Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
فرمێسکه‌کان روانینه‌کان روونتر ده‌که‌ن

فرمێسکه‌کان روانینه‌کان روونتر ده‌که‌ن

Closed
by August 18, 2010 ئەدەب

 

فرمێسکه‌کان روانینه‌کان روونتر ده‌که‌ن
هۆشه‌نگ شێخمحه‌مه‌د

دوای بینینی فلیمی (خۆشه‌ویستی له‌ زه‌مه‌نی کۆلێرادا) ، که‌ کارئه‌کته‌ره‌که (53) ساڵ چاوه‌رێی ئه‌و رۆژه‌ی کرد بگاته‌ خۆشه‌ویسته‌که‌ی. ئه‌وه‌م به‌ خه‌یاڵدا هات:(ئیدی بۆ هه‌ر که‌سێک گرنگ نیه‌ چاوه‌ڕێی کێ ده‌کات و چه‌ند چاوه‌ڕێ ده‌کات.. به‌ڵام گرینگه‌ ئیڕاده‌ی ئه‌و چاوه‌ڕێکردنه‌ی هه‌بێت، بۆ که‌س نا.. بۆ به‌خته‌وه‌ری خۆی!)
 
نامه‌یه‌ک له‌ (فلۆرینتینۆ ئه‌ریسا) بۆ (فێرمینا)


فێرمینای ئه‌زیز!
هه‌موو که‌سێک پێویستی به‌ فانتازیایه‌ک هه‌یه‌.. بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی ئازاره‌کانی ژیانی پێ بگرێت.. فانتازیای عه‌شقێک.. که‌سێکی تایبه‌ت.. شتێک که‌ روحی ئازاد ده‌کات له‌ ده‌ست ئازار و بێهووده‌یی و بێزاریدا.
زۆر به‌ ساده‌یی تۆ فانتازیای منیت.. مه‌رج نیه‌ قه‌ت پێت بگه‌م.. مه‌رج نیه‌ قه‌ت تۆی فانتازیا بگرم و له‌ واقیعدا .. بتبینمه‌وه‌. به‌ڵام من هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ خاوه‌نی تۆم له‌ روحی خۆمدا.به‌و فانتازیایه‌ نه‌بێت ناتوانم بچمه‌وه‌ نێو جه‌سته‌م و ببمه‌وه‌ کۆرپه‌له‌یه‌کی ساوا و به‌خته‌وه‌ر و روو به‌خه‌نده‌..
ئه‌رکم به‌رامبه‌ر خۆم ئه‌وه‌یه‌ خه‌یاڵه‌کانم سنوری واقیع و هونه‌ری خۆشم ببه‌زێنيت.. ئه‌گه‌ر نا، من ناتوانم به‌و سه‌ختیانه‌ی ژیانه‌وه‌ بژیم.. بێ ئه‌و فانتازیایه‌ ناگه‌مه‌وه‌ خانه‌کانی له‌ش و یان هه‌تا ئازاره‌کانی خۆشم)
بوونه‌وه‌ربوونی ئێمه‌ خه‌تای که‌س نیه‌.. نه‌ باپیر و نه‌ داپیر.. من ستاییشی باوکم ده‌که‌م که‌ منی خسته‌ سکی دایکمه‌وه‌… هه‌ر چ نه‌بێت.. من له‌ززه‌تی خه‌ونبینێنێکم هه‌یه‌ له‌و ژیانه‌دا.. تامی فانتازیایه‌ک ده‌ڕژێته‌ جه‌سته‌م.
ده‌زانم ئه‌مه‌یان به‌س نیه‌ بۆ ستاییش و خۆشحاڵبونی گیانێک ده‌یوێت له‌گه‌ڵ جه‌سته‌یه‌کی دیکه‌ خۆی ته‌واو بکات، به‌ڵام ئه‌و گیانه‌ ئه‌وه‌‌نده‌ی به‌سه‌ که‌ جوانی و شۆخییه‌کانی ئه‌و که‌سه‌ی دی بیکه‌نه‌ بوونه‌وه‌رێک بتوانێ خه‌ون ببینێت، به‌ فڕین و گه‌ڕان له‌ خۆشییه‌ک که‌ ره‌نگه‌ له‌ دوا هه‌ناسه‌ی مرۆڤدا به‌دی بێت..
من به‌وه‌ دڵخۆشم هه‌ر چ نه‌بێت ده‌زانم ده‌گریم.. فرمێسک ده‌رێژم و توڕه‌م.. نه‌فره‌ت له‌ خۆم و ژیان و هه‌بوون ده‌که‌م… دڵخۆشم چونکه‌ دیاره‌ هێشتا مه‌راقێک هه‌یه‌ بۆ جوانی.. بۆ عه‌شق و بۆ به‌خته‌وه‌ری.
تا دڵ هه‌ست ده‌کات و حه‌زی فڕین له‌ نێویدا هه‌یه‌، تا جه‌سته‌ ده‌توانێت بگرێیت و خۆی له‌ نێو نووستندا به‌خته‌وه‌ر بکات.. تا ئه‌و کاته‌ی هه‌ر هه‌موو ئازاره‌کانی گیانیش رێ له‌ نامه‌ نووسین ناگرن.. تا ئه‌م ده‌مه‌ی روح ده‌توانێت ره‌نگه‌کان له‌ نامه‌یه‌کدا ببینێت.. تا دڵێکی ئاوا لێده‌دات.. ئه‌وا ژیانیش به‌ خوڕ ده‌رژێته‌ گیانه‌کان..
رژانێک که‌ فانتازیا خه‌لق ده‌کات.. فانتازیاش ژیانێکی دیکه‌ که‌ نزیکه‌ له‌ خواسته‌کانی دڵێکی شاعیر و هونه‌رمه‌ند…
پێویستمان به‌ هونه‌ره‌، به‌ شیعر و ده‌نگ و موزیک و سه‌ما و ره‌سم کردن، بێ هونه‌ر فانتازیاکان له‌ کوێ خۆیان به‌رجه‌سته‌ بکه‌ن؟ چۆن ده‌توانین فانتازیاکانمان درێژه‌ پێ بده‌ین ئه‌گه‌ر شاعیرانه‌ ته‌ماشای خۆمان و ئه‌و هه‌بوونه‌ نه‌که‌ین.. پێویسته‌ روح سه‌رچاوه‌ی هونه‌ر و شیعر بێت.. بێ ئه‌وان دواتر گیان وشک ده‌بێته‌وه‌.. من به‌خته‌وه‌رم، گیانم ته‌ڕو سه‌رچاوه‌ی شعر و نوسینم فانتازیایه‌که‌ نه‌وه‌ک 53 ساڵ ، به‌ڵکو تا دوا هه‌ناسه‌ وام لێده‌که‌ن نه‌ک هه‌ر بژیم.. به‌ڵکو ئاشقانه‌ و شاعیرانه‌ به‌ نێو فانتازیاکانمدا وه‌ربم…..
ئیدی تۆ له‌ ماڵی باخۆس بمێنیت یان نا.. تازه‌ تۆ فانتازیایت و ته‌نانه‌ت ئه‌و ماڵه‌ش له‌سه‌ری دنیا بۆ بنی دنیا له‌گه‌ڵ خۆتدا دێنی و ده‌به‌یت.. ماڵێک که‌ له‌سه‌ر ده‌ریا و له‌سه‌ر به‌فر و لم و ئاو و ئاگریش ده‌توانێت به‌ پێوه‌ بوه‌ستێت…
که‌سێک نا.. من نا، با به‌خته‌وه‌ریت ، فانتازیا بێت. با قه‌ت نه‌یگریت،، به‌ڵام به‌دوایدا بگه‌ڕێ، تا له‌ چاوی ، که‌سێک، یان ئاوازی گۆرانییه‌ک، سه‌مای بالنده‌یه‌ک، نزای خوایه‌ک، ده‌نگی مه‌خلوقێک، چرپه‌ی گه‌ڵایه‌ک و روناکییه‌کدا، له‌ نێو خۆتدا ده‌یبینیه‌وه‌،
تۆ پێویستت به‌ ناسینی زیاتری من نیه‌، تۆ پێویستیت به‌ ناسینی زیاتری خۆته‌.
تۆ پێویستیت به‌ قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتره‌ بۆ گیانی خۆت، وه‌ک سۆفییه‌ براده‌ره‌کانت، که‌ له‌ نێو خۆیاندا درکیان به‌ خودا کرد، نه‌وه‌ک له‌ نێو خوادا.
من له‌ده‌ره‌وه‌ی تۆدا ده‌كرێت هه‌ر شتێک بم، تۆش له‌ده‌ره‌وه‌ی مندا ده‌کرێ ‌هه‌ر شتێک بیت، هه‌ر شتێک که‌ بایه‌خێکی هه‌بێت یان نه‌بێت. وه‌لێ ئه‌وه‌ی له‌ نێو تۆدا ده‌ژیێت ئه‌و ده‌بێته‌ وێنه‌ی هه‌قیقی من و ئه‌وانه‌ی دی سه‌راب، ئه‌و ده‌بێته‌ فانتازیا و ئه‌وانی دی سێبه‌ر.
تۆ پتویستیت به‌ گیانی خۆته‌. به‌ جه‌سته‌ی خۆت و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ روحییه‌کانی خۆت. تا خوای خۆت ، هه‌قیقه‌تی خۆت له‌و هه‌بوونه‌دا بدۆزیه‌وه‌. تا نه‌دۆزینه‌وه‌ی گیانی خۆت، ناتوانیت نه‌ من و نه‌ خودا و نه‌ هه‌قیقه‌ت و نه‌ فانتازیا بناسیت، بۆیه‌ بگه‌ڕێ ، به‌ گریان، به‌ فرمێسک، به‌ نوستن، به‌ دابڕان له‌ من. له‌ دنیا، له‌ واقیعی خۆتدا، به‌ ته‌نیا به‌ نێو خۆتدا بگه‌ڕێ تا ده‌بیه‌وه‌ کۆرپه‌له‌ له‌ سکی دایکتدا و ببینه‌ که‌ باوکت چۆن ده‌ست به‌ سه‌ر سکی دایکتدا دێنێت و ختووکه‌ ده‌رژێته‌ جه‌سته‌ت.
گیانه‌ راڕاکان پێویستیان به‌ گه‌ڕانه‌، تا به‌سه‌ر هه‌قیقه‌ت و فانتازیای خۆیاندا ده‌که‌ون.
سۆفییه‌کان خودایان نه‌دیت، به‌ڵام جوانترین وێنه‌ی خودا و هه‌قیقه‌ت له‌ روحیاندا بۆ خودا جێگیربوو، پێویستیمان به‌ خودای سۆفییه‌کان نیه‌، به‌ڵام بێ ئه‌و گیانه‌، ژیان وه‌ک فانتازیا و بێ حه‌قیقه‌ت به‌رده‌وام نابێت.
سۆفیانه‌ ته‌ماشای خۆت بکه‌، تا له‌وێ به‌ره‌و هه‌قیقه‌تی من و هه‌موو شته‌کان بچیت.. که‌ من و هه‌موو شته‌کان له‌ نێو گیانی تۆداین، له‌وێدا وێنه‌ی هه‌قیقی من و هه‌قیقه‌ت خۆیشی هه‌یه‌. که‌ ته‌نیا چاوانی تۆ ده‌توانێت بیانبینێت.
بۆیه‌ چاوه‌کانت به‌ فرمێسکه‌که‌کانی خۆت بشۆ، دڵخۆشم که‌ بتوانی بگری، چونکه‌ فرمێسکه‌کان روانینه‌کان روونتر ده‌که‌ن!
 
فلۆرینتینۆ ئه‌ریسا
 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.