Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
شەو لە کوێریم نابێتەوە!

شەو لە کوێریم نابێتەوە!

Closed
by April 9, 2012 گشتی

 

بەو دەلاقەی کە لەدوورترین ژوردا کرایەوە
بەسروەی شیعرم سوھراب
پێشکەشە


رەنجەی نابینا
باوەنور دوورترین ژووری دونی

من گردەنشینێکی ھەرێمی خۆر نەوازانم، لەگۆشەیەکی تۆراوی زەمەنەکاندا، لەتونی گۆڕێکی سەرکەشدا، بەدیار خۆمەوە، بەدیار ھاتوچۆی نیگەرانیەکانمەوە راوەستاوم! من لەچاخێکی بێ ئەدگاری بێ ناونیشاندام، شوێنێک کە نە لەسەرەوە دەستی پێ کردووەو نە لەکۆتادا دەبڕێتەوە، دەکەوێتە دەرەوە! دەرەوەی شتەکانەوە. لەوێدا تاریکی پێی ناوەتە سەر سیمای ھەبونم، خۆمی لەجەستەم جودا کردووەتەوەو چووەتە شەوێکی ئەبەدیەوە، چووەتە خەوێک محاڵە محاڵ بێدار بێتەوە!. من و روبارێک ئەڵھای خرۆشاو، روبارێک ساتی وەستاو، من و باوەشێک خۆزگەی تێک شکاوی دووبارە بونەوە خۆزگەی دەرپەڕین، خۆزگەی گەڕانەوە. خۆم و باوەشێک تاسەو ئازارو تلانەوە، ئاواتی باڵەفڕ، باڵەفڕی بێ ئاسمان، خۆم و کۆڵێ فەرھەنگی پاییزە، فەرھەنگی ھەڵوەرین، خۆم و چرپەو چەوێڵەو چۆڵەوانی، خۆم و گلارای تینوێتی دیداری تۆ، گلارای پرشنگی ساتێکی رۆژ ھەڵاتن، ئاشیفتەی ئێوارەیەکی کەلەپۆ، ئێوارەیەکی گوێچەم. من ئەمێستا لەزۆرانێکی چەپەکدام، لەگۆڕەپانی خامۆشی گەردوندا لەبسارانی دێوەزمەکاندا تەنیا دەجەنگم. کە شەو عەرشی داگیر کردم بەقرچە قرچی سوتانی ئاواییدا ھاوینم ناسییەوە، زستانیش بە لایلایەی رەھێڵەو بە گەشتی درێژی بێداریم من بەیانیان بەنەغمەی سەمون فرۆشەکان دەناسمەوە، ئێوارانیش بەمەیلی شیعر نوسین، من لە خەونەکانمەوە دەچمە بەر دەرکی سەرا. من ئەمێستا لەزیندانی گەردوندام، لەزیندانی گەردوندا بەبانێژەی ئاسمانەوە ھەڵواسراوم، زەمەن لەودیوی سەرمەوە بەچرپە ھەنگاو دەنێ، ھەنگاو دەنێ و بەبێ گۆرانیەکانی من دەڕوات، دەڕوات و روی ئاوێنەو رەنگ و تەماشام لێ دەگرێ، شوێنپێیەک بۆ یادگاری من جێ ناھێڵێ، ساتێکی نییە بۆ من بۆ ھەژمارەی خەمەکانم، ناکات جارێ بمباتەوە پای شوێنەوارێ، بەر تنۆکە بارانی چڵی پاسارێ، ئێوارە شیعرێکی لێرەوارێ. من لێرەو شتەکان لەوێ، من لێرەو بەھاکان لەوێ، پایەکانی ھەژانم لەوێ، من لەگرێدانەوەی جەمسەرەکانی بوونمدا وونم وون! دەستیشم لەدامێنی سەحەر، لەخەمی بەجێھێشتوی پەڕەموچەکەم نابێتەوە. نازانم چ کاتەو گوێم لێیە لەدوور فوو بە ڕوی گەشی چرادا دەکەن، ئەو چرای کە ڕێی نەدا بۆساتێکیش شەو بچێتە ژووری خەویان! منیش گەشتی بوونم بەدوای تروسکەیەکدا وێڵ بوو، تروسکەیەکی حیکایەت خواندا کە سەوداو رەنگ و ئاماژەکانی لەگەڵ رۆیشتنی خۆیدا بردم و رۆیی، بۆ کێلۆنی دەروازەیەکی ئەڵقە رێز دەگەڕا کە نەبا شەیتانێ لەڕاڕەوی ھاتنی روناکیدا دایخستبێت، پێی وایە ووزەی ھەنگاوە شکاوەکانم لەتروسکەیەکەوە دێتەوە!. نازانم چ کاتەو گوێم لەنزا کردنی دایکمە کە دەستی فریشتەکانی ماچ دەکرد و چیرۆکی شەونخونی خۆی دەگێڕایەوە، پچڕانی پەیوەندی تریفەو ژانی تەماشای منی بۆ شرۆڤە دەکردن. پەڕەی پەرتوکەکانم با دەیشەکاند ھاوڕێکانم ماڵ ئاواییان لێ دەکردم، ماڵ ئاوایی یەکجارەکی، تەنیایی بانگی دەکردم، گۆچانێ بانگی دەکردم کەنارێ بانگی دەکردم شمشاڵێکیش لەدور بەسەر تەنیاییدا دەگریا. نازانم چ کاتەو بەسەر چەند ووشەیەکی دووبارەوە تەنیایم نوچی دەدا، خۆی دابوو بەسەر تۆپەڵێکی تاریکدا، روی بەتۆپەڵێکی ترەوە نابوو، لەھەڵمی تۆپەڵێکیشدا ژانێ دەیبردو موچڕکێ دەیھێنایەوە، توێتوێ زەمەنەکانی دەپشکنی، بۆ کیشوەرێکی دێرینی مێژوو دەگەڕا کە تەرمی ئەم مردنە بێدارەی منی تێدا بنێژێ، چۆڕاوەی دەرپەڕینیش لەمردنم دەتکا خامۆشیی تەڕ دەکردم، بەدەم ھاتوچۆی لقە پەرێشانەکانی خەیاڵەوە سکێچی جۆبارێکم دەکێشا کە بمداتەوە دەس ھەڵھەڵەی شەپۆلە یاخیەکانی شڵەژان، ئەو شەپۆلانەی کە ھەرگیز ناسرەون کە ھەرگیز جڵەو ناکرێن کە ھەرگیز نامرن. لای گەردون گرنگ نەسرەوتنە گرنگ خلۆر بونەوەی پەیتا پەیتای بەری بایە. ئەوانەی ھەڵناگەڕێن مردن، ئەوانەی باز نابەن گۆرانی ناخوێنن مردن! من مردویەکی گەڕیدەم، لەودیو رێگەی تەبیعەتەوە ڕێ دەپێوم. من زۆر جار لەترپەی داخرانی تەنیایمدا رەشایی شەوانم دەوروژێ، گوێم لەگرپەی گەواڵە دوکەڵی خامۆشیمە، لەکرتەی شکانی دڵمە، لەوەدایە تارمایی تەمەناکانی چوونم لەدەستم داکەوێ، خێرا ڕادەبم یادێکی ڕۆشن لەگەشتە خوداییەکانی منداڵیم دەکەمەوە، بزەیەکی شیرین دەکەوێتە سەر لێوی ناسکی خەم، تاریکی شەویش کاڵ دەبێتەوە. ھەندێ جاریش لەگەروی ئاوەکی بوونی شەومدا رۆژم دیوە کەلە نێوان دوو لێوی تەمەنامەوە دەرکەوتووە، کە دەرکەوتووە شێی تەنیایمم داوەتە بەر، پڕی کردومەتەوە لەسەودای گەڕان و درێژەم داوەتەوە بە ڕازەکانی ڕۆیشتن. من روی پەنجەرەکەم لەھەتاوە ھەتاو، ساتێ نییە لەگەڵ ھەتاودا نەدوێم پەنجەکانی نەخەمە سەر ئۆفی خەونە بەستووەکانم، ساتێ نییە پێی نەڵێم: ئەوە من نیم مردووم! سەیرێکی تۆپەڵەی ئەم ھەموو زڕە ھەژانە بکە کە لەسینەی داخراومدا خۆیان بۆ فڕین ئامادە کردووە، ئەم بیابانە بێ سروە، جێگەی ئەوان نییە نی! تۆزێ لەسۆزی برژانگەکانت ڕوو بکەرە مەودای گەشتە ئاسمانیەکانیان، دەستەکانم پڕ بکەرەوە لەڕوناکی، لەپشتی ئەم ئازارەوە بیانخەرەوە سەری ڕێ، تاریکیش بدەرەوە بە شەو! من دەمەوێ بڕۆم، پەیڤم بڕوات، ووشەم بڕوات، جوڵەم لەچرکەکان نەبێتەوە بڕۆم و لا نەکەمەوە، لە بەڵێ لەرزۆکەکان خۆم لادەم من دەمەوێ شتەکان بدەمەوە بەر ڕوناکی، ژیان لەخەونەکان دەربێنم لەنەشئەی گەڵایەکدا بڕوێم لەھەنوکەدا بژیم بەتەنیاش بمرم. دەمەوێ زەمەنەکان بتەکێنم، کەژاوەیەک رێک بخەم و ژیان ببەمەوە بۆ بەر لەھاتنی ژمارەکان بۆ فیزیایەکی پەتی پەڕەسێلکەکان، بۆ ئەوشوێنەی کە دەبوو لێی بین، کە ھاوکات لەگەڵ چرکەکاندا بۆی ھاتین!.
من دەمەوێ لە کرۆکی بووندا تاوان لەمرۆڤەکان بسێنمەوە، رەگی کۆترەکانیان تێدا بچێنم، دەستی دەریا بۆ بیابان رابکێشم و لێوی زەوی تەڕکەم تنۆکە باران بکەمە دانەوێڵە بۆ کۆترەکان بۆ مێرولە بۆ بەری دار پەڵک بۆ بەری قامیش، دەلاقەیەکیش لەجەستەی تاریکیدا ھەڵکۆڵم! من بەخەونەکانمەوە مردوم بەخەونەکانمەوە نێژراوم. نازانم چ کاتەو ویردەکانی بێداریم بە راسەرمەوە تەنورەی دەکرد، شەو لەکزەی بێدەنگیم ھەراسان دەبوو، شەکەتیی وەستانم شاڵاوی دەھێنا بۆ ووشەی چیرۆکەکان، پەڕی خانەکانی بەرگە گرتنیشم ھەڵدەپڕوزان. ناکاو شنەیەکی زێڕین لەدەلاقەی گۆرانیەکانی خالقیەوە ھەڵی کردو دای لە گەڵا تاریکەکانی ھەستم جارێکی تر ھەستامەوە، شنە ھەڵی گرتم و بردمیە پای یادەوەریە سەوزەکانی ئاوایی، ئاوێتە بوونی سروشت و مانا جوانەکانی زیندەگی، گەڕامەوە ڕانەبێرەو رۆژانی شوانی! لە پەچەکەدا سینەم پڕ دەبێ لەچۆڕاوەی بەرائەت و سۆزم دەڕژێتە سادەیی ژیان چریکەیەکیش دەمباتە دامێنی لێرەوارەکە، بەسەر بێریاندا دەفڕم، لەمێرگوزارەکەدا رێ بە شەنگە بێریان دەگرم، لەگەڵ ھەر چریکەیەکی خالقیدا ھەنگاوێک زیاتر لێی دەچمە پێشەوە تەماشایەکی باڵای ناتروکێنم بەباڵایدا ھەڵدەگەڕێم و پێی دەڵێم ھاتووم لەماچی پەنا دیوارێکدا بە یەکجاری بتوێمەوە! ئەویش بەشەرمە نازێکەوە پێم دەڵێ ھەتیو مەکە، شیرەکەم لێ دەڕژێ دایکم دەمکوژێ. بەئاقارەکەدا سەردەکەوم، تارمایی رەشماڵی خێڵان وەک ئەو ساتەوەختەی لێی دابڕام بە لاپاڵەکەوە دەر دەکەوێ لەسێبەری راکشاوی لوتکەکەدا دایکم دەبینم مەشکە دەژەنێ و باوکیشم دەستی ناوەتە پەنا گوێی و ھۆرە دەچڕێ خۆیشم دەبینم! لەجێ ژواندا مەڵاسم گرتووەو چاوەڕوانی ھاتنی کیژە کوردێکی چاوبەڵەکم! لەگەڵ ھەژانی ئۆرکستی شەدەلاردا دەستی یارم دەگرم و دەچینە سەیرانی گوڵان، ئێمە بەساقی دار سێوێکەوە گۆرانی بۆ تریفە دەخوێنین و شەبەنگی گەڵاکان نمنم بەسەرماندا دەبارێ باخ دەبوژێتەوە، گۆم دەبێتە ئاوێنە بۆ ڕازانەوەی درەختەکان، گەڵا سەوزتر لەپی دەستی بۆ بەخشندەیی ھەتاو ھەڵدەخات، جوانیەکان سروشت دەلاوێنن شکۆفە خێراتر سەر دەردێنێ، شیعر دێ، گۆرانی دەچێ بەھار دیاری دەداتە دەستمان ئێمەش پێکەنین دەکەینە ووزەی خرۆشانی گوڵ. چ چێژێکە خۆشەویستم چ چێژێ، چ سازەندەگیەکی تەڕی گوێ دەریایە چ سەودایەکی ئاڵی بەر ھەتاوە لەدزە نیگای سەحەرەوە روناکی دەخاتە تونی گۆڕەکەم. گەشتم دەڕواو خەونم دەڕواو خۆزگەکانم ھەر برسین و ھەر برسین. نازانم چ کاتەو شەپۆلەکانی تاریکیم خۆیان لە لێوارەکانی بەرکەناریم ھەڵدەسوو، بۆشاییەکانی پشتەوەی روناکایی سینەیان ھەڵدەدایە سەر لەپی دەستم، کایە شێوە گرتووەکانی سینەیان بەتاڵ دەکردمەوە. مانای شتەکان لەسینەدان، قەبارەی ژمارەکان، ڕەنگ و ڕەونەق و بەھای شتەکان، جوانیەکان، بەھەڵگرتنی ھەنگاوەکانیشەوە لەتاقە خرۆشاوەکانی سینەدان!. لەکوێی غەریبیمەوە بوو نازانم، گەردەلولێکی سەروسیما ئاڵۆز پڕ بە ژانی ژورەکەم ھەڵمەتی بردو دەلاقەکانی تەماشای تەنیم، یادگاریەکانی لەیەخەم کردەوە، بەتەنیایی خەمەکانمدا ھەڵگەڕاو ڕەشایی ڕوی خامۆشیمی لەشەو تێپەڕاند. ھاژەی داکەوتنی روخانم بەتەزوی ھۆرەیەکی کەساسیدا سەرکەوت، ووشەکانم ژانیان گرت، شیعرێک گریا! لەوسەری دڵشکاویمەوە ترسێکی بێ ناونیشان راچەنی و بە موچڕکێکی سۆفیانەدا چوو تا ئەوپەڕی سزای بێداریم، بێداری من، منی لە بەر ڕوناکی دەرکراو، منی رابردوی لێرەدا وەستاو، بەرکەناری فەرھەنگی خرۆشان، بەرکەناری مەوجی ساتە رژاوەکان منی شەختە بەستوی نێو ئەشکەوت، کاڵای توڕ دراوی کوچە تەنگەبەرەکان ، جێی ئێقی سەرخۆش و ھەڵمیزینی منداڵە لاسارەکان. ئەوە حەشری من، ئەوە سزای مردنی من. ماندوم ماندوو نازانم پشوو لەکوێی ئەم حەسرەتە ناوازەدا دەگیرێ، خۆر لە کەلی کام چاوەڕوانیمەوە ھەڵدێتەوە. من دەبێ شیوەنێکی ئەبەدی بگێڕم، شیوەن بۆ زیندە بەچاڵیی ئەنگێزە بلوریەکانی ھەڵکشان، کینگڵەکانی تەماشا، بۆ نەبینینەوەی جارێکی تری خۆم لەحزور تابلۆیەکی رۆحچنی زەیتیدا، بۆ نەبینینەوەی جارێکی تری بۆیە قۆقزیەکانی سەر پالیتەکەم بۆ لێک ترازانی خۆم و دەستم، بۆ لێک ترازانی رەنگ و ئاوێنە. ئەمە چ کۆچێکە خودایە چ کۆچێ کە دەمرم و ھێشتا ئێرە جێ ناھێڵم، گیان دەسوتێ و سەریش لەسەودای بەر لەمردن نابێتەوە. من لەزەمەنێکدا مردووم ھیچ فەلسەفەیەک پەی پێ نابات، ووزەی نوێژی ھیچ زاھیدێکی پێ ناگات. لەھەرێمێکدام کە ھەرگیز ناکەوێتە روبەری بیرو ئەندێشە، مەودای گومان و تێڕامانەوە. تا موچڕکێ مابێ بیرت دەکەم، تا خەیاڵێک ڕابێ لەلاتم. چەند جوانی کە لەتکای شیعرێکی تینودا پەیدا دەبی و بەچەند خورپەیەکی شیرین لەھەورازی نائومێدیم دەرباز دەکەیت، چەند جوانی کە دەبی بەسپێدەی ڕازو بەکۆڵانەکانی شەومدا گوزەر دەکەیت. ژیان لێرەدایە! لەنێوان پەنجەکانماندا راکشاوەو بەتاسەوە دەڕوانێتە کاسەی کایە بەتاڵەکانی ئەمڕۆ!. ژیان پەرچەڤەی خەونە رەنگاڵەییەکانی تەمەنە، حەزی ھەڵنیشتوی ئامرازەکانی زیندەگیە، گەشت و گەڕان و گەمەیە، بەزمە، ئاوێرد بوون و ڕاموسانە، شنەی مۆزیک و شیعرە، کردنەوەی باوەشی خۆزگە ئەبەدیەکانی ھەڵفڕینە کە پەنجەی خولیا جوانەکان لەسەر پەتی ھۆگریی پەیوەندیەکان و ئارەزوەکانی مانەوەی ئێمە نەخشی دەکات. کەچی خولیاکان دزراون لەئاقاری داخراوی سیاسەتە بێ سروەکاندا بان و خوار دەکەن، کەیلی کەژاوەی ساتە کوژراوەکانن!. دەبوو خولیاکان وەک سروەی کەونارایی سینەکان لەدەرەوەی باھۆزی سیاسەتەوە ھەڵیکردایە، ھەڵیکردایەو ئەفڕێنەری جوانی و ریتم و ئاوێنە بایە، دەبوو خولیاکان تۆوی سادەیی و میھرو خۆشەویستی بگرنەوەو لەقەراغ راڕەوەکاندا بیچێنن، مەزنایەتی بکەنە ناسنامە بۆ جیاوازی روخساری شار، بێباک بن لەخاڵەکانی وەرچەرخان، بڕۆن و شتەکان بەدوای خۆیاندا راکێشن، بازویان لەھەژانی باخچەکاندا دەرخەن، لەخورپەی دڵی دایکێکەوە بڕۆن بۆ پچڕانی پەتی سێدارەکان بۆ گێڕانەوەی ویژدانی جەنراڵەکان بۆ فێر کردنی گۆرانی بەسەرۆک، بۆ بە شمشاڵ کردنی لولەی تفەنگەکان، بڕۆن و چێژە داگیر کراوەکانی ژیان بدۆزنەوە، لەچەکمە ڕزیوەکانی سیاسەت دەربازیان بکەن! بڕۆن و لەشاردا یاسای تێکچونی رەوتی با بگرن، ھەرەسی حەتمی ساختومانە لوت بەرزەکان لەتوڕە بونێکی زەویدا! با لەپەلکە پوشێک بێزارە کە جێ ناگۆڕێ، با لە گەڵایەک بێزارە کە لە دارێکەوە ھەڵدەوەرێتە سەر زەوی. تەنێک کە بیەوێ چارەی خۆی ببەستێتەوە بەچارەی زەویەوە دەبێ بچێتە پێستی گردۆڵکەکان، دەماودەمیش بەدەم باوە وەک شۆڕەبی بشنێتەوە.
من لەریتمی پەرێشانی ڕەوتی شاردا کۆچی ماناو بەئامێر بوونی مرۆڤەکان دەبینم، ھەزاران ھەزار بەھرەی لەبێشکەدا خنکاو، ھەزاران ھەزار سینەی داتەکاو، ھەزاران ھەزار کۆیلەو ملکەچی سەردەم، ھەزاران ھەزار توتی ئاییندە، ئیرادەی زەوت کراو دەبینم. من لەحەقیقەتی رێکخستنی زیندەگیدا {دایک} دەبینم بەسەر چڵە پۆپەی دەسەڵاتەوە ئاماژە دەکات و پیاوانیش ھێزی جێبەجێ کاری ھەڵسوڕان! ئامێزێکی گەرم، حوکمی چرا، سۆزی سروشت و نیشتنەوەی بێ مەرجی لافاوەکانی خوێن و کەفی سیاسەت دەبینم!. تەماشاکە ئەی تریفەی تۆراوی من تەماشا، من چۆن لەگۆڕیشدا بێ ئۆقرەم، ھونەری فڕینم چەندە سەرکێشە، چەند لەگۆڕستانەوە دورە، خەونەکانم چەندە سەوزو ئاوازم چەندە بۆ ووتن دەگری؟. من لەسەر شانی ئەم شەوە قەد ئەستورە کەوتومەتە خوارەوە، پالێمی بێباکی و تۆز لێنیشتنی سەدای تەقالاکانەوە، لەدرزی قووڵی بیرچوونەوەو دوری و دابڕاویی گەردون دام! من لە بەردەم کڵاوڕۆژنەی داناییدا، لە بەردەم گەورە بوونی خەونەکاندا دەستی تەنیایی ئەژنۆی نامۆ بوونم لەباوەش دەگرێ و بەدیار ھەستانەوە راوەستاوم، بەدیار تابلۆیەکی ناچڵەوە پەڕەموچەکەم، بەدیار سەرمەوە بالیفەکەم، بەدیار ھەنگاوەکانمەوە شیرازەم، بەدیار ژەنینەوە کەمانچەکەم. من لەم سێبەری ئەم ناڵینە دوورەدا بەدوای شوێن پێی چرایەکدا دەگەڕێم کە بەر لەمردنم بەوێدا تێپەڕی، کە ئاراستەی ئەم خورپە وێڵەی لەلایەو لێم بەقینە، لەقەراغ باڵی خرۆشانمدا راوەستاوەو بارتەقای سنوری تاریکی لێمەوە دوورە! بەدوایدا دەچم و نایگەمێ. ھەر بەتەمایم بێتەوە، لەم پڕ بوونی شەوانەدا ووشەی چیرۆکەکانم بۆ بخاتەوە سەر ھێڵ، لەم دابڕانی ھات و چونەدا من و خۆم، من وپەنجەکان، من و رێگەو سات و ویستگەکان ئاشت بکاتەوە. من وێڵ گەردم، بە روخساری ھەتاوەوە بێ ئاراستەم، من وێڵگەردم و ناسرەوم، ناسرەوم و نە گەرما نە سەرما، نە تینوێتی، نە خزانی سەرەمڕی ئاە و ئەڵھا، نە ئەم شەوە قەت لەڕۆژم نابێتەوە. من بۆ بینینەوەی روخساری ئاڵی بەردەبازێ، بۆ پەڕینەوەی دیداری گەڵایەکی خزیو، بۆ بینینەوەی گردۆڵکەیەکی کڵاو قوچی پێ بناری خەونەکان، بۆ بینینەوەی نیگایەکی کەوانەیی مانگی یەکشەوە، لەشەقامی تەنگەبەری گڵۆپە شکاوەکاندا وێنەی خەمێکی شین دەکێشم و جوڵەی زەمەن دەگرم، ھاڕەی گڵۆپە شکاوەکان تا دێ بەرز تر دەبێتەوە کۆڵانەکەش تا دێ درێژ تر! منیش پەلەی چاوەڕوانیم لەدەمی ئاوا بوندایە، لەدەمی دابڕانی یەکجارەکی خۆزگەو زەمەنەکاندایە. چاوەڕێم و فرمێسکەکانم لە بەر پێمدا دەبن بەشەختە چاوەڕێم و ڕەگەکانی خوێنم دەبن بە رەگی درەخت! چاوەڕێم و ھەر چاوەڕێ و ھەر چاوەڕێ. من نازانم لەکوێوە ڕا، بەکام زمان، بەکام شرۆڤەو دەرگوزار تارمایی ئەم خامۆشیە، رەشایی ئەم تاریکیەم لە روناکیدا ئەندازەکەم، بیدەمە کامە رچەڕێی ناردن، کامە تافی توڕدانی دەرکی ژورەکەم؟ ئەم دوو ھاوکێشە کە لەمندا کۆن! لەیاسای بووندا قەت کۆ ناکرێنەوە، قەت کۆ ناکرێنەوە!!. دەنگی ئەم تاریکیە، پەڵەی ڕەشدەوارێکە، رەشدەوار، بێ رەنگ و ڕچەو بێ ناوونیشان، توخمی سڕینەوەو بار بردن، پەنای بەشەوم داوەو سەرمایەکانی ھەبوونم دەکرۆژێ، گەڵاکانم ھەڵدەوەرێنێ! رەش دەوارێ کە نە دەستێک دەگاتە چمکێکی و نە درزێکیش دەداتە ھەتاو، ھیوایەکیش لەدەرەوە پیاسە دەکات، لەھەرێمی چاوەکانی تۆدا دەژی!. دەرکەوە خۆشەویستم، ئەی سروەی خرۆشانی ڕۆژو شەو، ھێشتا تاریکیم لەروناکی تۆدا ھەناسە دەدات، لەگوناھی ئەم تکایە ببورەو لەدێڕێک شیعری رەشمدا دەرکەوە، بکەوە راسەری سەحەر بنۆڕە بەسەر چەوێڵەی تەنیاییەکانمدا، تەنیایی بەیانیان، تەنیایی ئێواران، تەنیایی ئەڵھای شەوانمدا، پەرچەمی گەوەڵە ھەورێ لادە ببارە بەسەر جمەی لاتەریکی ئەم ڕێبوارە ئاوارەدا، تونی گۆڕەکەم بەرەو ھەتاو وەرچەرخێنە لێرە زەمانێکە ھەتاو ھەڵنایە زەمانێکە ھەتاو دوا دەکەوێ. من نوتەکە شەوێک دەستی تەنیایی گرتووم و بۆ سڕینەوەم دەبات، دەمبات و بیرەوەریەکانم یەک یەک لەجانتای سەفەرەکەم ھەڵدێن، دەمبات و ماڵ ئاوایی لەگممەو رازی کۆترەکان دەکەم، ماڵ ئاوایی لەنمەو باران و تەڕ بوونی خەونەکان، لەنیگاو ژوان و پەنجەرەکان دەکەم، لەڕوناکی روخساری ژوورە نسرمەکەم، دورترین ژوری دونیا دەکەم ئەو ژورەی منی تێدا بووم، ئەو ژورەی منی تێدا مردم، ئەو ژورەی دونیای بۆ کردمەوەو دەروازەکانی لەسەر داخستم! دەمبات و سەی عەلی لەسینەمدا یارغەزاڵ دەخوێنێ!. چ خەزانێکە چ خەزانێ، چ ھەڵوەرینێکە لەشکۆفەدا، چ مردنێکە منی تێدا، چ مردنێکە بەم گەڕان و کڵپەو ئەوینەوە چ مردنێکە بەدەمی رێوە لەتافی ئەم ھەڵچونەدا. من نازانم بۆچ ئەم ئازارە ھەر لێرە نەبێ بۆچ نەبێتە ژەنگوژاری ڕزانی خاکم بۆچ لەمن جیا بێتەوە، حیکمەتی ئەم ئەنگێزە چیە لەبەشداری ئەوی تری خەمی مندا!. من دەڕۆم و ھەر دەڕۆم و ھەر دەڕۆم، دەڕۆم و بەچەند ھەنگاوێ لەولای دەستی چەپمەوە باخچەیەکم لێ وون بووە، بەچەند ھەنگاوێ لەولای دەستی راسمەوە شارێکم لێ وون بووە!!.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.