Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
له‌ هونه‌ره‌وه‌ بۆ تیرۆر

له‌ هونه‌ره‌وه‌ بۆ تیرۆر

Closed
by December 16, 2007 گشتی

له‌ هونەرەوە بۆ تیرۆر*

عومەر جەلال

 سەرم ببڕە ئا ئەو سەرەم ببڕە
لەسەر ئەم رێیەبمنێژە

(لە فۆلکلۆرى کوردییەوە)

پار ساڵ  گروپێکى میوزکى ئەمریکى هەستان بەکلیپ کردنى گۆرانییەک کە هۆنراوەى ئەو گۆرانییە هێرشێکى گەورەى تێدابوو بۆ دژایەتى عەرەب وئاماژەى دەکرد بە کوشتن و لەناوبردن بە تایبەتى دڵدانەوەى هێزەکانى ئەمریکابوو لە عێراقدا کە چۆن ئیش لسەر کوشتن و لە ناوبردنى هاوڵاتى چەکدار و سڤیلى عێراقى  بکەن  کە ئەمە خۆى لە خۆى دا هەڵایەکى گەورەى نایەوە لە نێوەندى ئەمریکا و رۆژهەڵاتى نێوەراست و رووبەڕووى رەخنە بوونەوە کە بەوەناسرا ئەم گروپە درێژکردنەوەى تیرۆرە و بانگەشەى ناشرین کردنى ئینسان دەکات،ئەمە لە ساتێکدایە کەهەر ماوەیەک لە مەوپێش لەیەکێک لەژمارەکانى رۆژنامەى (شەرق ئەلئەوسەت) کورتەیەک لەنوسراوى کۆمەڵیک هۆنراوەى سەربازە ئەمریکییەکان بڵاوبووەوە کەباس لە چەندین غەم و وەڕسی و تەنیاى و ترسی پەلامارەکانى چەکدارەکان دەکەن و بەچەند کۆپلە شیعرێک ئەو رووداوانە دەنووسنەوە و لەهەندێک دێڕدا ئاماژەیان بە تیرۆر و کوشتن کردووە.
هونەر و ئەدەب  ئەو دوو چەمکەن کە هێند مەبەستیان بەختەوەرەییە بۆ مرۆڤ  نیو هێند مەبەستیان گەڕاندنەوە و رازاندنەوەى چەمکى تیرۆر نییە،دەسەڵاتى دیکتاتۆر ئەو دەسەڵاتەیە کە بوارەکانى هونەر و ئەدەب قۆرخ دەکەن بۆ ناشرین کردنى لێبووردەى و پێکەوە ژیان بە ئایدیۆلۆژیانە رەهەندى ئەدەب و هونەر  پاوان دەکەن بۆ شاردنەوەى دیوە شاراوەکانى تیرۆر و کوشتن،
وەلێ کێشە لەوەدایە ئەو نووسەر و هونەرمەندانە  بەهەر هۆکارێک بێت ئەفراندنەکەیان دەفرۆشن بە دەسەڵاتێک کە تەمەنى ئەو تێکستانە لەسەر تەمەنى ئەو دەسەڵاتە دەوەستێت .لە مێژووى مرۆڤایەتیدا هەر لەسەردەمى پێش زایینەوە تا هەنووکە بەسەدەها هونەرمەند و نووسەر رۆڵى نێگەتیڤیان بینییوە لە درێژکردنەوەى ناکۆکییە ئیتنى و رەنگ و دەنگە جیاوەزەکان،گروپگەلێک لە سپی پێستەکان هونەر و نووسینەکانیان تایبەت دەکرد بۆ دژایەتى رەش پێستەکان و بە پێچەوانەشەوە لە هونەر و ئەدەبدا دەبینرا ئەمە لە لایەک و دژایەتى کردنى نێوانى ئاینەکان و جەنگى بەردەوامیان لە لایەکى دى.ئەو قەڵەمانە تا هەنووکە نەفرەت دەکرێت کەدەیان نووسی بۆ بەعسیزم و نازییەت و فاشیەت.
مێژووى شۆڕشەکان لێوان لێو بوون لە سروودى نیشتمانى و قەشەنگ کردنى هەستى نیشتمانى و تەنانەت زۆسات دەگاتە ئەو دۆخەى جەنگاوەرەکان لەژێر کاریگەرى ئەو نووسینانەدا گیانى خۆیان بەخت بکەن زۆرتر لە سەردەمى شاعیرە بەرەنگارییەکانەوە وەک فۆرمێک دەبینرا ،رەهەندەکانى هونەریش بە تایبەت هونەرى گۆرانى وتن زۆرجار لەکاتى جەنگەکاندا نمایش دەکرا و کاریگەرى گەورەى دەبووە لەسەر گوێبیستەکانى و رەنگدانەوەى دەبوو لە بوونى ئەو مرۆڤانەدا، گەورەترین هەڵەى کۆمەڵگەى  سست و گەندەڵ ئەوەیە کە خاوەنى ئەدەب و هۆنەرى تایبەتى خۆى نەبێت یان بەمانەیەکى دى ئەدەب و هونەرەکەى شێوێنرا ئیدى بەدەستى خۆى بێت یان هێزە کۆلۆنیاڵەکان
ئەوەى مۆدێرنە لەتەک خۆى هێناى جگە لە پۆزەتییڤیەتى لە پاڵ ئەوەشدا جەنجاڵى و ئالۆزییەکى زۆرى پیشکەشی کۆمەڵگە کرد ،بە پێشکەوتنى بوارەکانى تەکنۆلۆژى و فرەیى کەنالەکانى ( (t.v و رۆژنامەکان ، تیرۆر خۆى ئاوێتەى هەموو بوارەکانى ئەدەب و هونەر کرد چ  جاى ئەوەى چەندین حیزب ئیشیان لە سەر ناشرینکردنى هونەر و ئەدەب دەکرد و هەماهەنگى چەمکى تیرۆر بوون لەودیوى تیرۆرى جەستەییەوە تیرۆرى رەنگ و دەنگ هەیە کە هێزە فەندەمێنتاڵەکان دەستپێشخەر بوون تێیدا.
لە کوردستانى  باشووردا لەدەیەى نەوەدەکانى سەدەى رابردوودا هێزگەلێک لە هونەردۆست  وئەدەب دۆست پەیدابوون لەژێر سایەى حیزبدا ،کە تەنیا حیزب  کردیانى بە هونەرمەند و نوسەر بەمەبەستى گەڕاندنەوەى شکۆ و گەورەیى بۆ  ئایدیۆلۆژیاى حیزب،ئیدى لەو کاتەوە هونەر و ئەدەب فۆرمێکى ناشرینى وەرگرت کە زۆرجار رەنگەکان لە شێوە کاریدا قەدەغە دەکرا لە هونەرى گۆرانى وتندا دژیەکیەى تەواو دەبینرا هونەرمەندانى دوو شار یان نووسەرانى دوو شار جۆرێک لە دانپێدانان و گرنگیان بە کارى یەکتر نەئەدا،ئەوەمان نابێت یادچێت زۆرینەى ئەو کەسانەى کە خۆیان بە هونەرمەند و نووسەر دادەنا هاوسۆزییەکى حیزبییانەیان هەبوو،بۆ وێنە لە سلێمانى رۆژنامە هەبوو رێگاى لە بڵاوکردنەوەى قەڵەمى زەرد دەگرت  بەدەر لە بوارە سیاسیەکەى بە هونەر و ئەدەبەوە بەهەمان شێواز قەڵەمى سەوز جێگاى نەدەبووەوە لە هەولێر .
ئەوەى کە هونەر و ئەدەب بە مرۆڤایەتیان بەخشیووە جودایە لەو شێوازە بەکارهێنانەى کە لە لایەن دەسەڵات گەلێکەوە بە کاردەهێنرێن بۆ ویست و ئارەزووى خۆیان،ئەوەى مرۆڤایەتى تووشی شۆک دەکات کەسێکى وەک (سەدام حسێن) ى گەورە دیکتاتۆرە  کەخۆى بەنووسەر زانییوە و لەم ماوەیەدا چەند نهێنییەکى بەر لەسێدارەدانى بەماوەى هەفتەیەک  لە ئینتەر نێَت بڵاوکرایەوە کە (جۆرج پیرۆ) ى  لێکۆڵەرى ئەمریکى بەرەگەز لوبنانى   لە کتێبێکدا بڵاویکردەوە باس لەوەدە دەکات کە سەدام حسَین رۆژانە دوو پارچە شیعرى دەنووسی و هەندێکیان دژى هاوکارەکانى (f.b.i) یە و ئەوى دیکەیان بۆ خۆشەویستى .
هەرچەندە دیکتاتۆرەکان یەکێک لەو هۆکارانەى کە بۆ پاراستنى دەسەڵات و دیوى دەرەوەى خۆیان بەکاریانهێناوە پەنا بردنە بەر نووسین و گرنگى بەهونەرى پەیکەرتاشی کە بۆ درووست کردنى پەیکەرەکانى خودى دیکتاتۆر و سیخناخ کردنى شەقامەکان بە وێنە و هێڵ کە هێمابێت بۆ شکۆى سەرکردە .،بێگومان درووستکردنى پەیکەرى سەرکردە و بڵاوکردنەوەى وێنەکانیان یەکێکە لەو هۆکارەى کە هێمایەکە بۆ شکست و رووخانى ئەو دەسەڵات و دیکتاتۆرە کە مێژوو تەژیە لەو نموونە زیندووانە.
ئەوەى کە گرنگە ئەمڕۆ ئەدەب و هونەرى کوردى خۆى لێ بەدوور بگرێت ئاوێتەنەکردنى تیرۆر و توندوتیژیە بەئەدەب و هونەرەکەى  .ئیشى ئەدەب و هونەر بۆ ئاشتکردنەوە و لێبووردەى و مرۆڤەکانە نەوەک بۆ درێژکردنەوە و چاندنى ئیرەى و یەکدى پەسەند نەکردن.

Omerjelal@yahoo.com

 ـــــــــــــــــــــ
 *لە هەفتەنامەى هاوڵاتى ژمارە (379) بڵاوبووەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.