Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
كاك نێچیرڤان بارزانی لەوە زیاتر چیت گەرەكە…مەجید ساڵح

كاك نێچیرڤان بارزانی لەوە زیاتر چیت گەرەكە…مەجید ساڵح

Closed
by January 31, 2008 گشتی

  لە پێشینەیەكى بێوێنەدا یەكێتى نیشتمانى كوردستان دەستبەردارى ئەو سیرەیەى خۆى بوو بۆ گرتنە دەستى سەرۆكایەتی حكومەتى هەرێمی كوردستانو رازی بوو لە سەر درێژكردنەوەى دەسەلاتى كاك نێچیرڤان بارزانى بۆ ماوەیەكى دیارنەكراو. ئەم دەستپێشخەریەى یەكێتى پێش چەند ساڵێك لە خەونیشدا بۆ كادیرەكانى یەكێتى قەبوڵ نەدەكرا، چونكە خاڵەكانى ناكۆكی لە نێوان pukو pdk زۆر زۆرتر بوون لە خاڵە هاوبەشەكان. بە هەر حاڵ ئێستا سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان جگە لە پشتیوانەى كادیرانى هەردوو حزبو ئەو حزبانەى كە لە ناو حكومەتدان، لە پەرلەمانو سەرۆكى هەرێمیشەوە پشتیوانى زۆرى لێدەكرێتو ئەو سەڵاحیەتو بودجەیەش كە لە بەردەستیدایە زۆر زۆرترە لەوەى بۆ كابینەكانى پێشتر دابینكرابوو، هەلومەرجى كوردستانیش لە زۆر رووەوە بەرەو باشتر چووە. بە واتایەكى دیكە كاك نێیچرڤان كەمترین بەربەست لە بەردەمدایەو زۆرترین ئەركیش چاوەڕوانى دەكات، بە تایبەت گەر ئەوە لە بەرچاو بگرین زۆر گرفتى ساڵانى رابردوو بە هەڵپرسراوى ماونەتەوە. پێم وایە سەرۆكى حكومەتى هەرێم گەر بەو میكانیزمەى پێشوو كاربكات كە زۆرترین تەدەخوڵ لە لایەن حزبەكەیەوە لە ناو وەزارەتەكان دەكرا، و رێگە بدات لە بۆنەكاندا ناوەكەى بە رەنگى (زەرد) بنوسرێتو شەش مانگ جارێك لە گەڵ وەزیرەكانى خۆى كۆ نەبێتەوە، چاوەڕوان بێت منداڵە ئەنفالزەدەكانى رزگارىو شۆڕشو هەڵەبجە بۆ خستنە رووى داواكارییەكانیان بچنە خزمەتى، نەك ئەم كەرەم بكاتو لە نزیكەوە سەیرى رەنگى شێواوو رەنجى بە با دراویان بكات، ئەو هەلە لە دەستدەدا كە ببێتە سەرۆكى هەموو كورد.. ئەو كە هێشتا لە سەرەتاى هەڕەتى لاوێتییدایە، چاوەڕوانى زۆرى لێدەكرێ، حەق نییە بەو میكانیزمو نەفەسەى پێشوو كار بكات.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.