له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌وه: ئۆلمپیا و كورد وه‌رزش و شه‌ڕ
ئۆلمپیای ساڵی 1996 – سیدنی ئاوستورالیا، له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییمدا. له یه‌كێك له‌و رۆژانه‌دا ئه‌م چه‌ند په‌ره‌گرافه‌م نووسیوه:
ئیمڕۆ رۆژێكی خۆشه. خۆرهه‌تاوێكی دڵگیر و شنه‌بایه‌كی نه‌رم پێكه‌وه ئه‌م رۆژه ده‌كه‌ن به رۆژێكی نایاب. خۆره‌تاو لێره خۆشه‌ویستییه‌كی هه‌یه، جودا. لێره ئه‌و رۆژه‌ی خۆره‌تاو بێت، تۆ ده‌توانیت به ئاسانی ببینیت مرۆڤه‌كان به جه‌سته پێده‌كه‌نن.
ئیمڕۆ خۆره‌تاوێكی خۆشه. ماسیگره‌كانی سه‌رگه‌رمی راوه‌ماسیین. ماسیگره‌كانی ئێره نه‌ك هه‌ر له چوارچێوه‌ی بنه‌ما و رێساكانی راوه‌ماسیدا كارده‌كه‌ن و به‌س، به‌ڵكو ماسی ده‌گرن و پاشان فڕێی ده‌ده‌نه‌وه نێو ئاوه‌كه. ئه‌وان وه‌كو ئێمه نین، وه‌ڵات و سروشت و ماسی خۆیان خۆش ده‌وێت. میلله‌تێك ماسیگره‌كانی به بۆمبا و تی ئێن تی راوه‌ماسی بكه‌ن، ئیتر بۆ شه‌ڕی براكوژی نه‌كه‌ن.
ئیمڕۆ چه‌ند رۆژێكیشه له ئاهه‌نگێكی سه‌رنجڕاكێش و به شكۆدا، ئۆلمپیا له سیدنی ده‌ستی پێكردووه. زۆر ده‌وڵه‌ت به ئاڵای خۆیانه‌وه به‌شدارن. ئاههه بێ ئاڵایی!!..
به‌شداران له مه‌راقی ئه‌وه‌دان ژماره‌ی پێوانه‌یی بشكێنن. ئه‌وان وه‌كو ئێمه خه‌می تر نه‌یتاساندوون. خه‌می تر نه‌یخستوونه‌ته گێژه‌ڵۆكه‌ی دۆشدامانه‌وه.
ئیمڕۆ رۆژێكی خۆشه. به‌ڵام من به ته‌نها جه‌سته‌م له‌م رۆژه خۆشه‌دا دێت و ده‌چێت.
له‌م رۆژه خۆشه‌دا من به روح پارچه پارچه و به هه‌ستیش شێواوم. وه‌كو شێواوی بازاڕه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵ له ترسی هاتنه خواره‌وه‌ی تانك و سه‌ربازه‌كانی سه‌دام. سه‌دام! ئاه هێشتا سه‌دام ماوه و له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته!
ئیمڕۆ من ته‌نها به جه‌سته له‌به‌ر ئه‌م خۆره‌تاوه خۆشه دام.
ده‌نا به روح هه‌لاهه‌لام.
ئیمڕۆ وه‌كو گه‌مه‌كانی ئۆڵمپیا گێمێكی تری شه‌ڕی ناوخۆی كوردان ده‌ستی پێكردۆته‌وه. ئاخ شه‌ڕی ناوخۆی كوردان!
دوێنێ دۆستێكم ته‌له‌فۆنی كرد بۆم، كورد نییه، ئه‌و پرسی:
– ده‌نگوباس؟ دیسان شه‌ڕی خۆبه‌خۆتان ده‌ست پێكرده‌وه؟
– به‌ڵێ.
– ئێێێ!
– سه‌رباری ئازاری سه‌خت، شه‌رمێكی گه‌وره ده‌مگرێت، چونكه بابه‌تێكی وه‌ها هه‌وێنی باس و خواسه له‌گه‌ڵ دۆستێكی هێژادا. هه‌ر جۆرێك بێت بابه‌ته‌كه ده‌گۆڕم. ئه‌ویش ده‌زانێت باسێكی چه‌ند به ئازاره بۆ من.
پێده‌چێت ئێمه چێژ له یه‌كتر كوشتن ببینین. ده‌نا بۆچ وه‌ها ده‌كه‌ین؟ یه‌كتر ده‌كوژین و (بیانوی شیاو!) بۆ ئه‌و كاره قرێژ و ترسناكه ده‌دۆزینه‌وه. هه‌موومان له‌و دۆزه‌خه داین. هه‌ر یه‌كه و به جۆرێك. به‌ره‌و كوێ رابكه‌ین لێی دانابڕێین. ئه‌وه‌تا منیش له‌م ته‌مه‌نی 29 دا له بری نووسینی نامه‌یه‌كی ته‌ڕ و پاراو، له بری ناردنی په‌یامی خۆشه‌ویستی خه‌ریكی نووسینی چیم!
كه‌سێكم له‌وانه‌ی به حه‌زه‌وه ته‌ماشای چالاكییه‌كانی ئۆلمپیا ده‌كه‌م. به داخه‌وه تا ئێستا به دڵی خۆم نه‌متوانی ئه‌و یارییانه ببینم:
ساڵی 1984 گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ئێران-عێراق بوو.
ساڵی 1988 ئه‌نفال و كیمیاباران بڕستیان له كورد بڕیبوو.
ساڵی 1992 نه‌متوانی چونكه كوردستان له بارێكی نائاسییدا بوو، كاره‌با و تیڤی نه‌بوو.
ئه‌م ساڵیش سه‌خته، چونكه خه‌می ئۆلمپیای براكوژیمان چه‌قی بیركردنه‌وه‌می وه‌ها باداوه، به یارییه‌كانی ئۆلمپیا ناگه‌رێته‌وه شوێنی خۆی.
نازانم نه‌فره‌ت له كێ بكه‌ین؟ نازانم پاش بڕانه‌وه‌ی ئۆڵپیای شه‌ڕی ناوخۆ، كێگه‌ل ده‌درێنه دادگا؟
خاڵیم له خۆشی و دوورم له ئاوایی شادی…
نازانم چۆن هه‌ناوی چۆڵ و هۆڵم ئاوه‌دان بكه‌مه‌وه؟ به چ گه‌شبینییه‌كی درۆ!
خودایه كورد چی كردبوو وه‌ها بوو به دووله‌تی ناجۆره‌وه:
– بكوژ و قوربانی له خۆیدا كۆببنه‌وه.
– چه‌قۆ و ئه‌ستۆ.
چ چاره‌نووسێكی ناله‌باره. ئه‌وانی تر له ئۆلمپیا مه‌رقیان شكاندنی ژماره‌ی پێوانه‌یین، ئێمه‌یش؟
ئه‌م چه‌ند دێڕه‌م وه‌كو بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌وه بۆ ئیمڕۆ گواستۆته‌وه. ئیمڕۆ كه زۆر خێرا دوێنی خۆمان له بیر ده‌كه‌ین و نامانه‌وێت بزانین دوێنێ چۆن بووین.