Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
كێ مەترسیە بۆئاسایشى نەتەوەیى كوردستان  … ئەژدیهاكانی گەندەڵی .. یان ئازادی ڕۆژنامەگەرى ؟

كێ مەترسیە بۆئاسایشى نەتەوەیى كوردستان … ئەژدیهاكانی گەندەڵی .. یان ئازادی ڕۆژنامەگەرى ؟

Closed
by February 16, 2008 گشتی

 محمد حسین…..
 
 مادام قەدەرى كورد وەهایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەژى و بەردەوام لەپەیوەندیەكی پڕئیشكالیەتدایە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەى بەناچارى بۆتە هاونیشتمانیان   , پێویستى بەنیگەرانی و دڵەڕاوكێ یەكی هەستیار هەیە بەرامبەر ئاسایشى نەتەوەیى خۆى , ئاساییە گەر هەمیشە ترسی لەقەبارەى لاوازی خۆى هەبێت بەرامبەر زەبەلاحی و دڕندەیى دوژمنەكانی , چونكە هەم تواناى بەرگرى بەرامبەر هەڕەشەكانى دەرەوەى ناهاوسەنگە , هەم خاوەن هێزێكی ستراتیجی ئەوتۆیش نیە بتوانێت وەك هەر سوپایەكی ئاسایى سنورەكانی هەرێمی كوردستان  بپارێزێـت , بۆیە كەس لارى لەوە نیە كە پاراستنی ئەم ئاسایشە بۆهەموو خەڵكی كوردستان وەك پرسی مردن و ژیانە .. بەڵام قسە لە چ ئاسایشێكى نەتەوەیى بكەین و  بەچ عەقڵیەتێك دیارى بكەین .. ئایا هەروا لەسەر تایپى بەشارئەسەد و حسنی موبارەك و ژەنەراڵ موشەڕەف بۆسەركوتكردنی ڕۆژنامەو كەناڵەمیدیایەكان ئاسایشى نەتەوەیمان بیربكەوێتـەوە  , بۆپڕكردنی زیندانەكان و ڕاوەدونانی ئەكتیڤیستە ئۆپۆزسیۆنەكان بیكەینە بیانو   , یان سەرەتا لەئاسایشى ژیان و ماف و كەرامەتی هاووڵاتیانى كوردستانەوە دەست پێ ئەكات . ئایا نیگەرانی و خەمی ئەم ئاسایشە دانانی سنورێك ئەبێـت بۆ میدیا ئازادەكانی هاوشێوەى هاوڵاتی و ئاوێنە و…هتد ؟ , یان دابین كردنی ئازادی كارى ڕاگەیاندن ئەبێتە بەشێك لەو مەنزومە خۆپارێزیەى كە ئازادی ڕاگەیاندن وەك بەشێك لەكۆى گشتى ئازادیەكانی ترى خەڵكی كوردستان تەماشا ئەكات , وەك بەشێك لە دینامیكیەتی گەشەكردن و پەرەسەندن تەماشای ئەكات و پاراستنیشى بەئەركی خۆى ئەزانێت  .
 پرسی سەرەكی و چارەنوسسازی ئێمە ئەمەیە , چ مۆدێلێكی ئاسایشى نەتەوەیمان بۆدیارى ئەكرێت ؟ ( وەك ئەوەى سەندیكاى ڕۆژنامە نوسان داواى ئەكەن بەیاسا دیارى بكرێت ! )  , ئایا لەو جۆرە تایپە ئەبێت كە بەڕاستی ئاسایشى  ژیان و داهاتوی هەموو هاووڵاتیەكی كوردستانیە  , یان ئەوەیە كە خەمەسەرەكیەكەی تەنها ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیەكانی دەسڵاتدار و حیزب و گیرفانەكانیەتی   .
 بۆكەسێك بیەوێـت لەئاسایشى نەتەوەیى هەرێمی كورستان تێبگات هەر لەسەرەتاوە توشى كۆمەڵە گرفتێكی میتۆدی ئەبێت , چونكە هەرێمی كوردستان دەوڵەت نیە بەمانا نەریتیەكەى , بەشێكیش نیە لەئاسایشى نەتەوەیى هیچ دەوڵەتێك , لەبەرگەلێك هۆى مێژویى و سیاسی كە ئێرە بوارى باسكردنیان نیە ناكرێـت وەك بەشێك لەئاسایشى نەتەوەیى عێراقیش تەماشاى بكەین , بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا هەڕەشە و دوژمنەكانی سەرئەم ئاسایشە بەئاشكرا دیارن ,  بەجۆرێك كە ئاسان نیە لەپەنایدا گێچەڵ بەهیچ ڕۆژنامەو كەناڵێكی میدیایى ئازاد بكرێـت .
  بەهەرحاڵ كاتی ئەوە هاتووە ئەم ئاسایشەو سنور و هێڵەسورەكانی و هەڕەشەكانی بكرێـتە شوێنی گفتوگۆى ئاشكرا و كراوە , چونكە خراپ لێكدانەوەى ئەم ئاسایشە بۆبیانوی سەركوتكردنی ئازادیە سیاسی و میدیایەكان , خۆى بۆخۆى گەورەترین هەڕەشەیە  لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى كوردستان , بۆیە پرسیارى ئەوەى : كێ ئەم ئاسایشە دیارى ئەكات ؟ هێڵە سورەكانی كامەیە و مەترسیە سەرەكیەكانی لەكوێ وە دێـت ؟ ئەمڕۆ كاتی وروژاندنیەتی  . لەهەموو ئەمانەیش گرنگتر چۆن ڕێگە لەخراپ بەكارهێنانی ئەم ئاسایشە بگرین بۆسەركوتكردنی ئازادیە سیاسی و میدیاییەكانمان , كە ماوەیەكە مەیلى لەم جۆرە لێرەو لەوێ دەرئەكەوێت  .
 هەر لەسەرەتاوە پێویستە ئەو ڕاستیە بوترێت كە ئاسایشى نەتەوەیى شتێك نیە  حكومەت نەخشەكەی بكێشێت , یان سەرۆك و حیزب و ئایدۆلۆجیایەك دیارى بكات , لەهەر وڵاتێكی ئەم دنیادا ئاسایشى نەتەوەیى بەگوێرەى ڕاستیە مێژویى و جوگرافیەكان دیارى ئەكرێت , كەڵەكەبونی ڕوداوەمێژوییەكان شێوەى مەترسیەكانیمان نیشان ئەدات , ئاستی پەرەسەندن و گەشەكردنی ئابورى و كۆمەڵایەتیى و كەڵچەرى هاووڵاتیان جۆر و سروشتى مەترسیەكانی سەر ئاسایشى نەتەوەییان نیشان ئەدات . هەر بۆیە ئەم ئاسایشەیە سیاسەتی ستراتیجی حكومەتەكان ڕەنگڕێژئەكات , هێڵەگشتیەكانی پراكتیك و كردەوەى سیاسیەكان دیارى ئەكات , تەنها شتێك سیاسیەكان پێیان بكرێـت , پاراستنی ئەم ئاسایشەیە , ڕونكردنەوەو دیارى كردنی سنور و دەركەوتەو هێڵە سورەكانیەتی بۆئەوەى بتوانێت زۆرترین بڕى هاریكارى هاووڵاتیان بەدەست بێنێت . كەواتە حكومەتەكان و دەسڵاتداران دێن و ئەڕۆن و ئەگۆڕێن , بەڵام ئاسایشى نەتەوەیى هەر وا بەنەگۆڕی ئەمێنێـتەوە .
  ئەوەى ئاسایشى نەتەوەیى هەرێمی كوردستان دیارى ئەكات , هەڵكەوتەى جوگرافی كوردستانە , پەیوەندی مێژویى كوردە بەنەتەوە و دەوڵەتەكانی دەوروبەریەوە , ئەو بزاوت و دینامیكیەتە ئابورى و كۆمەڵایەتیى و ڕۆشنبیریانەیە كۆمەڵگاى كوردی بەزیندوی هێشتۆتەوە . لەبەر ڕۆشنایى ئەم فاكتانەدا پێویستە مەترسیەكانی سەر ئاسایشى نەتەوەى كوردستان گفتوگۆبكرێت . لەم گفتوگۆیەشدا , شانبەشانی سیاسی و دەزگا پەیوەندیدارەكان , پێویستە  هەموو ئاراستە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان , لێكۆڵەرەوەو شارەزاسیاسیەكان  , میدیاكارو ئەكتیڤیستە كۆمەڵایەتیەكان قسەى خۆیان هەبێت .
 چەمكی ئاسایشى نەتەوەیى هەرێمی كوردستان پێویستە بەجۆرێك دابڕێژرێت كە : بەهاى مرۆیى هاووڵاتی كوردستانی خاڵی دەستپێكردنی هەموو بایەخەكانی ترى بێت , گەشەكردنی ڕۆشنبیرى و ئابورى و كۆمەڵایەتی ئەم هاووڵاتیە چەقی گرنگی پێدانی بێت , پاراستنی ماف و كەرامەت و ئازادیەكانی ئەم هاووڵاتیە , پاراستنی ئەو ژینگە كۆمەڵایەتی و ئابورى و ڕۆشنبیریەى ڕێگە بۆگەشەكردنی مرۆیى خۆش ئەكات لەئەركە هەرەسەرەكیەكانى بێت . نەك هەركات ڕۆژنامەنوسێك ڕیپۆرتێكی لەسەر گەندەڵى بەرپرسێك بڵاوكردەوە , یەكسەر بەبیانوی ئاسایشى نەتەوەیى یەخەى پێ بگیرێت , یان بۆسەركوتكردن و دەمكوتكردنی ئەو دەنگەناڕازیانەى ئەمڕۆ دژى گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان هاتونەتە ئاراوە ئستغلال بكرێت . كەس لارى لەوە نیە هەڕەشەى وڵاتانی دراوسێ و تیرۆر چەند هەڕەشەیەكی جدیە , بەڵام پێگەى كوردستان لەبەردەم ئەم هەڕەشانەدا بەوە بەهێز نابێت هەموو ئەو دەنگ و ڕەنگە ئازادانەى لەكوردستاندا هەن مافی گوزارش لەخۆكردنیان لێ زەوت بكرێت , یان كەس ناڕەزایى دەر نەبڕێت بەرامبەر سیاسیەت و ئیدارەیەك كە دواى ئەزمونێكی حەڤدە ساڵی گەیشتۆتە بنبەست , لەم شكستیەوە بازئەداتە ناو شكستێكی تری و تێپەڕینی ساڵەكانی تەمەنیشى تەنها بڕى زیان و كارەساتەكانی زیاتر ئەكات , نەك دەسكەوتەكانی .  بەپێچەوانەوە جدی ترین و بەهێزترین پشتیوانیەك بۆ  ئاسایشى نەتەوەیى هەرێمی كوردستان ئەو دەنگ و هێزە چاكسازیخوازانەیە لەناو كۆمەڵگاى كوردی خۆیدا نەشونماى كردووە . چونكە هەڕەشەكانی سەرئاسایشى نەتەوەی كوردستان هەر ئەوەنیە كە لەلایەن توركیاو قاعیدەو بەعسیەكانەوە دێـت , بەڵكو لەوانە ترسناكتر ئەو گەندەڵی  و خراپ بەڕێوە بردن و سیاسەتە هەڵانەیە كەهەرچى تواناى ئابورى و مرۆیى كورستان هەیە بەفیڕی داوە , بەتەواوى پەرەسەندنی كۆمەڵگای كوردی ڕاگرتووە , بنەماكانی پشت بەخۆبەستنی كۆمەڵگاى كوردی وێران كردووە . بۆیە چەندە پێویستمان بەهێزێكی ستراتیجی هەیە لەتوركیاو بەعسیەكان و قاعیدە بمانپارێزێت , هێندەیش پێویستمان بەمیدیایەكی ئازاد هەیە یارمەتی تەنمیەى ڕۆشنبیرى و هۆشیارى ئەو هاووڵاتیە كوردستانیە بدات كە بڕیارە دەزگا پەیوەندیدارەكان ئاسایشى نەتەوەیى بپارێزن , پێویستمان بەو هێزەسیاسی و ڕێكخراوە ngo  انە هەیە كە  وەڵامێكن بۆكێشەكانی ئەمڕۆى كۆمەڵگاى كوردی .
 بۆ ئەوەى پاراستنی ئەم ئاسایشە جێگەى خەم و دڵەڕاوكێی هەموومان بێـت ,  پێویستە بەئاشكرا سروشت و دەركەوتەكانی , مەترسیەكانی , هەڕەشە دەرەكی و ناوخۆییەكانی دیارى بكرێت . كە ئەمەیش نەكرا , ئەكرێت لەهەر دەرفەتێكدا هەمان ئاسایشى نەتەوەیى بەكاربهێنرێت بۆزیندانی كردنی ڕۆژنامەنوسێكی بوێرودڵسۆز كە سكانداڵى دزی و گەندەڵی بەرپرسێكی كردۆتە ڕیپۆرت .. یان گروپ و كەمپینێكی ئۆپۆزسیۆنی پێ زیندانی بكرێـت , چونكە لەسیستەمە ستەمكارو گەندەڵەكاندا دەسڵاتدار زۆر لێزانە لە تێكەڵكردنی وەرەقەكانی ئاسایشى نەتەوەیی و ئاسایشى حیزب و بنەماڵەكەى , یاخود گیرفانی . كەواتە مادام پاراستنی  ئاسایشى نەتەوەیى ئەركی هەمومانە , پەیوەندی بەژیانی هەمومانەوە هەیە , پێویستە هەر لەسەرەتاوە دیار و ئاشكرا بێت , ئەمەیش لەبەر دوو هۆ یەكەم : بۆئەوەى  ئێمەیش خەم و دڵەڕاوكێمان هەبێـت بۆیى و بەدۆزی سەرەكی  خۆمای بزانین  , دووەمیش : بۆئەوەى هیچ بەرپرس و حاكمێك نەتوانێـت خراپ كەڵكی لێوەربگرێت لە سەركوتكردنی ئازادیە سیاسیى و میدیاییەكاندا .
  ئەوەى ئەمڕۆ پێویستە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان پێى هەستێت  دیارى كردنی سنور و هێڵە سورەكانی ئەم ئاسایشەیەو پاراستنیەتی , لەم پاراستنەیشدا گرنگترین فاكتەر لێكترگەیشتنی هاووڵاتیانە بۆ هەستیاریەكەى , چونكە زۆر گرنگە هەرهاووڵاتیەك لەلاى خۆیەوە هەست بكات ئاسایشى ژیانی و بەرژوەندیەكانی بەشێكە لەئاسایشى نەتەوەیى وڵاتەكەى , نەك پێی وابێت وەك شمشێرەكەى دیمۆكلیس بەردەوام لەسەر سەرى ڕاستبۆتەوە .
 
 
muhemedhusen@yahoo.com 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.