Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
قایمقامێکی مۆدێرن، قایمقامێکی فیوداڵ !

قایمقامێکی مۆدێرن، قایمقامێکی فیوداڵ !

Closed
by March 5, 2013 گشتی

 

 

ئەم کچە بەڕێزەی کە بەندە لەگەڵی دانیشوتم، ئەو قایمقامە مۆدێرن و خۆ نەویستەیە کە هەموو ڕۆژێکی شەممە لە کتێبخانەی گشی شارەکە بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر و ٣٠ خولەک لە کاتی پشوی خۆی تەرخان دەکات بۆ وەڵامدانەوەی خەڵک و ڕاییکردنی ئیشوکارەکانی خەڵک.  ئەم دەڵێت، ئیشەکانم زۆرن، ڕەنگە فریاییان نەکەوم، منیش هەڵبژێردراوم، پەیمانم داوە بە خەڵکی شارەکەم کە خزمەتیان بکەم، بۆیە دەبێت ڕێز لە پەیمانی خۆم بگرم، ڕێز لە خەڵکی شارەکەم بگرم و دەربەستیان بێم و بە تەنگیانەوە بێم، لەوانەیە لە کاتی پێویستدا نەتوانم کە لە دەوامی ڕەسمی خۆمدا وەڵامیان بدەمەوە و کارەکانیان بۆ مەیسەربکەم، بۆیە هەموو ڕۆژی شەممانێک کە پشوی تایبەتی خۆمە ماوەیەک تەرخان دەکەم بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو ئەو خەڵکە بەڕێزە بدەمەوە. 

ئەم خانمە کە دەچیت بۆ لای لەبەرت هەڵدەسێت و تەوقەت لەگەڵ دەکات و بە وردی گوێت لێدەگرێت، کە تەواو دەبیت جارێکی تر لەبەرت هەڵدەسێت و تەوقەت لەگەڵ دەکات. بە بێ ئەوەی جیاوازی بکات لە نێوان منێک کە لە ئەسلدا نەرویجی نییم و، کەسێک کە لە ئەسڵدا نەرویجیە، بە پێچەوانەوە زۆر جار زیاتر بۆ ئێمەومانان قسەدەکات و ڕوونکردنەوەمان دەداتێ لەسەر یاسا و رێساکان، لێرە  مافی مرۆڤ ئاوا دەپارێزرێت و  بەم جۆرە ڕێز و شکۆمەندی خەڵک ڕادەگیرێت.

لە مەڕ خۆشامان( لە کوردستان) لە ژێر ساییەی حوکمی پارتی و یەکێتیدا، قایمقامی وەک ئەوەی چەمچەماڵمان هەیە کە بەشەق و بۆکس سەروچاوی پزیشکەکانمان دەشكێنن، یان وەک کوڕکەی مەلا بەختیار کە چۆن لەسەر نەخۆشەیەکەی دایکی پەلاماری پزیشکەکانی دا و سوکایەتی پێکردن، یان وەک کوڕەکەی عیماد ئەحمەد کە چۆن پەلاماری مەفرزەکانی مروری دا و سوکایەتی پێکردن، یان وەک هەرەشەکانی فازیل میرانی و مەحموود سەنگاوی لە خەڵکی سڤیل و ڕۆژنامە نووسەکان.

ئەمە کارەساتی کولتوورێکی فیوداڵیانەی ڕزیوی بەسەرچووە ئەم توندووتیژیانەی کە دەرهەق بە خەڵک دەکرێت، هەر ئەم توندووتیژیانەیە کە کوردستانی کردوە بە وڵاتی ژن کوژ، ساڵانە بە سەدان ژن دەربدەر دەکرێن سوکایەتیان پێدەکرێت و بریندار دەکرێن ودەکوژرێن. هەر هەم توندووتیژییەیە کە جیاوزایەکان قبوڵناکرێن و پەلاماری بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی و گۆران دەدرێت و بە ئاشکرا دەسوتێنرێن.  هەر ئەم توندووتیژییانەیە کە خێل کۆدەکاتەوە بۆ دژایەتی یاساو ڕێساکانی دادگاکانی کوردستان لە کاتی دادگاییکردنی سالە موزەلەی و ئازاد حەمە ساڵحی قایمقامی کوچکردوی سلێمانی و هەرشەکردن لە کەناڵی تەلەفزوێنی نالیا لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵێک و جوێندانی کەسێک لەو کەناڵەوە بە بارزانی و چەندین جۆری تر لە هەرەشەو گوڕەشە. 

ئەمانە جگە لەوەی جێگەی ڕەخنەیە و کارەساتبار و تاوانە، کارەسات و تاوانەکە و ترسناکییان لە خودی خۆیدا نییە بە تەنیا، بەڵکو لەوەدایە کە دەسەڵاتێکی سیاسی خۆی بەرهەمهێنەری ئەم کولتوورەیە، یان بە زیندوڕاگرتن و پەرەپێدانی ئەم کولتوورەیە. لە هەرچ شوێنێکی دنیادا، لە هەرچ وڵاتێکدا توندووتیژی بوو بە خەسەڵەتی دەسەڵات و حوکمڕانەکان ئیتر ئەو خەسڵەتە بە دەیان جۆر و شێواز خۆی دەنوێنێت لە ناو خەڵکدا و خۆی زیندودەکاتەوە.

کاتێک دەسەڵاتی سیاسی دەبێت بە سەرچاوەی توندووتیژیەکان، ئیتر هەموو بەها مرۆییەکان، هەموو شارستانیەت، هەموو یاسا وڕێسا ئینسانیەکان، هەموو هەوڵەکان بۆ فەراهەمکردنی مافی مرۆڤ و ئازادییە گشتیەکان و ئازادی تاک و هەموو ئازادیەکانی تر دەکەونە ژێر هەڕەشەوە، شتێک نامێنێت کە جێگەی دڵخۆشیبیت لەو کۆمەڵگایەدا، ئەم توندووتیژیانەی دەسەڵات بەرهەمهێنەروەی عەقڵیەتێکی زۆر ترسناکە و کارەساتی کۆمەڵایەتی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە، هەر ئەم عەقڵیەتەیە کە بووە بە سەرچاوەی پەلاماردان و هێرشکردن و خۆڕاوەشاندنی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا و خێڵەکان و تیرەکان لەسەر ئاساییترن دەمەقالەو و کێشە، کە ڕەنگە زۆر بە ئاسانی و بێ سەریەشە ئەو کێشانە لە دادگادا ولای پۆلیس چارەسەربکرێت. ئەم توندووتیژیانە بوونەتە هۆکارێک کە خەڵکی بە چاوێکی سوک و شەرمەوە سەیری دادگاکان و یاسا و پۆلیس دەکەن، لە کاتێکدا داگاکان و یاسا مەدەنیەکان و پۆلیسی مەدەنی نیشانەی مەدەنیەتی کۆمەڵگان. ئاخر کەم نیین ئەو تاوانبار و سەرۆک جاشە ئەنفالچییانەی کە لە پەنای ئەم دەسەڵاتەدا بەو پەری ژیانێکی خۆشەوە دەژین و دەشپارێزرین لە چوونە بەردەم دادگاکانی باڵای تاوانی عێراقی کە بەفەرمی داوایکردن و تۆمەتبارن.

ئەم هەڕشەکردنە بە تەلەفوون بووە بە باو لە ناو خەڵکی گشتییدا، هەڕشەکردن بە کوشتن لە خەڵک هێندە ئاساییبوەتەوە لای خەڵک کە هەرکەسێک خاوەنی هەرشە نەبێت بە کەسی ترسنۆک و لاواز دادەنرێت. هەرکەسێک خزمخزمێنە و کەسایەتی نەکات و خەڵکی بەدەورەوە نەبێت دەبێت بە پۆڕی خوراو لە ناو ئەو کۆمەڵگایەدا، کەچی ئەم دەسەڵاتە ئەمە بە بێ ڕێزیی و بێ حورمەتی دانانێت بۆ خۆی، بەڵام لەسەر نووسینێک یان ڕەخنەیەک یان جنێوێک ئەسمان دە‌هێننە خوارەوە و بەو پەڕی سوکایەتی و هەڕەشەی دادەنێت بۆ خۆی و بۆ دەسەڵاتەکەی. لە کاتێکدا دادگاکان و پۆلیس و یاسا و ریساکان و پاراستنییان و دانانی حورمەت بۆیان و تەماشاکردنیان وەک بوارێکی مەدەنی بۆ پاراستنی سەروسامانی خەڵکی نیشانەی مەدەنیەتی و دروستی حکومەت و حوکمڕانییە. کەچی لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا ئێستاش سکاڵا تۆمارکردن بە سوکایەتی دادەنرێت.  ئەوەتا ئەم قایمقامە لە جیاتی ئەوەی خەجاڵەتیبکێشێت و تەریقبێتەو، لە جیاتی ئەوەی داوای لێبوردنبکات، لە جیاتی ئەوەی ئاساییبیت لای کە پزیشکە لیدراەوکە سکاڵای لەسەر تۆماربکات، کەچی کەسە نزیکەکانی بە چوار ژمارەی جیاواز هەڕشە لەو رۆژنامە نووسە دەکەن کە گرتە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکردوەتەوە، کە چۆن قایمقام لە پزیشکەکەی داوە، کە ئەوە کارێکی سروشتی رۆژنامە نووسە، کە لەسەر هەموو مەسەلەیەک زانیاری بدات بە خەڵک.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج

٥/٣/٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.