Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
فەیسبووک و گومان…. حسێن ئحمەد

فەیسبووک و گومان…. حسێن ئحمەد

Closed
by September 11, 2013 گشتی

 

 

 

 

کێشەیەک کە لەم رۆژانەدا دەرگیری بووین، ڕووبەڕوو بوونەوەی دۆخێکە، کە تێدا تاکێک لە فەیسبووکدا چوار تا پێنج هەزار فرێندی نەناسراوی هەیە. پێنج هەزار پەیوەندی نە ناسراو بە توندی دەمانبەستێت بە ئایدییایەکەوە کەڕگ و ڕیشەکەی لەناو گوماندایە. گومان لە پێنج هەزار روخساری نەبینراو، گومان لە پێنج هەزار دەنگی نەبیستراو، گومان لە پێنج هەزار  شکڵی عەقڵیی کەپارچەی لێبووەوەی چینێک لە چینەکانی کۆمەڵگاو، باڵێک لە باڵە سیاسییەکانی کوردستان  و هەڵگر و پەیڕەوکاری جۆرێک لە ئایدۆلۆژیای دیاریکراون لە دونیادا. مامەلەکردن لەگەڵ ئەمکیشەدا زیاتر لە دیوێک و زیاتر لە داڤێکی هەیە بۆ هەڵگرتنی پێناسە و تەفسیرەکان لەناوەوەی خۆیدا. ئەم کیشەیە لەوە ترازاوە حاڵەت بێت، بەڵکو دەرکەوتەیەکی کۆمەلایەتیی رووت و قووتە کە جڵەوگیری لە ئاستانەیدا سانا نییە. سەرەتا بۆ ئەوەی لەم قەزییە کۆمەلایەتییە تێبگەین پێویستە لە میدیا کۆمەلایەتیی و پۆپیولێرەکان تێبگەین.  بەوەدا لە ئیستا و ئێرەدا، میدیاکان زمانحاڵی ئێمە و ئێمە زمانحاڵی میدییا کۆمەلایەتییەکانین. ئێمە هەیەن، چونکە میدیا هەیە و کەشفێکی سەراسەرییمان بۆدەکات لە کایە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووریی و نەتەوەییەکاندا. هاوکات میدیا هەیە، چوونکە ئێمە هەین و ئێنێرجییە فیکریی و فیزیکییەکانی خۆمانی تێدا ڕۆژانە مەسرەف دەکەین و زیندوێتییەکی ئێجگار زۆر بەو تۆڕانەی هەڵگری شوناسە کۆمەڵایەتییەکانن دەبەخشین. تاکو ئێستا کە لە ناواخنی تۆڕێکداین هەڵگری ئێمە و پەیوەندیی و کۆنتاکتەکانی ئێمەیە بە دەرەوەی خۆمانەوە کیشە نییە، بەڵکوو کێشە لەو جێگایەوە درووست دەبێت کە بەروورووی دەموجاوێکی دیاریی کراو نابینەوە، بەقەد ئەوەی بەرەو ڕووی سێبەرێک و تەمێک دەبینەوە کە هەڵگری هیچ مەفهوومێکی شەفاف نین بۆ ئێمە. تۆڕی کۆمەلایەتی فەیسبووک وەک میدیایەکی جالاک و جیهانیی، تەنها شوێنە کە بەشداربووەکانی خۆی دەباتە قیممە و دەیانهێنێتە خوارەوە، تەنها شوێنە کە توانای ئەو گەمە سایکۆلۆژییە ئینسانییەی هەیە لە رێیەوە ئەندامانی فەیسبووک ناچار بە پەتەکانی گەردن و قووڕگی خۆیان بکات. فایسبووک کە درووست دەکرێت، دەرەنجامێکی کوشندەی نێوانی تەماسیی ئینسان و ئینسانە. لە ئەوروپای ئێستادا، فەیسبووک تەنها شوێنە ئەو دەرگایە بۆ تاک دەکاتەوە غەریزەکانی خۆی بە هەموو ماناکانییەوە مومارەسە بکات، یاخوود بە دیوێکی تردا فایسبووک ئەو شانسە ئەفسانەیی و ئەو عەسا سیحرییە بە مرۆڤ دەبەخشێت  کە لە ڕێگەیەوە جیهانێکی خەیاڵیی بۆ خۆی درووست بکات. لەم جیهانەدا کەتاک لە فەیسبووکی داوا دەکات، پەیوەندییەکان پەیوەندیی پۆزەتیڤ و باوەڕپێکراوون، مرۆڤەکان کۆمەڵێک دەست بە کۆمەلێک پرۆژەدا دەبەنەوە ژوورەوە کە هەموومان وەلائمان هەیە بۆی، زانست تێیدا دەروازەیەکە بۆ ڕاسیۆنالیزەکردنی هەموو ئەوەی بە جۆرێک بیر دەکاتەوە. لە ئاخیرین خاڵدا مرۆڤەکان بە سەلیمەیەکی نەفسییەوە یەکتریان خۆش دەوێت. ئەم جیهانە ئیدیالەی تاکی فەیسبووکی داوای دەکات، رەگێکی دوور و درێژی لە مێژوودا هەیە، مێژووی ئینسان ئەگەر بچینە ناوییەوە لێوانی ئەم خەیاڵ و خەون و پرۆژە ئیدیالانەیە بۆ مرۆڤ. بەلام کێشەکە لەوەدایە کە جێگایەک هەیە ئەم خەونە ئیدیالانەی تاکیی فەیسبووکی فانییەکات. لە چرکەیەکدا جاوێک هەیە کە دەیکەینەوە دەمانپەشۆکێنێت. دەبینین فەیسبووک نەک بە تەنها دونیایەکی ئیدیال بۆ ئەم هەموو پانابەرانەی خودا نییە، بەڵکوو جێگایەکە هەموو ئومێدەکانی تاک تەریق دەکاتەوە. هەموو ئەو بەشانەی جەستەی بەدوای چێژێکی چرکەساتییەوەن دەئێشێنێت. ئەگەر ئێمە داوامان لە فەیسبووک پۆپیلاریزەکردنی خۆمان بێت، ئەوە فەیسبووک نەک هەر ئەم کارەی پێناکرێت، بەڵکوو دەستێکی ئەفسانەییە بۆ ناساندنی ئینسان بەو شوێنانەی کە جێگای خۆی نییە. لە فەیسبووک ئینسان لە حەجمێکدا دەژی، ئەمەندە بچووکە بەخەونیش بیبینیت زارەترەک دەبیت. لە فەسبووک هەموو مرۆڤایەتی بە هەموو فۆرمەکانییەوە مومارەسەی ئەو قارەمانەی ناو هەناویی دەکات کە هەلی شمشێروەشاندنی بۆ نەهاتۆتە پێش. 

دواجار قارەمانەکان قارەمانی مردوون. لە شوێنێکیشدا هەموو مرۆڤایەتی قارەمانبێت ئیعجابی ئێمە بۆ جەوهەریی قارەمانێتی تەواو دەبێت. ئیعجابی ئێمە بۆ ئەو دەستانەی بۆ هونەرەوە دونیا ڕزگار دەکەن ئومێدێکی پووچە. لە دواجاردا ئەم قارەمانە ئەفسانەییانەی لە فەیسبووکدا ڕۆژانە درووست دەبن و دێنە ناومانەوە، قارەمانی نە ناسراوون، قارەمانن بەبێ ناسینی فیکر و ئایدۆلۆژیاکانیان، بە بێ ئەوەی بزانین دەربارەی ئەوەی دەمانەوێت بیکەین کۆکن یان نا. دەبن بە دوشمنمان لەجێگایەکدا کە نوسینێک، یاخوود هەڵوێستێکی جیاواز لەوامنمان دەبێت، یان لەهەر فۆرمێکی فیکریدا بە دۆستی ئەبەدییمان دەمێننەوە. ئەم قارەمانانە جاسووسی نێردراوی قارەمانەکانی تر؟ یاخوود پلەگۆشتێکی غەزەبلێگیراوون خوا دەیانکەت بە بەرد؟ 

 

حسێن ئحمەد ـ فرانس


Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.