له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داوای لێبوردن!
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا داوای لێبوردنی كرد.
خواستی لێبوردنی ئه‌و سیاسه‌توانه ژماره یه‌كه‌ی توركیا سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵكوژی شاری ده‌رسیمه.
بێگومان مرۆڤ ده‌توانێت له زۆر گۆشه‌وه له‌و كرده‌وه‌یه‌ی ئه‌ردۆگان بڕوانێت و هه‌ڵیبسه‌نگێنێت.
“كرده‌وه‌یه‌كه” شایسته‌ی تێڕامان و له‌سه‌ر هزراندن.
كرده‌وه‌كه فره ره‌هه‌نده. له كاتێكدا لێدانێكی كاریگه‌ره له ئۆپۆزیسیۆنی وه‌ڵاته‌كه. واته كاره‌كه له دژی پارتی گه‌لی كۆماری “ج.ه.پ.” و به تایبه‌تی له دژی سه‌رۆكی ئه‌و پارته كه‌مال كلیچدارئۆغڵووه. هاوكات وه‌ده‌ستخستنی دڵی خه‌ڵكی ده‌رسیم، مه‌به‌ستێكی تری ئه‌ردۆگانه له بواری ئه‌و لێدانه‌وه.
ئه‌ردۆگان به روونی پێشانی دا، كه ئه‌وه “ج.ه.پ.”نییه داوای لێبوردن له خه‌ڵكی ده‌رسیم ده‌كات، “ج.ه.پ.”یه‌ك كه ده‌رسیمییه‌كان به‌رده‌وام ده‌نگ و متمانه‌ی ده‌ده‌نێ، به‌ڵكو داوای لێبوردن له مانه‌وه ده‌رده‌چێت، ئه‌مانێك كه خه‌ڵكی ده‌رسیم ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌یان به رووی خۆی و پارته‌كه‌یدا داخستووه.
ره‌هه‌ندێكی تری گرنگ له‌م كرده‌وه‌یه‌ی ئه‌ردۆگاندا تاوانباركردنی كه‌مالیسته‌كانه. ئه‌گه‌ر ئه‌م كرده‌وه‌یه سه‌ره‌تایه‌ك بێت و شانسی به‌رده‌وامی هه‌بێت، ئه‌وا لاپه‌ڕه‌ی تاوانه‌كانی كه‌مالیستان و رابه‌رانی پێش و پاش كۆماری نوێ هه‌ڵبدرێنه‌وه، ئه‌وا جگه له تاوانگه‌لی گه‌وره‌ی وه‌كو كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نییه‌كان و هه‌وڵی له‌ناوبردنی بوونی كورد و زمانی كوردی، شتی تری ترسناكیش دێنه‌ر رۆژه‌ڤه‌وه.
دیاره ئه‌و كاره‌یش یه‌كێكی تره له ره‌هه‌نده هه‌ره گرنگه‌كانی “لێبوردنه‌كه‌ی” ئه‌ردۆگان.
یه‌كێكی تر له لایه‌نه گرنگه‌كانی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی ئه‌ردۆگان شكاندنی ئه‌و دیواره ئه‌ستوره‌ی نێو رووبه‌ری بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی توركه كه داوای لێبوردن له كه‌س ناكه‌ن.
مرۆڤی تورك له لایه‌ن سیاسه‌توانانی وه‌ڵاته‌كه‌وه وزه‌یه‌كی گرنگ له گیان و له بوونیدا ئیفلیج كراوه. “وزه‌ی داوای لێبوردن كردن” له‌وانی تر. ئه‌و مرۆڤه وا راهێندراوه هه‌رگیز داوای لێبوردن له كه‌س نه‌كات و خۆی پێ شتێكی “پیرۆز” بێت.
له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تا ئێستا كار بۆ ئه‌وه ناكرێت دیارده‌ی كوشتنی ئه‌و وزه‌یه نه‌مێنێت. له بری ئه‌وه‌ی كولتوری “داوای لێبوردن” ده‌سته‌به‌ر بكرێت، به‌رده‌وام گیانی تۆڵه‌سه‌ندن و خۆزاڵكردن به‌سه‌ر ئه‌وی تردا له گه‌شه‌سه‌ندن دایه.
بۆیه له‌و روانگه‌یه‌وه و به له‌به‌رچاوگرتنی هزری تونده‌ڕه‌وانه‌ی مرۆڤی تورك، ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی ئه‌ردۆگان گرنگه و له خاڵی وه‌رچارخانێكی گرنگ ده‌چێت.
ده‌ردێكی كوشنده‌یه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كولتوری “داوای لێبوردن” بوونی نییه.
من ته‌نیا ئه‌و خاڵه گه‌شه له كرده‌وه‌كه‌دا ده‌بینم. ده‌نا سه‌خته مرۆڤ باوه‌ڕ به لایه‌ن و ئامانجه‌كانی تری كرده‌وه‌كه بكات و وه‌كو ئامانجی خاوێن بیانرخێنێت.
چونكه ئه‌ردۆگان خۆی و پارته‌كه‌ی به‌رپرسن له كۆمه‌ڵێ كاری ترسناك. كۆمه‌ڵێ رووداوی وه‌ها ئه‌گه‌ر خۆیان به‌سه‌ریاندا نه‌چنه‌وه چاره‌سه‌ری نه‌كه‌ن، ئه‌وا رۆژێك دێت كه‌سانی تر به ناوی كۆماره‌وه “داوای لێبوردن” له كرده‌وه‌كانی ئه‌ردۆگان و پارته‌كه‌ی بكه‌ن.
ئاخر ئه‌وه‌ی بچێته ورده‌كاری ژیانه‌وه له كۆماری توركیا و ئاستی گوزه‌رانی خه‌ڵك و بواری په‌روه‌رده له‌و وه‌ڵاته به ته‌واوی روون ببێته‌وه لای، ده‌زانێت پێویسته وزه و ئابوری ئه‌و وه‌ڵاته بۆ ئه‌و لایه‌نه گرنگانه‌ی ژیانی خه‌ڵك ته‌رخان بكرێت، نه‌ك بۆ شه‌ڕی كورد و تواندنه‌وه‌ی زمان و كولتوری گه‌لانی تری وه‌ڵاته‌كه.
جێگه‌ی داخه ئه‌ردۆگان و پارته‌كه‌ی له پای تواندنه‌وه‌ی ئه‌وانی تردا، درێژه به سیاسه‌تی كوشتن، گرتن و تۆقاندن ده‌ده‌ن.
سیروان ره‌حیم