قوتابییه‌كی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید له هه‌ولێره،له ئاساییشی هه‌ولێر..
قوتابییه‌كی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید له هه‌ولێره،
له ئاساییشی هه‌ولێر..
ڕێبوار سیوه‌یلی
له دوای عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیده‌وه، هیچ جه‌للادێكی دیكه‌م نه‌دیوه به‌و جۆره به شه‌ق له مرۆڤ هه‌ڵبدات، كه ئه‌و به خۆی و ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌ستییه‌وه، له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا، ساڵانی هه‌شتای سه‌ده‌ی ڕابردوو، له هاووڵاتییه‌كی عێراقی ده‌دات. ته‌نانه‌ت من زۆر له نزیكه‌وه شه‌ڕی سێرب و كۆرواته‌كان و هۆزه ئه‌فریقاییه به‌شه‌ڕهاتووه‌كانیشم چاودێریی ده‌كردن و هیچیانم به‌و جۆره نه‌بینین كه عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیدم بینیبوو. عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید جه‌للادێكی بێنمونه و بوونه‌وه‌رێكی مرۆڤ سووككه‌ر بوو، كه له مێژووی عێراقدا یه‌كجار به‌عسییه‌كان به‌رهه‌میان هێنا. من نازانم ئه‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر ئه‌ودا دران، چ كاریگه‌رییه‌كیان ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و قوربانیانه‌وه كه شه‌ق و زلله و بۆكس و مشته‌كۆڵه‌ی ئه‌و جه‌للاده‌یان به‌ركه‌وتووه و هه‌تا ئێستاش له یادوه‌ریاندا ئازار شه‌پۆل ده‌دات.
مرۆڤ له ئه‌زموونی ژیانی خۆیدا، زۆر شتی بیر ده‌چێته‌وه و بگره كاتێ یادگاره تاڵا و ناخۆشه‌كانی خۆی دێنه‌وه بیر، پێكه‌نینیش ده‌یگرێ، كاتێ ده‌زانێ به‌و هه‌دادانه‌ی له ئاست جه‌للاددا نواندویه‌تی، سته‌مكاریی هێناوه‌ته له‌رزه و خۆگرییه‌كانی وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌كه‌ونه‌وه بۆسه‌ر جه‌للاد. به‌ڵام بڕوا ناكه‌م ئیهانه و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر كه‌رامه‌تی مرۆڤ، به شه‌ق تێهه‌ڵدانی و ناچاركردنی به‌وه‌ی دابێته‌وه و قۆنده‌ره‌كانی جه‌للاد ماچ بكات، شتێك بێت به ئاسانی بیر بچێته‌وه و بینینی ئه‌مجۆره دیمه‌نانه‌ش، قوڵاییه‌كانی مرۆڤبوون و هه‌سته‌وه‌ربوون و ئه‌خلاقیبوونی ئێمه ده‌جووڵێنن.
عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید پسپۆڕ و ئوستادی جوێنفرۆشی و شه‌قوه‌شاندن و كلكه ده‌مانچه‌كێشان به سه‌روچاوی مرۆڤ و ناچاركردنی بوو به‌وه‌ی دابێته‌وه بۆ ماچكردنی پۆستاڵه عه‌سكه‌رییه‌كانی. ئه‌و بوونه‌وه‌ره، ڕچه‌شكێن بوو له مرۆڤشكاندن و چاوسووركردنه‌وه و تێكشكاندنی جه‌سته‌یی و ڕۆحیی ئینساندا. هیچ تاوانبارێكی دیكه‌م نه‌دیوه هێنده‌ی ئه‌و به حیرس و غه‌ره‌ز و ئیهانه‌وه شه‌ق له مرۆڤێك هه‌ڵبدات و به‌سه‌ر و چاویدا بكێشێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤه هیچ ئامرازێكی به‌رگریكردنی به‌ده‌سته‌وه بێت، یان بتوانێ به‌رگریی له‌خۆی بكات.
بۆیه من هه‌میشه له‌و بڕوایه‌دابووم كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك له پرۆسه‌ی ئازادكردنی خۆیدا له ده‌ستی سته‌مكاران، به‌رگه‌ی كۆكووژی و تراژیدیا و كۆسته به كۆمه‌ڵییه‌كانی ده‌گرێت و خۆی بینا ده‌كاته‌وه. چونكه هه‌میشه یاده‌وه‌ری هاوبه‌ش و كۆیادی نه‌ته‌وه‌یی به‌هێزتره له بیره‌وه‌ریی تاكه‌كه‌سه‌كان: كۆیاده‌كان گرووپ و نه‌ته‌وه به‌هێز ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌ستنه‌وه، به‌ڵام بیره‌وه‌ریی تاكه‌كه‌س به‌رده‌وام له‌شێوه‌ی هێرشێكی تردا خۆی دووباره ده‌كاته‌وه. بۆیه ئه‌سته‌مه تاكه‌كه‌سه‌كان خۆیان بیر بچێته‌وه، كاتێ به‌ده‌ست جه‌للاده‌وه به شه‌ق و زلله و قۆنداخه تفه‌نگ و كلكه ده‌مانچه ئه‌مدیوه‌ودیویان پێده‌كرێت و هاوار و ناڵه‌یان دادیان نادات. هه‌روه‌كچۆن ئه‌سته‌میشه مرۆڤ ئه‌و گرته و دیمه‌نانه‌ی بیر بچێته‌وه، كه تیایاندا جه‌للاد به ئاره‌زووی خۆی به‌رده‌بێته سه‌ر و سیمای دانسقه‌ی مرۆڤێكی تر، كه پڕه له كه‌رامه‌ت و گه‌وره‌یی و غروور. بۆیه له‌گه‌ڵا هه‌ر شه‌قێكدا كه له قوربانی هه‌ڵده‌درێت، شه‌قێك له كه‌رامه‌تی مرۆڤانه‌ی بینه‌ر و ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ش هه‌ڵده‌درێت، كه قوربانییه‌كه ئه‌ندامێتی.
له هه‌فته‌ی ڕابردوودا گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاو بۆوه كه تیایدا ئه‌ندامێكی ئاساییشی هه‌ولێر و چه‌كدارێك، به‌ربوونه‌ته سه‌روگوێلاكی گه‌نجێكی هه‌رزه‌كار و بێڕێزییه‌كی زۆری پێده‌كه‌ن و ناچاری ده‌كه‌ن قۆنده‌ره‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئاساییش ماچ بكات. ئه‌م گرته ڤیدیۆییه، پتر له هه‌ر ڕووداوێكی دڵته‌زێنی تر و پتر له هه‌ر بێڕێزییه‌ك كه ماوه‌ی مانگێك زیاتره به خۆپیشانده‌رانی شاری سلێمانی و شاره‌كانیتر ده‌كرێ، منی هه‌ژاند و نه‌متوانی دوای بینینی ئه‌م گرته‌یه، بیر له مامۆستای شه‌قوه‌شێنان، عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید نه‌كه‌مه‌وه. گوڕ و تین و حیرس و چیڕبوونه‌وه‌یه‌ك كه له شه‌ق و لێدان و په‌لاماره‌كانی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌دا بینیم، مامۆستاكه‌یم بیر ده‌خاته‌وه و له پشت هه‌موو په‌لامارێكی بۆ سه‌ر كه‌رامه‌تی ئه‌و گه‌نجه‌ی شاری هه‌ولێر، كه‌رامه‌تی گشت مرۆڤایه‌تی ده‌شكێنرا.
بۆ من ئه‌مه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و بگره ئه‌مه خودی كێشه‌كه‌یه: چۆنه له ناو ئاساییشی وڵاتی مندا كه‌سانێك هه‌ن بۆیان هه‌یه و ده‌توانن به‌و جۆره كه‌رامه‌تی گه‌نجێكی ئه‌م شاره له‌به‌ر هه‌ر تاوانێك كه كردبێتی، بشكێنن و هێشتا ئێمه بێده‌نگی هه‌ڵبژێرین؟ من دڵنیام سرووشتی ئه‌مجۆره ده‌زگایانه شتی له‌وه سه‌رسووڕهێنه‌رتریشی تێدا ڕوو ده‌دات، به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ی خۆمان ئه‌زموونی ناكه‌ین و ناكه‌وێته به‌رچاومان و كاریگه‌رییمان تێناكات، ئێمه‌ش بێده‌نگین. من ده‌زانم له‌و شوێنانه پیاوانێكی وه‌ها كار ده‌كه‌ن، كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ن به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تییه‌وه. له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی كه بینیمان پێده‌چێت مشتی نمونه‌ی خه‌روارێك بێت. ئه‌مه لێدانی باوكێكی تووڕه نییه له كوڕه لاساره‌كه‌ی، ئه‌مه لێدانی شه‌ڕفرۆشێك نییه له نێچیره‌كه‌ی، ئه‌مه په‌لاماری ئه‌ندامی خێڵێك نییه بۆسه‌ر ئه‌ندامی خیڵێكی دیكه، به‌ڵكو ئه‌و گرته ڤیدیۆییه له دوای قه‌سسابخانه‌كه‌ی تاقمی شێخ زاناوه، مه‌ترسیدارترین دیمه‌نێك بووه من له كوردستاندا بینیومه و ناتوانم لێی بێده‌نگ بم، چونكه ئه‌م گرته‌یه و ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی له‌وێدا له‌گه‌ڵا مرۆڤێك ده‌كرێت، كۆی ئه‌و دیمه‌ن و گرته و وێنانه‌م بیر ده‌خاته‌وه، كه به‌تایبه‌تی له شه‌ڕی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی و ستالینیزم و نازیزم و فاشیزم و به‌عسیزمدا وه‌ك دیمه‌نێكی ئاساییان لێهاتبوو. مه‌ترسیی ئه‌م گرته‌یه‌ش هه‌ر له‌وه‌دا نییه كه ڕابردووی جه‌للاد و قوربانیمان بیر ده‌خاته‌وه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ییه‌كی نزیكیشی تێدایه له‌گه‌ڵا ئه‌و كه‌رامه‌تشكێنییه‌ی ده‌زگاكانی وه‌ك میت و ئیتلاعات، له دۆخی ئێستادا، بۆ سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران له توركیا و ئێران پراكتیزه‌ی ده‌كه‌ن و كردویانه. بۆمن ترسناكیی ئه‌م دیمه‌نانه له‌وه‌دایه، چۆنه ئێمه نه خاوه‌ن كه‌لتوورێكی سیاسی مه‌زهه‌بسالارانه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێرانین و نه خاوه‌ن ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌كی وه‌كئه‌وه‌ی توركیاین، كه‌چی ئه‌فسه‌ره‌كانی ئاساییشمان وه‌كئه‌وان له قوربانییه‌كان ده‌ده‌ن و گه‌وره‌ییان ده‌خه‌نه ژێر قۆنده‌ره‌كانیانه‌وه. بۆچی ئێمه دوای زیاتر له هه‌شتاساڵا خه‌باتی ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازیی، له بیكه‌رامه‌تكردنی مرۆڤدا، له داگیركه‌رانمان بچین و له ڕێزگرتن له مافه‌كانیدا، هه‌ژارترین ناوچه‌ی جیهان بین؟ بۆ من پێویسته لێدان و په‌لاماری ده‌زگایه‌كی ئاساییشی كوردی بۆ هاونیشتیمانیان، وه‌ك لێدان و په‌لاماری ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی وڵاتانی هاوسێمان نه‌بێت كاتێ ڕووشكێنی و چاوشكێنی و كه‌رامه‌تشكێنی كورده‌كان بۆته پیشه و پسپۆڕییان. ئه‌م جیاكاره‌یه‌م پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بم ئه‌م سیسته‌مه‌ی وڵاتی من به‌ڕێوه ده‌بات هێشتا ته‌ماهی له‌گه‌ڵا ڕژێمه مرۆڤشكێنه‌كاندا نه‌ركردووه و بۆڕی نه‌داونه‌ته‌وه. بۆ من گرنگه بزانم وه‌زیری ناوخۆكه‌م و به‌ڕێوه‌به‌ری ئاساییش و ئه‌فسه‌ره‌كانی، كه هه‌موویان خه‌ڵكی وڵات و شار و گونده‌كانی خۆمانن و له‌م تیره و له‌و هۆز و عه‌شیره‌ته‌وه هاتوون، چۆن بیر له مرۆڤ ده‌كه‌نه‌وه و جیاواز له‌وانه بیری لێده‌كه‌نه‌وه، كه پسپۆڕ و مامۆستای شه‌قوه‌شاندنن له كورده هاونیشتیمانه‌كان. ئایا ئه‌مه‌یه ئه‌و ئاساییشه‌ی كه زۆرینه‌ی ئه‌فسه‌ر و كارمه‌نده‌كانی “كۆرسیی تایبه‌ت”یان وه‌رگرتووه و به‌شێوه‌یه‌كی “پڕۆفێشناڵا” و “زانستیانه” ڕاهێنراون و كه‌چی له‌به‌رده‌م مێردمنداڵێكدا، كه نازانرێ تاوانه‌كه‌ی چییه و تاوانه‌كه‌ی هه‌رچییه‌كیش بێت، ئه‌م هه‌موو كۆرس و زانست و پڕۆفێشناڵیزمه ناتوانێ خۆی كۆنترۆڵا بكات و په‌ناده‌باته‌وه به‌ر شه‌قوه‌شاندن؟ جا ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بڕوامان به شه‌قوه‌شاندنه، ئیتر كۆرس و زانست و پسپۆڕییمان بۆ چییه و ئه‌گه‌ر بڕیاریشه پڕۆفێشناڵیانه كار بكرێ، پێویسته شه‌ق و قۆنداخه تفه‌نگ و جوێنه‌كان بخه‌ینه‌لاوه.
سه‌رۆكی هه‌رێم و هه‌موو سه‌رۆكه‌كانی دیكه‌ی ناو ئه‌م نیشتیمانه، كه به‌رده‌وام ده‌ڵێن: “پێویسته یاسا سه‌روه‌ر بێت”، با بفه‌رموون به‌پێی یاسا، (با هه‌ر یاسایه‌ك بێت كه ئه‌م ئابڕووچوونه‌مان بیر به‌رێته‌وه)، بێن و ئه‌م شه‌قهه‌ڵدان و له‌قه‌پیاكێشان و غه‌دره له‌ئاست ئه‌و مێردمنداڵه‌ی خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر قه‌بووڵا نه‌كه‌ن و ده‌م و ده‌ست ئه‌و ده‌ستدرێژیكه‌رانه‌ی ئاساییش بده‌نه دادگای ڕاسته‌قینه و به سزای خۆیان بگه‌یه‌نن بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیانی ئه‌م شاره و شاره‌كانی تر تێبگه‌ن، كه ئێوه هه‌رچه‌نده ناچن به پیر داخوازیی خۆپیشانده‌رانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، هه‌رچه‌نده جیهانتان لێبووه به “بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان”، به‌ڵام له كه‌سیش قه‌بووڵا ناكه‌ن شه‌ق له هاوڵاتییه‌كی كوردستانی هه‌ڵبدات، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و هاووڵاتییه گه‌نجیش بێت و باوكیشی شه‌هید بێت! . دڵنیاشتان ده‌كه‌مه‌وه، به بێده‌نگی ئێوه له ئاست ئه‌م ڕووداوه‌دا، هه‌موو مرۆڤێكی خاوه‌ن كه‌رامه‌ت و خاوه‌ن عیززه‌تی نه‌فسی ئه‌م وڵات و به‌تایبه‌تیش ئه‌م شاره، وا هه‌ستده‌كات شه‌ق له‌وان و له كۆی به‌شه‌رییه‌ت هه‌ڵدراوه.
جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم: زۆرجار هه‌ستمكردووه ده‌رفه‌تت پێ‌نادرێت ڕۆڵ و ئه‌ركی خۆت له‌م ساته‌وه‌خته‌دا بگێڕیت، به‌ڵام ئه‌وه‌تا واقیع بانگت ده‌كات و ویژدان په‌نات بۆ ده‌هێنێ. ئه‌و شه‌قانه‌ی له‌و گه‌نجه كورده هه‌ڵده‌درێن، ته‌قه‌كردن نییه له “ئاژاوه‌گێران” تا پێویستیی به لێكۆڵینه‌وه‌ی دوورودرێژ و چیرۆك هۆنیینه‌وه‌ی شێوه یاسایی هه‌بێت. ئه‌مه دیمه‌نێكی تری ده‌ستی بێگانه و سیناریۆیه‌كی تری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نییه. ئه‌مه ته‌عه‌دایه‌كه له ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت و له‌لایه‌ن كه‌سانێكی ناسراو له دژی مێردمنداڵێكی ئه‌م وڵاته كراوه، كه هه‌رچییه‌كی كردبێت، شایانی ئه‌وه نییه له‌لایه‌ن ئه‌و قوتابیانه‌ی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیده‌وه، كه‌رامه‌تی بشكێنرێت. ئه‌م تاوانه ته‌نیا ئه‌وكاته قابیلی تێگه‌یشتنه، كه ئێمه و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانمان بووبینه میراتگر و درێژه‌پێده‌ری به‌عسییه‌كان و به‌خۆمانمان نه‌زانیبێت.
خوایه بۆخاتری كه‌رامه‌تی ئینسان، كه له‌وێنه‌ی خۆتدا خه‌ڵقتكردووه، گوناهه‌كانی ئه‌و گه‌نجه به‌و غه‌دره ببه‌خشه كه لێیكراوه. خوایه كه‌رامه‌تی ئه‌وانه‌ش بشكێنی كه بێده‌نگن له ئاست ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌دا. خوایه ئه‌و سیسته‌م و یاسا و حوكمڕانییه به سزا و ئابڕووچوونی خۆی بگه‌یه‌نی، كه له‌م تاوانه ناپرسێته‌وه و له ئاستیدا كه‌مته‌رخه‌می ده‌نوێنێ. خوایه ئه‌م میلله‌ته له‌و نه‌گبه‌تی و نه‌هامه‌تییه ڕزگار بكه‌ی، كه جه‌للاده‌كانی به هه‌مان گوڕ و تینی دووژمنانییه‌وه، شه‌ق و زلله له هاوخوێن و هاونیشتیمانه‌كانی خۆیان هه‌ڵده‌ده‌ن. خوایه جورئه‌ت و بوێریی ببه‌خشه به‌م گه‌له قوربانیبه‌خشه ته‌سلیمی توندڕه‌وی و په‌رچه‌كرداری خۆڕسك نه‌بێت، كه هه‌مووشتێكی بۆ ئازادیی به‌خشی و كه‌چی له‌سایه‌ی ئازادی‌دا شه‌قی تێهه‌ڵده‌درێت. خودایه به حیكمه‌تی خۆت پڕمانكه له هه‌دادان و سه‌رانی وڵاتمان له‌م غرووری عه‌رشه بهێنه خواره‌وه، كه قه‌بوڵی ده‌كه‌ن میلله‌ت له سایه‌یاندا هه‌ست به زه‌لییلی خۆی بكات. خودایه بوێری و سه‌بر ببه‌خشه به‌و گه‌نجه‌ی كه له‌باتی هه‌موو گه‌نجان و هه‌موو هاونیشتیمانی و مرۆڤایه‌تی شه‌قی تێهه‌ڵدرا و كه‌رامه‌تی ئینسانیانه و كوردیانه و گه‌نجانه‌ی شكێنرا. خودایه ئه‌م تارمایی وه‌حشه‌ت و لێكحاڵینه‌بوونه له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌مان هه‌ڵبگره، كه بارودۆخه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك ئاڵۆز كردووه، كه‌س دڵنیا نه‌بێت له ژیان و كه‌رامه‌تی خۆی. خوایه ئێمه له دۆزه‌خه‌وه په‌نات بۆ ناهێنین، به‌ڵكو له كوردستانه‌وه: له هه‌ولێره‌وه. ئایا هه‌ولێر له دۆزه‌خ ناخۆشتر و گوناهبارتره؟
25/3/2011
—————————————–