبکەمەوە، لێ من لەو باوەرەدام ، باسکردنی هەندێک دیاردەی توندوتیژی کە کەمتر زەرەرەمەندن ، زۆر سوودمان پێدەگەیەنێت بۆ ئەوەی لە مەفهوومی شێوازە وێرانکاریەکانی تر بگەین ، کە لەو بڕوایەدام پیستر و کوشندەترن .
دیارە بۆ ئەوەی لە شێوازەکانی  هێزی وێرانکاری تێبگەین ، دەبێت سەرەتا لە هۆکارو پاڵنەرە (ناهۆشیاریەکان ” لاوعی) کانی  ئەم دیاردەیە تێبگەین . چونکە تەنها لە ڕێگای تێگەیشتن لە جۆری هەڵسووکەوتی ناهۆشیاریەوە ، دەتوانین لە هەڵسووکەوتەکە و بنەچە و هێز و شێوازەکەی تێبگەین .

توندوتیژی یاریخوازی ،” العنف اللعوب”
” توندوتیژی یاریخوازی ، العنف اللعوب” ، زۆرترین شێوازی توندتیژی سروشتیە ،کە هیچ زەرەرێکی نییه. دەتوانیین  ئەم  جۆرە توندوتیژیە لە ژیانی رۆژانەماندا ببینین ، لەکاتی پێڕەوکردنی توندوتیژی ، کەمەبەستی  ئەوەیە تواناکانی مرۆڤ دەربخات و هیچ پاڵنەرێکی ڕق یان وێرانکاری نییه و ، دووریشە لەو جۆرە توندوتیژیەیەی  کەئامانجی وێرانکاریە.  بۆ ئەوەی لەمەبەستەکەمان بگەین ، کۆمەڵێک نموونەی زۆرمان لەبەر دەستدا هەیە لەوانە : ئەو یارییە جەنگیانەی کە خێڵە سەرەتاییەکان  لەناوخۆیاندا سازیان دەکرد ، یان چۆنێتی فێربوونی هونەری شمشێر ، کەلەئایینی بودیدا هەیە.
ئامانجی سەرەکی لەهەموو جۆرەکانی یارییە جەنگییەکان دا ، کوشتن نییە . تەنانەت گەربێت و لە ئەنجامی ئەم یاریەشدا نەیارەکەشت لەیاریەکەدا بکوژیت ، کەبەهۆی وەستانی لە شوێنێکی نەگونجاو یان نەزانین لە هونەری یاریەکە ، مەبەستی کوشتنی  کەسەکە ناگەیەنێت . ئێمە کاتێک دەڵێین کە توندوتیژی یاری  نیەتی  وێرانکاری تێدانییە ، تەنها ئاماژە بەوە دەکەین ، کە ئەم یاریانە جۆرە ئایدیالیستێکیان پێوە دیارە . بەڵام لەڕاستیدا  مرۆڤ هەست بە بوونی  هەستێکی شەرەنگێزی و وێرانکاری  ناهۆشیارانە  دەکات، کە خۆی لە پشت مەنتقی ئەم یارییانە شاردۆتەوە . لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ، ئامانجی سەرەکی ئەم جۆرە توندوتیژیە ، دەرخستنی توانا و بەهرەکانی مرۆڤە نەک شەڕ و وێرانکاری . لێ گرینگترین و بڵاوترین  جۆری توندوتیژی ، کەلە جۆری ( توندوتیژی یاری) یش زیاتر بڵاوە ، جۆری ” توندوتیژی بەرەنگاری ” .

” توندوتیژی بەرەنگاری “
مەبەستمان لە ” توندوتیژی بەرەنگاری ” ئەو جۆرە توندوتیژییەی ، کە  بۆ بەرگریکردن لە ” ئازادی ، کەرامەت ، موڵکداری ،  ”  بەکاردێت ، جا بە شێوەیەکی تاک یان بەشێوەی کۆ ( واتە لەبەر خاتری خەڵکی تر بۆ نموونە نیشتمان ). ڕەگووڕیشەی ئەم جۆرە توندوتیژیەش ، دەگەڕێتەوە بۆ هەستی ” ترس” ، هەرلەبەر ئەوە زۆرترین شێوازی توندوتیژییە کەلەناو کۆمەڵگادا بڵاوە.  دەکرێت ئەو ترسە ڕاست یان درۆ بێت، هۆشیار یان ناهۆشیاری بێت . ئەم جۆرە توندوتیژییەی خزمەتی ژیان دەکات و نەک مەرگ . ئامانجی سەرەکی ئەم جۆرە توندوتیژیەش  ، مانەوەی ژیانە نەک وێرانی و مەرگ . ئەم جۆرە لە ئەنجامی هەڵچوونە نا عەقڵانییەکانەوە دروست نابێت ، بەڵکە لەئەنجامی کۆمەڵێک حساباتی عەقڵانی دروست دەبێت . هەر لەبەر ئەوە جۆرە ڕێکخستن و ڕاگریەک لە نێوان ئامڕازو  ئامانجەکانیدا بەدیدەکرێت . پێشتر ئەزموونەکانمان دەریخستووە کە لە ڕووی رۆحیەوە ، هیچ کاتێک کوشتن لە ڕووی مۆڕالیەوە قبووڵ ناکرێت و تەنانەت لەکاتی بەرگریکردنیشدا  ،هیچ بیانوویەک ناتوانێت ببێتە پاساوێک  بۆ کوشت. لی زۆرکەس کە هەڵگری ئەم بیروباوەرەن  دەتوانن بە باشی جیاوازی لەنێوان سروشتی ئەو جۆرە توندوتیژیەی کەبۆ بەرگری لە ژیان بەکاردێت ، لەگەڵ ئەو جۆرە توندوتیژیەی کە مەبەستی وێرانکاری بەکاردێت،  بکەن .  زۆرجار هەستکردن بە هەڕەشە و توندوتیژی بەرەنگاری ، لە ئەنجامی واقیعیەوە نایەت ، بەڵکە لەئەنجامی یاریکردن بە مێشکی خەڵکیەوە دروست دەبێت . لەکاتێکدا کە سەرۆکە سیاسیەکان و پیاوانی ئایینی ، دەتوانن ئەندام و لایەنگرانی خۆیان بەوە هەڵبخەڵەتێنن ، کەلەلایەن دوژمنەوە هەرەشەیان لێ دەکرێت ، بۆ ئەوەی هەستی توندوتیژی بەرەنگاری لەناخیاندا دروستبکەن .
لێرەوە  پێویستە هەڵسەنگاندنی وورد بۆ شەڕی ڕەوا و شەڕی ناڕەوا بکەین و، ئەو شەڕانەی کەلەلایەن حکوماتی سەرمایەداری و کۆمۆنیستیەوە هەڵگیرسێنران ، کە کڵێسەی کاتۆلیکیش پشتگیری لێ دەکردن ، هەموو ئەم شەڕانە دەبێت بخرێتە ژێر پرسیار و لێکۆڵینەوەوە ، چونکە عادەتەن هەموو لایەنێک لە پێشکەشکردنی هەڵوێستی خۆی بۆ بەرگریکردن لە هێرشی  دوژمن ، سەرکەوتووبوە.  بە دەگمەن شەڕێک دەبیینین کە لە ئامانجی پەلاماردانەکە  سەرکەوتوو نەبووبێت لەوەی ، کە پۆشاکی بەرگریکردن لەبەر خۆی بکات . لێ  پرسیارکردن دەربارەی ئەوەی ، ئاخۆ بیانووی کامیان لە ( بەرگریکردن ) راست بێت ، ئەوا تەنها سەرکەوتووەکان بڕیاری لەسەر دەدەن ، یان  لە پاش ماوەیەکی زۆر دوای شەڕەکە ، ئینجا کۆمەڵێک مێژوونوسی ڕاستگۆ دەتوانن ڕاستیەکان  لە درۆکان جیابکەنەوەو وەڵامی تەواوەتی ئەم پرسیارەمان بددەنەوە*. لەبەرئەوە هەرکاتێک  کەباسی شەڕ کرا و،  ئەو شەڕەش بە شەڕێکی بەرگری پیشانی خەڵکی بدرێت ، دوو ڕاستی گرینگمان بەرچاو دەکەوێت .
یەکەم :
هیچ کاتێک ناتوانرێت پاڵ بە زۆرینەی خەڵکیەوە بنرێت( بەتایبەت لە کۆمەڵگا شارستانییەکاندا)  بۆ کوشتن و مردن ، هەتا نەتوانرێت یەکەمجار قەناعەت بە خەڵکی بکرێت ، کەئەم شەڕە بۆ بەرگریکردنە لە ژیان و ئازادی خۆیان . ( واتە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندیەکانی  خۆیان)  .
دووەم:
دیارە کارێکی هەروائاسان نییە کە قەناعەت بە ملیۆنەها خەڵکی بکەیت کە  هەرەشەی دوژمنانیان لەسەرەو ترسی پەلاماردانیان زۆرە ، یان هانیان بددەیت کە بەرگری لەخۆیان بکەن. بۆ ڕازیکردنی خەڵکی یەکەمجار و پێش هەمووشتێک ، پەیوەندی بە کەمی ئاستی بیرکردنەوەی تایبەت و نەبوونی هەستی سەربەخۆییبوون ، وابەستەبوونێکی سۆزدارانەی زۆرینەی جەماوەر بۆ سەرۆکە سیاسیەکانیانەوە  هەیە. لەکاتی دروستبوونی ئەم وابەستەییەدا ، ئەوا هەرشتێکیان پێ بڵێیت باوەڕت پێدەکەن.  
دیارە لەڕووی دەروونیەوە  هیچ جیاوازیەک ناکرێت لە نێوان پەلاماردانێکی راستی یان درۆییەنەدا  ( واتە لێرەدا ڕاستی و درۆ ، زۆر لەیەکتریەوە جیاناکرێتەوە ) . خەڵکی هەست دەکەن کە ئەوان هەرەشە لەژیانیان دەکرێت ، وەلەبەر بەرگریکردن لە خۆیان ، ئامادەن پێشوازی لە مەرگ بکەن .
هەروەها  لەحاڵەتی بوونی ( وەهمی گوومانی چەوساندنەوە لەلایەن خەڵکی ترەوە ) هەمان شت بەدیدەکەین ، لێ ئەم هەستەش تەنها بە شێوەیەکی فەردییە نەک بە شێوەیەکی کۆمەڵ . لەهەردوو حالەتدا  مرۆڤ خۆبەخۆ  لەبەرامبەر  هەستی ترس ، بە پەلاماردان وەڵامی دەداتەوە.
توندوتیژی ” بێ هیوایی و ئێرەیی و غیرە” 
شێوەیەکی تری ” توندوتیژی بەرەنگاری ” ئەو جۆرە توندوتیژیەیە کە مرۆڤ لەئەنجامی  ” بێ هیوایی ، احباط” دروست دەبێت  . بۆ نموونە ئێمە هەڵسووکەوتێکی شەڕەنگێزیانە لەلای ئاژەڵ یان منداڵ و هەرزەکاران دەبینین ، کەلە ئەنجامی بێ هیوایی بوونیان لە دەستنەکەوتنی شتێک یان حەزو ئارەووزیەکیان  دروست دەبێت . وە زۆرجار  هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵسووکەوتە شەرەنگێزیە ئەوەیە ، کە بێ هیوا بووە لەو شتەی کەدەیەوێت ، هەربۆیە توندوتیژی بەکاردەهێنێت . وە لێرەدا بە روونی دەردەکەوێت کە ئەم پەلاماردانە بۆ مەبەستی ژیان دەکرێت نەک بۆ مەبەستی    وێرانکردن . بەحوکمی ئەوەی بێ هیوابوون لە گەیشتن  بە پێداویستی و ئارەزووەکان ، حالەتێکی کەونییە و لە زۆربەی کۆمەلگاکانی جیهاندا هەتاوەکوو ئەمڕۆش ئەم دیاردەیە بوونی هەیە ، لەبەر ئەوە لە بوونی توندوتیژی و پەلاماردان بە بەردەوامی ،  هیچ تووشی تێرامانمان ناکات .
لە دوژمنکاریەک کەلە ئەنجامی ” بێ هیوابوون” دروست دەبێت ، دەتوانیین باسی جۆرێکی تری توندوتیژی و دوژمنکاری بکەین ، کەلە ئەنجامی ” الحسد و الغیرة” ئێرەیی پێ بردن و غیره ” دروست دەبێت. چونکە ئێرەیی پێ بردن و غیرەکردن لەکەسێک،لەئەنجامی بێ هیوابوونەوە دروست دەبێت . ئەمەش لەئەنجامی ئەو راستیە دروست دەبێت ، کە ” ب” بۆتە خاوەنی شتێک ، شمەکێک ،،هتد کە ” أ ” ش دەخوازێت ببێتە خاوەنی ، یان ” ب” کەسێک خۆشی دەوێت ، کە “أ” ش خۆشی دەوێت . لێرەوە ” ئێرەیی و غیره” پەیدا دەبێت  ،  کاتێک ‘ أ”  دژی ” ب” دەبێت ، چونکە “أ ” دەیەوێت ببێتە خاوەنی ئەو شتە بەڵام ناتوانێت . دیارە  ” ئێرەیی و غیرە” تەنها لەئەنجامی  ئەوە دروست نابێت کە “أ’ ناتوانێت ببێتە خاوەنی ئەو شتەی کەدەیەوێت ، بەڵکە لەئەنجامی ئەوەش دروست دەبێت  ، بۆ نموونە  کە ” ب” لەلای خەڵکی کەسێکی باشتر و لەبارتر و جێگای ڕێزە . لێرەدا حکایەتەکەی ” قابیل و هابیل” باشترین نموونەیە. قابیل هیچ لای خەڵکی خۆشەویست نەبوو، هیچ تاوانیکیشی نەبوو ، لێ پاشان براکەی خۆی کوشت . یان حکایەتەکەی یوسف و براکانی ، هەردووکیان دوو حکایەتی کۆنن لەسەر ” ” ئێرەیی و غیرە” . دیارە ئەدەبی دەروونی،  دەربارەی ئەم دیاردەیە  کۆمەڵێک بەڵگەی ئەزمونداری  و زانستی زۆریان لایە . 
توندوتیژی تۆڵەسەندنەوە/
جۆرێکی تر لە توندوتیژی کەپەیوەندی بە  ” توندوتیژی بەرەنگاری” وە هەیە ، هەرچەندە ئەم جۆرەیان سنوورێکی دوورتر دەڕوات و جۆرێک لە نەخۆشیشی پێوە دیارە ، ئەویش جۆری ” توندوتیژی تۆڵەسەندنەوەیە” . لە جۆری ” توندوتیژی بەرەنگاری” دا ئامانجی ئەوەیە کە خۆی ببپارێزێت و زیانی پێ نەگات ، لەبەر ئەوە دەڵێم کەئەم توندوتیژییە ، ئامانجی ژیان و بەردەوامی بوونی مرۆڤە. لێ لە جۆری ” توندوتیژی تۆڵەسەندنەوە” زەرەرەکە پێشتر بەرکەسەکە کەوتووە ، لەبەر ئەوە لێرەدا توندوتیژی هیچ ئەرکێکی بەرگریکەرانەی نییه. بەڵکە لێرەدا ئەرکی چارەسەرێکی سحری نا عەقڵانییە  بۆ ئەو ڕووداوانەی کە پێشتر ڕوویانداوە. جێگای ئاماژەی جۆری ” توندوتیژی تۆڵەسەندنەوە” لەناو تاک و لەناو کۆمەڵگا دواکەوتوو وشارستانییەکانیشدا بوونی هەیە . دیارە گەر بمانەوێت بەشێوەیەکی قووڵتر ئەم جۆری توندوتیژییە شیبکەیەنەوە، پێویستە چەند هەنگاوێکی تر بڕۆیین. پاڵنەری سەرەکی توندوتیژی تۆڵەسەندنەوە ، پێچەوانەی هێز و بەرهەمی کۆمەڵێک یان تاکێک دەگەیەنێت. چونکە کەسێکی بێ دەسەڵات و داماو ، تەنها یەک سەرچاوە شک دەبات ( ئەویش تۆڵە سەندنەوەیە)  ، بۆ ئەوەی رێز و شوێنی تایبەتی خۆی بگەڕێنێتەوە پاش ئەوەی کە پێشتر زەرەری خوارد. تۆڵە سەندنەوە یاسای ( العین بالعین ، والسن بالسن )  پەیڕەو دەکات . لەبەرامبەردا کەسێک کە ژیانێکی بەرهەم هێنەرانە دەژی ، هیچ پێویستی بەم جۆرە کارانە نییە، یان پێویستیەکی کەمی پێیەتی ، تەنانەت گەر ئازار یان سووکایەتی و زەرەریشی کردبێت ، چونکە بەردەوام بوونی لە ژیانێکی بەرهەمهێنەرانەدا  ، وای لێ دەکات کە ئازارەکانی پێشوو ژبیربکات. لێرەدا ئارەزووی بەرهەمهێنان لە ئارەزووی تۆڵەسەندنەوە گەورەترە . دیارە چ لە ڕووی تاک یان لەرووی کۆمەڵگا ،دەتوانین ئەم دەرئەنجامە لەڕێگای لێکۆڵینەوەی ئەزموونەگەریەوە ( تجریبی)  ، راستی ئەم بۆچوونەمان بۆ دەربکەوێت. زۆربەی لێکۆلینەوە دەروونیەکان دەریانخستووە کە  کەسێکی کامڵ ی بەرهەمهێن ، کەمتر ئارەزووەی تۆڵەسەندنەوەی هەیە، لەچاو ئەو کەسەی کە کۆمەڵێک کێشەی لە ژیانی تایبەتی  هەیە ، ئەم کەسە ژیان کەمتر مانا و خۆشی ماوە، لەبەر ئەوە هەموو هیواو ئامانجی خۆی دەکاتە ئەوەی کە ئارەزووی تۆڵە لەناخیدا زیاتر بێت .
جێگای ئاماژەیە  ” تۆڵەسەندنەوە” لە  حالەتی مرۆڤی نەخۆشدا ،  زۆر بەهێزو ترسناکە و دەبێتە ئامانجی سەرەکی ژیانی نەخۆشەکە، چونکە لەحالەتی نەمانی هەستی ” تۆڵەسەندنەوەدا” دەبێتە هۆی ئەوەی کە مان و بوونی ئەو کەسە بخاتە مەترسیەوەو کەلە ئەنجامدا ببێتە هۆی لەناوبردنی ژیانی ئەو کەسەش . هەروەها لەناو  ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە ڕووی ( ئابووری و کولتووری و ئینفعالیەوە ) زۆر دواکەوتوون  ئارەزووی ” تۆڵەسەندنەوە”   بۆ نموونە ( لەپاش شکستهێنانێکی نەتەوەیی  مێژووییەوە) هەستی تۆڵەسەندنەوە زۆر بەهێزتر دەبێت .   

بەهەمانشێوە سەیردەکەین لە کۆمەڵگا پیشەشازیەکانیشدا ،چینەکانی ناوەڕاست و پلە نزم و هەژارەکان و ئەو چینانەی کە زۆر مەحرومن و پەراوێزخراون ،  دەبنە سەنتەری هەستی تۆڵەسەندنە ، لەهەمانکاتیشدا دەبنە سەنتەری هەستی ( رەگەزپەرستی و ناسیۆنالیزمی) .  جێگای ئاماژەیە پەیوەیندیەکی بەهێز ، لە نێوان هەستی تۆڵەسەندنەوەو هەژاری کولتووری و ئابوورییدا هەیە .  دیارە بۆ تێگەیشتن لەهەستی ” تۆڵەسەندنەوە” لەناو کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا  زۆر زەحمەت و ئاڵۆزە.  چونکە لەناو کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا ، کۆمەڵێک شێواز و هەستی جۆرراوجۆری ” تۆڵەسەندنەوە” ی توند هەیە ، کە هەموو ئەندامانی کۆمەڵەکە ( گرووپەکە)  جۆرە هەستێکیان لادروست دەبێت ، کەئەم  ” تۆڵەسەندنەوە” یە دەبێتە ئەرکێکی پیرۆزو هیچ بیر لە زەرەرەکانیشی ناکەنەوە کەتووشی خۆیان دەبێت .
دیارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی :
یەکەمیان :
 هەروەک پێشتریش باسمانکرد ، جۆرە جەوێکی هەستی خۆ بەکەمزانین دروست دەبێت ، کەدەبێتە هۆی نەخۆشخستن و تێکدانی ئەو کۆمەڵە سەرەتاییانە ، کە هەستێکی وایان لادروست دەبێت ، کە ” تۆڵەسەندنەوە” دەبێتە ئامرازێک پێویست بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەت و سەندنەوەی ئەو زەرەرەی کە لێیان کەوتووە.
دووەمیان :
پەیوەندی بە ” نەرجسیەتەوە**” هەیە .  دیارە  باری دەروونی نەرجسی بەهێز ، کە یەکێکە لە سیماکانی کۆمەڵگای سەرەتایی ، گەر بچووکترین ئیهانە” سووکایەتی” پێکردن  بە ( وێنەگشتیەکەی***  ) بکرێت، ئەوا دەبێتە هۆی خوڵقاندنی کارەساتێکی گەورە و تاڕادەی ئەوەی کە ببێتە هۆی دروستبوونی دوژمنکاریەکی گەورە . ئەمەش لەناو کۆمەڵگا سەرەتاییەکان شتێکی ئاساییە.
دیارە هەستی ” تۆڵەسەندنەوە” پەیوەندیەکی بەهێزی بە  سەرچاوەی وێرانکاریەوە هەیە ، کە ئەویش لە ئەنجامی ” بێ باوەڕی” وە دروست دەبێت . کەزیاتر ئەم هەستەش لەناو منداڵاندا دروست دەبێت.
هەموو منداڵێک سەرەتا ژیانی پڕیەتی لە هەستی ( چاکە و خۆشەویستی و یەکسانی) . منداڵ باوەڕی بە مەمکی دایکیەتی ،  کەئەمش دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی نان و  ژیانی ، لەکاتی ساردیدا دەبێتە هۆی گەرم بوونەوەیی و، لەکاتی نەخۆشیشدا دەبێتە چارەسەری ( مەبەستی مەمەکی دایکە). دیارە منداڵ لەسەرەتادا کاتێک ( باوەڕ) لەناخیدا دروست دەبێت ، باوەڕی بە ” دایک، باوک ، باپیرە ، هەموو ئەو کەسانەی کە نزیکن لێوەی ” دەبێت . هەروه‌ها باوەریش بە خودا دروست دەبێت .
لێ لەلای زۆربەی  منداڵان  هەر زوو ئەم باوەڕە نامێنێت. کاتێک منداڵ سەیردەکات باوکی لەبەرامبەر مەسەلەیەکی گەورەدا درۆی لەگەڵ دەکات ، یان تووشی ترسێکی گەورە دەبێت ، کاتێک دایکی  بۆ خۆشی و ئارەزووی خۆی واز لەم دەهێنێت و ئەمەش لای ئەو وەکوو خیانەتێک سەیر دەکرێت. یان کاتێک باوک و دایکی دەبینێت پێکەوە سێکس دەکەن ، لەم کاتەدا واسەییری باوکی دەکات کە وەحشێکی دڕندەیە.  لەم کاتەدا منداڵ هیچ دڵخۆش نییه ، یان زۆر دەترسێت ، وە کاتێک باوک و دایکی شتێکی پێدەلێن ، لای ئەو هیچ گرینگیەکی جارانیان نییه . دیارە زۆرجاران منداڵ هەموو باوەڕی خۆی  بە خۆشەویستی و راستگۆیی و یەکەسانی باوک و دایکی دەدۆرێنێت. وە زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی  کەئەم بێ باوەڕیە شێوەیەکی ئایینی لەخۆی بگرێت و باوەڕی بە خوداش نەمێنێت. بۆ نموونە کاتێک منداڵ چۆلەکەیەک کە خۆشی دەوێت  لەپڕ دەمرێت ، یان برایەکی یان برادەرێکی خۆشەویستی دەمرێت ، لەپڕێکدا باوەڕیشی بە خودا نامێنێت. لێ هیچ جیاوازیەک لە نێوان بێ باوەڕی بوون بە خودا یان کەسێکی نزیک نییه ، چونکە  دەرئەنجامی ئەم بێ باوەڕیە دەبێتە هۆی وێرانکردنی ژیانی بەشێوەیەکی گشتی ، هیچ باوەڕی بە ژیان نامێنێت و لەهەمانکاتیشدا باوەڕیشی بە خۆی نامێنێت . جێگای ئاماژەیە هەموو منداڵێک لەژیانیدا تووشی کۆمەڵێک ( شۆک ، صدمة) دەبێت ، لێ ئەوەی گرینگە  ئەوەیە ئایا چەندە ئەم شۆکە کاریگەری هەیە و تا چەندە دەبێتە هۆی تووشبوونی بە بێ باوەڕی . زۆرجار بۆ یەکەمجار بێ باوەڕی کە تووشی منداڵ دەبێت ، لە نێوان ساڵانی ( چوارەم ، پێنچەم ، یان شەشەم  ) یان لە ساڵانی پاشتر دەبێت ، ئەمەش قۆناغێکە لە ژیانمان ، کە زۆر کەم ڕووداوەکانی ئەو تەمەنەمان بیر دەکەوێتەوە. لێ بێ ( باوەڕی کۆتایی ) لە قۆناغێکی سەروتری تەمەندا تووشمان دەبێت . بۆ نموونە لەکاتی ئەوەی کە برادەرێکی نزیکت یان خۆشەویستەکەت یان سەرۆکێکی ئایینی یان سیاسی ،  خیانەت لێ دەکات ، لەئەنجامی ئەمەشدا تووشی بێ باوەڕی کۆتایی دەبیت . دیارە ئەمەش لەئەنجامی یەک ڕووداو یان یەک ئەزموون ڕوونادات ، بەڵکە لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک ڕووداو ئەزموونی بچووکەوە ، تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت . دیارە کەسێک کاتێک  کە پشت بە کەسێکی تر دەبەستێت ، ئەویش تووشی دەستەڕۆیی و بێ باوەڕی دەکات ، ئەمە وای لێدەکات کە ئەم کەسە پاشتر ببێتە کەسێکی سەربەخۆ و بە دوای برادەر و مامۆستا و یان خۆشەویستی نوێدا بگەرێت و باوەڕی بەم کەسە نوێیانە بکات.
دیارە ئەمە باشترین کاردانەوەیە ، کەئێمە هیوادارین خەڵکی کاتێک تووشی حالەتێکی وا دەبن ، بەم شێوەیەی سەرەوە هەڵسووکەوت بکەن ( واتە بەدوای خەڵکی نوێدا بگەرێت،،، وەرگێڕ). لێ مرۆڤ لەپاش ئەم ئەزموونە خراپە ، لە  زۆر شوێنی تردا  گوومانێکی زۆر دەکات ، خەڵکی هەڵدەسەنگێنێت ، وە کاتێک ئەم خەڵکانەش دەستەرۆی بکەن ، دەچێت بەدوای خەڵكی تردا دەگەڕێت ، یان خۆی دەخاتە ناو باوەشی مەرجەعیەتێکی بەهێزەوە وەکوو ( کڵێسە ، یان پارتێکی سیاسی یان سەرۆکێک) ، ئەمەش بۆئەوەی جارێکی تر بتوانێت باوەڕ بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە . زۆرجار بەحکومی ئەو بێ باوەڕی و غەمە گەورەیەی کەلە ئەنجامی بێ باوەڕی بەژیان تووشی بووە، هەموو هەوڵی خۆی بەدوای کۆمەڵێک ئامانجی ژیانیەوە وێڵ دەکات بۆ نموونە ( پارە، دەسەڵات ، یان رووکەشێکی کۆمەڵایەتی ) .
دیارە هێشتا من باسی ئەو کاردانەوەیەم نەکردووە کە لەئەنجامی بێ باوەڕی دروست دەبێت و ، شێوەیەکی توندوتیژی لەخۆ دەگرێت. کاتێک مرۆڤێک هەستێکی بێ هیوایی و بێ باوەڕی ژیانی لادروست بێت و تووشی گووم بوونێکی خراپ بێت ( واتە نەزانێت چی بکات) ، ئەوکات ڕقی لەژیان دەبێتەوە . ئەگەر هاتوو ئەم کەسە باوەڕی بە هیچ کەسێک یان شتێک نەمێنێت ، وەگەر هاتوو ئەم کەسە باوەڕی بە دادوەری و یەکسانی نەما و لای ئەو  ئەم دووانە بووبێتنە وەهمێک ، وە گەر هاتوو شەیتان نەک خودا ژیانی ئەو کەسە  ببات بەڕێوە ، ئەوکاتە  ژیان لەبەر چاوی ئەو کەسە دەبێتە دۆزەخێکی  تەواوەتی . لەم حالەتەدا مرۆڤ ناتوانێت بەرگەی ئازاری هەرەس و تێکشکان بگرێت ، لەم کاتەدا حەز دەکات ئەوە بسەلمێنێت کە ژیان دۆزەخە و خراپە ، وە مرۆڤیش گیانلەبەرێکی دڕندەیە و جەوهەری مرۆڤێش  لە خراپەو دڕندەیی دروستبووە. ئالەم کاتەدا ئەو مرۆڤەی کە باوەڕ و خۆشەویستی بۆ ژیان هەبووە ، دەبێتە کەسێکی دڕندەو وێرانکەر . ئەم وێرانکاریەش لەئەنجامی وێرانبوونی شکستهێنان دروست دەبێت . وە نەمانی باوەڕ بە ژیان ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕقت لەژیانت بێتەوە .
دیارە ئەمەش لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە زۆر بە جوانی دەردەکەوێت ، بۆ نموونە کاتێک باوەڕت بە سەرۆکێک دەبێت ، لێ پاشان بۆت دەردەکەوێت ئەو کەسێکی خراپە یان ئەو توانایەی نییە کە تۆ چاوەڕوان بووی لێی. لێ گەر هاتوو لەبەرامبەر ئەم ڕووداوەدا ، کاردانەوەیەکی بۆزەتیفانە نەبێت ، واتە  بەرەو سەربەخۆبوونی ئەو کەسە هەنگاو نەنێت ، ئەوا ئەو کەسە زیاتر تووشی بێ باوەڕی و وێرانکاری دەبێت .
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ، ئەم جۆرە توندوتیژیەی کە باسمان کرد ، هێشتا لە خزمەتی ژیاندایە، جا بە شێوەی واقعی بێت یان سیحری ، یان لەئەنجامی ئازارێک کەلە بێ باوەڕی بەژیان تووشی بووە.  ئەو جۆرەی تر لە توندوتیژی کە لێرەدا دەمانەوێت باسی بکەین ” توندوتیژی جێگاگرتنەوە ، التعویضي) . ئەم جۆرەش زیاتر نەخۆش و زەرەرمەندە ، هەرچەندە ئەمەش کەمتر کارەساتبارترە تا ( نکروفیلیا > خۆشەویستی مەرگ) ، کە پاشتر باسی لێوە دەکەین .

” توندوتیژی جێگاگرتنەوە ، التعویضي”
مەبەست لە ” توندوتیژی جێگاگرتنەوە ، العنف التعویضي) ئەوەیە ، کەوەکو ئەلتەرناتیفێک ( بدیل) بۆ چالاکیەکی بەرهەمهێنەر  بۆ کەسێکی بێ دەسەڵات دروست دەبێت .  لێرەدا پێم خۆشە دەربارەی مەفهوومی دەستەواژەی ( بێ دەسەڵاتی) بدوێم و پێویستە بگەڕێینەوە  بۆ هەندێک ڕاستی سەرەکی . لەکاتێکدا کە مرۆڤ کەوتۆتە ژێر کاریگەری هێزە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان و هەر ئەوانیش حوکمی  دەکەن ، بەڵام لەهەمانکاتدا ملکەچی هەلوومەرجەکەش نییه . چونکە ئەو خاوەنی ئیرادە و تواناو ئازادی وخۆیەتی ، کە دەتوانێت لە سنوورێکی دیاریکراودا جیهان بگۆڕێت .دیارە بۆ ئێمە هیچ ئیرادە و ئازادی کەسەکە گرینگ نییه ، بەڵکە ئەو ڕاستیە بەلامانەوە گرینگە ، کە پەیوەندی بە توانای   بەرگەگرتنی مرۆڤە ، بۆ شتە نێگەتیف و رەهاییەکان .  چونکە ئەو ناچارە  بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بکات ،جێ پەنچەی خۆی لەجیهاندا دابنێت. جێگای ئاماژەیە لەهەموو وێنە کۆنەکانی سەر دیواری ئەشكەوتەکان ، لەهەموو هونەرو کارەکاندا ، لەهەموو کردارێکی سێکسوالیدا ، بەتەواوەتی گوزارشت لەم ڕاستیە دەکرێت. هەموو ئەم چالاکیانە توانای مرۆڤ دەردەخەن بۆ گەیشتن بە ئامانجێک ، کە چۆن مرۆڤ هەموو  هەواڵ و تەقەڵای خۆی بۆ ئەم ئامانجە تەرخان دەکات.  ئەم کارەش واتە ،ئیرادەی مرۆڤ بۆ بەکارهێناینی توانا  تایبەتییەکانی بە  ( پۆتێنسیال Potency، الفعالیة) ناودەبرێت. ( جێگای ئاماژە توانای سێکسی جۆرێک لە توانا تایبەتییەکانی مرۆڤ) .
ئەگەر هاتوو مرۆڤ لەبەر هەرهۆیەک نەیتوانی ئەم توانایانەی بەکاربهێنێت بۆ نموونە لەبەر :  لاوازی، دوودڵی “قلق” ، یان نەبوونی کفاءة ،،،لخ. لەبەر ئەوە ئازاردەکێشێت . ئەم ئازارنەش لەئەنجامی بێ دەسەڵاتیەوە دروست دەبێت ، لەراستیشدا ئەم حالەتە وا لە مرۆڤ دەکات کە پارسەنگی خۆی لەدەست بدات، وە سروشتی مرۆڤیش ئاوایە ، کەناتوانێت بەم بێ دەسەڵاتییەی خۆی ڕازی بێت  ، لەبەر ئەوە هەوڵ دەدات بەشێوەیەکی تر توانای خۆی بگەڕێنێتەوە دۆخی جارانی . بەڵام ئاخۆ دەتوانێت ؟ وە چۆنیش ؟ .  دیارە بۆ ئەمەش دوو ڕێگا هەیە :
یەکەمیان :
یەکێک لەو ڕێگایانەی کە مرۆڤ دەیگرێتە بەر ئەوەیە ، کە خۆی دەخاتە ژێر رکێفی کەسێک یان کۆمەڵێک کە خاوەنی هێزن ( واتە بەهێزن )  ، و هەوڵ دەدات خۆی پێیاندا هەڵواسێت . لەکاتێدا کەئەو تەنها بەشێوەیەکی رەمزی بەشداری لە ژیانی کەسێکی تر دەکات ، خۆی واهەست دەکات کە دەتوانێت کاری لێبکات ، لەحالەتێکدا ئەم خۆی کەوتۆتە ژێر رکێفی ئەوانی ترەوەو تەنها دەبێت ملکەچی ئەوان بێت و پاشان دەبێتە بەشێک لەوانەی کە کاردەکەن .

دووەمیان :
بەڵام رێگای دووەمی ئەوەیە ، لەرێگای توانای وێرانکاریەوە ، هەوڵ دەدات  توانا لەدەستچووەکانی خۆی بگەڕێنێتەوە. ئەم جۆرەشیان لای ئێمە گرینگە. تێگەیشتن لە مانای ژیان مانای ئەوە دەگەیەنێت کەکەسێک خۆی وەکوو گیاندارێک نەبینێت ، کەفرێدراوەتە سەر زەوی ، هەروەک چۆن زار  بۆ سەر تەختەی تاوڵە فرێدەدرێت . لێ گەر بێت و ژیان وێران بکات ، ئەمە مانای ئەوەیە کە مرۆڤ لە سنووری خۆی تێپەڕاندووەو بەڵام هەوڵ دەدات لە دەستی ئازار و کارە نێگەتیڤەکانی خۆی
ڕابکات چونکە ناتوانێت کەسێکی خۆراگربێت . دیارە بۆ تێگەیشتن لەمانای ژیان ، پێویستە مرۆڤ کۆمەڵێک سیفاتی تایبەتی هەبێت ، کە مرۆڤی بێ دەسەڵات  نییەتی . بەڵام وێرانکردنی ژیان ، پێویستی بەهیچ شتێکی مرۆڤ نییه تەنها یەک شت نەبێت : ئەویش بەکارهێنانی هێزە. لەکاتێکدا کەسێکی بێ دەسەڵات ، ببێتە خاوەنی دەمانچەیەک یان چەقۆیەک یان بازووەیەکی بەهێز  بێت ، لەڕێگای وێرانکردنی خەڵكی تر یان خۆی ، سنووری ژیان دەبەزێنێت . ( نووسەر مەبەستی ئەوەیە ، کە وەکوو خەڵکی ئاسایی و ئاشتیخواز  نەژی و سونەتی ژیان ببەزێنیت،،،،،،وەرگێڕ). ئەو بەم شێوەیە تۆڵەی خۆی دەکاتەوە ، چونکە ئەو توانایانەی لانەماوە.
” توندوتیژی جێگاگرتنەوە ، العنف التعویضي”  ، بەشێوەیەکی تەواوەتی ئەو جۆرە توندوتیژیەیە ، کەسەرچاوەکەی لە بێ دەسەڵاتییەوە سەردەگرێت، ئەو کەسە بەبەردەوامی هەوڵ دەدات تواناکانی بگەڕینێتەوەدۆخی جارانی. لەکاتێکدا کە هەڵدەستێت بە وێرانکاری ، سنووری خۆی وەکوو مەخلووقێک دەبەزێنێت .  ئەمەش زۆر بەجوانی  ئەلبرێت کامۆ لە رۆمانی بێگانەدا لە زاری ” کالیگولا ” وە باسی دەکات و دەڵێت :
( من دەژیم ، من خەڵکی دەکوژم ، من خاوەنی  هێزێکی بێ سنووری کوشتنم ، گەر  توانای خودا ، لەگەڵ تواناو بەهێزی مندا بەرواردبکەیت ،  وەکوو  یاریەکی منداڵانە دێتە پێش چاووم )  
ئەمە توندوتیژیەکی بێ سنوورە، توندوتیژیەک کە ژیان هیچ جۆرە  توانایەکی پێ نەداون ، بۆ ئەوەی گوزارشتێکی باش لە  تواناکانی مرۆڤ بکەن . ئەوان پێویستیان بە وێرانکردنە   بۆ ئەوەی بوونی خۆیان بسلمێنن.
حوکمکردنی گیانلەبەرێکی تر ( مرۆڤ بێت یان ئاژەڵ _)  بەشێوەیەکی رەها وبە  تەواوەتی  پەیوەندیەکی پتەوی  بە توندوتیژی جێگاگرتنەوە. وە ئەم وویستەش  جەوهەری سادیەتە .  چونکە لە سادیەتدا ( هەروەک لە کتێبەکەی ترمدا ” راکردن لە ئازادی”  ئاماژەم پێکردووە) ، تەنها جێژوەرگرتن لەئازاردانی خەڵکی تر نییه ، بەڵکە لە شێوازەکانی سادیەتدا بۆمان دەرکەوتووە  کە جەوهەری سادیەت یەک شتە : ئەویش کۆنترۆڵکردن ” زاڵبوون” بەشێوەیەکی تەواوەتی بە سەر کەسێکی تردا و ئەو کەسەش بکەیتە کەسێکی بێ ئیرادەو بێ دەسەڵات ، وە خۆت بکەیتە خودا و هەموو کارێکی پێبکەین .  زەلیلکردنی مرۆڤ و بە کۆیلەکردنی ، تەنها ئامڕازێکن بۆ گەیشتن بەم مەبەستت ، ئامانجی سەرەکیش لێرەدا ئەوەیە ، کە ئەو کەسە ناچاربکەیت بەئازارکێشتن رابهێنیت و وای لێبکەیت کە نەتوانێت بەرگری لەخۆی بکات . دیارە چێژوەرگرتن لە کۆنتڕۆڵکردن ” زاڵبوون ” بەشێوەیەکی رەها بە سەر مرۆڤێک یان ( گیاندارێکی زیندوو) دا ،هۆکاری سەرەکی نەخۆشی سادیەتە . ئێمە دەتوانیین بە شێوەیەکی تر گوزارشت لەم دیاردەیە بکەین و بڵێین کە سادیەت مانای ئەوە دەگەیەنێت ، کە مرۆڤ بکەیتە شتێکی تر ، یان گۆڕینی شتێکی زیندوو بۆ شتێکی مردوو، چونکە کۆنترۆڵکردن و حکومکردنێکی کەسێکی تر بەشێوەیەکی رەها ، ئەو کەسە  سیفاتی جەوهەری ژیان دەدۆرێنێت کەئەویش بریتییه لە ” ئازادی” .
ئەوەی بەشێوەیەکی تەواوەتی ئەزموونی لەگەڵ توندوتیژی وێرانکاری و سادی  لەلای (تاک یان کۆمەڵ ) هەبێت، تەنها ئەو تێدەگات کە ” توندوتیژی جێگاگرتنەوە” شتێکی ڕووکەشی نییه ، و لە ئەنجامی کاریگەری خراپ ، یان نەریتێکی دڕندانە ، یان شتی لەم بابەتە نییه . بەڵکە ئەمە توانایەکە لەناو مرۆڤدا هەیە و کە لەگەڵ هێز و تواناو وویستی بۆ ژیان یەکسانە . ئەم بۆیە  هێندە تا ئەم ئاستەی  ئێستای بەهێز ە ، چونکە لەناخیدا نوێنەریاتی  شۆرشێکی ژیان دەکات و  دژ بە بێ دەسەڵاتی   دەجەنگێت. مرۆڤ خاوەنی توانایەکی بەهێزە بۆ توندوتیژی وێرانکاری و سادی  چونکە پێش هەمووشتێک مرۆڤە ، نەک شتێکی تر ، وە ئەو دەبێت گەر نەتوانێت ژیان دروست بکات  ئەوا دەبێت ژیان وێران بکات  . لەکۆندا شانۆی رۆمانی ، کە بەهەزارەها کەسی بێ دەسەڵات کۆدەبوونەوە ، جێژیان لەوە وەردەگرت ، کە مرۆڤێک لەلایەن ئاژەڵێکی دڕندەوە بخوورێت یان کەسێک کەسێکی تر بکوژێت ، ئەمەش لووتکەی  حاڵەتی سادیەت دەگەیەنێت .
لەم شیکردنەوەیەدا دەگەینە شتێکی تر . توندوتیژی جێگاگرتنەوە  لەئەنجامی ژیانێکی  مردووی ناخی مرۆڤ دروستبووە. کە بۆ ماوەیەکی زۆرە لەناخی مرۆڤدا خەفەکراوە ئەویش لە ڕێگای  ترس لە سزدان، ئەم جۆرە توندوتیژیەش دەتوانرێت لە ڕێگای کۆمەڵێک ڕێگای ساختەوە دەرببرێت  کە لە شێوەی یاری و کات بەسەربردن  دا خۆیان پیشان دەدەن . لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستە ئەم هێزە بەشێوەیەکی خەفەکراوی لەناخی مرۆڤدایە ، بەڵام خاوەنی هێزی تەواوی خۆیەتی ، لەهەرکاتێکدا بیەوێت دێتە دەرەوە و دەردەکەوێت  بگرە  توانای هێزیشی زۆرترە. لێ باشترین چارەسەر بۆ توندوتیژی  جێگاگرتنەوە ئەوەیە ، کە تواناداهێنەرەکانی ناخی مرۆڤ بەهێزبکرێت ، وە هەوڵ بدرێت ئەم توانایانە بکرێنە ووزەیەکی باشی بەرهەمهێنەرانە. ناتوانین رێگا لەو مرۆڤانە بگرین کە وێرانەکر وسادین ، هەتاوەکوو ئەو مرۆڤە هەستی بێ دەسەڵاتی لەناخیدا نەمێنێت ، تەنها ئەوکاتەی کە وا لە مرۆڤ دەکرێت  گرینگی بە ژیان بدات و ، ئینجا دەتوانرێت ئەم  حەزە  خراپانەی مرۆڤ لەناوبرێت ، کەبەداخەوە مێژووی مرۆڤایەتیمانیان پڕ کردووە لە شەرمەزاری .
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە توندوتیژی جێگاگرتنەوە بە پێچەوانەی توندوتیژی بەرەنگاریەوە لە خزمەتی  ژیان نییه ، بەڵکە ئەلتەرناتیفێکی نەخۆشانەی ژیانە، کە گوزارشت لە بێ دەسەڵاتی بەرامبەر بە ژیان و بۆشایی دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەندە ئەم توندوتیژیە دژی بە ژیانە ، بەڵام گوزارشت لە پێداویستیەکی مرۆڤ دەکات بۆ چالاکردنی ژیان و خەبات لەدژی بێ دەسەڵاتی .

توندوتیژی تینووی بوونی سەرەتایی بۆ خوێن  ” تینووی خوێن “
دوایین  جۆری توندوتیژی کە باسی دەکەین ، توندوتیژی ” تینووی خوێنیه” ، وە ئەمەش پەیوەندی بە توندوتیژی بێ دەسەڵاتییەوە نییه ، بەڵکە بریتییه لە تینووی بوونی  بۆ خوێنی مرۆڤ ، کە بە سروشتەوە بەستراوە.  لەناخیدا  ئارەزوویەک هەیە بۆ کوشتن ، کەئەمەش زیاتر وەکوو ڕێگایەکە بۆ بەزاندنی سنووری ژیان ، تاوەکوو ترسێک کەلەناخی مرۆڤدایە  بۆ پێشوەچوون و گۆڕان ، بۆ بوون بە کەسێکی کامڵ ( کە پاشتر باسی لێوە دەکەم )  . لەم جۆرەشدا ئەوکەسە دەیەوێت مانایەکی تایبەت بە ژیان بدات ، ئەویش لەڕێگای گۆڕانی  مرۆڤ بۆ ئاژەڵ ، وە بەم شێوەیەش لە کۆت و بەندەکانی عەقڵ و مەنطق خۆی ڕزگار دەکات ، بەم شێوەیەش ” خوێن ” دەبێتە جەوهەری ژیان . هەر لێرەشدا  خوێن ڕشتن دەبێتە  ، مرادفێک بۆ هەست بە زیندوویی و هێز و تاکگەرایی و سەرکەوتن بەسەر خەڵکی تردا .  لەم حالەتەدا کوشتن دەبێتە  ” پاککردنەوەیەکی مەزن ” ، و سەپاندنی بوونێکی مەزن  کە بەرەو ئاستێکی بەرزتر هەنگاو دەنێت . لە بەرامبەردا   بکوژرێیت تاکە ئەلتەرناتیفی مەنطقیە بۆ  کوشتن ، هەر ئەویش پارسەنگی بۆ ژیان دەگەڕێتەوەو ئەویش بە پێی مەفهوومە کۆنەکە کە دەڵێت : هەتا دەتوانینت خەڵکی بکوژە ، وەکاتێک ژیانت تێر بوو لە خوێن ، ئینجا خۆت ئامادەی بۆ ئەوەی  یەکێکی تر بێت تۆ بکوژێت . لەم جۆرە توندوتیژیەدا ، جەوهەری کوشتن مانای  خۆشەویستی بۆ مەرگ ناگەیەنێت ، بەڵکە مانای سەپاندن و سنوور بەزندانی  ژیان  ، بە شێوازێکی  زۆر ناشرین و نزم دەگەینێت  . دەتوانین  هەست بەم تینووتی بوونی خوێنە لای تاکەکان  ، لەناو خەون و خەیاڵەکانیدا بکەین ، وە زۆرجاریش دەتوانین هەست بەمە بکەین  ، کاتێک کە ئەو کەسە  تووشی نەخۆشیەکی مێشکی توندو یان تاواندا دەبێت . هەروەها دەتوانین لەکاتی شەرەکاندا ( ناوخۆیی و جیهانی) ، کاتێک سنوور بەزاندن لە شتە پیرۆزە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت ، هەست بەم تینووتی بوونی خوێنە بکەین . هەروەها دەتوانین   ئەم هەسەتە لە کۆمەڵگا کۆنەکانی مرۆڤایەتیدا بکەین ، لەوکاتەدا کوشتن ( یان هەوڵدانی کوشتنی یەکێک)  جەمسەریەک( قطبیة) بووە ، کەژیانی بەڕێوە دەبرد. بۆنموونە لەکاتی تۆڵەسەندنەوەیەکی خوێناوی کەلە هەندێک ناوچەدا ئەنجام دراوە ، وەکوو لە ( کۆسیکا ، مۆتێنیگۆ ، جبل الاسود****) ، وەیا خوێن بەخشین  لەڕێگای خودادا ، هەروەک لەسەردەمە کۆنەکاندا ڕووی دەدا . دیارە کورتە چیرۆکەکەی ( گۆستاف فلوبێر، ئەفسانەی قەدیس جولیان ئێسبیتاری)  وەسفێکی ئێجگار جوانی  جێژ وەرگرتن لە کوشتن دەکات .  ئەم چیرۆکەی فلوبێر باس لەوە دەکات ، کە کابرایەک هەبووە، هەر لەکاتی لەدایک بوونیەوە  ، پێیان ووتوە کە گەورە بوویت  دەبیت سەرٶکێکی مەزن یان قەدیسێکی گەورە . ئەم منداڵە زۆر ئاسایییانە گەورە دەبێت ، هەتا رۆژێک  جێژی کوشتن لای دەردەکەوێت . لەکاتێکدا کەلە کڵێسە خزمەتی دەکرد ، سەیری کرد مشکێکی بچووک لەپەنا دیوارەکەدا بە خێرایی ڕادەکات . ئەم مشکەش زۆر تووڕەی دەکات ، هەر بۆیە  بڕیار دەدات کە بیکوژێت . بەم شێوەیە ، دەست دەکات بە  ئەنجامدانی کارەکەی ، سەرەتا دەچێت دەرگاکە دادەخات ، پاشان هەندێک نان دەخاتە بەردەم کوونی مشكەکە ، دەرزیەکی گەورەی تیژیشی بە دەستیەوە گرتووەو چاوەڕێی دەکات تا بێتە دەرەوە. پاش ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانی ، سەرەتا لووتە بچووکەی  مشکەکە دەردەکەوێت ، پاشان مشکەکە دێتە دەرەوە .  ئەویش یەکسەر دەرزەیەکە بە هێزێکی توند دەکات بە مشکەکەدا ، پاشا بە ووردی سەیری لاشە بچووکەکەی مشکەکە دەکات ، کە هیچ ناجووڵێت . پاشان قەترەیەک خوێن دەرێژێت و کڵێسەکە پیس دەکات ، ئەویش یەکسەر دەچێت خوێنەکە دەسرێتەوەو زەویەکە پاک دەکاتەوە . پاشان بەخێرایی شوێنەکە پاک دەکاتەوەو مشکەکەش فڕێدەداتە دەرەوە  بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک لەم کارەی ئاگادار بکاتەوە. پاشان ئارەزووی بەڵندە دەکات ، هەربۆیە دەستدەکات بە کوشتنی ، یەکە لە دوای یەکی باڵندەکان ، وای لێ دێت کە دڵی بەبێ خوێن ئاو ناخواتەوە و تووشی نەشوەیەکی وەحشیانەی سەیر دەبێت . پاشان کووشتنی ئاژەڵەکان ، دەبێتە نەخۆشیەکی خراپ بۆ ئەم کوڕە ، کە ناتوانێت بەبێ کوشتنی ئاژەڵ دڵی بحەوێتەوە. هیچ ئاژەڵێک ، چەندە بەهێز یان خۆی بشاردایەتەوە ، لەدەستی دەرنەدەچوو دەیکوشت . بەم شێوەیە خوێن رشتن بوو  بە هۆیەک ، بۆئەوەی ئەو کوڕە بوونی خۆی بسەلمێنێت و تاکە ڕێگاشی بوو بۆ ئەویە کە سنووری ژیان ببەزێنێت. . بۆماوەی چەندین ساڵ کوشتنی ئاژەڵەکان ، بووبوەتاکە  ئارەزوو وحەزی   ئەم کوڕە . کاتێک شەوان دەگەڕایەوە ، هەمووگیانی  خوێن بوو ، بۆنی وەحشێکی بەربەری لێوەدەهات . دیارە توانی بە ئامانجی  خۆی بگات ، کەبریتیبوو لەوەی کە لە مرۆڤەوە بۆ ئاژەڵ بگۆڕێت. بەڵام بەحکومی ئەوەی هێشتا مرۆڤ بوو ، نەیتوانی  ئەو خەونەی بەتەواوەتی بهێنێتە دی . رۆژێکیان دەنگێک لە ناخی پەیدا دەبێت  و پێیدەڵێت ، لە کۆتاییدا دایک و باوکی خۆت دەکوژیت . ئەویش لە ترسی ئەم دەنگ و هەواڵە ، ماڵ بەجێدەهێڵێت و بەرەو دارستانەکان رادەکات ، وازیش لە کوشتنی ئاژەڵان دەهێنێت . تا  پاشتر  دەبێتە سەرکردەیەکی مەزنی عەسکەری و  ناوبانگی زۆر دەردەکات .  لەیەکێک لەشەڕەکاندا ، سەرکەوتنێکی بەهێز بەدەست دەهێنێت ، لەئەنجامی ئەو کارەی ، خەڵاتی دەکەن و ژنێکی جوان و ناسکی پێشکەش دەکەن . پاشتر کوڕەکە لەگەڵ ئەم ژنەدا ، ژیانێکی ئاسایی دەگرێتە بەر و واز لەهەموو شتێک دەهێنێت . پاشتر دیسانەوە ئارەزووی ڕواکردن دەکاتەوە، لێ وەکوو جاران تیرەکەی نیشان باش ناپێکێت . تا  رۆژێکیان هەموو ئەو ئاژەڵانەی کە پێشتر ڕاویکردوون ،  دەورەی دەگرن و بازنەیەک بە دەوریدا دەکێشن . ئەمیش لە ناوەڕاستی هەموویاندا چەق دەبێت و تووشی ترسێکی زۆر گەورە دێت . لەپڕدا بە خێرایەکی زۆرەوە لە دەستیان هەڵدێ و بەرەوە ماڵەوە ڕادەکات . لەوکاتەدا باوکی کوڕەکە دەچێتە ماڵی کوڕەکەی ، ژنەکەی وەکوو ڕێزێک لەباوکی مێردەکەی ، پێیدەڵێت بچۆ لەسەر سیسەمەکەی ئێمە پاڵ بکەوە. کاتێک ئەم بەپەلە خۆی دەکات بە ژووردا  ، سەیر دەکات پیاوێک لەسەر سیسەمەکەی پاڵ کەوتووە، یەکسەر پەلاماری شمشیرەکەی دەدات و دەیکوژێت ، پاش ئەویش ژنەکەشی دەکوژێت . پاشتر بۆی دەردەکەوێت کە چ هەڵەیەکی گەورەی کردووە.

پاش ئەم ڕووداوە جولیان  تووشی حاڵەتێکی دەروونی خراپ دەبێت و پاشتر دەچێتە کڵێساوەو هەمووژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەژارو داماو تەرخان دەکات .
بابەتی سەرەکی ئەم چیرۆکەی فلوبێر وەسفکردنی هەستی  تینووی خوێن بوون لەناخی مرۆڤ دا دەکات .
لەم چیرۆکەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ،  کاتێک کەسێک دەگاتە کۆنترین ئاستی پەیوەندی بە ژیانەوە ( مەبەستی پاییزی تەمەنی مرۆڤە.،،،،وەرگێر)، دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بەرزترین ئاستی پێشکەوتنی، بۆ ئاستێک کە ژیانی مرۆڤی بوونی خۆی بسەلمێنێت . ئەوەی گرینگە لێرەدا سەرنجی بددەین ئەوەیە ، کە برسیبوون بۆ کوشتنی خەڵكی  ، جیاوازە لە خۆشەویستی بۆ مەرگ ، هەروەک لە بەشی سێهەمدا باسی دەکەم. چونکە لێرەدا خوێن دەبێتە جەوهەری ژیان . لێرەدا ڕشتنی خوێنی کەسی تر ، مانای بەخشینی خوێن بە زەوی دایک ، بۆ ئەوەی بەپیتبوونی زیاتر بێت . ( بۆ نموونە دەتوانیت ئەمە بە بۆچوونی ئازتک****  بەراورد بکەیت ، ئەوان لەوباوەرەدابوون ، کە خوێن ڕشتن  پێویستی و مەرجە  ، بۆ ئەوەی گەردوون بەردەوامی بە خۆی بدات . یان دەتوانیت بە کوشتنی هابیل و قابیل بەراورد بکەیت )
لێرەدا دەتوانین  ئەم بۆچوونە وەکوو ( خوێن لەبەرچوونی ژنان) سەیربکەین . گەر زەوی لەبەرامبەر ژن – دایک دابنرێت . ئامانجی سەرەکی لە خوێن چوونی ژنان ، پاککردنەوەی خوێنە. ژن جەمسەری ژیانەو تەنها کاتێکیش  بەشێوەیەکی تەواوەتی دەبێتە سەنەتەری ژیان  ، کە مرۆڤێکی نوێ لەسەر زەوی پەیدا دەبێت، بەشێوەیەک کە ژن دەبێتە بابەتی ” ویست و خۆشەویستی”*****.
کۆتایی خوێن ڕشتن مردنە ، لەکاتێکدا ئامانجی خوێن لەبەر چوونی ژنان ، پاککردنەوەی خوێنەوەو لەدایک بوونە. لێ ئامانجی یەکەم ، وەکوو ئامانجی دووەمە ، ئەویش سەلماندنی ژیانە ، هەرچەندە ئەمەش لەسەروو ئاستی بوونی حەیوانییەوەیە.
کەسی بکوژ دەتوانێت  ببێتە خۆشەویست ئەگەر هاتوو  ژیانێکی نوێ لەدایک بوویەوە، وە بەهەموو شێوەیەکیش پەیوەندی خۆی بە زەویەوە پچڕاند و لەکۆتاییشدا ئەگەر هاتوو توانی واز لە               ” نەرجسیەت” بهێنێت. هەرچەندە ئێمە ناتوانیین نکوڵی لەوە بکەین ، گەر هاتوو نەیتوانی ئەمە بکات ، ئەوا لە نێوان نەرجسیەت و مێشکی سەرەتایی خۆیدا  گیر دەخوات ، هەر ئەم گیربوونەش وای لێدەکات کە رێگای ژیانی  زۆر لە رێگای مردن نزیک بێتەوە ، بەجۆرێک کە ناتوانیت  لە نێوان برسیبوون بۆ خوێن و خۆشەویستی بۆ مەرگ لێکیان جیابکەیتەوە. 

سەرچاوە:
ئەم ووتارە لەم کتێبە وەرمگێڕاوە.
جوهر الانسان . آریش فروم . ترجمة . سلام خیربک . دار الحوار . الطبعة الاولی . 2011 .

پەراوێزەکان /

*هیتلەر ساڵی 1939 هێرشێکی درۆیانەی  بۆ سەر ئیزگەیەکی ئەڵمانی لە سەر سنوور پۆڵۆنیا دروستکرد ( کەلە راستیدا ئەندامانی ss ئەم کارەیان ئەنجام دا) ، ئەمەش بۆ ئەوەی کە قەناعەت بە خەڵکی بکات ، کە پۆلۆنیا بەتەمایە هێرش بکاتە سەر ئەڵمانیا و، بەم شێوەیەش بیانووی بۆ هێرشی پێش وەخت بۆ سەر پۆلۆنیا هێنایەوە .

**نەرجسیەت . Narcissism، مانای زیاد لەپێویست خۆت خۆشبوێت . ئەم ووشەیەش لە  ئەفسانەیەکی کۆنی یۆنانیەوە هاتووە ، کەتێیدا هاتووە ، کاتێک ” نارس”  زۆر جوان بووەو کاتێک وێنەی خۆی لە ئاوێکدا  بینیووە ، خۆی خۆشویستووە. سیمای سەرەکی کەسایەتی نەرجسی ئەوەیە ، کە زۆر خۆپەرستە ، واهەست دەکات کە خۆی باشترین و زیرەکترین و جوانترین کەسی سەر ڕووی زەویە ، وە خەڵکی تریش بە خۆی کەمتر دەزانێت و دەیەوێت بیانچەوسێنێتەوەو گاڵتەیان پێ بکات . هەمووکاتێک حەز دەکات خەڵكی تر وەسفی بکەن و بەهیچ شێوەیەکیش رەخنە  و سەرنجی خەڵکی تر قبووڵ ناکات و ڕقی لەو کەسانەش دەبێتەوە کە رەخنەی لێ دەگرن .

*** مەبەست لەم ووشەیە هەموو ئەو بنەما سەرەکیانەی کە کۆمەڵگاکەی لێ دروست بووە. . یاسای ، نەریت، ئایین ، مێژوو. دەگرێتەوە.

**** لەسەردەمی کۆندا ، کوشتنی مرۆڤ لە ناوچەی مۆنتێنیگۆ ” جبل الاسود” دا، کارێک بووە ، کە جێگای شانازی بوونی خەڵکی بووە.  ( دیارە ئەمە لەناو خێڵە کۆچەری و بەربەریە توورک و عەرەبییەکانیشدا هەمان شت بووە )

***** آزتک. ئیمپراتۆریەتێکی گەورەبوو لە مەکسیک . لە نێوان ساڵانی 1428 هەتا 1521 ، حوکمی تەواوی وڵاتی مەکسیکی دەکرد. ئەوان خاوەنی شارستانیەکی ئێجگار گەورەو مەزن بوون . لەڕووی ئایینیەوە  باوەڕیان بە ئایینی سروشتی هەبوو، ( خودا خراپەو و خودای خێر ، خودا هەتاوییان هەبوو). کۆمەڵێک پەرستگایان لە شێوەیە ( ئەهرامات) دروست دەکرد، کەهەتاوەکوو ئێستاش ئاسەواری ماون. ئەمان پێیان وابوو ، کە پیویستە بۆ خودای چاکە  قووربانی مرۆڤی پێشکەش بکرێت بۆ ئەوەی بەهێزبێت و نەهڵێت خودای خراپە کاری خراپ لەدژی مرۆڤ بکات . جێگای ئاماژەیە زیاتر قووربانیان ئەو کەسانە بوون ، کەلە شەڕەکاندا بە دیلی دەگیران .

****** بەپێی ئەو چیرۆکەی کەلە لە کتێبی پیرۆزی ئینجلیدا هاتووە ، کە ئامانجی خودا لە دروستکردنی ” حەوا” بۆ ئەوە بووە کە ئادەم هەست بە تەنهایی نەکات و دۆستێکی هەبێت. واتە لەبەر خاتری ئادەم ، حەوا دروست بووە.  

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.