قه‌سابخانه‌که‌ی سلێمانی و ده‌سه‌ڵاتداران وچاکسازیخوازان
ڕۆژی 17 /2 که ڕۆژی دانانی قه‌سابخانه‌که‌ی سلێمانییه ، ڕۆژی وه‌رچه‌رخانێکی نوێیه له نێوان ده‌سه‌ڵاتداران و چاکسازیخوازه‌کاندا . پارتی وه‌کو لایه‌نی یه‌که‌می ده‌سه‌ڵات له ڕووی به‌کارهێنانی هێزه‌وه ، ته‌نیا له‌گه‌ڵ نه‌یاره سییاسییه‌کانیدا کێشه‌کانی یه‌کلایی ناکاته‌وه ،، به‌ڵکو پێده‌چێت بڕیاری یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ریشدا هه‌ر به هه‌مان ئاقاردا بڕوات . سه‌نگه‌ر گرتن له‌و خه‌ڵکه به‌و جۆره و دابه‌ستنی ڕه‌شاشی بی که‌ی سی و ده‌ستڕێژیکردنێکی دوژمنانه لێیان ، بۆ هیچ که‌سێکی بیر ڕۆشن ، به هیچ شێوه‌یه‌ك پاساو هه‌ڵگر نییه . به ڕای من لقی چواری پارتی ، به ته‌قه کردنی له 17 /2 دا ، ڕۆشنایی خسته سه‌ر ئه‌و دابڕیینه قووڵه‌ی که له نێوان کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و حکومه‌تی هه‌رێمدا دروست بووه . ڕاشکاوانه یه‌کنه‌گرتنه‌وه‌ی دانیشتوانی کوردستان و حکومه‌تی هه‌رێمی ڕاگه‌یاند . به ئاشکرا و به ڕوونی جه‌ماوه‌ری تێگه‌یاند و پێی ووتن که یه‌کگرتنمان له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا ته‌نیا له لووله‌ی تفه‌نگه‌وه‌یه . پارتی له‌م ڕووداوه دڵته‌زێنه‌دا که له شاری سلێمانی دروستی کرد ، به‌رئه‌نجامه مێژووییه‌کان و هه‌ڵه سیاسییه‌کان و لاوازییه تیۆرییه‌کان و پیاده بوونه نابیناکانی هێزی ، له پشته‌وه ڕاوه‌ستابوو . من ده‌مه‌وێت له‌م باره‌یه‌وه و له چه‌ند خاڵێکدا هه‌ندێك ڕۆشنایی بخه‌مه سه‌ر که‌موکورتییه‌کانی و بێده‌ربه‌ستییه‌که‌ی له خوێن ڕشتنی خۆپیشانده‌راندا .
1-پارتی نه‌یتوانی هێنده‌ی که لایه‌نگری له لقی چواری خۆی ده‌کات ، هێنده‌ش لایه‌نگری له جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵکانی بریندار و دانیشتوانی سلێمانی و کوردستان بکات .
2- پارتی له‌سه‌ر ئاستی سه‌رکرده‌کانیه‌وه ، وه‌کو ڕابه‌رانێکی سییاسی خاوه‌ن ئه‌زموون قسه‌یان له ڕووداوه‌که نه‌کرد ، به‌ڵکو زیاتر وه‌کو سه‌ربازانێکی جه‌نگیی که شه‌ڕکردن بۆیان پێوانه‌ی ڕووداوه‌کانه ، قسه‌یان له‌و باره‌یه‌وه کرد .
3- پارتی شێوازێکی تازه‌ی بۆ مامه‌ڵه کردن له‌گه‌ڵ ڕه‌وشێکی تازه‌دا هه‌ڵنه‌بژارد ، به‌ڵکو په‌نای برده به‌ر شێوازه کۆنه مێژووییه‌که که به‌کار هێنانی هێزه .
4- پارتی نه‌ده‌بوایه له شارێکدا که نه‌یاری زۆر بێت ، که‌سانێك له پۆستی باڵای حزبه‌که‌یدا دابنێت که نه‌توانن له ئاستی پێویستدا بن بۆ خزمه‌ت کردن به حزبه‌که‌ی خۆیان .
5- پارتی تا ئێستا نه‌یتوانیوه وه‌کو حزبێکی سیاسی ، خۆی به خه‌ڵك بناسێنێت . هه‌میشه خه‌ڵك پێش ئه‌وه‌ی وه‌کو حزبێکی سیاسی سه‌یری بکه‌ن ، وه‌کو هێزێکی چه‌کدار سه‌یریان کردووه و ناسیویانن .
6- پارتی ده‌بوایه وه‌کو حزبێکی سیاسی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ڕۆشنبیری خۆیدا و به به‌راوورد به‌و چوونه پێشه‌وانه‌ی که ڕۆشنبیری کوردی به خۆیه‌وه بینیویه‌تی ، ته‌ڵاشێکی به‌رچاوی بدایه .
به‌ڵام لقی 4 ی پارتی نه‌ك هه‌ر بۆ خه‌ڵکی سه‌لماند ، به‌ڵکو بۆ پارتی خۆیشی سه‌لماند که له‌م باره‌یه‌وه پارتی زۆری ماوه بۆ ئه‌وه‌ی له ئاستی پێویستدا بێت .
7- پارتی له ڕووداوی 17 – 2 دا ئه‌و په‌یامه‌ی دا به خه‌ڵك ، که ناتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی قاوغه مێژووییه‌که‌یدا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کانی ئه‌مڕۆدا بکات .
8- پارتی نه‌ك هه‌ر بۆ جه‌ماوه‌ری ده‌رخست که ناتوانێت دیمۆکراسی به فه‌رمی بناسێت ، به‌ڵکو ئه‌وه‌شی خسته ڕوو که ناتوانێت له په‌یگیری خه‌ڵك بۆ ئازادی تێبگات .
9- پارتی له جیاتی ئه‌وه‌ی بیر له لێپرسراوێتی خۆی بکاته‌وه له به‌رانبه‌ر دانیشتووانی کوردستاندا ، هه‌میشه بیر له لێپرسراوێتی ئه‌وان ” واته دانیشتوانی کوردستان ” ده‌کاته‌وه له به‌رانبه‌ر خۆیدا .
10- پارتی له‌و ڕووه‌وه که کوردستان به به‌شێکی دانه‌بڕاو له جیهان نازانێت ، له لایه‌که‌وه تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی تیۆری کوشنده بووه و له لایه‌کی تریشه‌وه په‌رچه کرداره‌کانی ، له دایک بووی ئه‌و ڕه‌وشه تێکچووه‌ی باری تیۆری و ئه‌و تێڕووانینه به‌رته‌سکانه‌ی کادره‌کانیه‌تی .
11- پارتی به پیرۆز کردنی پێشمه‌رگه که به دیوه‌که‌ی تری‌دا په‌راوێز خستنی جه‌ماوه‌ره ، نه‌ك هه‌ر که‌لێنێکی گه‌وره‌ی له نێوان خۆی و دانیشتوانی کوردستاندا دروست کردووه ، به‌ڵکو ژیانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیشی له ژیانی به‌رته‌سکی خه‌باتی شاخدا له قاڵب داوه .
سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاتی کوردی که به پله‌ی یه‌که‌م پارتی نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات ، وه‌کو هه‌موو ده‌سه‌ڵاته داخراوه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م سه‌ر زه‌وییه ، یاسا و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و ڕۆشنبیریی گه‌نده‌ڵ و ڕاگه‌یاندن و زه‌بروزه‌نگ ، له ئامڕازه هه‌میشه‌یی و گرنگه‌کانی به‌رده‌ستیه‌تی . هه‌ر به هۆی ئه‌و ئامڕازانه‌وه ، ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌وه‌ته‌ی هه‌یه ، شه‌ڕی به‌رده‌وامی به‌رانبه‌ر به کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به بێده‌نگی و به شێنه‌یی به‌رپا کردووه .
ڕاگه‌یاندن که له‌سه‌ر ئاستی جیهان و له دیوه شاراوه‌که‌یدا ، ئامڕازی سه‌رکوت کردنی مرۆڤه‌کانه ” ئه‌گه‌ر وه‌کو نموونه‌یه‌ك بیهێنینه‌وه ” ، له کوردستانیشدا زیره‌کانه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ، ڕۆڵێکی به‌رچاوی له‌سه‌ر بردنه دواوه‌ی هۆشیاری خه‌ڵك هه‌بووه . شه‌ڕی ڕاگه‌یاندراوی ڕاگه‌یاندن له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری له قاڵبدراو و لاوازکراودا ، هه‌رچه‌نده شه‌ڕێکی هه‌مه‌لایه‌نه و درێژخایه‌ن بووه ، به‌ڵام شه‌ڕێکی دوژمنانه‌ی به دۆستایه‌تی داپۆشراو بووه . له کوردستاندا ئه‌م شه‌ڕه هه‌نگوینپۆشه‌ی ڕاگه‌یاندن ، له ژێره‌وه توندوتیژییه‌که‌ی به به‌راوورد به ڕاگیاندنی جیهانی ، زیاتر نه‌بووبێت ، له هیچ چرکه‌ساتێکیدا ، که‌متر نه‌بووه .
ئه‌مڕۆ جیهان هه‌ر به‌ته‌نیا له ڕووه ئابووری و ته‌کنه‌لۆجی و سه‌ربازییه‌کانیه‌وه ، کۆیه‌ك نییه که به‌رئه‌نجامی یه‌کتریته‌واوکردنه‌کانی بێت ، به‌ڵکو له ڕووه ڕۆشنبیری و ئایینی وئایدۆلۆژی و سیاسی و زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیشیه‌وه ، هه‌ر هه‌مان کۆی پێکهاتووه له هه‌مان به‌شه ته‌واوکه‌ره‌کانی یه‌کتری . سیستیماتیکبوون له ناو ئه‌م کۆیه‌دا و به هاوتابوون به کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ، به‌شه‌کانی له‌سه‌ر بنه‌مای تاڵان کردنی مرۆڤه‌کانه‌وه بۆیه‌کتری ، له‌گه‌ڵیه‌کدا گرێداوه .
نه‌بینینی ئه‌م ڕه‌وشه جیهانییه بۆ ڕووداوه‌کان و بارودۆخه‌کان ، ده‌مانگه‌ێنێته نزمتریین ئاستی تێگه‌یشتنمانه‌وه لێیان . وه له هه‌مان کاتدا و هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌مانگه‌ێنێته ڕازیبوون به نزمتریین ئاستی داواکارییه‌کانمان . وازهێنان له به‌جیهانی کردنی ڕووداوه‌کانی کوردستان و نه‌بینینی وه‌کو به‌شێك له کۆیه جیهانییه‌که ، له به‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی کوردی مه‌ترسیدارتره بۆ لێدان له بزووتنه‌وه‌که .
ئێمه جگه له‌وه‌ی که وه‌کو مرۆڤ ، به مانای ته‌واوی وشه‌که له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه ، به‌شێکین له مرۆڤه‌کانی جیهان و له ڕووی جوگرافیشه‌وه کوردستان ، وه‌کو خاك ، به‌شێکه له زه‌وی جیهان ومێژووشمان له‌گه‌ڵ مێژووی جیهانیدا تێکه‌ڵه ،، وه‌کو دامه‌زراندن و ڕێکخستنی ناوه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاش چوونیه‌کیمان له‌زۆر ڕووه‌وه له‌گه‌ڵ یکتریدا هه‌یه . ئێمه‌ش وه‌کو مرۆڤه‌کانی هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کی جیهانی له‌ناو زیندانی سێ سیستمدا که ده‌سه‌ڵاتدارێتی و نوێنه‌رایه‌تی و عه‌قڵسالارییه ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ین . ئێمه‌ش کۆمه‌ڵگاکه‌مان وه‌کو هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه له‌سه‌ر گردبوونه‌وه‌ی یه‌که کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌ده‌وری یه‌کتریدا که خێزانه‌کانن ، دامه‌زراوه . کۆمه‌ڵگاکه‌ی ئێمه‌ش وه‌کو هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کی تر کۆمه‌ڵگای به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته که له‌سه‌ر بنه‌مای تاڵان‌کردنی به‌ره‌ی تاکی هه‌موانییه‌وه هاتووه‌ته ده‌ره‌وه . ئێمه‌ش وه‌کو هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کی تر حکومه‌تمان هه‌یه و حکومه‌تیش له هه‌ر شوێنێکدا بێت حکومه‌تی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته ” جا ئه‌گه‌ر تا ڕاده‌یه‌ك حکومه‌تی هه‌موو به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت بێت وه‌کو حکومه‌ته‌کانی وڵاتانی ڕۆژئاوا یان حکومه‌تی چه‌ند به‌شێکی بچوکی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت بێت وه‌کو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ، هیچ له‌وه ناگۆڕێت که هه‌رچی حکومه‌ت هه‌یه له جیهاندا حکومه‌ته‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تی جیهانین ” . هه‌رێمی کوردستانی ئێمه‌ش وه‌کو هه‌موو هه‌رێم و وڵاتێکی تری جیهان سه‌رمایه‌دارییه . ئێمه‌ش وه‌کو هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کی تر ده‌سه‌ڵاته‌کان له ناوماندا زۆرن ، هه‌ر له ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه بیگره تا ده‌گات به ده‌سه‌ڵاتی ڕۆشنبیری . ته‌نانه‌ت کولتووریشمان به‌شێکه له کولتووری جیهانی و ئه‌ده‌ب و فکر و هونه‌ر و ڕاگه‌یاندنیشمان هه‌ر به‌شێکن له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و فکرو ڕاگه‌یاندنی جیهانی .
من ئه‌و چه‌ند نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌م بۆ ئه‌وه هێنایه‌وه که ئاگامان له جیهانێتی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی کوردستان بێت . ئێمه چونکه سه‌رنجه‌کانمان له ناو کوردستان و له‌سه‌ر کورد بوون و خراپ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی چڕ ده‌که‌ینه‌وه ، ناتوانین داواکارییه‌کانیشمان له ئازادی پێکهێنانی گرووپ وڕێکخراو و حزب و ئازادییه‌کی سنوورداری ڕۆژنامه‌وانی و مافی ده‌ربڕینێکی ناڕۆشن و چه‌ند چاکسازییه‌کی بواری ئابووری و کۆمه‌ڵێکی تر له‌و بابه‌ته پڕ له که‌موکوڕییانه ، واوه‌تر به‌ریین . ئێمه هه‌میشه له ڕاپه‌ڕینه‌کاندا وه‌کو ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی و چاکسازانێکی ئابووری بیر ده‌که‌ینه‌وه .هه‌رگیز نه‌مانویستووه په‌یگیرانه لایه‌ك به‌لای لایه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و کولتووری و ڕۆشنبیرییه‌کاندا بکه‌ینه‌وه . هه‌رگیز نه‌مانویستووه له پیرۆزییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ، وه‌کو پیرۆزییه ئایینی و ناسیۆنالیستی و کولتوورییه‌کان بده‌ین . هه‌رگیز نه‌مانویستووه ، بۆ نموونه ، دروشمی ئازادی بێباوه‌ڕی ، ئازادی خۆشه‌ویستی ، ئازادی نه‌بوونی ماره‌یی ، ئازادی دژه ئه‌خلاقیی ” ئه‌خلاق نه‌ناسین ” ، ئازادی ده‌ربڕینی بێ‌سنوور به‌رز بکه‌ینه‌وه .
ئێمه له مه‌یدانی سیاسی‌دا ، دروشمی یه‌کسانی له ده‌سه‌ڵاتدا به‌رز ناکه‌ینه‌وه . له مه‌یدانی ئابووریدا ، دروشمی یه‌کسانی له خاوه‌ندارێتی تایبه‌تیدا به‌رز ناکه‌ینه‌وه . له مه‌یدانی ڕۆشنبیریدا ، دروشمی یه‌کسانی بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به هه‌موو ڕۆشنبیرییه‌ك به‌رز ناکه‌ینه‌وه . له مه‌یدانی ئه‌خلاقدا ، دروشمی یه‌کسانی له نێوان ئه‌خلاق ناس و ئه‌خلاق نه‌ناسدا له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگا به‌رز ناکه‌ینه‌وه . له مه‌یدانی ئاییندا ، دروشمی یه‌کسانی له نێوان ئایینه جیاوازه‌کان له لایه‌ك و ئایین و بێ‌بڕوایی له لایه‌کی تره‌وه به‌رز ناکه‌ینه‌وه .له مه‌یدانی حزبایه‌تیدا ، دروشمی یه‌کسانی له نێوانی ئه‌ندامانی سه‌ره‌وه و ئه‌ندامانی خواره‌وه‌دا ، له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگا ، به‌رز ناکه‌ینه‌وه . له مه‌یدانی سه‌ربازیدا ، دروشمی یه‌کسانی له نێوان سه‌رباز و ئه‌فسه‌ردا به‌رز ناکه‌ینه‌وه .
ئێمه له هه‌ژارییه‌کی ئاوادا ده‌ژین بۆ دیاری کردن و به‌رز کردنه‌وه‌ی داواکارییه‌کانمان ، که‌چی خێرا خێرا داوای وێڵکردنی بیرکردنه‌وه و کردنی کاری ده‌ستبه‌جێ ده‌که‌ین . له ڕاستیدا و به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگامان له خۆمان بێت ، ئێمه له‌سه‌ر پێداگرتنه‌وه بۆ پیشاندانی مه‌زنگه‌رایی خۆمان ، کار بۆ بزووتنه‌وه‌که ده‌که‌ین . هه‌موو پێداگرتنێك که زیاده‌ڕه‌وی تیابێت بۆ کردنی کاری کرده‌یی و وازهێنان له بیرکردنه‌وه‌ی لێپرسراوانه و کاری تیۆری ، سه‌باره‌ت به ئێمه ، پێشخستنی خۆویستنی خۆمان و ته‌وه‌ره پێبه‌ستنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌یه به ده‌وری خۆویستنه‌کانی خۆماندا .
ئه‌وه‌ی که من به شوێنیه‌وه‌م سوکایه‌تی کردن نییه به خۆویستنه‌کانی خۆمان ، به‌ڵکو دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگایانه‌یه که بزووتنه‌وه‌که له وه‌ستان و کوژاندنه‌وه و دانه‌گیرساندنه‌وه‌ی ، ده‌پارێزێت . ئه‌م کاره کاری که‌سێك و دوو که‌س نییه . ئه‌م کاره ئه‌رکی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌یه که بزووتنه‌وه‌که‌یان بۆ مه‌به‌سته . من به شوێن که‌مکردنه‌وه‌ی گه‌ردیله‌یه‌ك له دڵسۆزی هیچ که‌سێکه‌وه نیم بۆ بزووتنه‌وه‌که ، به‌ڵکو به شوێن یه‌کپێگرتنی دڵسۆزییه‌کانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و سه‌ر ڕێگه خستنیان و تێکه‌ڵاو کردنیانم . ئه‌و هه‌سته مرۆییه به دڵسۆزییه‌کانمان ، هه‌موومان وه‌کویه‌ك تیایدا به‌شدارین و هینی هیچ که‌سێک نییه به‌ته‌نیا . ئێمه له‌م بواری ڕاستگۆیی و خزمه‌ت کردنه به‌م بزووتنه‌وه‌یه یه‌کسانین و هیچ یه‌کێکمان له‌وی ترمان زیاتر نییه . من قسه‌م له دڵسۆزی و کاری کرده‌یی و هه‌ستی مرۆییمان نییه ، چونکه هه‌موومان له‌و بووارانه‌دا خاوه‌نی مێژووی خۆمان و خاوه‌نی ڕۆشنیی و ئاماده‌ییشین له ئێستادا . ئه‌وه‌ی که من قسه‌م له‌سه‌ریه‌تی به‌رفراوان کردنی ئه‌م دڵسۆزی و کاره کرده‌یی و هه‌سته مرۆییانه‌یه و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا ڕۆشنه‌کان و به‌ئامانج گه‌یاندنه‌کانیانه .
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه وه‌کو هه‌موو بزووتنه‌وه‌یه‌کی تری دونیا ڕیفۆرمیستییه ” واته چاکسازییانه‌یه ” . ئه‌مه وایه و بۆ هه‌موو لایه‌کمان ڕۆشنه . به‌ڵام چاکسازی وه‌کو هۆکارێك بۆ مانه‌وه له هه‌مان بارودۆخی هه‌بوودا یان وه‌کو ئامڕازێك بۆ گه‌یشتن به گؤڕانکاری بنه‌ڕه‌تی ؟ ئایا چاکسازی له کوردستاندا ، بۆ نموونه ، ده‌بێت ته‌نیا له بوواری چاره‌سه‌ر کردنی گه‌نده‌ڵیدا قه‌تیس بکرێت یان ده‌بێت زۆر له‌وه زیاتر واوه‌تر بڕوات ؟ ئه‌گه‌ر وایه ، واوه‌تر نه‌ڕوات و هه‌ر ته‌نیا له مه‌یدانی گه‌نده‌ڵیدا قه‌تیس بکرێت ، ئه‌ی کێ ده‌ڵێت ئه‌و حکومه‌ته‌ی که سبه‌ینێ خه‌ڵك دایده‌نێته‌وه ، هه‌مان گه‌نده‌ڵی ده‌ست پێناکاته‌وه ؟ ئایا ده‌بێت ده‌یان ساڵی تریش چاوه‌ڕێی ئه‌و حکومه‌ته‌ی تریش بکرێت و دیسانه‌وه ڕاپه‌ڕینێکی تریش به دژی گه‌نده‌ڵی ئه‌و بکرێته‌وه ؟ ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وه و پڕۆسه‌یه ، ئه‌گه‌ر هه‌ر ئاوا بێت ، ئه‌وه هه‌رگیز به چاره‌سه‌ری ته‌واویی ناگات و له دووباره بوونه‌وه زیاتر شتێکی تری لێسه‌وز نابێت .
ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌که‌ش له باری ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه داواکاری خۆی هه‌یه و به‌رزی کردووه‌ته‌وه یان به‌رزی ده‌کاته‌وه ، ئه‌وا ده‌بێت بزانین ئازادی ڕا ده‌ربڕین له بواری سنوور نه‌ناسیندا یان له بواری سنوور ناسیندا . ئه‌گه‌رناحه‌زانی بزووتنه‌وه‌که پێمان بڵێن ئازادی هه‌میشه سنوورداره و هه‌رگیز بێ‌سنوور نه‌بووه و ئازادی ڕا ده‌ربڕینیش وه‌کو هه‌موو ئازادییه‌کی تر هه‌ر سنوورداره ،، ئه‌وا له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین : به ناوی هیچ بڕوبیانوویه‌که‌وه ئازادی ڕا ده‌ربڕینمان بۆ سنووردار مه‌که‌ن . قه‌یناکات هه‌موو ئازادییه‌ك خۆی به سروشت سنوورداره ، به‌ڵام ئێمه قسه‌مان له‌سه‌ر سنووردارییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه ، نه‌ك سنووردارییه سروشتییه‌کان . سنووردارییه سروشتییه‌کانی ئازادی ، ده‌رگایان به ڕووی مرۆڤایه‌تیدا دانه‌خستووه بۆ چوونه پرۆسه‌ی به‌ده‌ستهێنانی هه‌رچی زیاتری ئازادییه‌کانی له بواری سنوور نه‌ناسیندا . ئێمه قسه‌مان له‌سه‌ر به‌ربه‌سته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه بۆ ڕێگرتنی هه‌رچی زیاتر له ئازادییه‌کانی ڕا ده‌ربڕین . ئێمه له ئازادی ڕا ده‌ربڕینا قسه‌مان له‌سه‌ر هه‌بوونی ئازادی ڕه‌خنه گرتنه له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که پیرۆز کراوون و نابێت ڕه‌خنه‌یان لێبگیرێت . قسه‌مان له‌سه‌ر هه‌بوونی یه‌کسانییه له‌و مه‌یدانه‌دا . قسه‌مان له‌سه‌ر تاوتوێ کردنی چۆنیه‌تی پیاده کردنی ئاره‌زووه‌کان ” خواسته ده‌روونییه‌کان ” ه . قسه‌مان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌ده‌ستهێنانی یه‌کگرتنه‌کانه .
به‌ڕای من کلیلی ئازادی ڕا ده‌ربڕین هه‌بوونی یه‌کسانییه تیایدا . به‌وه‌لانانی ئه‌م یه‌کسانییه تیایدا ، ئازادی ڕا ده‌ربڕین نه‌ك هه‌ر گه‌نده‌ڵ ده‌بێت ، به‌ڵکو ده‌کرێته‌وه به زنجیر و ده‌شکرێته‌وه هه‌مان ده‌ست و قاچه‌کانی چاران . هه‌موو که‌سێك له ئازادی ڕا ده‌ربڕیندا ده‌بێت یه‌کسان بێت له‌گه‌ڵ مه‌لایه‌ك و شێخێك و کارمه‌ندێك و سه‌رۆك خێڵێك و لێپرسراوێك و مامۆستایه‌کی زانکۆ و شاعیرێك و بیرمه‌ندێك و فه‌یله‌سوفێك و هه‌موو سه‌رۆکێکیش که له هه‌ر پله‌وپایه و هه‌ر مه‌یدانێکدا هه‌یه . که یه‌کسانی له ڕا ده‌ربڕیندا هه‌بوو ، مه‌لایه‌ك ناتوانێت به که‌سێکی بێ بڕوا بڵێت تۆ نا‌توانیت له به‌رده‌می من و له به‌رده‌می خه‌ڵکدا گوزارشت له بێ بڕوایی خۆت بده‌ی . که یه‌کسانی هه‌بوو له ئازادی ڕا ده‌ربڕیندا ، سه‌رۆك حزبێك ناتوانێت به که‌سێکی ئاسایی بڵێت : تۆ بۆت نییه ، ڕه‌خنه‌ت له قسه و بۆچوونه‌کانی من هه‌بێت له سه‌ر سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگا . ئه‌م یه‌کسانییه کرۆکی ئازادی ڕا ده‌ربڕینه . هه‌موو خۆ به‌ده‌سته‌وه دانێك له‌م مه‌یدانه‌دا ، به ده‌سته‌وه دانی ته‌واوی بزووتنه‌وه‌که‌یه . پاراستنی ئه‌م یه‌کسانییه له ئازادی ڕا ده‌ربڕیندا ده‌بێت هێنده په‌یگیرانه بێت ، ڕه‌خنه‌ی هه‌موو تاکێك له ته‌واوی بزووتنه‌وه‌که‌ش به فه‌رمی بناسێت . ده‌بێت ئه‌م یه‌کسانییه له ئازادی ڕا ده‌ربڕیندا نه‌هێڵرێت ” ڕێگه نه‌درێت ” هیچ که‌س و لایه‌نێك له‌سه‌ر هیچ ئاستێکی ڕۆشنبیری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی ، زه‌فه‌ری پێببات و له واتای جه‌وهه‌ری خۆی دایبماڵێت .
بابه‌تێکی تر که پێویسته له‌م نێوه‌دا و به په‌یوه‌ست به‌م ڕووداوانه‌وه سه‌رنجێکی بدرێتێ و قسه‌یه‌کی لێوه بکرێت ، بابه‌تی توندوتیژییه . من بۆخۆم بڕوام به توندوتیژی نییه و له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کانیه‌وه توندوتیژی ڕه‌تده‌که‌مه‌وه . ڕه‌تکردنه‌وه‌که‌م بۆ توندوتیژی له‌و گۆشه نیگایه‌وه نییه که به‌کارهێنانی بۆ هه‌چ لایه‌نێك بێت دروسته یان دروست نییه ، به‌ڵکو له‌وێوه‌یه که هه‌میشه توندوتیژی به‌سه‌ر که‌سی بێچاره و چه‌وساوه‌دا ده‌شکێته‌وه . ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی که که‌سێکی چه‌وسێنه‌ر ده‌کوژرێت ، ئه‌وه له‌و کاته‌دا ئه‌و که‌سه بێچاره‌یه و ده‌ره‌تانێکی له به‌رده‌مدا نییه و زه‌لیلی ده‌ستی ڕه‌وشه‌که‌یه بۆیه ده‌کوژرێت . ئه‌گه‌ر بڵێیت تاوانباره و ده‌بێت بکوژرێت ، ئه‌وا ، یه‌که‌م : تۆ مافی کوشتنی مرۆڤێکت دا به خۆت له کاتێکدا که تۆ له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یت که هیچ مرۆڤێك نابێت مافی کوشتنی هیچ مرۆڤێکی تری هه‌بێت . دووه‌م : تۆ چوویته مه‌یدانی تۆڵه‌وه و تۆڵه کردنه‌وه‌شت بۆخۆت به فه‌رمی ناسی و له به‌رزترین ئاستیشیدا که خراپترین ئاسته کرده‌ییت کرده‌وه . سێیه‌م : تۆ له جیاتی ئه‌وه‌ی ملهوڕێك له کاتی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یدا بکوژیت ، زه‌لیلێکت له کاتی بێده‌سه‌ڵاتییه‌که‌یدا کوشت . چواره‌م : تۆ هه‌مان شێوازی ئه‌وت به‌کارهێنا و له جیاتی که‌سێکی داهێنه‌ر و مرۆڤپه‌روه‌ر ، خۆت کرد به که‌سێکی لاسایی که‌ره‌وه و داخ له دڵ . پێنجه‌م : تاوانباری یه‌که‌م پێش ئه‌وه‌ی کابرای ملهوڕ بێت ، خودی کۆمه‌ڵگایه که من به کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ناوزه‌دی ده‌که‌م . تۆ پێش ئه‌وه‌ی تاوانباری دووه‌م که کابرای ملهوڕه دادگایی بکه‌یت ، ده‌بێت تاوانباری یه‌که‌م که کۆمه‌ڵگایه دادگایی بکه‌یت . ڕێگا زۆره بۆ دادگایی کردنی تاوانباری دووه‌م ، به‌ڵام چ ڕێگایه‌کت هه‌یه بۆ دادگایی کردنی تاوانباری یه‌که‌م ” واته کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه : ؟ شه‌شه‌م : ئایا خودی کۆمه‌ڵگا به‌م شێوه‌یه‌ی که هه‌یه چاوگه‌ی هه‌موو تاوانه‌کان نییه ؟ تۆ ده‌ته‌وێت ئه‌م چاوگه‌یه له‌ناو به‌ریت ” واته کۆمه‌ڵگا هه‌ڵبووه‌شێنیته‌وه ” یان ناته‌وه‌ێت ؟ ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ، به‌رنامه‌ت چییه و ئه‌گه‌ر نایشتده‌وێت ئیتر بۆ کێشه‌ی مرۆڤه تاوانباره‌کان هێنده قورس ده‌گریت که به مه‌رگ نه‌بێت چاره‌سه‌ریان ناکه‌یت ؟ ئه‌گه‌ر مه‌رگ بۆ خودی ئه‌و سیستمانه داوا بکه‌یت که کۆمه‌ڵگایان له‌سه‌ر دامه‌زراوه و تاوانباران به‌رهه‌م ده‌هێنن ، به چه‌ند قات باشتر نییه له‌وه‌ی که مه‌رگ بۆ مرۆڤی تاوانبار داوا بکه‌یت ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌قی ئه‌و سزایه‌شی هه‌بێت ؟
مه‌سه‌له‌یه‌کی تر هه‌یه هه‌ر به په‌یوه‌ست به‌م ڕووداوانه‌ی کوردستانه‌وه که پێویستی به ڕۆشنکردنه‌وه و پێداگرتن هه‌یه له‌سه‌ری ، به باشی ده‌زانم هه‌ندێك قسه‌وباسی له باره‌وه بووروژێنم . پێموایه مه‌سه‌له‌ی به جیهانی کردنی ڕووداوه‌کانی کوردستان و به‌تایبه‌تی سلێمانی ، مه‌سه‌له‌یه‌کی به‌رجه‌سته و گرنگه و ده‌بێت جۆرێك له ئاگاییمان له باره‌یه‌وه هه‌بێت .
ئه‌م دیارده‌یه که خۆپیشاندانه‌کانی گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته ، نه دیارده‌یه‌کی تایبه‌ت به‌م ناوچه‌یه و نه دیارده‌یه‌کی ڕۆژهه‌ڵاتییشه . له ڕاستیدا و به بڕوای من دیارده‌یه‌کی جیهانییه و گرێخواردوو نییه ته‌نیا به‌م وڵاتانه‌ی که دیارده‌ی خۆپیشاندان گرتوونیه‌تییه‌وه .
ده‌مێکه‌یه جیهان چاوه‌ڕوانی ڕێنیسانسێکی تره . ئه‌م دیارده‌ی خۆپیشاندانه له‌وه ده‌چێت پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێك بێت و به هه‌ر شوێنێکه‌وه په‌یوه‌ست بێت ، ڕێنیسانسێکی جیهانی دیکه بێت و هه‌ڵگری ، لانی که‌م ، کۆمه‌ڵێك گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی بێت نه‌ك کۆمه‌ڵێك چاکسازی له مه‌یدانه ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا . جا ئه‌گه‌ر ئه‌م پێشبینییه واده‌رچێت و ئه‌م دیارده جیهانییه‌ی خۆپیشاندان ، سه‌ره‌تای ڕێنیسانسێکی تازه بێت ، ئه‌وا من له هه‌ندێك لایه‌نه‌وه پێم باشه سووکه به‌راووردێك له نێوان هه‌ردوو ڕێنیسانسه‌که‌دا بکه‌م .
ئه‌گه‌ر ڕێنیسانسی یه‌که‌م ، زیاتر له چوار سه‌ده له‌مه‌وپێش له ئه‌وروپادا ڕوویدا و کۆمه‌ڵێك چاکسازی گرنگی له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا به دوای خۆیدا هێنا ، ئه‌وا ئه‌م ڕێنیسانسه ته‌واوکه‌ری ڕێنیسانسی یه‌که‌م ده‌بێت و به دژی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ئاراسته‌ی چوونه پێشه‌وه‌ی ده‌گرێته‌به‌ر .
ئه‌گه‌ر ڕێنیسانسی یه‌که‌م له بوواری ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌رکی دابه‌ش بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و به تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های خستبووه ده‌ستووری کاریه‌وه ، ئه‌وا ئه‌م ڕێنسانسه به بڕوای من هه‌ڵگری کۆدی هێنانه ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ ده‌بێت له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا .
ئه‌گه‌ر ڕینیسانسی یه‌که‌م چاکسازی ئایینی هێنایه ئاراوه و ئایینی له ده‌وڵه‌ت جیاکرده‌وه ، ئه‌وا ئه‌م ڕێنیسانسه له پرۆسه‌ی درێژکراوه‌ی خۆیدا هیچ داموده‌زگایه‌کی سیاسییانه و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی ئایین به فه‌رمی ناناسێت و ده‌سه‌ڵاتی داسه‌پاوی داموده‌زگای ئایینی بۆ ئێجگاری له‌سه‌ر مرۆڤ کۆتا ده‌کات .
ئه‌گه‌ر ڕێنیسانسی یه‌که‌م کۆمه‌ڵگای عه‌قڵانی له زۆر شوێندا و له‌سه‌ر ئاستی جیهانی هێنایه ده‌ره‌وه ، ئه‌وا ئه‌م ڕێنیسانسه ، له که‌مترین ده‌سکه‌وتیدا پێشمه‌رجه‌کانی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگای تاکایه‌تی ” واته کۆمه‌ڵگای ڕاسته‌وانه ” که له‌سه‌ر بنه‌مای پیاده کردنی ئاره‌زووه‌کانه‌وه داده‌مه‌زرێت به‌ده‌ست ده‌هێنێت .
لێره به دواوه من ده‌مه‌وێت کۆمه‌ڵێك داواکاری که زیاتر به ئاسته جیهانییه‌که‌ی موتوربه کراوه بخه‌مه ڕوو . من پێم وایه ئه‌گه‌ر داوا کارییه‌کانمان ، به‌جیهانی کردنی ڕووداوه‌کان ، نه‌گرنه خۆیان و له چوارچێوه‌یه‌کی به‌رته‌سکی لۆکاڵیدا گییریان بده‌ین ، ئه‌وا تووشی سیسبوون و پووکانه‌وه‌یان ده‌که‌ین . ئه‌مه له لایه‌ك ، وه له لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌گه‌ر مێژووی ئێستای جیهانی تێنه‌په‌ڕێنین و داهاتوویه‌کی ڕۆشنی بۆ مرۆڤایه‌تی تیا نیشان نه‌ده‌ین ، ئه‌وا خودی داواکارییه‌کانی خۆمان تووشی بێئاسۆیی ده‌که‌ین . لای منه‌وه ئه‌م لۆکاڵیه‌تی و به‌جیهانی کردن و داهاتووخوازییه ، چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌کی زنجیره‌یه‌کن و له یه‌کتری جیانابنه‌وه . به‌رز کردنه‌وه‌ی داواکارییه‌کان له چوارچێوه‌ی ده‌ست لێنه‌دانی پیرۆزییه لۆکا‌ڵی و جیهانییه‌کاندا ، خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و پاڵپشتی کردنی هێزه نه‌یاره‌کانی دژ به مرۆڤ و مرۆڤایه‌تین .
نه‌خشاندنی جیهانێتی و داهاتووخوازی له دروشمه‌کانی ئه‌مڕۆی ڕاپه‌ڕیندا له کوردوستان ، نه‌ك ڕاپه‌ڕینه‌که تووشی نوشوستی ناکات ، به‌ڵکو له نوشوستی ” واته که‌وتن ” ده‌یپارێزێت . داواکاری لاواز له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینی به‌هێزدا نایه‌ته‌وه . ده‌بێت بیرێکی وورد له هاوسه‌نگی ئه‌م دووانه ” واته داواکارییه‌کان و ڕاپه‌ڕین ” بکرێته‌وه . به‌ڕای من ئه‌م ڕاپه‌ڕینه له شوێنی خۆیدایه‌تی که له بازنه‌ی شته باوه‌کان ده‌ربچێت .
مانه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕین له که‌شوهه‌وای شته باوه‌کاندا ، مانه‌وه‌یه‌تی له که‌شوهه‌وای ده‌سه‌ڵاتدا . تا ئه‌م په‌یوه‌ندییه له نێوان ڕاپه‌ڕین و ده‌سه‌ڵاتدا مابێت ، ڕاپه‌ڕین لاواز و ده‌سه‌ڵات به‌هێزه . ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌م حاڵه‌شه‌وه ڕاپه‌ڕین سه‌ربکه‌وێت ، هێشتا ڕاپه‌ڕین سه‌رنه‌که‌وتووه ، چونکه ده‌سه‌ڵاتێك ده‌هێنێته ده‌ره‌وه که هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی ئێستایه به‌ڵام له به‌رگێکی تردا ” جا ئه‌گه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بێت یان له پرۆسه‌یه‌کی که‌مخایه‌ن یان درێژخایه‌ندا بێت ، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ دروست ناکات ” . بۆ ڕزگار بوون له چه‌پاو کردنی ” واته ئیستیغللال کردنی ” ئه‌م بزووتنه‌وه جیهانییه‌ی ڕاپه‌ڕین له لایه‌ن بزووتنه‌وه ئیسلامی و ناسیۆنالیستی و کۆمۆنیستی و ته‌نانه‌ت دیمۆکراسیخوازه‌کانیشه‌وه له کوردستان ، به ڕای من هێنانه ده‌ره‌وه‌ی دروشمی جیهانی بۆ مسۆگه‌ر کردنی ئازادییه تاکایه‌تییه‌کان ، ته‌نیا به‌ربه‌سته ” واته ته‌نیا ڕێگره ” . من لێره‌وه ڕایده‌گه‌یه‌نم وه‌کو هاووڵاتییه‌ك و هاوڕێیه‌کی دڵسۆزی خۆپیشانده‌ران و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستێکی خزمه‌تخواز به ڕاپه‌ڕینه‌که ، هه‌ر که‌سێك و هه‌ر لایه‌نێك به‌جیهانی بوون له دروشم و داواکارییه‌کانی ڕاپه‌ڕینه‌که دابماڵێت ، هه‌رگیزا و هه‌رگیز ، ویژدانی مرۆیی و مرۆڤایه‌تی و مێژوو ، لێی خۆش نابن .
ئه‌و داواکارییانه‌ی که من لای خۆمه‌وه پێیان گه‌یشتووم و ڕه‌چاووم کردوون ئه‌مانه‌ن :
1-به‌رز کردنه‌وه‌ی دروشمی بێباوه‌ڕی .
2- به‌رز کردنه‌وه‌ی دروشمی یه‌کسانی له ده‌سه‌ڵاتدا .
3 – دروشمی هه‌موو شتێك ده‌بێت ئاره‌زوومه‌ندانه بێت ، نه‌ك زۆره‌ملێیانه .
4 – به فه‌رمی ناسینی هه‌موو ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ به‌بێ جیاوازی . واته هه‌ر له ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵاتخوازی و خاوه‌ندارێتی و فێربوون و سێکس و خۆشه‌ویستییه‌وه تا ده‌گات به ئاره‌زووه‌کانی مه‌زنگه‌رایی و خۆنوواندن و داهێنان و ناوبانگ په‌یدا کردن و گه‌شتوگوزار و ….هتد .
5 – ڕێز گرتن له هه‌موو مرۆڤێك له کۆمه‌ڵگادا به‌بێ جیاوازی له نێوان گه‌وره و بچوك ، ده‌سه‌ڵاتدار و بێده‌سه‌ڵات ، ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر ، ئاییندار و بێباوه‌ڕ ، خاوه‌ن ئه‌خلاق و ئه‌وانه‌ی که ئه‌خلاق ناناسن ” مه‌به‌ست له ئه‌خلاقی جنسییه ” ، ئازا و ترسنۆك ، ڕاستگۆ و درۆزن ، ده‌ستپاك و دز . ئه‌م مه‌سه‌له‌ی ڕێزگرتنه ، ڕێزگرتنێکی مرۆییانه‌یه و هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌کی به کار و پیشه و خاسیه‌ته تاکایه‌تییه‌کانی هیچ که‌سێکه‌وه نییه .
6 – نه‌بوونی هیچ هه‌ڵاواردنێك به هێچ ناوێکه‌وه له نێوان مرۆڤه‌کاندا . واته هه‌موو شتێك له یه‌کسانی ته‌واوی مرۆڤه‌کانه‌وه ده‌بێت بۆی بڕوانرێت و چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه‌یه‌کیش ده‌بێت له‌وێوه بکرێت .
7 – وه‌لانانی هه‌موو جۆره توندوتیژییه‌ك له کۆمه‌ڵگادا . دوورخستنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره ناڕه‌زایی و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشێك له توندوتیژی .
8 – به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی هه‌موو زه‌وت کردنێکی هه‌موو جۆره مافێکی تاك ، له لایه‌ن هه‌ر که‌سێك و هه‌ر لایه‌نێکه‌وه بێت ، به شێوه‌یه‌کی مرۆییانه و پێداگرتن له‌سه‌ر به فه‌رمی ناسینی ئازادییه‌کانی ته‌واوی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌بێ جیاوازی .
9 – کار کردن بۆ یه‌کگرتن له‌سه‌ر بنه‌مای دابڕانه‌وه . واته وه‌لانانی هه‌موو جۆره فشارێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و کولتووری و ….هتده‌کان له چوونه ناو په‌یوه‌ندییه‌کان و هاتنه ده‌ره‌وه‌کانیدا . ده‌بێت چۆن ڕێگای یه‌کگرتنه‌کان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌کان و هه‌موو جۆره ڕێکخراو و ژیانه هاوبه‌شه‌کانی گرووپیانه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌وه ئاوه‌ڵایه ، هه‌ر ئاواش ڕێگای هاتنه ده‌ره‌وه‌کان لێیانه‌وه ئاوه‌ڵا بێت . ته‌نانه‌ت قسه وقسه‌ڵۆکی خه‌ڵکیش له‌و بارانه‌وه ، ئامڕازی سه‌رکوت و چه‌وساندنه‌وه‌ن و ده‌بێت به به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ڕۆشنبیری گشتی قه‌ده‌غه بکرێن .
10 – به‌گه‌ڕ خستنی ڕۆشنبیری هه‌مه‌لایه‌نه له سه‌ر ئاسته ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و فکری و فه‌لسه‌فی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و زانستییه‌کان ، پێبه‌پێی ئاسته جیهانییه‌کان و تێپه‌ڕاندنی شێوازه باوه‌کانیش . گرنگترین خاڵ له پرۆسه‌ی به‌گه‌ڕخستنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا جه‌خت کردنه سه‌ر ڕێبازی تاکایه‌تی و به هه‌ند وه‌رگرتنی ” واته به بایه‌خ وه‌رگرتنی ” ئه‌و ڕێبازه‌یه .
11 – لێپرسراوێتی به‌خشین به هه‌موو که‌سێك بۆ به‌رگری کردن له ئازادییه‌کانی هه‌ر که‌سێك که له لایه‌ن هه‌ر که‌س و گرووپ و لایه‌نێکه‌وه بکه‌وێته به‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌وه .
12 – به فه‌رمی نه‌ناسینی هیچ جۆره پیرۆزییه‌ك ، ته‌نانه‌ت پیرۆزی مرۆڤیش به‌سه‌ر ئاژه‌ڵاندا .
13 – وه‌ستانه‌وه به دژی هه‌موو جۆره ئه‌خلاقچێتی و شه‌ره‌فچێتییه‌ك که توندوتیژی و سووکایه‌تی کردنی له به‌رانبه‌ر هه‌ر مرۆڤێکدا لێبکه‌وێته‌وه .
14 – به‌گه‌ڕخستنی پرۆسه‌ی به‌جیهانی کردنی هه‌موو شتێك له ڕووانگه‌ی مرۆیی بوونێکی ڕووته‌وه .
15 – داوا کردنی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه له‌سه‌ر ئاستی کوردستان و جیهان .
16 – به فه‌رمی ناسینی ئازادی خۆشه‌ویستی به هه‌موو لایه‌نه‌کانی و وورده‌کارییه‌کانیه‌وه .
17 – به فه‌رمی ناسینی ئازادی تاك له بوواری ڕه‌هادا ” مه‌به‌ست له هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگایه به‌بێ جیاوازی ” . به واتایه‌کی دی ، نه‌بوونی هیچ جۆره کۆسپێك و به فه‌رمی ناسینی هه‌بوونی یه‌کسانییه له ئازادی‌دا .
18 – تا ده‌وڵه‌ت بمێنێت منداڵ به‌خێو کردن ده‌بێت ئه‌رکی ده‌وڵه‌ت بێت . دایکان و باوکان هه‌م چاو‌دێر ده‌بن به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تدا و هه‌م خاوه‌نی ئازادی ته‌واوی خۆشیان ده‌بن بۆ کات و سه‌ردان و هێنان و بردنی منداڵه‌کانیان به‌بێ هیچ جۆره به‌ربه‌ست و ڕێگیرییه‌ك له‌و ڕووه‌وه.
19 – یه‌کسانی له خاوه‌ندارێتیدا ، پێبه‌پێی هێنانه ده‌ره‌وه‌ی هاوکێشه تیۆرییه‌کانی ، بۆ وه‌لانانی هه‌ر جۆره ئاژاوه و زه‌وت کردنێکی نافه‌رمی و لابه‌لایانه‌ی ئه‌و خاوه‌ندارێتییانه‌ی که ئێستا هه‌یه . واته ڕێ ئاوه‌ڵا کردن به پله‌ی یه‌که‌م بۆ هه‌ر که‌سێك که له‌م بوواره‌دا ده‌توانێت بچێته ناو کێشه‌که‌وه بۆ به‌ده‌ست هێنانی چاره‌سه‌ری دروست بۆ ئه‌م گرفته گه‌وره‌یه . به هیچ بڕوبیانوویه‌که‌وه ناکرێت پرۆسه‌ی بیرکردنه‌وه لێی و پڕاکتیك کردنی دوابخرێت . وه بیرکردنه‌وه له هه‌ر نوێنه‌رایه‌تییه‌کی گشتی بۆ خاوه‌ندارێتی ، به واتای فڕاندن و تاڵان کردنی ئه‌و خاوه‌ندارێتییه دێت . له شوێنی خۆیدایه‌تی که ناوی خاوه‌نداریه‌تی گشتیش بگۆڕدرێت بۆ خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی هه‌موو مرۆڤێکی کۆمه‌ڵگا .
20 – هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرووپه‌کان و ڕێگرتن له گرووپچێتی له هه‌موو بوواره سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و ئایینییه‌کاندا . دامه‌زراندنی گرووپ و ئه‌ندامگیری تیایدا ته‌نیا به پێی یاسای سه‌ربه‌خۆیی له‌سه‌ر بنه‌مای دابڕانه‌وه ، ده‌توانرێت ڕه‌وایه‌تی پێبدرێت . ئازادی ڕا ده‌ربڕین له پرۆسه ڕه‌هاییه‌که‌یدا و دابین کردنی یه‌کسانی له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌بوونی هیچ کۆمیته‌یه‌کی باڵا ، دوو مه‌رجی سه‌ره‌کی پێکهێنانی گرووپ و حزب و ڕێکخراو ده‌بن .
21 – لابردنی هه‌موو سیفاتێکی سیاسی و سه‌ربازی له ده‌وڵه‌ت .
22 – لابردنی هه‌موو ئۆرگانه‌کانی مه‌کته‌ب سیاسی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و کۆمیته باڵاکانی دوای ئه‌وان و هه‌ر کۆمیته‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی له حزبه‌کاندا .
23 – لابردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی مۆنتسکیۆ ” واته ده‌سه‌ڵاته‌کانی یاسادانان و دادوه‌ری و جێبه‌جێ کردن ” . دانانی ده‌سه‌لاته‌کانی سه‌ر شه‌قام له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌بوونی سزای مردن و ئه‌شکه‌نجه و سووکایه‌تی پێکردن و خۆنوواندن به‌سه‌رتاوانباردا . هه‌موو جۆره دادوه‌رییه‌کی سه‌ر شه‌قام و سزادانێك له تۆڕه‌کانی ڕاگه‌یاندنه‌وه ده‌خرێته به‌رده‌م ڕای هه‌مووان و له‌وێشه‌وه به بڕیاری کۆتایی ده‌گات . بڕیاری کۆتایی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌نگدانه‌وه نابێت ، به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی تاوانبار و هه‌ڵبژاردنی باشترین ” ڕا ” وه ده‌بێت که مرۆییترین چاره‌سه‌ری تیا به‌رجه‌سته‌یه .
24 – هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رچی داموده‌زگا سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سه‌ربازی و کولتووری و ڕۆشنبیری و …. هتده‌کان هه‌یه . ئه‌م داموده‌زگایانه هه‌موویان له دووتوێی پرۆسه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنیانه‌وه ، به پێێ یاسای سه‌ربه‌خۆیی له‌سه‌ر بنه‌مای دابڕانه‌وه داڕشتن و دامه‌زراندنه‌وه‌یان ده‌ست پێده‌کاته‌وه .
25 – کار کردنی سیستیماتیکانه و لێبڕاوانه و پشت به‌ستوو به باسه تیۆرییه تۆکمه‌کانی ئازادی تاك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خیزان .
26 – ئازادی خۆپیشاندانی بێ مۆڵه‌ت .
27 – داواکردنی پشتگیری جیهان بۆ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگای ڕاسته‌وانه که کۆمه‌ڵگای تاکایه‌تییه و له‌سه‌ر بنه‌مای به فه‌رمی ناسینی ئاره‌زووه‌کانه‌وه بنیات ده‌نرێت .
28 – مه‌شق پێکردنی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بۆ پارێزگاری کردنی سه‌ربازییانه له ژیانی تازه و ده‌ستکه‌وته‌کانی خه‌ڵك له‌سه‌ر بنه‌مای به جیهانی کردنیانه‌وه وه‌کو به‌شێکی جیانه‌بووه‌وه له مرۆڤایه‌تی .
29 – لابردنی نوێنه‌رایه‌تی تایبه‌ت بۆ گشت و دانانی هه‌موو مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگا له جێگه‌یدا به یه‌کسانی بۆ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی کردنه .
بژار
24-2-2011