Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
كەسێتى تاكى كورد ئیشكالیەتئامێزە و چەپێنراوە

كەسێتى تاكى كورد ئیشكالیەتئامێزە و چەپێنراوە

Closed
by December 25, 2008 گشتی

 كەسێتى تاكى كورد ئیشكالیەتئامێزە و چەپێنراوە  
  حەمەى ئەحمەد ڕەسوڵ

 

(1)         
  شتێكە حەتمى و بەڵگەنەویستە كە هەر كۆمەڵگایەك بە قۆناغی گەندەڵى و قەیراندا تێپەڕێت ، بە هەڵاوسانى ئابوورى و بێسەروبەرەیی و بێ پرۆگرامیدا تێپەڕێت ، درشم و پەندى " كەسی شیاو بۆ شوێنى شیاو " پیادە نەكرا و هەژارى و نەخوێندەوارى گەیشتنە ڕادەى مەترسیدار و لە ڕێژەى ستاندارى جیهانى لایدا .. یاسا سەروەر نەبوو ، نایەكسانى و نادادپەروەریی كۆمەڵایەتى  و واسیتە و مەحسوبییەت و لێنەپرسیتەوە لە بەرپرسی گەندەڵ و لە دز و جەردە و درۆزن ، ئەوا موحەقەق چاك بزانە كە دیاردە و ئاریشە و كۆسپى كۆمەڵایەتى یەخەی ئەو كۆمەڵگا هەناسەساردە ئەگرێت و تاكەكان دووچارى گەلێك لادان و كەتن و تاوان و كوشتن و دزى و نائاسایشی و نائاسوودەیی كۆمەڵایەتى و دەروونى ئەبنەوە ….!
       لەبەر ئەوە ئەبێت ئێمەش بزانین داخۆ تاكى كورد تاچەندە خوڵقێنەرى ئەم گەندەڵى و ئاریشانەیە ….!؟ ئەبێت توێژەرى كۆمەڵایەتى : خەسڵەت و بونیاد و پێكهاتەى تاك و كۆمەڵگا بدۆزێتەوە و پۆلێنكارى و شیكارى تێدا مەیسەر بكات …..!
          بوونەوەری كورد ، مرۆڤەو هەستو سۆزو بیركردنەوەی هەیە ، وەكو سەراپای مرۆڤەكانی جیهان ، بەڵام مرۆڤێكە خەسڵەتی دەروونیوكۆمەڵایەتیو سیاسی تایبەت بەخۆی هەیەو لە مرۆڤی دەوروبەرو دراوسێكانو هەرێمو جیهاندا كەمتر ئەم نموونەیە بەدیدەكرێت ، پاساوی دیارو ئاشكراشمان ئەوەیە كە ئەم بوونەوەرە بەگشتیو بەڕێژەیەكی زۆر پابەند نییە بەخاكەكەیەوەو هیچ وابەستەییەكی پتەوی بۆنیشتمانەكەی نەماوە ، لە خێزاندا سەقامگیرو بەهێزو یەكگرتوو نییە ، لە دەزگاكانی دیكەدا سەركەوتوو نییە ، بەرهەم هێنو داهێنەر نییە ، گەندەڵەو هەتا بەتەوقی سەری دەگات لە نایاساییو نامەدەنیو ناشارستانیدا نوغرۆ بووە …!
         لەمبارەیەوە دەمەوێت زۆر ڕاشكاوانەو بەوپەڕی ئازاییو بوێرییەوە ، ڕەوشو دیاردەو خەسڵەتو نەخۆشیو ریزبەندی ئەو بارودۆخانە بخەمە بەرچاو كە ئەم مرۆڤەی لە كۆمەڵگای كوردیدا دەژیو دوچاری بووەو ئەو تەنگژەو قەیرانەی پێك هێناوە كە ئەمڕۆ دوچاری بووینو گەورەترینو بەرزترین ئاستی لە بێئومێدیو بێَباوەڕٍیو ڕەشبینی فەراهەمكردووەو زاری هەر كەسێك مۆڵەتی گفتوگۆو كرانەوەی بۆ هەڵكەوێت دەڵێت : ژیانمان زۆر ناخۆشو دژوارەو هیچ تامێكی نەماوەو زۆر بێزارو بێتاقەتم … هەموو شتێكم بەرچاو كەوتووەو هەموو شتێك درۆیەو … هتد !  لە ڕاستیداو پێویستیشە لەبەراییدا لە تاكی كوردی ناو خێزانەوە دەست پێبكەین كە بەرچاو ڕوونتربینو بزانین بۆچیو لەسەرچاوەوە گرفتەكە لە كوێدایەو هێدی هێدی نوومایشیان بكەین …
          تاكی كورد هەر لە سەردەمی مناڵییەوە لووتی بە بەردی ئەلحەدی ڕەشەوە دەتەقێو دەبینێ پەیوەندی نێوان گەورەو بچووك لە خێزانێكدا تەواو نیەو لەسەر پشكۆو ژیلەمۆ وەستاوە ، پەیوەندی نێوان باوانو ڕۆڵەكان ، بە تایبەت باوكو كوڕ ، دایكو كچ لە پەیوەندی نێوان پۆلیسو تاوانبار دەچێت ، پەیوەندی نێوان نێرو مێ لە خێزانێكدا لە پەیوەندی (شەڕی) نێوان دوو كەڵەشێر دەچێت ، نێر سەردەستەو قسە ڕۆیشتووی بەناز پەروەردەیەو ڕەگەزی مێش ژێر دەستەو زەلیلو پەراوێز كراوی گوێ لێنەگیراوە .. كوڕ خاوەنەو كچیش كۆیلە ..!
           كەواتە وانەی یەكەم بۆ فێربوونی جیاوازیو نایەكسانیو ناعەدالەتی لە پەروەردەی خێزانی كوردیدایە ، خێزان بۆ گۆشكرنی مناڵەكانی (كە وەكو پەیامێك نەوە دوای نەوە دەیداتە دەست یەكتری ) پەناو پشتی بریتیە لە چەند كەناڵێك كە هەرهەموویان زانستیو مەعریفیو مێتودیو لۆژێكی نین ، كە هەرهەموویان (یاسای نەریتیو نەنوسراوو ڕێسای خێڵو هۆزن) بۆ پەروەردەكردن ، خێزانی كورد پشت بە ئایینو بیروباوەڕەكانی دەبەستێ ، بەڵام خۆزگە رستە بەناوبانگەكەی ئیمامی عەلییان پیادە دەكرد كە فەرموویە : (مناڵەكانتان بۆ سەردەمی خۆتان گۆش مەكەنو بۆ دەمووەختێكی دیكەی دوای خۆتانیان پەروەردە بكەن….).
          كەناڵێكی دیكەی خێزان بۆ پەروەردەكردنی مناڵ ، دابونەریتی باو و بەربلاوی كۆمەڵایەتیو كەلتووری كۆمەڵگایە ، كە گەورەترین نەهامەتییەكانی نایەكسانیو ناعەدالەتیو نائازادی مرۆڤی كوردی تیادا مەیسەر دەكرێت ، جیاكردنەوەی گەورە لە بچووكو تەواو سەركوتكردنی مناڵ لەلایەن گەورەكانەوە لە كەلتوورو دابونەریتی كۆمەڵاتییەوە سەرچاوەی گرتووە ،كە دیارە حوكمی ئەوە ئەدات پەروەردەیەكی مەدەنیو سیكۆلار فەراهەمنەكاتو پتەو و سیستماتیك نەبێت … كە لە كەسێتی تاكەكەسدا رەنگدەداتەوەو دواجاریش لە كۆمەڵو كۆمەڵگادا ڕەنگ دەداتەوەو ئاكام مرۆڤێك دروست دەبێت كە جیاوازیو ركێفی نێوان نێرومێ قبوڵ بێت ، بڕیاری پێشوەختی بۆ خەمڵیوە كە بە توندی لەگەڵ رەگەزی بەرامبەرو لەگەڵ كەسی بەرامبەردا رەفتار بكاتو كەسی لەخۆی بچووكتر یان لاوازتر یان جیاوازتری قبوڵ نەبێتو سازشی لەگەڵدا نەكات ، هەروەها دروستنەبوونی دیالۆگو گفتوگۆو ئارگومێنت لە نێوان پیرو گەنجدا ، یان باوانو ڕۆڵەكانیاندا ،یان لە نێوان نێرومێدا یان  چ جاى لەنێوان رەشو سپیدا ..!
         هەروەها كەناڵێكی دیكەی گرنگ كە بونەوەری كورد پشتی پێدەبەستێت ، رۆشنبیریو زانستو مەعریفە نیە ، بەڵكو نەخوێندەواریو جەهالەتە ! گرفتی گەورەی جەهالەتیش ئەوەیە كە مرۆڤی كورد ، نەتوانێت مافو ئەركەكانی خۆیو دەسەڵات بزانێت ، تەنها پشت بەنەریتو دابونەریتی نەنوسراوو پێشینەی دواكەوتوو ببەستێ ، ملكەچی خورافەو سیحرو هێزی نادیارو ئەفسانەو غەیبیات بێت ،لە جیاتی ئەوەی فەرمایشتو تێورییە زانستیەكانی زاناو دانا جیهانیەكان ئەزبەرو دەرخبكاتو كرانەوەو مێشك فراوانبوونو خۆ وشیار كردنەوەو خۆبەزانستو رۆشنبیری پِڕچەككردن بگرێتە بەر ، تا بتوانێت تاریكی وەلا بنێو تیشكی گەرمو پڕ ژیانی روناكی هەڵبژێرێت … تاك بە موخەیەر گۆش بكات نەك موسەیەر .. ویستو ئیرادەو خولیای خۆی بەكاربهێنێ نەك كەلتوورێكی كۆنی تۆز لێنیشتوو بكاتە قیبلەنوما ، ئازاو جەربەزە بێت نەك ترسنۆكو تۆقیوو ، ئازادی بەشێوازی یەكەمی ژیان دابنێ نەك كۆتو بەندی فشاری چەپاندن بخاتە سەرمێ وبێهێزو لاوانو گەنجان ، هێڵی سوورو مەترسیدار لەبەردەم بابەتو دۆزی تابووكراو حەرامدا دانەنێتو هەڵیبگرێت …!
           بوونەوەری كورد لەو قەیرانو پەنگزێوییەدا دەژی كە خولیاو ئارەزووەكانی ، ویستو تواناو ئیرادەكانی بچەپێندرێتو بەزویندوویی زیندەبەچاڵ بكرێت ، مێشكو بیركردنەوەو ڕەفتارو تواناو داهێنانەكانی رام بكرێتو كۆتو بەند بكرێت ، بونەوەری كورد لەزەلیلیو ستەمكاریدا ژیانی بردۆتە سەرو بەو شێوازە لە قاڵبدراوەو گۆشكراوەكە ئەندێشەو خەیاڵو خەونەكانیشی یاساغو قەدەغەو سانسۆر كراوبێت ، وزەو دینەمۆو توانای لە بننەهاتووی بۆ كاری لابەولاو رقو كینەو بوغزو تێركردنی گەدەو غەریزەو ئارەزووی سێكسی بێكۆتایی بەكاربێنێ ، لە شەڕانگێزیو كوشتارو توندوتیژیو دڕندەییدا زیرەكو ئیرادەو ئازایەتیو جەنگاوەری خۆی بەكاربێنێ ، بونەوەری كورد مەسرەفگەراو بەكاربەرو مشەخۆرو نائاكتیڤو ناچالاكە …!
            كەواتە سەرچاوە هەرە گەورەو گرنگەكە ، خێزانە كە لە دروستبوونی ئەو دیاردەیەو هەڵاوسانی تەنگژەیەدا رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت ، بۆ وێنە كەمترین رێژە لە باوانی كورد دەتوانن مەشخەڵو پەیامی رابەرایەتیو فێركاری زانستیو مەعریفی تەندروست بەرزبكەنەوە ، ئەفسووس ، ناتوانن رۆڵەیەكی ژیروداناو وشیارو هێمنو دەروون تەندروستو كەسایەتیەكی پتەوو سەقامگیر خەلق بكەن كە داهێنەرو ئاقڵ بێت ، دژواریو رەوتی ژیانی خۆیو دەوروبەرەكەی خۆی كۆنترۆڵ بكاتو خاوەنی پرۆژەو بەرنامەی مۆدێرن بێتو پرۆسەی گۆڕانی كۆمەڵایەتی ئافەریدە بكات … !
          هەر خێزانە كە دیاردەی دروستكردنی كاریزماو كەسایەتی ئاینیو سیاسی پیادە دەكاتو دواجار بیروباوەڕی وشكو دیماگۆگ و ئایدیۆلۆژیای چەقبەستوو بەرهەمدێنێ ، كە مرۆڤی ڕەقو پەڕگیرو توندوتیژو كەللەڕەقی لێوە دەستەبەر دەبێت ، بوونەوەرێك دروستدەبێ ، یان زۆر سپییە یان زۆر ڕەش ، لەو نێوەندەدا خۆڵەمێشی قبوڵ نییە ، نە سوورو نەڕەنگاو ڕەنگی پێ هەرسناكرێت ، هێندە كەللە پووتە ، هەتا مردن ئاڵای شەڕو شەڕانگێزیو یەكتر قبوڵنەكردنو لێكتر نەبووردنو رەخنە لە خۆنەگرتنی زانستیانە بەرز بكاتەوە ….!
       تاكى كوردى ئەمڕۆ زۆر ترسنۆكو بوودەڵە پەروەردە دەكرێت ، نەدەتوانێ بە تەنیا بنووێتو شەو بە ڕێدا بڕوات ، نە دەتوانێت ریسكی جەربەزەییو ئازایەتی ئەنجام بدات ، ناشتوانێت هەقبێژ بێت ، راستگۆیی ناكاتە مێتۆدو شوناسی خۆی ، پەنا بۆ درۆكردنو لەخشتەبردنو فێڵبازیو قۆڵبڕینو فریودانی بەرامبەر دەبات ، چونكە باوەڕی بەخۆی نیەو هەمیشە دوودڵ و گوماندارە.. متمانەو باوەڕی بەخۆیو بەكەسیش نییە !
          لەمڕووەوە شایانی وتنە ، رژێمە سیاسیەكان كە فەرمانڕەوایی ئێمەی كوردیان كردوە ، تۆتالیتارو دیكتاتۆرو تاكڕەو ستەمكارو زاڵم بوون ، دیارە مەشقو ئاراستەی سیاسیو راهێنانی تیۆریو پراكتیكی ئەوان هاندەر بوون كە مێشكو بیركردنەوەو رەفتارو چالاكی تاكی كورد چەواشەو هەڵە ئامێز بكات ، كرداری ستەمكار چەند توند بێت ، پەرچەكرداری بونەوەری كوردیش (وەكو یاسای كاردانەوە ) توندترو رەقتر دەبێت ، ساڵانێكی زۆرە كار بۆ ئەوە كراوە بەهەموو میكانیزمێك تاكو خێزانو كۆمەڵگای كوردی نەخۆشو نێرجسیو سادیو هەلپەرستو پارەپەرستو خۆویست و ڕیــــــــــاكارو بودەڵو گــــــــــــــــــەندەڵ بێت …!
         ئەو بونەوەرەش كە ئەم سیاسەتەی قبوڵنەبووە ، سەرگەردانو بێئومێدو دەربەدەرو هەژارو رەشبینو بێ بڕواو بێ ئینتیماو وابەستەی ژیانو خاكو نیشتمانو تەنانەت خۆشی نەبێتو لە ژیان ولە خەونەكانی بتۆرێ  !  
 (2)
 چەپاندن ، پەرچەكردارێكە دەووربەرو ژینگە ، یاسا نەنوسراوو دروست كراوەكانی كۆمەڵگەیەكی نەریتخوازیو كۆنەپارێز وەكو فشار بەسەر بیركردنەوەو ڕەفتاری تاكی كۆمەڵگەوە ئەیسەپێنێت ، ئەم دیاردەیە بەتایبەت لە كۆمەڵگەكانی رۆژهەڵاتو رۆژهەڵاتی ناڤیندا بە فراوانی پەرشوبڵاوەو باوە … ئەو كۆمەڵگانەی لە كۆمەڵی كوردەواری خۆمان ئەچن ، حەزو ئارەزوویانە چەپاندنی زۆرێك لە دۆزو بابەتی گرنگ كە پێداویستیە سەرەكیەكانی مرۆڤن دەستەبەر بكەن ، لەوانەش وەڵامدانەوەی یەكەمین پرسیاری منداڵ كاتێك لەباوانی دەپرسێت ، ئێمە لەكوێوە هاتووین ، چۆن لەدایك بووین ؟! بەڵام هیچ جۆرە وەڵامێكی لۆژێكیو ڕاستەقینەیان دەست ناكەوێتەوە ، یاخود كاتێك منداڵ پرسیارێكی بێگوناهو ئازا ئەكاتو ئەپرسێت ، كێ ئێمەی دروست كردووە ، یان خوا چییەو لە كوێیەو كێیە ؟ بەڵام دیسانەوە هیچ جۆرە وەڵامێكی جەربەزەو بوێری لەباوانەوە چنگ ناكەوێتەوەو بە هێزی چەپاندن ، سەری خۆیو پرسیارەكانی ئەكوترێتەوەو تووشی زەبرو فشاری دەروونی ئەبێت وهەر لەمنداڵییەوە هەست بە نامۆییو دڵتەنگیو بێئومێدیو نهێنیو دژواری پەنهانیەك ئەكات كە گەردوونو ژیانی لا ترشو تاڵ ئەكاتو هەست ئەكات مرۆڤ لاوازو بێتوانایە و ناچار فێًر ئەبێت پرسیارەكانی ئاراستەی كەسانی گەورەو تووڕە نەكاتو هەست ئەكات شتێك هەیە ناوی سانسۆرو ڕەقیبو قەدەغەیە …!
 پرسیارەكانی دەربارەی بوونو سەرەتای دروستبوونی مرۆڤو هەروەها دەربارەی ئەندامی زاوزێوە (لەتەمەنی هەرزەكاریدا ) ئەبێتە گەورەترین تابوو یان بابەتی قەدەغەو حەرامكراو ، ئیدی پەیوەندی منداڵ یان هەرزەكارو باوان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو هەرەسبردن ئەچێت .. هەروەها سەرهەڵدانی پەیوەندی خۆشەویستیو ئەوین لەنێوان كوڕوكچدا ، پاشان هێشتنەوەی ئەم دۆزە گرنگە بە نهێنیو باس نەكردنی لای گەورەكان ، ئاریشەوكێشەی خێزانی زۆر دژواری لێ ئەكەوێتەوە ، كە بەداخەوە بەشكانەوەی نێگەتیڤی بەسەر هەردوو ڕەگەزی نێرومێدا كۆتایی پێدێت ،  كەهێدی هێدی تێڕوانینو بۆچوونو بیركردنەوەی تێوریو هەروەها  پەیوەندی پراكتیكی نێوان كچو كوڕ ئاڵۆزو چەواشەتر لێدەكات ، دواجاریش تاكێكمان بۆ فەراهەم ئەبێت كە نیوەی پڕە لە نهێنیو تاریكی ، كە تیایدا ناتوانێت بەڕاستگۆییو بەبوێریو ئەوپەڕی لۆژیكەوە بابەتو كێشەو خولیاكانی دەرببڕێتو ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤی ئازاد بگوزەرێت …!
 ئەو چەپاندنە سەرەتاییو ئاسانو سادەیەی دایكو باوك بەنەزانیو كۆنە پارێزیو چەقبەستوویی خۆیانەوە بەسەرنەوەی داهاتوویدا پیادە ئەكەن ، گرفتو كێشەی كۆمەڵایەتیو دەروونی ئاڵۆز لە كەسێتی تاكی كوردا دروست ئەكات ، فشاری دەروونی بەسەر بیركردنەوەو كارو ڕەفتارەوە ، مرۆڤێكی بێ ئیرادەو ویستو توانای لێ بەرهەم دێت ، كە هەمیشە لە دركاندنی ڕاستیو ڕاستگۆیی دەترسێت ، چونكە نیوەی ڕاستی پێكهاتەی ئەو مرۆڤە بریتیە لەنهێنێو پرسیاری بێ وەڵامو پەیوەندی شاراوە ، تەنها بازنەیەكی بچكۆلانەی لەهاوڕێو برادەران هەیە كە بتوانێت چەپاندنی ناوەوە وزەوی پەنگ خواردووی ناخیو نهێنیەكانی تیادا بدركێنێو خۆی بەتاڵ بكاتەوە كەبەداخەوە ئەو (تەنفیسەش) زۆر كەمەو رێگەچارەو ڕێنوماییەكانی تیادا بەدیناكرێت ، ڕاوێژكارو مامۆستایەكی تیادا نیە كە ڕۆڵێكی گرنگ ببینن لە ئاراستەكردنی پەروەردەییو گەشەكردنی دەروونیو دڵنەوایی ڕۆحیدا كە زۆر گرنگن بۆ هەر مرۆڤێكو چ جای هەرزەكارو لاوان بن … !
 ئەوەی شایانی باسكردنە ، ئەوەیە كە چەپاندن ماكو خراپی خۆی هەیە كە بەنێگەتیڤانە بەسەر كەسایەتی مرۆڤی چەپێنراوەوە ئەشكێتەوە ، لەوانەش سەرهەڵدانو دروستبوونی گرێو ڕەنگە گرێ كوێرەش لە دەرووندا كە زەبرو فشار دروست ئەكەنو وەها دەكات كە هەمیشە تووڕەو بێزاربێت ، لەسەر ئاسانترینو بچووكترین كردارێك هەڵبچێتو هێمنیو ئارامی لەدەست بدات ، ئەمە سەربارەی ئەوەی كە هەمیشە مێشكی سەرقاڵو جەنجاڵە كە ئەمەش ئەبێتە هۆی ئەوەی پلەی تەركیزی كەمتر ببێتەوەو پەرشوبڵاوبیربكاتەوە ، شتی زوو لەبیربچێتەوەو هەنگاوێك بنێت بەرەو دواوە تەمەڵیو كەمتەرخەمی جێگەی زیرەكیو چالاكی بگرنەوە ، هەروەها مرۆڤی چەپێندراو هەمیشە هەست بە كۆتو زنجیرێكی توندو سەخت ئەكات كە دەستەپاچەو دەستو پێ سپیی كردووە كە ئەمەش ترسنۆكیو مەترسی لەبڕیاردانو كردنی هەر كارێكدا بەرجەستە ئەكات ….!
 ئاكامیش دەیەوێت تۆڵە بسەنێتەوە … چونكە وەكو یاسایەكی فیزیكی لێهاتووە ، وزەی پەنگ خواردووی ناوەوە و كردارو بیركردنەوەی چەپێندراو لەناخ ودەروونی مرۆڤدا بەشێوەیە خراپو نێگەتیڤانە دەردەهاوێژرێنە دەرەوە ، تووڕەبوونو لێدانو شەڕكردنو زۆرێك لەكارەساتەكانی هاتوچۆو پێكدادانی ئۆتۆمبێل لەپەرچەكرداری چەپاندنەوە سەرچاوەیان گرتووە ، ئیدی چۆن ئێمەی كورد بەو هەموو سەركوتكراویو چەپێندراوییەوە ، بەو هەموو خەزنكردنی نهێنیو پەنهانیانەوە ئەتوانین ئازاو بوێر بین لەكاركردنو بیركردنەوەدا ، لەبڕیارداندا چۆن ئەتوانین متمانەمان بەخۆمان هەبێتو بڕوامان بەخودو بەئیرادەو ویستی خۆمان ببەستین ، چۆن ئەتوانین بەڕاستەقینەیی ڕووداوو پەیوەندییە ئەوینیو خۆشەویستیەكانمان بەڕاستگۆیی باس بكەینو نهێنی زۆرو زەوەندەمان بدركرێنین ، چۆن درۆناكەینو دووڕوو نابینو ڕاستی لە نزیكترین كەسێكی خۆمان ناشارینەوە .. !؟
 چۆن تاكی كوردی چەپێندراو ئەتوانێت مرۆڤێكی هێمنو ئارام بێت ، تووڕەو تۆڵە سێنەر نەبێت ، چۆن ئەتوانێت لەكەس ببوورێت لەكاتێكدا زەمینەی لێبوردنی تیادا خۆش نیەو سیخناخە لەتووڕەییو بێزاریو دڵتەنگی ، مرۆڤێك هەست بكات چەوسێنراوەتەوەو كۆتی قورس لەچوار پەلی كراوەو خولیاو ئارەزووەكانی تێك شكێنراوەو خەونو ئاواتەكانی زیندە بەچاڵ كراوە ، چۆن لە هەقی خۆی خۆش ئەبێت ئەگەر زۆر بچووكو بێ نرخیش بێت !
         كەواتە ئێستا بۆمان دەرئەكەوێت ، بۆچی تاكی كورد بێ ئیرادەو بی خولیاو خەونە ، ترسنۆكو لاوازو سستەو چالاكییەكانی ئاسایینو سەرسامكارنین ، بۆچی وابەستەو ئینتمای بۆ وڵاتو نیشتمان وتەنانەت وانەكانیو هاوڕێكانیو خێزانی خۆشی نیە ، بۆچی هەرهەمووی لەبوخچەیەكی شڕۆڵە كردووەو لەودیو سنووری غوربەتیو بێنەواییو ئاوارەیی سنووری دڕكاویدا فڕێی ئەداتو بەرەو هەندەران كۆچ ئەكات .. كەئەمەش بانگەوازێكە بۆ مردنی خەونی مرۆڤو ئینسانێك بەهەموو ماناكانیەوە ! بەزاندنی سنوور لەبەرخاتری چاوی ڕەشی بەزاندنی تابوو یان شتە حەرامكراوەكانەو بۆ قەڵاچۆكردنی چەپاندنی دەروونییە ، مانفێستێكە بۆ ئەوەی بانگەوازی ژیانی تیا بدرێت نەك مردن !
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.