Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
كێلنووس ! …. جەمال غەمبار

كێلنووس ! …. جەمال غەمبار

Closed
by May 21, 2012 ئەدەب



( مانگی  – مەی – بوو ، وەک ئەم دەمەی ئێستا، ئیتر لە خەونبینین کەوتی ..
 لە مەرگەوە دەستت پێکرد ..!
بۆ پیاوێک هەمیشە لەوێیە لە شار .. بۆ هاوڕێم – عوسمان چێوار-  لە ساڵڕۆژی دوا سەفەریدا ) .

جەمال غەمبار
(١)
کێلنووس دێت و
 بەیتێکی تازە لەسەر کێلی هەر گۆڕغەریبێک ئەنوسێت !
کێلنووس هەرگیز ماندوو نابێت   
 لە دۆزینەوەی گۆڕی ئەو هەموو گومناوەی لەوێن . 
کێلنووس لێی تێکناچێ ؛ کێ شەهیدی ڕێگەی نوورە و 
کێ لە سەنگەرەکانی گۆرانیی وتندا
بە ڕقی برادەرەکەی خۆی کوژرا !  
کێلنووس ئەو هەموو حەوسەڵەیە لە کوێوە دێنێت
تا گۆڕەکان یەک بە یەک بژمێرێت 
تا بزانێت  گۆڕی ئەو نائومێدانە کامەیە
کە لەبەردەم ئاوێنەکانی نیشتماندا
یەکەمجاربوو  بە تووڕەیی هاوار بکەن :
–    ” خۆشم ناوێیت وڵاتەکەم ،
کانگای خەم و هەلا هەلا بوونی ئاواتەکەم ..! ” .

********
      ڕۆژ نییە کێلنووس
      شتێکی تازە  لەم گۆڕستانە نەبیستێت .
      شەو نییە کێلنووس  لە نەعشەکانەوە
      گوێی لە مۆسیقایەکی غەمگین نەبێت
      کە گیتاری عاشقێک ئەیژەنێت .. شەو نییە !

   (٢)
تۆ لە جەنگی نێوان ماسییگرە دزەکان و
ڕووبارێکی برینداردا لە من ون بویت !

(٣)
من هاوارت لێئەکەم و دەنگم ئەکەوێتە بەر پێت .

(٤)
تۆ لە ئینتیزاردا مردیت
من لە تەنیایی !

(٥)
کێلنووس لەسەر گۆڕەکەت ئەنووسێت ؛
ئەم شارە پڕ بوو لە مردن
ئەم شارە فێربوو ئیتر لە ئاسماندا بە تەنیا بژی
فێربوو گومان لە پەیکەر و نافورە و
 ڕێگەکانی بەختەوەریی بکات !
لەسەر گۆڕەکەت دوا دێڕ ئەنوسێت :
ئێرە دوا ماڵی پیاوێکی گەڕیدەیە ، 
هەمیشە ئەگەڕا بۆ تەڕوبڕکردنی ژیان
بۆ چاندنی خەندە و ، بۆ سەوزکردنی خەیاڵ .   
ئەو شتێکی پێمابوو بیڵێت ،
 فریا نەکەوت بیدرکێنێت ، بەجێی هێشتین ! 

(٦)
بۆ ئەوەی چیرۆکەکەت  ورد و خاش نەبێت
بە گوڵەکان بڵێ بتبەن
لەگەڵ خۆیان بۆ دوور بتبەن .

(٧)
جارێکی تر بگەڕێیتەوە ئەوێ
بە نامەی ‌برادەرەکانتدا ئەزانیت
کامیان ئەتوانێ چۆن ڕۆژگار فریوبدات و
کامیشیان گلەیی هەیە لەوەی نازانێت سبەی چیی ڕوو ئەدات !

(٨)
جارێکی تر بگەڕێیتەوە
سەرنج ئەدەی ؛ لە دوای سەفەرەکەی تۆوە
 پێکی چەند ئومێدی تر ، بە دەستی غەدر ڕژاون .
ئاگری ناو دڵی چەند عاشقی تر بە ئاوی زەلیلبوون خەفەکراون . 
لە پەنا بەردی شەڕەکاندا ، چەند گوڵی تر بە قەیرەیی جێماون . 
جارێکی تر بگەڕێیتەوە
دڵنیام ، دەستە بچکۆلەکانتم ئەدەیتێ  
تا وڵاتێکت نیشاندەم پڕە لە ژنکوشتن 
پڕە لەو کۆترانەی بە درەختی مەرگەوە  گمەیان دێت بۆ خۆکوشتن !  

(٩)  
کێلنووس هەمیشە ئەڵێ ؛
ئەوەی وەک من ئەگری ، خەون ئەیباتەوە بۆ خۆی .
ئەوەی وەک باران ئەگەڕێتەوە مەزراکانی بێدەنگیی ،
ئاوێنە بۆی ئەبێتە ماڵ .
کێلنووس ئەڵێ :
لەو گۆڕستانە ، ئازادی ، میوەیەکە بەشی هەموومان ئەکات ! 
لەو گۆڕستانە کەس ڕاپۆرت لەوی تر نادات .
هەموو  ‘دەچنە جێ ژوانێ و دنیاش نازانێت ‘ ! 
لەو گۆڕستانە ؛
بۆئەوەی تاعون وگەندەڵبوون ، لە داری سەرگۆڕەکان نەدەن
ئاگر هەمیشە بە خۆی و کتێىێکەوە لەو ناوە ئەگەڕێ .
لەو گۆڕستانە ؛  
 هەتا دەمی ئاوابوون ، هەتا کەوتنی باران ،
 هەموو لە نێوان خەرابات  و درەختێکی  عاشقدا ئەمێنینەوە ! 
ئەوان ئاگر پەرست نین ، کەچی خۆیان بە ئاگر مەست ئەکەن .     
لەوێ لەو گۆڕستانە
زۆر جار بەدیار ناشتنی سەناریایەکەوە
هەموو ئەبن بە دەفی سپیی
هەتا هاڕەکردنی ڕۆح ، خۆیان ئەژەنن ..
کێلنووس  وا ئەڵێ ! 

(١٠)
وەرە با لە جوانیی ئەم شەرابی مردنەدا سەرخۆش بین
 مەراقی وڵاتێک من و تۆی هەڵوەراند
هێشتا وەک منداڵ بۆی ئەگرین .

(١١)
کێلنووس شەوانە دەستی ئەستێرەیەک ئەگرێ و
دێتە دیدەنی هەمووتان .    
کە ئەگاتە لای تۆ
نازانێت کام قافیە بۆ بەیتی زامەکەت دابنێ ؛ 
قافیەیەک بە ‘ نون ‘ ی هێمنی مردن کۆتایی بێت
یان بە  ‘ ئەلف ‘ ی فێنکی  – سەبا – !

(١٢)
منیش دێم
لە ئێوارەیەکدا دێم کەس بیری ژیان ناکات
بە دزیی جنێوفرۆشەکانەوە دێم
کە بەلای دیواری نزمی گەڕەکی بوختانچییەکاندا  ڕائەبوورم
خۆم دائەنەوێنم ، نە بادا بمبینن کە دێم ئەمرم !
منیش دێم ، دوای ئەوەی وەهمەکانی زەمین ئەسڕمەوە و
دوای ئەوەی بە باران و
بە کارێزی منداڵییم ئەڵێم سوپاس کە هەندێک لە تەمەنی منتان تەڕ کرد ! 
دێم و لە شەوێکدا کێلنووس ئەبینم
 چیرۆکی ئەو پێڵاوە ڕەشانەی خۆمی بۆ ئەگێڕمەوە
هەموو ڕۆژێک ئەیانبردمەدوە بۆ ئەوێ ، بۆ گەڕەکی بیرەوەری .
دێم و ، لە ئێوارەیەکدا بێ ترس
پەنجەکانم تەسلیمی کێلنووس ئەکەم
پێی ئەڵێم بنووسە ؛     
–    سوپاس بۆ گالیسکەیەک کە خۆی پڕکردبوو لە هەتاو و من !
–    سوپاس بۆ گالیسکەیەک خۆم و تەنیاییەکەمی گەیاندە ئێرە  !
–    سوپاس بۆ ئەو دارهەنجیرەی کە بە ژوور سەرمەوە 
ڕەشنووسی ژیانی بۆ پاکنووس ئەکردم !
–    دواجار سوپاس بۆ خۆت ئەی کێلنووس کە فێرت کردم ؛
  لەو گۆڕستانە ، تەنیایی لەززەتی خۆی هەیە .
  لەو گۆڕستانە ، ناوەکان لە یەکتر ون نابن .
  لەو گۆڕستانە ،
دەستەکان دزیی لە گیرفانی خاوەنەکانی خۆیان ناکەن .
لەوێ .. لەو گۆڕستانە ڕووناکە
هەموو ساڵێ وەک مانگی – مەی –
پیاوێک بیری لای ئەوەیە
چۆن لە شمشاڵێکی شکاو ، غەزەلێک داتاشێ .
پیاوێک بیری لای ئەوەیە
ئەم دنیا سەقەتە چۆن بداتەوە دەست خاوەنەکەی .
پیاوێک ، هەتا ئەوسەری گۆڕستان
دڵی لای ئێوەیە ..لای هەمووتان !
پیاوێک هەمیشە لەوێیە ، لە شار ..!


ئوسترالیا – 2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.