Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
عەشق وەك دەروازەیەك…..

عەشق وەك دەروازەیەك…..

Closed

   عەشق وەك دەروازەیەك بۆ ژیاندۆستى لە شیعرەكانى ڕەسوڵ یۆناندا
  (سەرتاسەرى ژیانى مرۆڤ لەسەرزەوى لەمەدا كورت دەبێتەوە، دۆزینەوەى بەشەكەى دیكە. گرنگ نیە كەوا دەنوێنێت بەدواى حیكمەتەوەیە یان بەدواى پارە یاخود دەسەڵاتە وەیە. ئەگەرمرۆڤ نەتوانێت بەشەكەى دیكەى خۆى بدۆزێتەوە، هەرچى بدۆزێتەوە كەم وكورت دەبێت )   (پاولۆ كۆیلۆ)
  (شاخەوان سدیق)

 
 هەمیشە پرسیارێك لام دووبارە دەبێتەوە، كە ئایا عەشقى ڕاستەقینە لە ژیاندا بوونى هەیە؟ یان ئەوە شیعرو ئەدەبە جوانییەكیان لە ڕێگاى زمانو خەیاڵەوە بەناوى عەشقەوە دروستكردووە. چونكە عەشق بەهەموو گەورەییەكانیەوە مەوداكانى ژیان تیایدا بەتەسك دەبنەوە، بەجۆرێك كە عاشق بوون دەبێتە قورسترین شتێك كە مرۆڤ بتوانێك مومارەسەو ئەزمونى بكات، بەداخەوە مرۆڤ هەمیشە هەموو ناشیرینیەكانى ئارەزووى بەناوى عەشقو خۆشەویستیەوە دەكات، بۆیە من هەمیشە پێم وایە ئەوە شیعروئەدەبن كە عەشقیان بە جوانى هێشتوەتەوەو نەیان هێشتوە دەستى ناشیرینیەكان پێیبگات. من بۆ خۆم كاتێك شیعرێكى جوان دەخوێنمەوە ژیانم هێندەلاجواندەبێت، كە تیایدا جوانیە شاراوەكان دەبینم، چونكە وەك بەختیارعلى دەڵىَ" شیعر ئەوەنیە بە زمانێكى جوانتر لە زمانى سادەى خەڵك ئەو شتانە بڵیتەوە كە گوتراون، بەڵكو ئەوەیە بە زمانێكى هەرگیز نەگوتراو، ئەو شتانە بڵیت كە هەرگیز نەوتراون" لێرەوە دەمەوێت كەمێك دەربارەى عیشق لە شیعرەكانى شاعیرى لاوى ئێرانى(ڕەسول یۆنان) بوەستم كە ماوەك لەمەوبەركۆمەڵێك شیعرى لە كتێبێكدا بەناوى(كۆنسێرتێك لە دۆزەخ) بڵاوكرایەوە كە لەلایان هاوڕێى وەرگێڕمان (مەریوان هەڵەبجەی)ەوە وەرگێڕابوونە سەر زمانى كوردى، هەرچەندە من نامەوێت دەربارەى هەموو تێكستەكان بدوێم، بەڵكو تەنها هەوڵ ئەدەم دنیابینى خۆم دەربارەى پۆستەرە شیعرێكى بنوسم كە بۆ من جگە لە مایەى چێژ بەخشین، جێگاى لە سەروەستانیش بوو، چونكە نوسینى ئەم پۆستەرە بەهەرمەبەستێكو بۆ هەر مەبەستێك لەلایان (ڕەسوڵ یۆنانەوە) نوسرابێت، ئەوا بۆ من گرنگو چێژ بەخش بوو، كە هۆكار بوو بۆ گۆڕینى بەشێك لە بیركردنەوەكانم، هەروەك ڕۆلان بارت یش دەڵێت " ئێمە ناتوانین بە شێوەیەكى كە بنوسین، ئەگەر بە شێوەیەكى دیكە بیر نەكەینەوە، چونكە نوسین ماناى ڕێكخستنى دنیایە.
  (ڕەسوڵ یۆنان) لەم پۆستەرە شیعرەیدا دەڵێت"
  بەڵێن بدە كەدێیت
  بەڵام هەرگیز مەیە
  ئەگەر بێیت
  هەموو شتێك تێكدەچێت
  ئیدى ناتوانم
  بەتاسەوە بەم چەشنە
  ڕابمێنمە دەریاو شەقامەكان
  من ڕاهاتووم
  بەم چاوەڕوانییە
  بەم گەڕانانە
  لە ئەسكەلەو وێستگەدا
  ئەگەر بێیت
  من چاوەڕوانى كێبم؟؟؟؟
 
 ئەم پۆستەرە شیعرە ئەگەر لە ڕوى ڕێزمانییەوە سەیرى بكەین، ئەوا بەر ڕستەیەكى درێژى سەرەكى دەكەوین كە پێكهاتووە لە بكەرێكى نادیار، بەڵام ناسراو، كە فەرمانێك لەكاتێكى دیارى نەكراودا ئەنجام دەدات، كە فرمانى(هاتنە)، بەرامبەر بە بكەرێكى دیارى ئاشنا، كە لە زەمەنێكى دیاردا فرمانێك بەردەوام ئەنجام دەدات، كە فرمانى (چاوەڕوانی)یە، لە نێوان ئەم بكەرو فەرمانەشدا تەواوكەرێك ئامادەیى هەیە كە كۆى سیاقى ڕستەكە دەگەیەنێتە بنبەست، ئەویش یارى كرنە بە چەند ووشەیەك لە نێوان (كاتو شوێن)ێكى نادیاردا بەیارمەتى چەند فرمانێكى (تێپەڕو تێنەپەڕ) كە ئەمەش لەخزمەت تەواوكردنى واتاى گشتى ڕستەكەدایە. خۆ ئەگەر لە ڕووى زمانى ئەدەبیەوە سەیریكەین ئەوا بەر جۆرێك لە شیكاركردن دەكەوین لە نێوان جێناوى یەكەم كە (عاشق)ە بەرامبەر جێناوى دووەم كە (مەعشوق)ە بەیارمەتى تەواوكەرێك كە كردارى(خۆشەویستی)ە كەواتە بەپێى ئەم تێڕوانینە لەم پۆستەرە شیعرەدا بەر ئەم جۆرە هاوكێشەیە دەكەوین:
  كەسى یەكەم_عاشق + كەسى دووەم_مەعشوق= تەواوكەرى ژیان
 كە ئەمەش یەكانگیرە لەگەڵ خۆشەویستى ئەفلاتونیداو دەچێتە خانەى ئەو بیردۆزەوەى كەدەڵێت: لە (ماتماتیكا یەكو یەك دەكاتە دوو، بەڵام لە خۆشەویستیدا یەكویەك هەر دەكاتە یەك) ئەمەش پەلكێشمان دەكات بۆ بەردەم پرسیارێك كە ڕەنگە لەگەڵ درێژ بوونەوەى ژیاندا نەوە دواى نەوە كردبێتیان، بەڵام هەمیشە بەهۆى گرنگییەكەیەوە پرسێكى زیندوو بووە، ئەویش پرسیارى (ئەشق چییە)؟؟؟ ئایا مرۆڤ بۆ ئەوەى ئاسودەبێتو بەختەوەرانە بژى پێویستە ئاشق بێت؟ یان عەشق جۆرێكە لەو یاریانەى مرۆڤ بۆ سەرقاڵ بوون لە ژیاندا خەریكییەتى، ئەى ئایا عەشق برتییە لەكردارى چێژ وەرگرتن یان كردارى بەتاڵبوونەوە. بەو واتایەى كە دەكرێت بپرسین چێژى ڕاستەقینە لە بەیەكگەیشتنى عاشقو مەعشوق دایە یان لە تامەزرۆیو چاوەڕوانیدا، كە پرسى دووەمیان لاى ڕسوڵ یۆنان زیندوترو لەپێشترە بەو تێڕوانینەى كە تامەزرۆبوون هەمیشە سەرچاوەى بەردەوامییەكانى چێژە، چاوەڕوانى هۆكارى مانەوەى یارییەكە، كە بەعەشق ناودەبرێت.
 ڕەنگە ئەم جۆرە تێڕوانیینەى ڕەسوڵ لە ئەدەبیاتى كلاسیكى ئێمەدا زۆربێتو زۆربەى ئەفسانەو چیرۆكى خۆشەویستیەكانى ئێمە پاڵەوانەكانیان بەیەك نەگەیشتوون، كەزۆرێك لەوانە لەڕێگەى شیعرەوە وتراو نوسراون، چونكە وەك (ڕۆبەر فروست) دەڵێت" شیعر مۆڵەتى ئەوەمان پێ دەدات كە شتێك بڵێین، لەكاتێكدا مەبەستمان شتێكى دیكەیە"  هەرچەندە هەندێك كەس پێى وایە گێڕانەوەى ئەو داستانانە بەشیعر دەگەڕێتەوە بۆ گونجانى جۆرێك لە مۆسیقا لە زمانى شیعردا، بەڵام ڕاستیەكەى شیعر بەتەنها مۆسیقا نییە، بەڵكو گرنگى شیعر لە دروستكردنى وێنەیى فەنتازییە لە بەرچاوى گوێگردا هەروەك( لۆرانس پیرین) دەڵێت" كاتێك گوێمان لە شیعر دەبێت ڕاستەوخۆ لەبەر ڕیتمو مۆسیقاكەى لەزەت وەردەگرین، بەڵام لەزەتە ناڕاستەوخۆكەى هى وێنەكانییەتى" هەروەك ئەوەى لەم پۆستەرە شیعرەدا ڕەسوڵ كارێكى گەورەى لەسەر وێنە كردووە لەدواى واتاى سەرەكى ووشەكانەوە، بۆئەو هەمیشە گەڕانو دوور بینین تەواوكەرى پرۆسەى عاشق بوونەكەتى كەلە هەمانكاتدا سەرچاوەى چێژەكانیشیەتى،  چونكە ئەم پرۆسەیە لاى (ڕەسوڵ یۆنان) بەرەو جۆرێك لەیاریكردن لەگەڵ كاتدا دەڕواتو كردارى چاوەڕوانى بۆى دەبێتە سەرەكى ترین كارێك كە دەبێت ڕۆژانە ئەنجامى بدات، وەك دەڵێت"
 بەڵێن بدە كەدێیت
  بەڵام هەرگیز مەیە"
 بەدیوێكى تریشدا لەم دنیابینیەى شاعیردا بەشێك لە خۆپەرستىو بۆ خۆژیان هەیە، ئەویش بەبیركردنەوە لە چێژوەرگرتن بۆخودو فەرامۆشكردنى ئەویتر، چونكە بەلاى شاعیرەوە نەهاتنى ئەو پرۆسەى چێژوەرگرتن بۆ ئەم زیاتر دەكات، بەڵام بەهاتنى كۆتایى بەهەموو یارییەكە دێت كە ئیتركۆتایى پرۆسەى چێژوەرگرتنە لاى شاعیر بەبێبیركردنەوە لە حەزو تایبەتمەندییەكانى ئەویتر كە بۆ شاعیر مەعشوقە.  
  ئەگەر بێیت
  هەموو شتێك تێكدەچێت
 ئیدى ناتوانم
  بەتاسەوە بەم چەشنە
  ڕابمێنمە دەریاو شەقامەكان
  ئەگەر سەیر بكەین لەم چەند دێڕەدا شاعیر زۆر وەستیانە هەموو نەفەسەكانى خۆشەویستى خۆى بەرامبەر بە ئەویترەكەى ڕادەگەنێن، كە لەپێناو تێكنەچوونى ئەو خەونانەیدا كە هەمیشە بە دەریاو شەقامو شتى ترەوە بینیوێتى،
  من ڕاهاتووم
  بەم چاوەڕوانییە
  بەم گەڕانانە
  لە ئەسكەلەو وێستگەدا
  ئەگەر بێیت
  من چاوەڕوانى كێبم؟؟؟؟
 هەر بۆیە لەم چەند دێڕەدا شاعیر زۆر بەسادەى ئالودەبوونى خۆى بە چاوەڕوانییەوە بەیاندەكات، كە ڕەنگە جۆرێك لەم چاوەڕوانییە لە واقیعى كەسایەتى خودى ڕەسوڵ یۆناندا هەبێت. كە هێزى نوسینەوەى ئەم شیعرەى داوەتآ تا خەونەكانى پێڕیكبخات، چونكە لاى (فرۆید) شاعیرى ڕاستەقینە "كەسێكە كە هەمیشە دەزانێت چۆن خەونو خەیاڵاتەكانى دەكاتە بەرهەمى هونەرى، یان حەقیقەتێكى هەستپێكراو. ئەگەر بە دیوێكى تردا سەیرى بیرۆكەو بابەتى ئەم پۆستەرە شیعرە بكەین، ئەوا بەر جۆرێك لە خۆشەویستى (ئەفلاتون) نیانە دەكەوین لەو ڕوانگەیەوە كە لاى ئەم عاشقە جەستە هیچ گرنگییەكى نییەو تەنها دەیەوێت لەو دییو سنورەكانى لەشەوە كە ڕۆحە ئەم مەعشووقەى خۆش بوێت، بۆیە شاعیر دەزانێت هەموو هاتنو یەكتر بینینێكى نێوان دوو خۆشەویست بەریەك كەوتنو لەمس لە نێوانیاندا دروست دەبێت، كەبەلاى (ڕسوڵ یۆنان)ەوە مردنى ڕۆحى خۆشەویستیەكەیانە، چونكە لە بیركردنەوەو هزرو تێگەیشتنى ڕەسوڵدا وەك خود بوونى مەوجودێكى بەرجەستە لە پێكگەیشتنو بەتاڵ بوونەوەدا نییە، بەهێندەى ئەوەى لاى ئەو وێناكردنى وێنەیەك لە خەیاڵدانى دا دەبێتە سەچاوەى سەرەكى گشت چێژەكانى هەروەك (ئەحمەدى شاملۆ) لە شیعرێكى دا دەڵێت" لەودیو سنورەكانى لەشتەوە خۆشم دەوێیت لەو جێگا دوورە دەستانەى كە دەستى ئینسان نایانگاتێ) هەر چەندە بەلاى زۆربەى دەرونناسانەوە كردارى بەریەك كەوتنى جەستە لە نێوان دوو ڕەگەزى جیاوازدا هۆكارە بۆ بوونى خۆشەویستىو مانەوەى، بەڵام لە گۆشەنیگاى عاریفەكانى عەشقەوە كردارى بەریەك كەوتن، سەرەتاى بەتاڵ بوونەوەى جوانییەكانى ڕۆحى ئینسانە، بۆیە (پاولۆ كۆیلۆ) پێى وایە " عەشق دابەشكردنى جیهانە لە نێوان خۆتو ئەویترا" بەم تێڕوانینەشەوە عەشق دەبێتە باوەشكردن بەژیان وجوانیەكانیەكانیداو بینینى هەموو ئەوشتانەیە كەڕەنگە مرۆڤى ئاساى نەیان بینىَ، چونكە عاشق بوون واتە نزیك بوونەوەلەخودا ئەوەى لەخۆشەویستى و عەشقا سەركەوتوبێت خودابەختەوەرى ئەكات، چونكەخوداخۆى عەشقە.
 
 Shaxi83@yahoo.com             
 
  
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.