Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
كێ لە خۆسوتاندنی ژنانی كوردستان بەرپرسیارە؟

كێ لە خۆسوتاندنی ژنانی كوردستان بەرپرسیارە؟

Closed
by July 20, 2008 ژنان

  
 دیاردەی خۆسوتاندنی ژنان، ڕوو لەسەرە. كەم ڕۆژ هەیە ژنێك یان چەند ژنێك دەست نەبەن بۆ گڕدانی جەستەی خۆیان، و كەم ڕۆژ هەیە ئەم هەواڵە دڵتەزێنانە لە بڵاوكراوەو ڕۆژنامەو گۆڤارەكانی كوردستان و دەزگا ڕاگەیاندنەكانی تردا، نەبووبێتە سەر دێڕ و هەواڵی یەكەمیان.
 هەموو ئەم هەڵقرچانەی جەستەی ژنە لە كوردستان، تائێستا بەوێنەی جینۆسایدی ژن لەلایەن كۆمەڵگاوە تەماشا ناكرێت، زۆر جار باسی هۆكاری دەستبردنی ژنان بۆ خۆسوتاندن دەكرێت، بەڵام تاوانباری سەرەكی لە ناوكۆمەڵگادا، دەست نیشان ناكرێت و هەر بۆیەش تاوانبارانی ئەم ڕووداوانە ڕووبەڕووی هیچ لێپرسینەوەو داگاییكردن و زیندانیكردن ناكرێنەوە.
 ئەمە بەجیا لەوەی  لە زوربەی حاڵەتەكاندا پاساوی پوچ، یان باشتر بڵێین درۆی بێتام و بۆ چەواشەكردن و شاردنەوەی ڕاستی ڕووداوەكانی سوتاندنی ژنان لە لایەن تاوانبارانەوە دەهێنرێتەوە. دەڵێن فلانە ژن لە كاتی هەڵكردنی حەمامدا سوتا!، فلان كاتێك خەریكی پركردنی سۆبا بوو، گڕی گرت!، ئەوی تر بە هەڵەو لەجێگای نەوت بەنزینی كردۆتە چراو سۆباوە!، بتڵی غازەكە تەقی!، پەرمێزی نانكردنەكە بووە هۆی سوتان و!!…….. بێگومان ئەم پاساو درۆیانە نزیكە لە  100% هەموو حاڵەتەكان.
 گومانی تیا نییە، حاڵەتی لەم بابەتەش هەیە، بەڵام ئەمانە زۆر دەگمەنن، و ئەوەی كە لەكوردستان ڕووئەدات خۆسوتاندنی ژنە. دەستبردنی ژنانە بۆ خۆدەربازكردن لەو مەرگەساتەی هەموو ڕۆژێك و هەموو ساتێك لە ناوكۆمەڵگاو بە تایبەتیش لە ناوخێزاندا، ڕووبەڕووی دەبنەوە. ناچار بوونی ژنانێكە كە ڕۆژانە هەموو سەعات و ساتێك مەرگ بەچاوی خۆیان دەبینن. سوكایەتی و بێڕێزی، هەڕەشەو لێدان، دەستدرێژی جنسی، بێمافی و دەستێوەردان لە هەموو مافە تایبەتیەكانی ژن لە جل و بەرگ پۆشینەوە تا شێوەی دوان و دەربرینی ئازادانەی بیرورا، جۆری پەیوەندیەكانی، لە پاڵ نەبوونی و گرفتی ئابوری …تاد. ئەو ڕاستیانەن كە دنیای رۆشن بۆ ژن دەكەنە شەوەزەنگ، ئایندە بەڕەش، بۆیە پەنا دەبەنە بەرخۆسوتاندن.
 ژنان ئەگەر لەبەرامبەر بەم دۆزەخەی كۆمەڵگاو خیزان و كەلتورو ئیسلام و پیاوسالایدا، ڕێگایەكی تر كە دەستیان پێی ڕابگەیشتایە، بێگومان دەستیان بۆ خۆسوتاندن نەدەبرد، ئەو ڕێگایەیان دەگرتە بەر.
  دەستبردنی ژنان بۆ خۆكوشتن ڕێگا و چارەسەر نییە، ئەمە بەرگری یەكی سلبی یە بۆ وەستانەوە بەڕووی دۆزەخێكی هەموو رۆژە، خۆ ڕزگاركردنە بەمەرگ لەم دۆزەخە.
 سەیر ئەوەیە ئەوانەی ئەم دۆزەخەیان سازداوە، ئەوانەی زەمینەی ئەو كوشتارەیان ڕێكخستووە، ئەوانەن كە بەئاشكرا دیارن. وەكو چەقۆ بەدەستانی تیرۆری ژنان دیارن، وەكو ئەوانەی كە بەئاشكرا ژن و خوشك و هاوسەری خۆیان دەكوژن دیارن، كەچی ئەمانە كەس لێیان ناپرسێتەوە، كەس وەكو بەنزینی و ئاگری كوشتاری ژن تەماشایان ناكات. سوكایەتی و بێڕێزی و بێمافی و هەڕەشەو لێدان و  توندوتیژی سێكسی و دەستێوەرادان لەهەموو هەڵس و كەوت و جموجۆلێكی ژن، بە ئامادەكردنی دەبەی بەنزین و  ئامادەكردنی ئاگر بۆ جەستەی ژنان تەماشا ناكەن. بۆیەشە، تاوانبارانی ئەم جۆرە لە ژنكوژی لەخانەی تیرۆری ژناندا جێیان نەكراوەتەوە بەو چاوە تەماشا ناكرێن. 
 ئەو ژنانە كە بەم شێوەیە ماڵئاوایی لەدنیا دەكەن، ئەوانەن كە لەجیاتی ئەوەی  بەدەستی باوك و براو مێرد بە چەقۆ یان بە ریزێك فیشەك بكوژرێن و تیرۆر بكرێن، هەمان ئەو براو باوك و هاوسەرە، لەجێگای ئەوەی بەدەستی خۆیان ئەم تاوانە ئەنجام بدەن، چەكی ئەم تیرۆرە " سوتاندنی ژنان" ئامادەئەكەن تا ژنەكە خۆی بەدەستی خۆی ئەم كارە بكات، ئەم كاتەش ئەمە بەوێنەی خۆكوژی ژن خۆی تەماشا دەكرێت و تاوانبارانی سەرەكی پاساوی پەرمێز و سوپاو چراو حەمام !!داگیرساندن، دەكەنەهۆكاری سوتاندنی ئەم ژنانە.
 تاوانبارانی ئەم خۆسوتاندنەی ژنان، ژنانێك نین كە خۆیان سوتاندوەو نەماون یان جەستەیان شێواوە، ئەوانەن كە لەخێزان و كۆمەڵگادا دیارن، ئەمانە دەبێ وەكو چەقۆ بەدەستانی تیرۆری ژنان تەماشا بكرێن، و بدرێنە دادگا. لەناو هەرخێزانێكدا كە ژنێك دەست دەبات بۆ خۆكوژی تاوانباری ناو ئەم خێزانە هەرچەند كەسێك بن، بەدواداچون و لێكۆڵینەوە، بە ئاسانی ئەتوانی ئەم تاوانبارنە بدۆزیتەوەو بداتە دادگا.
 ڕێكخراوەكانی ژنان و هەڵگرانی كەلتوری مۆدیرن و ئینسانی كە رێز لە ماف و كەسایەتی ژنان دەگرن و بەشێكن لە بزوتنەوەی یەكسانیخوازانەی ژنان، پێویستە لە بەرامبەر بەم دیاردەی ژن كوژییەدا، بە سوتماكبوونی ژناندا، بەچاوێكی كراوەوە بێنە مەیدان، جگە لەهوشیاركردنەوەی ژنان و كردنەوەی دەوراتی هەمەچەشنە و بەمەبەستی ئەوەی نیشانی بدات دەستبردنی ژنان لە بەرامبەر دۆزەخی خێزان و بێرێزی و توندوتیژیدا، بۆ خۆسوتاندن و ئەنجامدانی تاوانی كەسانێكی تر بەدەستی خۆیان، رێگەچارە نییە و كۆتایی بە تاوانەكانی دژ بەژنان ناهێنێت، و رێگەیەك نییە بۆ ڕزگاری ژنان…تاد، هاوكات پێویستە و زۆر پێویستە تاوانبارانی ئەم حاڵەتانەی وای كردووە ژن ناچار بە خۆكوشتن و خۆسوتاندن بكات، بداتە دادگاو دادگایان لێبگریت. ئەمە ئەتوانی تاڕادەیەك كوشتاری ژنان كەم بكاتەوە. ئەگەر كەسانێك لەسەر سوكایەتی بەژن و بێڕێزی و لێدانی ژنان بدرێنە دادگا و ڕەوانەی زیندان بكرێن ئاوا بەئاسانی لە ژێر ناوی كێشەی خێزانیدا تاوانباران بۆی دەناچن.
 بەرگری لە مافی ژنان، تەنها هەڵوێست گیری و مەحكوم كردن نییە، تەنها بڵاوكردنەوەی هەواڵەكەی و هۆكارەكانی نییە، بەڵكو كاردانەوەو ودەستبردنە بۆ دەیان جۆری چالاكی و هەنگاوی پراكتیكی، بەرامبەر بە تاوانێك كە  بۆن سۆی سوتانی ژنان تیایدا كۆمەڵگای داگرتووە.
 دەسەڵات و هەموو ئەو حزب و لایەن و كەسایەتی و ڕێكخراوە جەماوەری  و ئینسانی و ژنانیەكان كە بێدەربەستی بەكردەوە نیشان ئەدەن لەبەرامبەر ئەم جینوسایدەی ژناندا، بانگەشەكەیان هەرچیەك بێت بۆ بەرگری لەمافی ژنان، بەرنامە و پرۆگرامەكانیان بەهەر فۆرم و شێوازێك ڕازێنرابێتەوە، بایی پولێكی قەڵبە و بەرپرسیارێتی گەورەیان لە ئەستۆیە.دیارە دەسەلات لەو نێوەدا بەرپرسیارتی گەورەی لەسەرە، ئاخر دەسەلاتێك نەتوانێ ئەمنیەتی كۆمەڵایەتی و خیزانی بۆ ژنان دابین بكات، دەبێتە دەسەلاتێكی چنگ بەخوێن و پڕ ئاگر. ئەمە دەسەلاتە بە یاساو جێبەجێكردنی یاسای توند بەرامبەر بە تاوانبارانی ئەم كوشتارە دەتوانێ دەستی ژن سوتێنە واقعیەكان، كۆتا بكات. دەسەڵاتی پیاوسالاری ناتوانی ئەمە بكات، ئەمە پێویستە بەسەریا بسەپێنرێت. با لەوڕاستایەدا هەنگاو بنێن.   
  
      
   
      abdulla.mahmud@gamil.com

 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.