Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
قۆنەرەكەی مونتەزیر وپێكەنینە دەستكردەكەی بوش….ستیڤان ئەحمەد شەمزینانی

قۆنەرەكەی مونتەزیر وپێكەنینە دەستكردەكەی بوش….ستیڤان ئەحمەد شەمزینانی

Closed
by January 6, 2009 گشتی

 قۆنەرەكەی مونتەزیر وپێكەنینە دەستكردەكەی بوش
 ستیڤان ئەحمەد "شەمزینانی"

 ئەو دیمەنەی لەرۆژی پانزەی ئەم مانگە بینیمان،كەمونتەزیر زەیدی هەواڵنێری كەناڵی ئەلبەغدادیە هەردوو تاكە قۆنەرەكانی گرتە سەرۆكی ویلاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاو لەگەڵیدا بەدەنگی بەرز هاواریكرد، ئەمە ماچی دواماڵئاوایی ئێراقییەكانە لێتان، ئەی سەگ. لەرووی مۆراڵەوە ئەو رەفتارەی هەواڵنێری ناوهێنراو كردارێكی گونجاو ورەوشتدارانە نەبوو، زۆر دووربوو لەرەوشتی پیشەوەرانەی رۆژنامەنووس، زیاتر پاڵنەرێكی نەتەوەیی عەرەبیی لەپشت ئەو رەفتارەوە ئامادەبوو، ئەگەر نەڵێین دەستێكی دەرەكیی لەوێنەی ئێران رۆڵی خۆی بینیوە. ئێمە كارمان بەوە نییە كێ وچی هاندەر بووە؟ هەروا مەبەستیشمان نییە ئەم نووسینە بكەینە بەیاننامەی ئیدانەكردن یان پەخشانێكی پیاهەڵدان بەرۆژنامەنووسی ناوبراودا، كاری ئێمە شیكردنەوەو خوێندنەوەی ئەو هەڵچوون وپەرچەكردارە بوو رۆژنامەنووسی ناوبراو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسییدا نواندی، ئایا بەراست ئەو رۆژنامەنووسە تەنیا گوزارشتی لەبۆچوونی خۆی دەكرد یاخۆ ئەم رەفتارە روانگەی زۆرینەی عەرەبانە هەر لەكەنداوەوە تا ئۆقیانووس؟. وای بۆ دەچم ئەگەرچی رەنگبێ ئەو رۆژنامەنووسە ویستبێتی لەرێی ئەو مامەڵەوە ناوبانگێكی جیهانیی بۆ خۆی پەیدا بكات، لەپاڵ ئەمەشدا هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت ئەمە قەناعەتی راستەقینەی زۆربەی وڵاتانی عەرەبییە هەر لەفەرمانڕەوایانەوە تادەگات بەمنداڵانی خوێندنگە سەرەتاییەكانیش. ئەم رق وكینەیە لەئەمەریكاو خودی سەرۆكی ئەو دەوڵەتە هەروا لەخۆڕا نییەو بەخۆڕسك لەگەڵ عەرەبدا لەدایك نەبووە، بەڵكو ئەوە بەرئەنجامی نزیكەی سەدەیەك دەستێوەردانی ئەمەریكاو چەندان سەدەی دەستتێوەردانی خۆرئاواییەكانە لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی وعەرەبیدا، ئەوان واتە رۆژئاواییەكان لەسەرو هەموویانەوە ئەمەریكا بەرپرسیارن لەو بارە نەخوازراوەی ئەمڕۆكە لەوڵاتانی بەناوبانگ بەجیهانی سێ و رۆژهەڵاتدا بوونی هەیە، ئەوان دوێنێ دەهاتن خاك وخۆڵ وزێدو سەروەت وسامانیان لەخاوەنی راستەقینەی خۆی زەوتكردو ئەمڕۆش جەنگ لەدوای جەنگ، دیكتاتۆر لەدوای دیكتاتۆر دەكەنە چارەنووسی ئەم گەلە داماوكراوانە. راستە دەوڵەتانی عەرەبی ورۆژهەڵاتی نموونەی داپڵۆسێنەرترین ودواكەوتووترین جۆری دەوڵەتن، كەچی بەكەمێك وردبوونەوە دەگەینە سەرچاوەی حەقیقیەت كەهەر خودی رۆژاواییەكانن ناهێڵن ئەم سیستمە دواكەتووانە لەسەر كار لابرێن وهەر ئەوانن بەتوانای ماددیی ولۆجیستی پشتگیریی لەمانەوەی ئەو مۆدیلەی سیستمی دەوڵەتداریی دەكەن لەم ناوچەیەدا. ئەوان رۆژانە چەك دەفرۆشن وچەك وەبەرهەم دێنن، هەرخۆشیان لێرە گرفت دروستدەكەن تا رۆژهەڵاتییەكان چەكەكانیان لێبكڕنەوەو بینێنەوە بەیەكەوە. ئەوان دێن كنوزو سامانی ئەم دەڤەرە دەدزن ودەمامكی رزگاریخوازانەشیان لەسەر كردووە، هەروەك سەرۆك هۆزێكی ئەفەریكی گوزارشتی لێكردووە، ساتێ رۆژئاواییەكان هاتن، ئینجیلیان پێبوو، ئێمەش خاوەنی زەوییەكانی خۆمان بووین، هەرئەوەندەی چاومان نووقاند بۆ نوێژكردن، كاتێ چاومان هەڵهێنایەوە ئینجیلەكانی ئەوان بەئێمەو زەوییەكانی ئێمە بەئەوان بوو. بوش یەكێكە لەدەمڕاستەكانی ئەم سیستمە وەحشیگەرییە، جەنگی ئێراق، جەنگی ئەفغانستان، جەنگی درۆینەی كێوماڵكردنی تیرۆریزمی ئیسلامیی، چەككردنی دەوڵەتانی مەترسیدار، خستنە لیستی رەشی كۆمەڵێك رێكخراو كەبەشی زۆریان شۆڕشگێڕن، جەنگی ئابووری، جەنگی داماڵینی چەكی ئەتۆمی لەوڵاتانی چەشنی كۆماری ئاخوندەكانی ئێران وكۆریای باكووری كۆمۆنیستیی، هەموو ئەمانە بەناوی مرۆڤدۆستییەوە ئەنجام دەدرێن وگەورەترین كارەساتی ئینسانیان لێكەوتووەتەوە، لەبنەڕەتیشدا هەموو ئەم جەنگانە تەنیا پاساودانی هەژموونخوازیی ئەمەریكاو رۆژئاواییەكانە، ئەگەر ئەوان پەرۆشی ژیانی مرۆڤەكانن ولەكاسترۆو سەددام وئەحمەدی نەژاد رزگاریان دەكەن؟ ئەدی بۆچی دەستی یارمەتی بۆ ژیانی ملیۆنان مرۆڤ درێژ ناكەن لەكیشوەری رەشدا؟ ئەرێ ئەو هەموو ترلیۆن دۆلارەی بۆ جەنگی ئێراق وئەفغانستان تەرخانكرا لەلایەن حكومەتەكەی بوشەوە بەشی ئەوەی نەدەكرد یەك كیشوەر لەفەوتان وئینقراز رزگار بكرێت بۆ تاهەتایە؟. بوش كەبڕیاردەری مەرگی ملیۆنان مرۆڤ بووە،كە لەكەللەی هەریەكەیاندا جیهانێكی تایبەتی هەبووە، نەك شایستەیە قۆنەرەی تێبگیرێت رەنگبێ ئیدی كاتی هاتبێت ئەو سیستمە هۆڤەی بوش وبلێرو ساركۆزی دروستكردووە لەگۆڕ بنرێت، ئەو سیستمەی لەپێناوی گەشانەوەو رووناكیی لەندەن وپاریس ونیۆیۆرك، ژیانی ملیار مرۆڤ دەخاتە تاریكیی شەوەزەنگەوە، ئەو سیستمەی رۆژانە ملیۆن تۆن خۆراك وگەنم وگەنمەشامی وبەروبوومی تری كشتوكاڵیی فڕێدەداتە ناو ئاوی زەریاكانەوە، كەچی لەولاوە مرۆڤ لەئەفەریكا رەگی داریش نەما بیكوڵێنن وبیخۆن، نەك هەرئەوە لەرۆژێكدا دەهێندەی كارەساتەكەی یانزەی ئەیلوول لەبرسانداو لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی لەوڵاتانی جیهانی سێیەم وئەفەریكا دەمرن وكەسیش نییە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی بكاتە سەر ئەو دەوڵەتە كۆلۆنیالیست وسەرمایەدارییانەی وەك مەكینەی قیمە ژیانی مرۆڤایەتی هەپرون هەپرون دەكەن. لەهەموو ئەمانە سەیرتر هاژوهوژی كۆمەڵێك قەڵەم بەدەستە وەك ئەوەی كەعبە رووخابێ ومەسیح لەخاچدرابێتەوە، دەنگە دەنگێكیان لەسەر ئەو قۆنەرەی تێگرتنە لەبوش ناوەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ كام لەو بەڕێزانە بەراووردی موشەكەكانی بوش وقۆنەرەكانی مونتەزیر بكەن، بێ ئەوەی بزانن ئەو بوشەی ئەوان بۆی دەگریێن، هیتلەرێكی دەست ولەپ خوێناوییەو رەنگە بڵێم قۆنەرە تێگرتنی باشترین رێزلێنانییەتی. 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.