Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
كەى تاكى كورد شەڕانگێز نابێت !؟….حەمەی ئەحمەد رەسوڵ

كەى تاكى كورد شەڕانگێز نابێت !؟….حەمەی ئەحمەد رەسوڵ

Closed
by January 28, 2009 گشتی

 كەى تاكى كورد شەڕانگێز نابێت !؟
 توێژەرى كۆمەڵایەتى:حەمەی ئەحمەد رەسوڵ

 ئەو دیاردەیەی ئەمڕۆ لە زۆر شوێندا بەدیدەكرێت، قەوماندنی شەڕ و تێكبەردانە لە نێو دووكەسدا یان زیاتر لە نێو شارەكانی كوردستاندا و ئیتر خەڵكی ئێمەش وەكو مرۆڤێكی سادیست تەماشای شەڕەكە دەكەن و ناتوانن دووقسەی خێری تێادا بكەن یان رۆڵی ناوبژیوان بگێڕن و نەیەڵن ئەو دیاردە ناشیرینە لە سەر شەقامەكانی ئێمە رووبدات و ئەوەندەی تر دیمەن و ناومان نەزڕێنن. بەڵام ئایا مرۆڤ بوونەوەرێكی شەڕانگێزە یان نا، ئەوە تیۆری و بۆچوونگەلێكی زۆرن، بۆ وێنە هۆبز و كۆنراد لۆرانس لەو باوەڕەدان كە شەڕەنگێزی غەریزەیە و لە مێشكی مرۆڤدایە، بەڵام رۆسۆ و ئێریك فرۆم بڕوایان وایە كە مەیلی شەڕانگێزی و تووندڕەویی مرۆڤ لە ژێر كاریگەریی دەوروبەر و ژینگەی كۆمەڵایەتیدایە، ئەوان دەڵێن، ئەو بڕوایەی كە دەڵێت سروشتی ئادەمیزاد وەهایە كە بە تەبیعەت شەڕانگێز و ویرانكارە كە ئەمەش وادەكات كە دەستێكی بەهێز لە ژوور سەری مرۆڤەوە هەبێت، دەبێت چین و توێژەكانی كۆمەڵگا كۆنتڕۆڵ بكرێت و مەیلی زەبر و زەنگ و تووندوتیژی نواندن و پێكەوە نەژیان بە ئاشتییانە لە رووی یاساوە كۆنتڕۆڵ بكرێت، دەوڵەت پێویستە كۆمەڵگا لە دۆخی دوای جەنگەوە بەرەو كۆمەڵگای مەدەنی ببات…!
 كەواتە ئەگەر راست بێت مرۆڤ لە گیانەوەر دڕندەتر بێت، مێژووی مرۆڤایەتیش پڕبێت لە وێرانكاری و جەنگ، بەڵام بڕوام وایە كە شەڕەنگێزی لای ئێمەی مرۆڤ پەیوەندی بە سروشتی گیانداری و غەریزەی باووباپیرانمانەوە نییە، بەڵكو بەندە بە هەلومەرجی تایبەتی ژیانمان، بەندە بە هەلومەرجی سیاسی و ئایدۆلۆژیا و ستایلی حوكمەوە، بەندە بە نەبوونی نادێموكراسییەت و نایەكسانی و نادادوەریی كۆمەڵایەتییەوە! كەواتە فاكتەری هەرە گرنگ بۆ نەهێشتنی مەیلی شەڕانگێزی لە مرۆڤدا، بنیاتنانی كۆمەڵگای مەدەنییە و ئەركی سەرشانی دەوڵەتە كە دادوەریی كۆمەڵایەتی بچەسپێنێ، ئەگەر بێتو سامان و داهاتی وڵات لە ژێر چنگی دەستەبژێوێكدابێ و بە میلیۆنان خەڵكیش لە هێڵی هەژاریدا بژین (وەكو لای خۆمان) ئەوا هەژاری و بێكاری و نەخۆشی و تاوانكاری سەرهەڵدەدات و ئەمانەش لەناواخنیاندا مرۆڤێكی شەڕانگێز و سادیست بەرهەم دێنن، چونكە مرۆڤی هەژار هەڵگری بنەماكانی مەدەنییەت و مەعریفە و هۆشیارییەكی بەرز نابێت چونكە ناچار كراوە نەخوێندەوار و كاڵفام بێت، دەستەمۆی مەزهەب و هۆز و دابونەریتە سووننەتییەكانە، ژیانی ئابووری و گوزەرانی دژوارە و بڕستی لێبڕاوە بۆ پەیداكردنی بژیوی رۆژانە. بۆیە هەمیشە تووڕە و بێزارە، نائاسوودە و خەمگینە، هەست بە چەوساندنەوە و غوبن وپەراوێزكردن دەكات. لە رزگاربوون لەو رەوش و دۆخەی رۆحی تۆڵەسەندنەوە و بەكارهێنانی تووندوتیژی و تووندڕەوی و پەلاماردان وەكو كاردانەوە لە رەفتار و لە هزریدا جێگیر دەبێت. بۆیە مرۆڤی هەژار بە شێوازی شەڕانگێزییەوە لە هەمبەر خۆی و خێزانی و كۆمەڵگاكەی كرداری كۆمەڵایەتی و ژیانی نومایش دەكات. كاتێك تاكی كورد دەتوانێ شەڕانگێز نەبێت كە هۆكار و كەرەستەكانی توندوتیژی و زەبروزەنگی لەكۆمەڵگادا سست و لاواز كرابێت، كاتێك یاسا و دەستووری مەدەنی سەروەر بكرێت و یاسای جەنگەڵ (قانون الغاب)ەكەی تۆماس هۆبز یان فەرهەنگی خێڵ و هۆزگەرایی و پەیام و فتوای پیاوانی ئایینی و ئاغا و دەرەبەگ و شێخ و مەلا، قەڵاچۆ بكرێت و لەكار بخرێت، كاتێك لەنێو خێزاندا پەروەردەیەكی مەدەنییانە بۆ مەیسەركردنی پێگەی تاك و ئازادییەكانی مەیسەر دەكرێت پاش ئەوەی خێزان دەستگایی (موسساتی)دەكرێت و كەسێتی تاكی كورد، مەدەنییانە و عەلمانییانە بونیات دەنرێتەوە، حورمەت و شكۆمەندی بۆ یاسا و دەستوور و حاكم ودادوەر بگەڕێتەوە، تەئیدی روحی تۆڵەسەندنەوە و كوشت و كوشتار و واسیتە و لێپرسینەوە و گەندەڵی و دزین و تاوانكاری و شەڕانگێزی مرۆڤ سنووردار دەكرێت و قەڵاچۆ دەكرێت. ئەو دەمەش مرۆڤی شاری و مەدەنی، پەرەوەردەیەكی مەدەنی ــ ئازادانە و ئاشتییانەی دەبێت، كە دەتوانێت گفتوگۆ و دیالۆگ ساز بدات، خۆشەویستی لە جێی رق دابنێ و ئاشتی لە جێی شەڕ دابنێ، رۆحی لێبووردەیی و قەبووڵكردنی بەرامبەری جیاواز و نەیاری تیادا چەكەرە دەكات.
 بەڵام بەداخەوە هەموو ئەو هۆكار و فاكتەرانە لە كوردستانەكەی خۆماندا هێشتاكە ئامادەن و زۆریان ماوە بەرپرس و كارمەند و هاووڵاتییەكی لێبووردە و مەدەنی بەرهەم بێنێ و رۆحی شەڕانگێزی و سادیسم و تووندڕەوی لە نێو تاك و خێزانی كوردیدا بسڕێتەوە و بگۆڕێت بۆ رۆحی لێبووردەیی…!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.