Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
غەریب دوورتر دەکەوێتەوە

غەریب دوورتر دەکەوێتەوە

Closed
by May 31, 2012 ئەدەب

 

غەریب لە کەناری دەریایەکدا دانیشتووە
لە چاونوقانێکدا ، هەموو رابردووی دێتەوە پێش چاوی
هەر لە یەکەمین یارەوە
بۆ یەکەمین ماچ و هاوڕێ و نیشتمان و خودا
یەك یەك هەموو ژمارە یەکەکان
بە نیوە کراسێکی سوورەوە لە تەکیەوە دانیشتبوون
ماچ بۆنی خیانەتی لێدەهات
کۆمەڵ لێوانلێو لە درۆ
هاوڕێ بۆنی قازانج و بەرژەوەندی
نیشتمان بۆنی پارە
خوداش بۆنی مزگەوتی لێدەهات
کاتێ غەریب لە ئاوێنەی ئاوی دەریادا
تەماشای روخساری خۆی دەکات
دوو دڵی دایدەگرێت :  ئەوە …  ئەو نییە ؟
دەکەوێتە سەر پشت و لەودیو هەورە سپیەکانەوە
چاو بۆ خودایەك دەگێڕێت بۆنی مزگەوتی لێ نەیەت
بۆ کۆمەڵگەیەکی ئینسانی
بۆ هاورێیەکی هاوڕێ
بۆ ماچێك پڕ بێت لە لەززەت و چێژ  و بۆنی خۆشەویستی
غەریب وردە وردە خۆی رووت دەکاتەوە
 ئاوە ساردەکە تەزوویەکی خۆشی پێدەبەخشێت
غریب مەلەوانە
لە ناو دەریادا مەلە دەکات
سواری بەلەمی شەپۆلی هاروهاج دەبێت
هێدی هێدی دوورتر دەکەوێتەوە
تا دەبێتە سەراب و وەك خۆری مەغریبان ئاوا دەبێت
 هەر دوورتر و دوورتر دەکەوێتەوە
لە ماچ و هاوڕێ و کۆمەڵ و خودا و نیشتمان و
هەموو ئەو ژمارە یەکانەی بوونە بە دوو

       
سەلام محەمەد

  سوید  _ ڤێستەرۆس  ٣٠ / ٠٥ / ٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.