كاره‌سات له بێده‌نگیدا
“كاره‌سات له بێده‌نگیدا”
وه‌رگێڕ: په‌روین عه‌لی مورادی
“په‌روین به‌ختیار نژاد” لێكۆڵه‌ر، رۆژنامه‌نووس، نووسه‌ر و یه‌كێك له هه‌ڵسووڕاوانی دێرینی بواری بزووتنه‌وه‌ی ژنانه. ناوبراو ساڵی ١٣٤١ی هه‌تاوی له دایك بووه، له رشته‌ی گرافیكدا خوێندنی ته‌واو كردووه و دایكی دوو منداڵه. چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌كانی خۆی له ساڵی ١٣٥٦وه كاتێك كه قوتابی ساڵی ئه‌وه‌ڵی ده‌بیرستان بوو، ده‌ست پێكردووه.
“په‌روین به‌ختیار نژاد” له ساڵی ١٣٧٤وه به شێوه‌ی به‌رده‌وام و حرفه‌یی، كاری رۆژنامه‌نووسی ده‌ست پێكردووه و له پاڵ ئه‌وه‌شدا، كاری لێكۆڵینه‌وه له بواری كێشه و گرفتی ژنانیشی به جیدیه‌ت و به هێمنی، درێژه پێده‌داوه. سه‌رنجدان و عه‌لاقه‌ی تایبه‌تی ئه‌و به چاره‌نووسی دڵته‌زێنی ژنانی بنده‌ستی كۆمه‌ڵگا بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌یكه په‌روین لێكۆڵینه‌وه‌كانی بۆ ژنانی زیانپێگه‌یشتوو له سته‌می جنسی، ته‌رخان بكات و به‌رهه‌م و راپۆرت و كتێبگه‌لێكی كه تا ئێستا بڵاو كردووه‌ته‌وه، زۆرتر له سه‌ر ژیانێكه كه به بێ تاوان ده‌كوژرێن یان له رووی ناچارییه‌وه خۆكوژی ده‌كه‌ن.
“ژنه خۆستووتێنه‌ره‌كان” یه‌كێك له كتێبه‌كانی “په‌روین به‌ختیار نژاد”ه كه ساڵی ١٣٨١ له لایه‌ن ده‌زگای چاپه‌مه‌نی “سه‌مه‌دییه”وه بڵاو كراوه‌ته‌وه.
كتێبی “كاره‌سات له بێده‌نگیدا” تازه‌ترین به‌رهه‌می ئه‌م ژنه تێكۆشه‌ره‌یه كه ئه‌مڕۆ چه‌ند به‌شێكی كورت له‌م كتێبه‌تان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین، كاره‌سات له بێده‌نگیدا لێكۆلێنه‌وه‌یكی مه‌یدانییه له‌سه‌ر قه‌تڵه نامووسییه‌كان.
نووسه‌ر له پێشه‌كی ئه‌م كتێبه‌دا ئاواته‌كانی بۆ بنبڕ كردنی ئه‌م دیارده شه‌رماوه‌ره وه‌ها ناولێبردووه: زۆر به‌هیوام و متمانه‌شم هه‌یه كه كه‌سانێكی زۆر، پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته باس ده‌كه‌ن. ئه‌م لێكۆڵینه‌وه ساڵێك درێژه‌ی كێشا و هیوادارم پاش بڵاو بوونه‌وه‌ی ، كه‌سانێكی تریش هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م كێشه‌یه هه‌ڵبگرن.
“شه‌یدا” ژنێكی ته‌مه‌ن ١٦ ساڵی مه‌ریوانی كه منداڵێكی ته‌مه‌ن دوو ساڵیشی هه‌بوو، له رێكه‌وتی ١١ی، ٧ی، ١٣٨٨ له لایه‌ن براكه‌یه‌وه درایه بر چه‌قۆ و به داخه‌وه گیانی له ده‌ست دا. شه‌یدا كه هاوسه‌ره‌كه‌ی موعتاد بوو، له كاتی قسه كردن له‌گه‌ڵ پیاوێك له سه‌ر خیابان له لایه‌ن براكه‌یه‌وه كوژرا.
پیاوێك به هۆی به‌دگومانی له ژنه‌كه‌ی و دڵ پیسی . دوای ٢٩ ساڵ ژیانی هاوبه‌ش ، به‌به‌ر به‌رچاوی منداڵه‌كانییه‌وه هاوسه‌ره‌كی كوشت .
له وه‌رزی پاییزی ٨١، بنه‌ماڵه‌یه‌ك له خوزستان له كیفی كچه‌كه‌یاندا كارتێكی پیرۆزبایی بێ ئیمزایان دۆزیه‌وه. كچه‌كه له لایه‌ن مامیه‌وه كوژرا و بنه‌ماڵه‌ی كچه‌كه‌ش له قاتڵه‌كه خۆش بوون.
“سه‌عیده” كچێكی ته‌مه‌ن ١٤ ساڵی به‌لوچستانی به هۆی به‌دگومانی و دڵ پیسی باوكییه‌وه، له لایه‌ن باوك، برا و هاوڕێی براكانیه‌وه به‌ردباران كرا.
“نگینی شه‌یخولسلامی” هه‌ڵسووڕاوێكی ژن له ئۆستانی كوردستان رایگه‌یاندووه: له نیوه‌ی ساڵی ١٣٨٧وه، ١٥ قه‌تڵی ناموسی له كوردستان روویداوه.
“دڵبه‌ر خوسره‌وی” كچێكی ته‌مه‌ن ١٧ ساڵه له ئاواییه‌ك له نزیك مه‌ریوان، چونكه ده‌یویست له مێرده نه‌خوازراوه‌كه‌ی ته‌ڵاق وه‌ربگرێت، له لایه‌ن باوكیه‌وه سه‌ر بڕا.
پیاوێكی ته‌مه‌ن ٤٦ ساڵ ژنه تازه‌لاوه سێغه كراوكه ی كه ته‌نیا ١٥ ساڵ ته‌مه‌نی بوو، به هۆی به‌دگومانی و دڵ پیسییه‌وه به چه‌قۆ بریندار كرد و ئه‌و پیاوه‌شی كه له گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی قسه‌ی ده‌كرد، به چه‌قۆ كوشت. لقی ٧١ی دادگای كه‌یفه‌ری ئۆستانی تاران به پاساوی ئه‌وه‌یكه كوژراوه‌كه خوێنی حه‌ڵاڵ بووه، قاتڵه‌كه‌ی ته‌نیا به په‌رداختی دیه مه‌حكوم كرد.
له لورستان “له‌یلا” به هۆی خۆبواردن له ئیزدواجی زۆره‌ملێ له گه‌ڵ كوره مامه‌كه‌ی به ناچار له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی هه‌ڵات، به‌ڵام له لایه‌ن براكانی و كوڕه مامه‌كه‌یه‌وه گیرا و به دره‌ختێكه‌وه بهستیانه‌وه و ئاگریان له جه‌سته‌ی به‌ردا و سووتاندیان.
له دزفول “جاسم” كه خاوه‌نی ٣ منداڵ بوو، به گومانی ئه‌وه‌ی كه گوایه كچه ١٥ ساڵه‌كه‌ی له لایه‌ن مامه‌كه‌یه‌وه ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌وه سه‌ر، سه‌ری كچه‌كه‌ی بڕی.
هه‌مدیسان له دزفول پیاوێك به گومانی ئه‌وه‌ی كه گوایه كوڕه ٧ ساڵه‌كه‌ی كوڕی ئه‌و نییه ، كوڕه ٧ ساڵه‌كه و دایكی مناڵه‌كی كه ژنی دووهه‌می كابرا بوو سه‌ر بڕی.
له “تۆربه‌ت جام” پیاوێك به هاوكاری براكه‌ی و كوڕه مامه‌كه‌ی، خوشكه لاوه‌كه‌ی خۆی ده‌كوژێت و ته‌رمه‌كه‌ی ده‌خه‌نه ناو بیرێكی رووخا‌و. ناوبراو پاش مانگێگ خۆی به پۆلیس ده‌ناسێنێت و هۆكاری ئه‌م قه‌تڵه‌ی بۆ پاراستنی ئابڕووی بنه‌ماڵه‌كه‌ی راگه‌یاند.
له سه‌قز “شنۆ فه‌رهادی” به هۆی خۆبواردن له ئیزدواجی زۆره‌ملێ، به ده‌ستی براكه‌ی ده‌كوژرێت.
“فرشته نجاتی” كه ١٨ ساڵ له مێرده‌كه‌ی بچووكتر بوو و به مه‌به‌ستی ته‌ڵاق وه‌رگرتن گه‌ڕابووه بۆ ماڵی باوكی، به تۆمه‌تی ناڕه‌وای پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پیاوێكی دیكه له لایه‌ن باوكیه‌وه سه‌ر بڕا.
ساڵی ١٣٨٧ ژماره‌یه‌ك له ئه‌نجومه‌ن و ناوه‌نده مه‌ده‌نییه‌كان و داكۆكیكارانی مافه‌كانی مرۆڤ و ژماره‌یه‌ك له ژنانی مه‌ریوان، وێڕای مه‌حكوم كردنی قه‌تڵی “شه‌هین نه‌سڕوڵاهی” كه له لایه‌ن براكه‌یه‌وه له ئاوایی “دزڵی” كوژرابوو، خۆپیشاندانێكیان وه‌ڕێخستن .
“زه‌هرا كچێكی” ته‌مه‌ن ٧ ساڵی ئه‌هوازی دوای ئه‌وه‌ی دایك و باوكی به شه‌ڕ هاتبوون، له‌گه‌ڵ دایكی چوبوو بۆ ماڵی باپیری ، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌یكه ده‌گه‌ڕێته‌وه باوكی لێ به‌دگومان و دڵ پیس ده‌بێت و وابیر ده‌كاته‌وه كه كچه‌كه‌ی كاتێك له ماڵی باپیری بووه له لایه‌ن خاڵیه‌وه ده‌ستدرێژی كراوه‌ته سه‌ری، به‌م بۆنه‌وه زه‌هرا به ده‌ستی باوكی ده‌كوژرێت.
٢٠ی مانگی خه‌رمانانی ساڵی ٨٧، “خه‌دیجه” ژنێكی لاوی ئابادانی كه ده‌یهه‌وێت له مێرده موعتاده‌كه‌ی جیابێته‌وه، پاش ئه‌وه‌یكه مێرده‌كه‌ی له‌م بڕیاره‌ی خه‌دیجه ئاگار ده‌بێت له گه‌ڵ دوو مامی خه‌دیجه پێوه‌ندی ده‌گرێت و پێیان ده‌ڵێت خه‌دیجه له گه‌ڵ پیاوێكی دیكه پێوه‌ندی هه‌یه. دوو مامه‌كه‌ی خه‌دیجه‌ش، خه‌دیجه به زۆر سواری ماشینی ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یبه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار، پاشان یه‌كێك له مامه‌كانی ده‌سته‌كانی له پشته‌وه ده‌به‌ستێت و مامه‌كه‌ی تریشی به كاردی میوه‌خۆری ده‌ست ده‌كات به بڕینی ملی.
خه‌دیجه له‌م جه‌نایه‌ته رزگاری ده‌بێت. ئه‌و ده‌ڵێت: هه‌ر چه‌نده له مامه‌كانم ده‌پارامه‌وه، یه‌كێك له مامه‌كانم هاواری ده‌كرد، بڵێ له‌گه‌ڵ كام پیاو پێوه‌ندیت هه‌یه كه مێرده‌كه‌ت پێتی زانیوه. كاتێك كه ده‌مگوت ئه‌م قسانه درۆیه و من هه‌میشه گوێڕایه‌ڵی مێرده‌كه‌م بووه، ئه‌و زۆرتر تووڕه ده‌بوو به‌سه‌رمدا.
كاتێك كه مامم به چه‌قۆی میوه‌خۆری ورده ورده قوڕگمی ده‌بڕی، واهه‌ستم ده‌كرد كه هێواش هێواش گیان له جه‌سته‌مدا نامێنێت. ته‌نانه‌ت حه‌نجه‌ره و تاره سه‌وتییه‌كانم بڕابوو، به‌ڵام جه‌سته‌م هێشتا گیانی تێدا مابوو، تا پانتایی یه‌ك میتری خوێن رژا بوو. هێشتا تۆزێك گیانم تێدا مابوو. ، كاتێك كه مامه‌كانم هه‌ستیان كرد كه ئیتر من مردووم، وازیان لێ هێنا و به‌جێمیان هێشت، موبایلی خوشكه‌كه‌مم پێ‌بوو،به‌هه‌ر زه‌حمه‌تێ بوو موبایله‌كه‌م ده‌رهێنا و زه‌نگم بۆ باوكم لێدا، ئیتر ئاگام له خۆم نه‌ما. من له مه‌رگ گه‌ڕاومه‌ته‌وه تا مافی پێشێل كراوی خۆم وه‌ربگرم.
له فه‌راشبه‌ندی ئۆستانی فارس، سوسه‌نی ته‌مه‌ن ١٧ ساڵ له حاڵێكدا كه كۆڕێكی دیكه‌ی خۆش ده‌ویست، ناچار به هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كوڕه‌مامه‌كه‌ی كرا، سوسه‌ن به‌م هاوسه‌رگیرییه ڕازی نابێت ، هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه كه باوكی و كوڕه مامه‌كه‌ی به چارشێوه‌كه‌ی خۆی بیخنكێنن.
له گورگان پیاوێك به هۆی به‌دگومانی و دڵ پیسی له ژنه ته‌مه‌ن ٢٨ ساڵه‌كه‌ی، به به‌رچاوی منداڵه‌كه‌یانه‌وه، ئه‌سید به‌سه‌رووچاوی ژنه‌كه‌یدا ده‌كات و ده‌یكوژێت.
به‌م هه‌واڵانه كه هه‌موو رۆژێك ده‌ێبیسین، توندوتیژی به شێوه‌ی ئاشكرا له ماڵه نائه‌منه‌كانی ئێمه دایه، ده‌بێ چی بكه‌ین؟ ده‌بێ په‌نا بۆ كام یاسا ببه‌ین؟ داوای یارمه‌تی له كام ناوه‌ند بكه‌ین؟ و سه‌رئه‌نجام به بینینی ئه‌م ژماره زۆره له ژنان و منداڵانی،قوربانی ویژدانی برینداری خۆمان چۆن سارێژ كه‌ین ؟
ئایا ئه‌م قوربانیانه بوونه‌ته قوربانی “غه‌یره‌ت” و “ناموس په‌ره‌ستی” پیاوان ، یان ئه‌وه‌یكه ئه‌م ژنه و منداڵانه بونه‌ته قوربانی بیروباوه‌ڕی باوك سالارانه‌ی ریشه داكوتاو له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا؟
“په‌ورین به‌ختیار نژاد” له به‌شێكی دیكه له كتێبه‌كه‌یدا له ژێر ناوی “نامووس و غه‌یره‌ت، وه‌ك پاساوێك بۆ قه‌تڵه نامووسییه‌كان” به كه‌ڵك وه‌رگرتن له لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی و موسته‌نه‌ده‌كه‌ی كاتێك كه باس له‌م كێشه قیزه‌ونه كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌كات، ئاوا ده‌نوسێت:
وشه‌ی “نامووس” له كولتوری ئێمه‌ی ئێرانی‌دا له هه‌موو جێگایه‌ك به‌رابه‌ره له‌گه‌ڵ غه‌یره‌ت، شه‌ره‌ف و پیاوه‌تی.
به‌پێی ئه‌وه‌ی كه غه‌یره‌ت، شه‌ره‌ف و پیاوه‌تی پیاوان پێوه‌ندی راسته‌وخۆی له گه‌ڵ ژناندا بووه، وشه‌ی غه‌یره‌تیش له ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌دا به ناموسی په‌ره‌ستی ناوی لێبراوه و مه‌به‌ست له نامووس، ژنانی بنه‌ماڵه‌یه‌كن كه چاو له ده‌ستی پیاوانن. كه‌واته پیاوان ده‌بێت هه‌موو كاتێك ئاگاداری ناموسه‌كانیان، به پێی تێگه‌یشتن و بیركردنه‌وه‌ی خۆیان له وشه‌ی غه‌یره‌ت و شه‌رافه‌ت بن. به‌ڵام ته‌فسیر كردنی غه‌یره‌ت و شه‌ره‌فی پیاوان، چیرۆكێكی پڕ هه‌وراز و نشێوی هه‌یه. تا ئه‌و جێگایه‌ی كه به بیانووی غه‌یره‌تی بوون، هه‌موو حقوقێكی تاكه‌كه‌سی و ئینسانی ژنان له لایه‌ن پیاوانه‌وه زه‌وت ده‌كرێت و له بوونه‌وه‌رێك به ناوی ژن، ته‌نیا گوێڕایه‌ڵێك ده‌مێنێته‌وه، نه‌ك شتێكی دیكه.
چونكه ته‌فاسیر و به‌رداشته جیاجیاكان و ته‌نانه‌ت به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ده‌چێته ناو وردترین و خسوسی ترین چوارچێوه‌ی ژیانی ژنان، تا له‌م رێگایه‌وه به پیاوان بسه‌لمێنێت كه بوونه‌وه‌رێكی نامووس دۆسته و به غه‌یره‌ت و شه‌رافه‌تی پیاوان ئێعتبار و شانازی ده‌به‌خشێت.
له چیرۆكی سه‌ربه‌رزی پیاواندا، هه‌رچی ژن گوێڕایه‌ڵتر بێت و له مافه فه‌ردی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خۆی بێ ئاگابێت، به پیاوانی بنه‌ماڵه و كه‌س و كاره‌كه‌ی ئێعتبارێكی به‌رزتر ده‌به‌خشێت. هه‌ڵبه‌ت ژنانیش له دنیای سوونه‌تیدا، هر به‌م شێوه خۆیان پێناسه ده‌كه‌ن .
له ئاكامدا وا ژیان ده‌به‌نه سه‌ر كه پیاو و داب و نه‌ریته دواكه‌وتووه‌كان بۆی دیاری ده‌كه‌ن. له راسیتدا ئه‌و ژنانه خۆیان و منداڵه‌كانیان به مڵكی پیاو ده‌زانن و به‌پێی حه‌ز و خواستی پیاوه‌كانیان ده‌ژین.
به‌ڵام بچووكترین به‌ره‌و ڕوبوونه‌وه له گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی مۆدێڕن‌دا، ده‌توانێت ئه‌و دنیایه بخاته ژێر پرسیاره‌وه و ژنان به‌ره‌وڕووی پرسیاری جۆراوجۆر له سه‌ر خۆیان و ده‌و‌روبه‌ریانه‌وه بكات ، و له هه‌موو گرینگتر به‌ره‌نگاری بایه‌خه بۆماوه‌ییه‌كان بكاته‌وه .
له راستیدا له‌م قۆناغه‌دا ژن به‌ره‌و رووی خۆی ده‌بێته‌وه و به شوێن خودی خۆی كه له بیر براوه‌ته‌وه ده‌گه‌ڕێت. ئه‌و به‌ردوام بیر له رابردووی خۆی ده‌كاته‌وه تا بزانێت له كوێدا وه‌ستا.
رابردووی پڕه له ئه‌فسوس و درێغ، ئه‌مڕۆی پڕه له ماندوویه‌تی له ۆابردوو و بۆ گه‌یشتن به داهاتوو ده‌بێ له تونێلێكی تاریكه‌وه تێپه‌ڕبێت تا خۆی بگه‌یه‌نێته ئه‌و رووناكییه‌ی كه له دووره‌وه بانگهێشتی داكات.
رابردووی پڕه له په‌شیمانی و ئه‌مڕۆی پڕه له سه‌ختی و دژواری تاقه‌ت پڕوكێن، ته‌نیا رێگه‌یكی له به‌رده‌م دایه كه ئویش خه‌باتێكی دژواره. له‌م خه‌باته‌دا به هه‌زاران گیان له سرناوی”نامووس” بوونه‌ته قوربانی. به‌ڵام هه‌واڵی ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌م قوربانیانه به گوێ ئێمه گه‌یشتووه. و ئه‌وانی تر له ته‌نیایی و بێ ناونیشانیدا گیانی خۆیان له ده‌ست داوه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر زیندوو بمانایه‌تن حه‌زیان ده‌كرد به جۆرێكی دیكه ژیان ببه‌نه‌سه‌ر، به‌م قه‌تڵانه ده‌ڵێن: “قه‌تڵی نامووسی”.
ئه‌م نمونانه به باشی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه پێناسه‌ی غه‌یره‌ت و شه‌ره‌فی پیاوان تا چ ئاستێك به لاڕێدا چووه. له دۆخێك‌دا كه داخوازی ته‌ڵاق، باوكێك بێ نامووس ده‌كات، خۆشه‌ویستی كوڕ و كچێك ته‌نانه‌ت به ره‌چاكردنی داب و نه‌ریتیش، غه‌یره‌تی برایك بریندار ده‌كات.
به‌دگومان بوونی باوكێك به مناڵه ٧ ساڵه‌كه‌ی، بێ هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌ك وای لێده‌كات كه منداڵه‌كه‌ی خۆی بكوژێت.
خۆبواردن له ئیزدواجی زۆره‌ملێ، پیاوانی بنه‌ماڵه بێ نامووس ده‌كات و ده‌بێته هۆی كوشتنی كچه‌كه‌یان.
په‌ره‌سه‌ندن و بڵاو بوونه‌وه‌ی كاره‌سات له بێده‌نگیدا واته “قه‌تڵی نامووسی” نه ته‌نیا به‌به‌ردوامی له لایه‌ن هه‌ڵسووڕاوانی مافه‌كانی ژنان و چالاكانی مافی مرۆڤ و رۆژنامه‌نووسانه‌وه باسی كراوه، به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت له لایه‌ن هه‌ندێك له كاربه‌ده‌ستانی قه‌زاییشه‌وه ئاماژه‌ی پێكراوه و له رۆژنامه سه‌راسه‌ری و محه‌لییه‌كاندا ده‌نگی داوه‌ته‌وه و باسی لێ كراوه و به دیارده‌یكی بگۆڕ له قه‌ڵه‌م دراوه.
ئه‌م مه‌سه‌له كۆمه‌ڵایه‌تییه له جۆری خه‌ساره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه كه به به‌رنامه‌ریزی ده‌قیقی عیلمی و پێبه‌ند بوون به‌و به‌رنامانه، ده‌توانین بیانگۆڕین یان لانیكه‌م ده‌توانرێت تا ئاستێك كۆنترۆڵ بكرێت.
ئه‌م خه‌ساره كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌بێ بگۆڕدرێت، چونكه ئه‌مه جه‌نایه‌تێكی روون و ئاشكرا و دژه ئینسانییه. كوشتنی هیچ تاكێك به پێی حه‌دس و گومان له هیچ كۆمه‌ڵگا و كو‌لتور و هیچ كتێبێكی یاسایی دا، قه‌بووڵ ناكرێت. مه‌گه‌ر له‌و كۆمه‌ڵگا ده‌گمه‌نانه‌دا كه به شێوه‌یكی ناسرووشتی تووشی دواكه‌وتوویی فه‌رهه‌نگی بوون.
له لێكۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌كانی ئه‌م كتێبه‌دا زۆرتر باسی ناوچه قه‌ومی و عه‌شیره‌تییه‌كان، كراوه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانا نییه كه له شاره گه‌وره‌كاندا قه‌تڵی نامووسی وجوودی نییه.
ته‌نیا زۆربوون و بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له له هه‌ندێك له‌م ناوچانه‌دا بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌یكه نووسه‌ری ئه‌م كتێبه بۆ ئه‌و شارانه سه‌فه‌ر بكات و له سه‌ر قه‌تڵه نامووسییه‌كان لێكۆڵینه‌وه ئه‌نجام بدات.
ئه‌م كتێبه له ئه‌نجامی سه‌فه‌ر بۆ ئۆستانه جیاجیاكان، وتووێژ له‌گه‌ڵ كه‌سانی ئاگار له‌هه‌نێك له‌و ناوچانه و هه‌ر وه‌ها گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كارناسان، كۆمه‌ڵناسان، ده‌رون ناسان و هیتر ، به ره‌چاوگرتنی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه قه‌تڵه نامووسییه‌كان له‌وانیشدا وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی باسی لێده‌كریت ، به‌رهه‌م هێنراوه.
نووسه‌ری ئه‌م كتێبه ده‌ڵێت: له پڕۆسه‌ی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌دا چاوم به ژنانێكی لاوی ئه‌و ناوچانه كه‌وت كه خۆیان به‌فراوانی شایه‌تی قه‌تڵی نامووسی ببوون. هێندێك له‌و ژنانه دوای دیداری نووسه‌ری ئه‌م كتێبه، گه‌یشتنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته كه لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر قه‌تڵه نامووسییه‌كانی ناوچه و شاره‌كانی خۆیان بكه‌نه بابه‌تی پایان نامه‌ی زانكۆیان.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی مه‌دره‌سه‌ی فیمینیستی