Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
له‌ قوتابخانه‌ی په‌پوله‌ بێ باڵه‌کان……ئیدریس عه‌لی

له‌ قوتابخانه‌ی په‌پوله‌ بێ باڵه‌کان……ئیدریس عه‌لی

Closed

 ئیدریس عەلى
 
 Edrisali1972@yahoo.com
 
 لەهەڵەبجەى شەهید، چەند منداڵێك لەناو كەلاوەیەكدا، كە شوێنى (مارو دووپشكو مشكو پاشماوەى كیمیاییو وێرانیەكانى جەنگە) بەكەپر قوتابخانەیەك درووست دەكەن بەناوى ( قوتابخانەى پەپولە بىَ باڵەكان) لەم قوتابخانەیەدا كە چەند منداڵێكى پۆلى شەشەمو پێنجەمى سەرەتایى وەك مامۆستا وانەى جۆراو جۆر بەو منداڵانە دەڵێنەوە كە ساڵى داهاتوو دەچنە قوتابخانە.. ئەوان سەرەتا سەرقاڵى ماڵە باجێنە بوون دواتر گەمەكەیان بوویە پرۆژەیەكى پەروەردەیى، پاش بڵاو بوونەوەى هەواڵەكە شارەوانىو قایمقامیەتى هەڵەبجە لەم كارە گەورەیەى ئەو منداڵانە ئاگادار دەكرێنەوە، دەسبەجىَ سەردانى قوتابخانەكەیان دەكەنو شوێنەكەیان بۆ پاك دەكەنەوەو كورسىو مێزو تەختە رەشیان بۆ دابین دەكەن، لەكاتێكدا ئەم منداڵانە سەرگەرمى بیرۆكەیەكى لەو چەشنە بوون، بیستو دوو رێكخراوى مەدەنىو ژنانو لاوانو منداڵان سەرگەرمى موچە وەرگرتنو حساباتى نەسریەو سەردانو پێشوازىو تەشریافاتى بوون، ئەم منداڵانە كە پاشماوەى كیمیایىو مەرگو نەهامەتین، كەدەستى رۆژگارو قەدەر تووڕى داونەتە گۆشەیەكى تاریكو داخراوو رۆژانە لەلایەن گەورەكانەوە گوێبیستى حیكایەتەكانى مەرگو دووكەڵ بوون، لەناو ئازارێكى بێسنووردا وەها بیرۆكەیەك دێت بەخەیاڵى ناسكیانداو پاش مشتومڕو راگۆڕینەوە لەناوخۆیاندا بڕیاردەدەن پشت ئەستوور بەتوانا منداڵانیەكانى خۆیان بەكەپرو پەڕۆ ئەو قوتابخانەیە دابنێنو تەنها جیاوازییەك لەگەڵ قوتابخانە گەورەكاندا كەهەیەتى بریتین لەمانە:
 • ئەمان لەژێر كەپرو پەڕۆدان… ئەوان لەبیناى بەرزو ژوورى زیندان ئاسادان
 • ئەمان بێبەرامبەر كاردەكەنو دەوام دەكەن.. ئەوان دوو رۆژ موچەیان دوا بكەوێت مان دەگرن
 • ئەمان وێنەى پەپولە بەسنگیانەوە هەڵدەواسن.. ئەوان گوڵى لایلۆنو سەناعى
 • ئەمان ماچ بەلێویانەوەیە… ئەوان تفو جوێن
 • ئەمان خۆشەویستى بەدەستیانەوەیە.. ئەوان دارو زللە
 • ئەمان منداڵنو شانازى دەكەن بە پاكێتى خۆیانەوە.. ئەوان گەورەنو بە گەورەیى خۆیان دەنازن
 • ئەمان كەتووڕە دەبن پێدەكەنن.. ئەوان پێكەنینیشیان قسەى سووكە
 • ئەمان دەنگ بەرزناكەنەوە نەبا كۆترێك لەسەر ئەو درەختە دڵى بشكێت.. ئەوان كۆتریان بەئاسمانەوە نەهێشتووە.
 مامۆستا بچكۆلەكان لەژوورى بەڕێوەبرە بچكۆلەكەیان كە بەهەمان شێوە بەكەپر درووستیانكردووە لەدەورى مێزێك خڕ ببوونەوە، سەرگەرمى ئامادەكردنى وانەكانى ئەو ئێوارەیان بوون، هەریەكەو دەفتەرێكى لەبەردەمدا دانابوو خەریكى نووسینى ملاحەزات بوون… تەنها خۆیانو خوا دەزانن بەر لەچوونى ئێمە بۆ ژوورى بەڕێوەبەرى گچكە باسى چیان كردووە.. تەنها پەپولە بىَ باڵەكانى سەر سنگیان گوێى لەچپو هوڕو قسەوباسى ئەو مامۆستا خنجیلانانە بوو، ئێمە هیچ لەو دانیشتنە حاڵى نەبووین، ئەوان وەك نهێنییەكى ترسناك قسەكانیان بردەوە دڵیانو بێدەنگ بوون، وەك مۆمێكى كز لەئێمەیان روانىو تێگەیشتن كە رۆژنامەنووسینو سەردانى ئەو دڵە گەرەو قوتابخانەى پەپولە بىَ باڵەكانمان كردووە، یەكڕاست بەڕێوەبەرى قوتابخانە كەناوى ( تاژان سەباح) بوو تەمەنى تەنها دوانزە سەرخەو شكاندن بو لەنیوەڕۆیەكى گەرمى هاویندا، بەحورمەتێكى گەورانەو بەهەیبەتى بەڕێوەبەرێكى لەخۆڕازى دەستى تەوقەو سڵاوى بۆ درێژ كردینو لەژوورەكەى خۆیدا كەتەنها جێگەى خەیاڵى ناسكى خۆیانى تێدا دەبوویەوە لەسەر كوورسیەكى منداڵانە داینیشاندینو مامۆستاكانیش بەدەم خۆشهاتنمانەوە دەفتەرو وەرقەى سەرمێزەكەیان خڕ كردەوە، من لەكاتێكدا بۆ كارێكى رۆژنامەنووسى سەردانمكردبوون، دڵم قوڵپى دەدا لەگریانو لەودیمەنەى مامۆستا بچكۆلەكانو منداڵە چاو پر لەنیگاكان رامابووم، لەدڵى خۆمدا لەكاتێكدا گریانم بەئاستەم راگرتبوو شەرمم لەگەروە بوونى خۆمو هاورىِ هاوكارەكانم دەكرد، لەدڵى خۆمدا وتم: خودایە منداڵانى ئەمشارە ئەم گشت رێزو خۆشەویستیەیان لەكوىَ بوو؟ ئاخر خودایە ئەم بیرۆكە چۆن وەك شیعر بەدڵى ئەمشارەدا عبوورى كردوو چوویە خەیاڵى ئەم بوونەوەرە ناسكانەوە.
 لەكاتێكدا سەرقاڵى قسەكردن بووم لەگەڵ تاژانى بەڕێوەبەر پەیتا پەیتا ژنان منداڵەكانیان دەهێناو داوایان دەكرد لەو قوتابخانەیەدا وەریانگرنو فێریان بكەن، تاژانیش بە دڵێكى گەورەو زمانێكى میهرەبانانەوە پێى دەگووتن: دایە گیان بمبوورن ناتوانم چیتر منداڵ وەربگرم.. ئاخر دایە گیان شوێنەكەم زۆر بچوكەو ئەگەر ئەو هەموو منداڵە وەربگرم كێشەم بۆ درووست دەبێـت..!
 لەكاتێكدا ئێمە خەریكى گفتوگۆ بووین، پەیتا پەیتا منداڵەكان بەجانتاو عەلاگەى پڕ لەدەفتەرو قەڵەمەوە دەركەوتنو چوونە پۆلەوە مامۆستاكانیش بەحورمەتەوە ئێوارەباشیان لێكردنو ئیتر دەنگى وانە وتنەوە بەرز بوویەوە.. من سەبارەت بە بیرۆكەى ئەم قوتابخانە پرسیارم لە تاژانى بەڕێوەبەر كرد، ئەویش بەم شێوەیە بیرۆكەكەى گێڕایەوە" سەرەتا ئێمە كۆمەڵێك منداڵ بووین لەكۆڵانەكەى خۆماندا خەریكى یارىو ماڵە باجێنە بووین، یەكێك لەمنداڵەكان وەك مامۆستا بۆ یاریكردن وانەى بەچەند منداڵێك دەگووتەوە، منداڵەكانیش زۆر جوان گوێیان لێگرتبوو دیاربوو حەزیان لێدەكرد، منیش رۆشتم وەتم دەتوانم یاریتان لەگەڵ بكەم بەخۆشحاڵییەوە قبوڵیانكرد، ئیتر دەستمانكرد بەیارى مەكتەبێنە، دواى ئەوە سەیرمانكرد منداڵێكى زۆر لێمان كۆبونەوە، ئێمەش وەك مامۆستا بەجدى وانەمان دەگوتەوە، پاش ماوەیەك هەر لەكۆڵانەكەى خۆماندا شوێنێكمان دیاریكرد بۆ ئەوەى هەموو رۆژێك وانەى تێدا بڵێینەوە، ئەوە بوو پەرەمان پێداو رۆژێك مامۆستا عیرفان هات بۆلامان كەبینى خەریكى ئەمكارەین وتمان ئەمە قوتابخانەیەكى بچوكە دەمانەوێت گەورەى بكەینو پەرەى پێبدەین بۆ ئەومنداڵانەى كە ساڵى داهاتوو دەچنە قوتابخانە بۆ ئەوەى پێشتر زانیارییەكیا ن لەلابێت، ئەوەبوو بۆ رۆژى دواتر سەتەلایتى گەلى كوردستان هاتنو چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كردین، ئیتر بەرپرسانى شارو هەموو خەڵك بەئیشەكەى ئێمەیان زانى، ئەوەبوو لەلایەن شارەوانىو قایمقامیەتەوە كورسىو مێزو تەختە رەشو قرتاسیەو دەفتەرمان بۆ دابین كراو شوێنەكەیان بۆ پاككردینەوە چونكەپێشتر كەلاوە بوو" تاژان باسى لەئامانجى كردنەوەى ئەم قوتابخانەیەكردو وتى" ئێمە ئامانجمان ئەوەیە منداڵان فێرى بكەین لەڕێگەى چەند مامۆسستایەكەوە وانەى جیاجیایان پێدەڵێینەوە، ئێمە هەر هیچ نەكەین دەتوانین وا لەو منداڵانە بكەین كەچوونە قوتابخانە رێز لەمامۆستا بگرن" لەم قوتابخانەدا شەش مامۆستاى بچكۆلە وانە دەڵێنەوە، هەریەك لەومامۆستایانە خوێندكارى پۆلى پێنجەمو شەشەمى سەرەتایینو تائێستا تونایویانە تەنها چواردە خوێندكار وەربگرن چونكە شوێنەكەیان بچوكە، ئەگەرچى رۆژانە دایكان منداڵەكانى خۆیان دێنن بۆ ئەو قوتابخانەیە بەڵام وەك مامۆستا تاژان ئاماژەى پێداو خۆشمان بینیمان شوێنەكەیان زۆر بچوكەو بەهیوان گەورەترى بكەن بۆ ئەوەى دڵى منداڵان خۆشبكەن، ئەو وانانەش لەم قوتابخانەیەدا دەخوێنرێت بریتین لە( ئینگلیزى، كوردى، زانست، بیركارى، وێنەو وەرزشو سروود) هەریەك لەم وانانە مامۆستاى تایبەتى خۆى هەیە، سەبارەت بەشێوازى وانەكانیش تاژان وتى" بەشێوەیەكى رێكوپێك وانەكان دەوترێنەوە، هەر رۆژەوە وانەیەك دەڵێینەوە، لەسەعات چوارى عەسر تا سەعات حەوت دەوام دەكەین، هەموو وانەیەكیش پێنج دەقەى كۆتایى دەكەین بەسروود،لەلایەن منداڵەكانیشەوە تێگەیشتنێكى زۆر باش هەیەو مامۆستاكان بەوشێوازە تایبەتەى خۆیان توانیویانە منداڵەكان فێربكەن، تەنانەت لەسەر چۆنیەتى رێزو خۆشەویستى چۆنیەتى مامەڵەكردن لەنێوان خۆیانو مامۆستاكاندا فێرمانكردوون ئەمەش وادەكات كەچوونە قوتابخانە مامۆستا گەورەكان ماندوو نەبن بەدەستیانەوەو كارئاسانییان بۆ كراوە" تاژان باسى لەوەشكرد كەدایكو باوكى خۆیان واتە مامۆستاكان زۆریان پێخۆشە منداڵەكانیان دەستیان داوەتە ئەم كارە پیرۆزەو هاوكاریەكى باشیان دەكەنو شانازییان پێوەدەكەن، ئێستا تاژانو مامۆستا هاوڕێكانى لەلایەن خەڵكانى هەڵەبجەوە بەچاوى رێزەوە تەماشا دەكرێنو پێیانوایە ئەمان دەتوانن نەوەیەكى تەندرووستو چالاك پێبگەیەنن.
 مامۆستا تاژان ئەوەشى روونكردەوە كە هەموو ئێوارەیەك پاش تەواو بوونى دەوام كەلوپەلەكانى قوتابخانە بەكۆڵى خۆیان دەبەنەوە بۆ ماڵەوە لەترسى ئەوەى بەشەودا نەبرێنو نەشكێنرێن، گلەیى ئەوەشى كرد كە كەپرەكەیان بە بەتانىو پەڕۆ درووست كراوەو زۆر گەرمە بەتایبەت لەم هاوینەدا كە خۆرەكە دەچێتە ناو پۆلەكەوەو داواشى كرد بۆیان بكەن بەحەسیر، دواكارییەكى ئاوا سادەو ئاسان بۆ كارێكى ئاوا پیرۆزو سەخت كە ئەم منداڵانە خستویانەتە ئەستۆى  خۆیان هیچ دواخستنێكى ناوێتو جێى خۆیەتى بۆیان جێبەجێبكرێت، چونكە لەوشارەدا بیستو دوو رێكخراوو بەڕێوەبەرێتى پەروەردەو دامودەزگاى حكومەتى لێیە، ئەوەشمان بیرنەچێت ئەم كارە ئەركى حكومەتە جێبەجێى بكاتو پێویستە رۆژانە بەدەمیانەوە بچنو ئاگایان لەكێشەو ئیشوكارەكانیان بێت، چونكە وەك تاژانى بەڕێوەبەر دەیگووت بەنیازن هەتا سەرەتاى كردنەەى قوتابخانە ئەمان لەمكارەیان بەردەوام بنو لەم ماوەشدا بەنیازن سەفرەیەكى جەماعى بۆ منداڵەكان رێكبخەن بۆ ئەوەى كەمێك جەویان بگۆڕنو پشو بدەنو هاوكات بەنیازى ئەوەن پێشانگایەكى وێنەیى بۆ ئەو منداڵانە بكەنەوە كەلەبەردەستى ئەماندا فێرى وێنە كێشان بوونو شانۆگەرییەكیش پێشكەش بكەنو وتیشى" لەكۆتایى ساڵدا ئاهەنگێكى قەشەنگیان بۆ رێكدەخەینو بڕوانامەى رێزلێنانیان دەدەینىَ" تاژان باسى لەوەشكرد كە لەم قوتابخانەدا لێدانو تورەبوونو جوێن نییە، بەڵكو رێزو خۆشەویستىو بنەماى تێگەیشتنو فێربوون هەیە، خۆزگەشى خۆاست قوتابخانە گەروەكان واز لەو دیاردە ناشرینانە بێننو لێدانو تورەبوون نەمێنێت،چونكە ئەمانە هێشتا منداَڵنو چاوەڕێى دەستى گەورەكانن بۆ فێربوون، لەبەر ئەوە مامۆستایانیش دەبێت بە ئسلوبێكى جوان لەگەڵیان مامەڵەبكەن، بەڕێوەبەرى قوتاخانەى پەپولە بىَ باڵەكان راشیگەیاند كە بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەن مامۆستا گەورەكان بێنە قوتابخانەكەیانو دەستبخەنە ئیشو كاریانەوەو وتیشى" چونكە ئەوان هیچ هاوكارییەكیان نەكردووین، ئێمە قوتابخانەمان بۆ خۆمان كردۆتەوەو شێوازى ئێمە جیایە لەوان" سەبارەت بەوەش كە كىَ تاژانى كردووە بەبەڕیوەبەر، بەپێكەنینەوە وتى" بەراى هەموو مامۆستاكان هەڵبژاردنمان كردوو دەنگیان بەمن دا" باسى لەوەشكرد كە بەرپرسى مەڵبەندى نۆى یەكێتى نیشتمانى بەڵێنى پێداون مانگانە سەدو پەنجا هەزار دیناریان بۆ سەرف بكات، بەڵام ئەمان سوپاسیان كردووەو وتوویانە رۆژانە كەمێك سەهۆڵمان بۆ بكڕن بۆتەرمزەكەمان چونكە زۆر گەرمە لەوە زیاتریان ناوێتو وتیشى" ئێمە یارمەتى لەكەس وەرناگرین ئەگەر مەرجیان لەسەرمان هەبێت". هەریەك لەمامۆستا بچكۆلەكانیش باسى شێوەى وانە وتنەوەكانى خۆیانكردو ئاماژەیان بەو ئاستە بەرزەدا لەتێگەیشتنى منداڵەكان، مامۆستاكانیش بەهەمان شێوەى بەڕێوەبەرەكەیان توانایەكى باشى لەقسەكردندا هەبوو وەك گەورەیەك مامەڵەیان لەگەڵ پرسیارەكانى ئێمەدا دەكرد، ئەو منداڵانەش كە رۆژانە بۆ فێر بوون روودەكەن ئەو قوتابخانە خنجیلانەیە لەكاتێكدا هەمووان بە بێدەنگى لەسەر كورسیەكانیان دانیشتبونو گوێیان بۆ مامۆستا رادەدێرا، بەئاوێزەیان وت" ئێمە زۆر سوپاسى ئەم مامۆستا ئازیزانە دەكەینن شتى زۆر چاكیان فێركردووینو مامەڵەیان زۆرجوانە لەگەڵمان"  پێویستە ئەوە بڵێم هیچ كارێكى رۆژنامەنووسى لەماوەى ئەزموونى دەساڵەمدا هێندەى كارێكى منداڵان نامترسێنێتو نامخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە، لەگەڵ كەسایەتییە سیاسیەكانو بەڕێوەبەرە گشتیەكانو وەزیرەكاندا، زۆر بێخەمانە دادەنیشمو پرساردەكەمو ئیحراجیان دەكەم، بەڵام لەبەردەم كارێكى منداڵاندا، بەتایبەت ئەم كارە مەزنەى منداڵانى شارەكەى خۆم واتە هەڵەبجە، دنیایەك ترسو دڵە راوكە چوویە دڵمەوە، ئاخر دەترسم من لەدنیاكەى ئەوانو دەستەواژەو ئاماژەو وشە لەفۆڕمدا سادەو بەناوەڕۆك ئاڵۆزەكانیان نەگەم، كاتێكیش بەو هەموو ترسو گومانو بەرپرسیارێتییەوە لەداڕشتنەەوى ئەم رێپۆرتاژە بوومەوە بەخۆمم وت: تۆ بەرپرسى دنیایەكى جیاوازى.. پێویستە بێلایەنو راستگۆبیت لەگەڵ ئەوەى بینیوتەو ئەنجامت داوە..، ئیدى تێگەیشتم ئەم رێپۆرتاژە ناتوانێت تۆى خوێنەر لەو مانایە تێبگەیەنێت كە دەیەوێت بیگەیەنێت.   
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.