Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
له‌ عێراقی سه‌دامه‌وه‌ بۆ عێراقی تاڵه‌بانی و مالیکی

له‌ عێراقی سه‌دامه‌وه‌ بۆ عێراقی تاڵه‌بانی و مالیکی

Closed
by August 27, 2010 گشتی

     
نەزانەکان هەمیشە شانازی بە ڕابردووی خۆیانەوە دەکەن .
            عاقڵ و هۆشیارەکان لەبیری ئێستادان .
            دێوانەکان خەون بەئایندەوە دەبینن .
   / ناپلیۆن /

ئەگەر عێڕاق لەڕووی پێشکەوتن و گەشەکردنەوە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بەراورد بکەین وەکو کەلاوەیەکی کۆن یاخود وەکو هۆبە ڕەشماڵێک دێتە بەرچاو ، کە ئاغاو دەرەبەگ و قاپوت ڕەشەکان بەڕێوەی دەبەن ، عێڕاقێک کە ژێرەوەی هەمووی گەوهەرو زێڕی ڕەشەو سەرەوەشی دەڵێی وڵاتە هەژارو دواکەوتووەکانی ئەفریقیایە ، عێراقی سەردەمی سەدام حوسەین عێراقێک بوو جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و جەنگی کوێت هیلاک و ماندووی کردبوو ، ئەو جەنگەی عێراق و کوێت سەرلەبەری دەسکەوتە مێژووییەکانی ئەم وڵاتەی هێنایەوە سەر خاڵی سفر ، هەرلە خۆماڵیکردنی نەوت و دامەزراوەیی سوپاو سەروەری خاکی وڵات و دەیان دەسکەوتی تر ، عێراقی ئێستای جەلال تاڵەبانی و مالیکیش عێراقێکە ململانێی ئایدۆلۆژی و مەزهەبی و تایفەگەری و حیزبایەتی و کوتلەبازی شەکەت و ماندووی کردووەو جومگەکانی لەبەریەک ترازاندوون ، ئەو ململانەیە وای کردووە کە گەلی عێراق بەهەموو پێکهاتەکانییەوە لەزۆر شت مەحڕوم بێت ، بەتایبەتی لە زانست و مەعریفەو تەکنۆلۆژیاو پێداویستییەکانی تری ژیان ، یەکێک لەگرفتە گەورەکانی عێراقی پۆست سەدام حوسێن ئەوەیە کە ئەکتەرە سیاسییەکانی دەیانەوێ ئەو تێزەمان بەسەردا بسەپێنن کە دەڵێ عێراقی پۆست سەدام حوسێن عێراقی پلۆرالیزمە ، بەڵام چ پلۆرالیزمێک پلۆرالیزمی مەزهەبی و تایفەگەری و عەشیرەتگەری و کوتلەبازی و بنەماڵەیی ، شتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە ئەکتەرەکانی پۆست سەدامیزم وەک سەدرو حەکیم و مالیکی و جەعفەری و دلێمی نوێنەرایەتی خواست و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق ناکەن ، بەڵکو نوێنەرایەتی تیرەو گروپ و مەزهەبی خۆیان دەکەن و هەموو هەوڵێکیشیان بۆ ئەوەیە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان بەهێز بکەن ، بۆیە هەر یەکەیان لەشوێنی خۆیەوە کارلەسەر بەهێزکردنی هەستی تایفەگەری و مەزهەبی دەکات لەنێو ئەندام و لایەنگرانی خۆیانەوە ، هەر لەسەردەمی مەلیک فەیسەلەوە تا سەردەمی تاڵەبانی و مالیکی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیوە هەستی هاوڵاتیبوون لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگای عێراقیدا بەرجەستە بکەن ، رژێمە تۆتالیتارەکانی عەبدول کەریم و عەبدول سەلام و سەدام حوسێن خەریکی بەهێزکردنی هەستی نەتەوایەتی و ناسیۆنالیزمی کوێرانە بوون ، لەدوای روخانی رژێمی سەدام حوسێنیشەوە ئەکتەرە سیاسییەکانی سەرگۆڕەپانی عێراق سەرگەرمی بەهێزکردنی بیروباوەڕی مەزهەبی و تایفەگەرین لەنێو چین و توێژەکانی خەڵکدا ، ئەکتەرە سیاسی و ئایدیۆلۆژیستەکانی شیعەو سوننە لەدوای روخانی رژێمی تۆتالیتاری بەعس بەردەوام خەریکی خۆشکردنی زەمینەیەکی ئایدۆلۆژین کە تێیدا گەنجەکانی ئەم وڵاتە بەهەستی مەزهەب و تایفەگەری گۆش بکەن و ، پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و چەمکەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری و یەکسانی لە بیرو مێشکی جیلی نوێدا بسڕنەوە ، گەلانی عێراق دەیان ساڵ خەریکی تێکشکاندنی بتی تۆتالیتاریزمی سەدام حوسێن بوون ، بەڵام لەبەرانبەردا دەیان بتی زلترو گەورەتر دروست بوونەوە ، لە خۆڵەمێشی گورگی زەبەلاح دەیان گورگی تر دروست بوونەوە ، تێکشکاندنی ئەم هەموو بتانەو لەناوبردنی ئەم هەموو گورگانە دەیان ساڵی تری دەوێ ، چونکە بەهۆی فیکری تیرەو مەزهەب بنەماڵەو تایفەگەرییەوە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان زۆر بەهێز کردووە ، لەسەردەمی بەعسدا دروستکردنی عێراق لەسەر بنچینەی ( امە عربیە واحدە زات رسالە خالدە ) بوو ، بەڵام لەسەردەمی پۆست سەدام حوسێندا دروست کردنەوەی عێراق لەسەر بنچینەی دەیان پڕەنسیپی لەرزۆک و دەیان ناسنامەی جۆراوجۆرە ، وەک کوردو سوننەو شیعەو سەدرو حەکیم مالیکی و دلێمی و تاریقی و دەیان شانەی بچوکتر ، کە ئەم جۆرە دروست بوونەوەیە هەستی هاوڵاتیبوون و ئینتیمای نیشتمانی لەخەڵک دەسێنێتەوەو لەبەرانبەردا هەستی تیرەو مەزهەب و تایفەگەرییان پێدەبەخشێ ، لەعێراقی سەدام حوسێندا دوو ناسنامە هەبوو ناسنامەی کوردو ناسنامەی عەرەب ، بەڵام لەعێراقی پۆست سەدام حوسێندا دەیان ناسنامەت دەست دەکەوێ ، وەک ناسنامەی کوردو سوننەو شیعەو باڵی سەدرو باڵی حەکیم و باڵی جەعفەری و باڵی مالیکی و دەیان لق و پۆپی تر ، دروست کردنەوەی عێراق لەسەر بنچینەی تەوافوق و ڕێککەوتنی سیاسی لەنێوان کوتلەو مەزهەب و تایفەو کەسایەتییە عەشائیرییەکان و پیاوانی مەڕجەع ، ئەم جۆرە دروست کردنەوەیە خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی ناکات و پرۆسەی سیاسی بەرەو پێشەوە نابات ، دروست کردنەوەی عێراق لەو هەموو پێکهاتە سەیرو سەمەرانە دەست و بازوویەکی بەهێزی دەوێ کە بتوانی ئەو هەموو بیرو بۆچوونە دژ بەیەکانە ڕابگرێ ، ئەم ئەکتەرە سیاسییانەی سەرگۆڕەپانی عێراق  جاربەجار باسی دیموکراسیش دەکەن و پرۆسەی سیاسی خۆیان بە پرۆسەیەکی دیموکراسی وەسف دەکەن ، بەڵام پرەنسیپی دیموکراسی ئەوەیە دەبێ بەرپرس و دەسەڵاتدارانی سیاسی گوێ لەڕای خەڵک بگرن ، ئەگەر خەڵک نەیانی ویست دەبێ کورسی دەسەڵات بۆ خەڵکی تر چۆل بکەن ، ئایا ئەکتەرە سیاسییەکانی عێراق ئامادەن ئەوە بکەن بێگومان نەخێر ، لە عێراقی پۆست سەدام حوسێندا پەیوەندی خەڵک لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییەکان یاخود لەگەڵ نوخبەی سیاسی دەسەڵاتداردا پەیوەندییەکە لەسەر ترس و دڵەڕاوکێ و بێ متمانەیی دروست بووە ، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەکتەرە سیاسییەکانمان نە هۆشیاری سیاسییان هەیە نە هۆشیاری گشتی ، بەڵکو کەسانێکی پراگماتیزمین و تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵەو تیرەی خۆیان کار دەکەن و تەنها لەبیری ئەوەدان گیرفان و ورگی خۆیان پڕبکەن بیریش لەئایندە ناکەنەوە ، ( سەعید نەفیسی ) ش لەم بارەیەوە قسەیەکی جوانی هەیەو دەڵێ ( تۆیان بۆ ئەوە دروست نەکردووە هەر رۆژەی چاکتر بخۆیت و چاکتر بپۆشی بەڵکو بۆئەوە دروست کراوی رۆژ بەرۆژ چاکتر بیر بکەیتەوە )
 بەهەرحاڵ زۆر عەقڵی بچوک هەن زۆر بیری بەستەڵۆک هەن زۆر کۆسپ هەن زۆر هەورازو نشێو هەن کە دەبنە ڕیگر لەبەردەم کاروانی پێشکەوتندا ، لەنێو کۆمەڵگای عێراقیدا هێشتا هۆشیارییەکی ئایدۆلۆژی و  نەریتی و دوگمایی و میللیتاری خۆی سەپاندووە بەسەر هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ، هەموو قەیرانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانمان هۆکارەکەی ئەوەیە کە پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانمان بونیادێکی ئایدۆلۆژیان هەیە بۆیە لە ڕەوتی گەشەکردن و پێشکەوتندا بەجێماوین ، ململانێی ئایدۆلۆژی پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی لای خەڵک بێ بایەخ کردووە ، ڕیشەکانی گەندەڵیش هەر لەم ململانێیە سەرچاوەی گرتووە ، چونکە ململانێکە لەپێناوی سەپاندنی ویست و ئارەزووی ئەکتەرە سیاسییەکانە ، لەپێناوی ویست و ئارەزووی پیاوانی ناو مەزهەب و سەرقافڵەی مەزهەبەکانە ، کە ئەمەش یەکێکە لە دەرەنجامەکانی شکستهێنانی بنەماکانی دیموکراسی و حەزو ئارەزووی پێکەوە ژیان ، بەڵام دروست کردنەوەی عێراق لەسەر بنچینەی دیموکراسی خەونی هەموو پێکهاتە جیاجیاکانی عێراقەو ئەمڕۆ بێ یان سبەی هەردەبێ بێتە دی ، خەڵکی عێراق بەهەموو پێکهاتەکانییەوە دەبێ هەنگاو بە هەنگاو فرسەخ بە فرسەخ بەرەو ئاسۆ هەڵبکشێن  ئەگەر بەنێو زریان و گەردەلوول و گڕو ژیلەمۆشدا گوزەر بکەن هەر دەبێ بگەن بە ئامانجی خۆیان ، بێگومان ئەمەش خۆڕاگری و نەفەس درێژی دەوێ ، 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.