Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
له‌‌ نێوان دووڕێیانی له‌تێک ‌کوردستان و ته‌واوی عیراقدا

له‌‌ نێوان دووڕێیانی له‌تێک ‌کوردستان و ته‌واوی عیراقدا

Closed

 له‌‌ نێوان دووڕێیانی له‌تێک ‌کوردستان و ته‌واوی عیراقدا 
  ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
 
 
 ئه‌وه‌ی ئه‌لفبێیه‌کی سیاسه‌ت تێبگات و بنواڕێته‌ جیهان و ده‌وروبه‌ر و له‌ که‌وڵی حیزب و ئایدیۆلۆژی بێته‌ ده‌ر، لاوازیی گوتار و هه‌ڵوێست و  ته‌ته‌ڵه‌کردنی ده‌م و زمان و منجه‌منج و گه‌ڕه‌لاوژه‌ی سه‌رانی باشووری کوردستان، له‌ ته‌واوی کێشه‌ و پرسه‌ گرنگه‌کانی کوردستاندا، به‌ ئاشکرا ده‌بینێت و هه‌ست پێ ده‌کات و خاس له‌وه‌ تێده‌گات، که‌ سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، نه‌ک هه‌ر له‌ ئاست ڕووداو  و پێشهاته‌کاندا نه‌بووه‌ و نییه‌، به‌ڵکه‌ گه‌لێک سازشکارانه‌، بێهه‌ڵوێستانه‌، ملهوڕانه‌، نابه‌رپرسانه‌، ترسنۆکانه‌، نانیشتمانپه‌روه‌رانه‌، نانه‌ته‌وه‌ییانه‌ و نه‌زانانه‌یش هه‌نگاوی ناوه‌ و ده‌نێ و به‌ره‌وڕووی پرس و کێشه‌کان بووه‌ته‌وه‌ و ده‌بێته‌وه‌.                               
 
 له‌ ته‌واوی ئه‌م ماوه‌یه‌ی پاش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، له‌ 9ی ئه‌پریلی 2003ه‌وه‌، تا ئه‌مڕۆ، که‌ ده‌بوو بێ هیچ دوودڵی و بیرکردنه‌وه‌ و لێوردبوونه‌وه‌یه‌ک، ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی باشووری کوردستان(مووسڵ، که‌رکووک و به‌شێکی دیاله‌ و کووت و تکریت)، ته‌نێ به‌ پشتبه‌ستن به‌ مێژوو و جوگرافیا و هێزی خۆیی و خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، بخرایه‌نه‌وه‌ سه‌ر کوردستان و ڕزگار کرابان و قانوونه‌کانی به‌عس و عه‌ره‌باندن سڕابانه‌وه‌ و له‌ ته‌واوی داگیرکاری هه‌نارده‌یش پاککرابانه‌وه‌. سه‌رکرده‌یه‌تیی کوردستان، وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌کرد، پتر ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی به‌ عیراقه‌وه‌ لکاند و کێشه‌که‌ی له کێشه‌یه‌کی ناوه‌کی‌ نێوان کوردستان و عیراقه‌وه‌، کرده‌ کێشه‌ی کورد و عه‌ره‌ب و شیعه‌ و سوننه‌ و تورکمان و مه‌سیحی و کێشه‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تی و تورکیا، ئێران، سووریا، ته‌واوی وڵاتانی عه‌ره‌ب و ڕێکخراوی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانیشی هێنایه‌ نێوه‌وه‌ و کردیانی به‌ خاوه‌ن به‌ش و خاوه‌ن قسه‌ و خاوه‌ن بڕیار له‌و کێشه‌یه‌دا و هیچی بۆ خۆی نه‌هێشته‌وه‌.       
 حوکوومه‌تی عیراق، هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئیسرائیل له‌هه‌مبه‌ر فلستینییه‌کاندا، پێڕۆ ده‌کات، که‌ ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان هێنده‌ی دیکه‌ له‌ کوردستان دابڕێت و به‌ره‌به‌ره‌ وایان لێبکات، کورد، ته‌نانه‌ت بۆ سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه،‌ به‌ مۆڵه‌تی عیراقییان بچێت و به‌ هه‌زار ده‌ردیسه‌ری و فه‌لاکه‌ت ده‌ستی به‌ زه‌وی و موڵک و خاک و خه‌ڵکی ئه‌و ناوه‌ نه‌گات، ڕێک وه‌ک ده‌ڤه‌ره‌ لێکدابڕاوه‌کانی فلستین و فلستینییان، که‌ خه‌ڵکه‌که‌یان به‌ چ سه‌ختییه‌ک و چ جۆره‌ سووکایه‌تیپێکردنێک، هاتوچۆی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌که‌ن. کوردیش، ڕێک وه‌ک فلستینییان، فه‌تح و حه‌ماسی هه‌ن و له‌ مێژیشه‌ که‌رکووکی ناوناوه‌ قودس، ئیدی کوردستان بۆ وه‌ک فلستین و کورد بۆ وه‌ک فلستینییانی لێ نه‌یه‌ت!                
 ‌
 له‌ میدیاکانی خۆیه‌وه‌، سه‌رکرده‌یه‌تیی کوردستان، بۆ خۆڵله‌چاوکردنی خه‌ڵکی کورد و پتر شاردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و کێشه‌ و گرفته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، هه‌ندێک فشه‌ و خۆگیڤکردنه‌وه‌ پێشان ده‌دات و به‌ گوێی خه‌ڵکیدا ده‌دات، لێ له‌ واقیعدا، له‌ ڕاستییه‌وه‌ گه‌لێک دووره‌  و هیچ ناگه‌یه‌نێت.                  
 
 سه‌رکرده‌یه‌تیی کوردستان، که‌ له‌ عیراقییه‌کان عیراقیتره‌ و له‌وان پتر گرێدراوی ده‌ستوور و قانوونه‌کانی عیراقه‌ و ده‌ستوور و قانوونه‌کانی عیراقی گه‌لێک به‌ لاوه‌ پیرۆزن، که‌ به‌ تۆبزی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی نه‌گێڕایه‌وه‌ سه‌ر کوردستان و وه‌ک چاوه‌ڕوانکردنی "گۆدۆ"  ئه‌میش چاوه‌ڕێیه‌تی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ بۆ خۆیان و به‌کاوه‌خۆ و ساڵڵانه‌ساڵڵانه‌، به‌ قانوون بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر کوردستان، دیاره‌ قانوونێکیش، که‌ زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران له‌ سه‌ری، دژ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ن بۆ سه‌ر کوردستان، ده‌بوو هه‌ر له‌و بواره‌دا و بێ شکاندنی قانوون و به‌زاندنی سنووره‌کانیش، یه‌ک ڕێزه‌ بوێری نواندبا و ته‌واوی نوێنه‌رایه‌تی و به‌رپرس و کارمه‌ندان و په‌رله‌مانتاران و وه‌زیر و گزیر و سه‌رله‌شکر و ئه‌فسه‌ر و به‌ سه‌رۆککۆماریشه‌وه‌، له‌ به‌غدا کێشابایه‌وه‌ و هاتبانه‌وه‌ بۆ کوردستان، ئه‌وده‌می حوکوومه‌ت داده‌ته‌پی و هه‌رکه‌سه‌ و ده‌بووه‌ "دزی گای خۆی". سه‌رانی کورد، هیچ یه‌کێک له‌وانه‌یان نه‌کرد و نایشیکه‌ن. هۆی نه‌کردنیشی، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان بۆ خۆیان هه‌زار ڕاوه‌ڕێوی و پاساوی بۆ دێننه‌وه‌ و به‌ هه‌زار جۆر ده‌یده‌ن به‌ گوێی مرۆڤی کورددا، لێ له‌ یه‌ک هۆ زیاتر نییه‌، ئه‌ویش مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی ئه‌و پاره‌وپووڵ و دراڤ و داهاته‌یه‌، که‌ له‌ به‌غداوه‌ به‌ ڕێژه‌ی 17%ی بودجه‌ی عیراق وه‌ریده‌گرن و داده‌بارێته‌ سه‌ریاندا. سه‌رانی کورد، که‌ 8-9 میلیار دۆلار دێته‌ گیرفانیانه‌وه‌ و به‌و جۆره‌ی هه‌موومان ده‌یبینین ده‌ژین و ژیانی چه‌ندین نه‌وه‌ی دوای خۆیشیان، نه‌وه‌ی خۆیان نه‌ک هی خه‌ڵکی کورد، مسۆگه‌ر کردووه‌ و بۆیان پاشه‌که‌وت کردوون‌، ده‌ستبه‌رداربوونیان له‌و ڕێژه‌ پاره‌یه‌ مفته‌، به‌ کارێکی فره‌ سه‌خت و دژوار و شێتانه‌ ده‌زانن و هه‌رگیز بیرۆکه‌ی سه‌ره‌ڕۆییه‌کی له‌و جۆره‌یشیان به‌ هزردا تێناپه‌ڕێ . ته‌واوی گرێکوێره‌که‌ له‌وێدایه‌ و هه‌ر پاساوێکی دیکه‌ی جیا له‌وه‌، نه‌ک هه‌ر قایلکه‌ر نییه‌، به‌ڵکه‌ جێی گومانیشه‌.                               
 
 ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان، که له‌ کاتی ڕووخانی ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ین و هه‌ڵوه‌شاوه‌یی و داته‌پین و داڕووخانی عیراقدا، ‌نه‌یتوانی کوردستان له‌ عیراق جودا بکاته‌وه‌ و جاڕی ده‌وڵه‌تی کوردستان بدات و، که‌ نه‌یتوانی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان(نه‌ به‌ تۆبزی و نه‌ به‌ قانوون) بگێڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و، که‌ نه‌یتوانی و ناشتوانێ خۆ له‌ به‌غدا بکێشێته‌وه‌‌ و، که‌ نایشیه‌وێت ده‌وڵه‌تی عیراق تێکدات و هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و،  که‌ نه‌یشیگه‌ره‌که‌ ئه‌و ڕێژه‌ زۆره‌ی بودجه‌یه‌ی به‌غدای له‌ ده‌ست ده‌رچێت، ڕه‌نگه‌ تاکه‌ یه‌ک ڕێگه‌ی له‌به‌رده‌مدا مابێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ خۆ به‌ ته‌واوی بکاته‌وه‌ به‌ عیراقی و ده‌ستبه‌رداری ئه‌و له‌ته‌فیدرالییه‌ یه‌کلایه‌نه‌ چووه‌ئاوه‌ ناته‌واوه‌ی خۆی بێت و به‌ ته‌واوی گوڕ و تین و هێزه‌وه‌ بچێته‌ نێو ده‌سه‌ڵاتی عیراقه‌وه‌ و ببێته‌وه‌ عیراقی و لێبڕاوانه،‌ هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی عیراق بدات بۆ 13ی ته‌ممووزی 1958 .  ئه‌و هه‌رێمۆکه‌یه‌ی ئێستا له‌ بنده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی کوردستاندایه،‌ نیوه‌ی یا قیچه‌ک زیاتر له‌ نیوه‌ی، خاکی باشووری کوردستانه‌ و  ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی کوردستانیش، نزیکه‌ی 50% یا بڕێک که‌متری خاکی باشووری کوردستانن، که‌ کورد ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوانه‌ی ده‌ستنه‌که‌وتنه‌وه‌ و دۆڕاندنی و به‌م سێ ئوستانه‌ی ئێستایه‌وه‌(دهۆک، هه‌ولێر و سلێمانی) مایه‌وه‌، تێکه‌ڵاوبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عیراقدا و دامه‌زراندنی عیراقێک، که‌ گه‌ل سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات بێت، عیراقێکی بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و ئایینزایی و ڕه‌گه‌زی و ڕه‌نگ، له‌ نێوان خه‌ڵکه‌که‌یدا و له‌ سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی و ته‌ماشاکردنی مرۆڤ و هاووڵات و دانیشتووی جوگرافیی و وه‌ک تاک و به‌ گوێره‌ی توانست و کارکردنی تاکه‌کان و،  به‌ مه‌رجێک له‌ عه‌ره‌ب و خه‌ڵکانی دیکه‌ ئه‌گه‌ر زیاتر نا ئه‌وا که‌متر خاوه‌نی عیراق نه‌بێت، گه‌لێک به‌ قازانجی ده‌بێت، هیج نه‌بێت به‌ قازانجی مرۆڤی ئاسایی کورد و هاووڵاتانی کوردستان.         
                                             
 بانگاشه‌ی ده‌ربازبوون و ده‌رچوون له ‌دواکه‌وتوویی، له‌گه‌ڵ قایلبوون به‌ گرێدراوی و وابه‌سته‌ییدا، هه‌رگیز نایه‌ته‌وه‌ و یه‌ک ناگرێته‌وه‌ و نابێت و کارێکی نه‌کرده‌یه. پێش دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی خێرا، پێویسته‌ و گه‌ره‌که‌ ویستی نه‌ته‌وه‌یی ڕزگار بکرێت. سه‌رکرده‌یه‌تیی باشووری کوردستان، به‌ ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی له‌م له‌ته‌فیدرالییه‌یدا، که‌ ته‌نێ یه‌کلایه‌نه‌ خۆی باسی ده‌کات و  له‌ لایه‌ن عیراقییانه‌وه‌ چ بایه‌خێکی نییه‌، ‌سه‌لماندی، که‌ کارگێڕێ و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی به‌و جۆره‌ی، که‌ ده‌بێ، پێ ناکرێت و ئه‌وه‌یشی کردوویه‌تی، ته‌نێ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی چینی بۆرژوازی و خودان پاره‌دا بووه‌ و پتر کارێکی بازرگانانه‌ بووه‌ و له‌ دیدی سه‌رمایه‌ و بازاڕ و قازانجه‌وه‌، له‌ سیاسه‌ت و ڕێبه‌رایه‌تی نۆڕیوه‌‌، به‌و پێیه‌ش، نه‌ ویستی نه‌ته‌وه‌یی ڕزگار کراوه‌ و نه‌ گرێدراوی و وابه‌سته‌یی، ڕه‌فزکراوه‌ و ڕه‌تکراوه‌ته‌وه‌ و دراوه‌ته‌دواوه‌، هه‌ربۆیه‌ش بانگاشه‌ی به‌جێهێشتن و ده‌ربازبوون له‌ دواکه‌وتوویی و گرتنه‌به‌ری ڕێگه‌ی پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردن، ته‌نێ گوتارێکی ناڕاست و ڤاڵایه‌. واپێده‌چێ کورد چ وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسی و  چ وه‌ک نه‌ته‌وه‌یش گوته‌که‌ی جۆرج بێرنارد شۆ ، پێڕۆ بکه‌ن، که‌ ده‌ڵێ:"ئێمه‌ له‌ مێژووه‌وه‌ فێر ده‌بین، که‌ هیچ له‌ مێژووه‌وه‌ فێر نه‌بین".                                                                                              
 2-10-2008 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.