Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
لێفەکەی رێحان….

لێفەکەی رێحان….

Closed
by December 18, 2010 ئەدەب

 

تۆ..ئەگەرچی ناوت رێحان بوو، بەڵام بە دەردی قسە کوردیەکە، “ناوێکی گەورەو دێیەکی وێران بوو” چونکە ژیانت سەرتاپا باخێکی بێ بۆنی خۆش وبێ رێحان بوو….
تۆ.. لەبەردەم ئەوپرسیارانەش، زیاتر ژیانت دەشێواو و واقت وڕدەما، نەتدەزانی چ وەلامێکیان بدەیە دەست، رۆژگار دەرۆیشت وچەقۆ ئاسا سێوی تەمەنی لەت ئەکردی، پرسیارەکانیش خۆی لە خۆیان لەت کردنێکی دیکە بوون کەرت کەرتیان ئەکردی، بەلام بێ ئەوەی شەهیەتی پرسیاری منداڵەکانت بە وەڵامێکی تۆ تێر بوونێک بەدەست بێنن ورازی بوونی خۆیانیش دەستە بەر بکەن، تۆش وەکو ماشێنێکی منداڵ هێنانە بەرهەم، هەر لەوەتەی لەگەل ئەو پیاوەت قەدەرێکی ناچاری وئیرادەیەکی ناچاری بوونە خالی یەکانگیریتان، منداڵیش هەر لە نێوان دووریانی حەز داتەکان ودامرکانی ئەوەوە پێک هاتووە، لە بن شرە لێفەیەکی تیزمال ورەنگ کاڵی زەردو بۆن شێ وگرمخای زەمانێکی کۆن، بە میزاجێکی ناچاری وناوەخت، ئارەزوویەکی ناسەودای یەک لایەنەی جووت بوونی جەستە، کۆشت بۆ کارەساتێکی دیکەی هەژانی جەستەو داوەرانی بەری دارێکی بەدبەختی وئارەزوویەکی تەڕی دیکەی پڕ نەهامەتی پیاوەکەت دەگرتەوە….
 کە بۆ ئەو هەر دەرئەنجامێکی هستریایی خالی کردنەوەو لەزەتی ئۆرگازمیێکی نێرانە نەبوو، بەڵکو پیشان دانی باڵا دەستی رادەو گوڕی پیاوەتی خۆی بوو، بۆ تۆش جگە لە مایەی سەر ئێشەو زووخاو وشەکەتی وژان وئازاری ئاوسی وبار کردن ولە دایک بوون وشیردان و شەو نخوونی وبەخێوکردن وتەنانەت ئەرکی گوزەران ونان پەیدا کردنیش لە ئەستۆی هەر خۆت بوو، جگە لەو هەموو کولەمەرگیانە شتێکی تر نەبوو کە ناوی تام ولەزەتی رۆح وجەستەی مێینەی لێ بنرێت، ئەوە بوو سەرەتاو درێژەی رۆمانی ژیانی هاوسەرێتیت، ئنجا سەرباری سەختی ئەو ژیانە وقورسی ئەرکەکانت دیسان جارێکی تر مردنێکی دیکەت بە چاوی خۆت ئەدیتەوە، بە قوت بوونەوەی ئەو پرسیارەی  منداڵە تازەکەت رووبورووی ئەکردیەوە ….
هەر لە پێناو رەزامەندی دڵ وحەزی تەڕی دامێنی ئەوەوە هەوەس وحەزەکانی هەڕەتی لاوێتی خۆت لە بن پێت دەناو یەکتاو سەرەمەرگت دەکردن، قەت لە چوونە بن لێفەکەوە بۆ کارێک کە خێری ئەوی پێوە بوو بێت، وەکو ئەو ئاسکە سرکە نەبووی، سەرکێشانە خۆیان لە دەست دڵخوازەکەیان رائەپسکێنن، بۆیە هەر لە نێوان ئەو لێوە وشک ورەق هەڵاتووانەت کە لە چاوەڕێی تەڕ بوونەوەو شۆرینێکی بەر بارانی ماچێکی گەرم وپڕ لە ئەوین بوون، گڕو شیلەی لەزەتی پڕ شەهوەتیان دامرکێنێتەوە،  قسە سواوەکانی هەموو جارێکت لەو ساتە بێزەلەتانەی ئەو وەکو ئاژەڵێکی چوار سمی قۆچدار لە سوارچاکی ولەوەڕانی جەستەی دڕی خۆی دابوو ، بەدەم وڕێنە کردن بەو قسانە خۆت لە خشتە ئەبردو جۆرێک لە قەناعەتی سەربەخۆت بۆ خۆت پێکهێنا بوو، بە ورتە ورتێک کە لە نێوان لێوەکانت زۆر بە بێدەنگی دەرئەچوون :
_ نا ئەو جارەش با بە زەوقی ئەو بێ…زەوقم مشکەلە نیە..ئەو هەستەشم ئەو جارە لە بن نەعلەکانم پان ئەکەمەوە..نا جارەکی دی لۆ خۆم پێی ئەلێم…خۆ ئەمنیش….
ئەوەش لە دەستەواژەیەکی سواوەی دووبارە بووەوە زیاتر شتێکی دیکەی بۆ تۆ نەئەگەیاند، بەڵام، رادەی شەرمت زۆر لە رادەی برسیەتی وتێنوێتی سێکسی جەستەت بەهێزتر بوو، بۆیە جورئەتی ئەوەت نەئەما داوای حەقی رەوای ژنایەتی خۆت بکەی، بلێی منیش ئەمەوێت وەکو تۆ  بم، هەست بە لەزەت بکەم، ئاسان نەبوو بلێی ئەخوازم خۆم تێر بکەم، ئەو خۆ تێر کردنەی بەو پەڕینە بە عورفی کەلتوور مل شکان وسەر پەرینێکی لە دواوە بوو.. تا تۆ خۆت ئامادە ئەکرد بۆ داوای هەقی خۆت، ئەو وکو مارێکی پەپکە خواردوو لە کاری ژەهر رژاندن  فیشکەی ئەکرد، ناچار جارێکی دیکە خۆت بەم چارەنووسە رازی ئەکرد…
ئاخر تێکشکانی ئەو هەموو کۆت وقەوارەو مەرزانەی کۆمەڵ بۆ تۆیان جوغز کێشاوە کارێکی ئاسان نەبوو، ئەوە سیستمێکی کۆمەڵایەتی کەلەکە بووی پشت ئەستوورە بە ئاست وبریارو حوکمێکی گەلەکی وکۆمەڵی باوکسالاریەوە کە نێر فەرماندەرەو فەرمایشتیش دەردەکات خواستەکانی ئەو لە پیادە بوونە نەک ئەوانەی ئەتوو،ئیرادەی ئەو زاڵەو ئیرادەی تۆش لە مستی قەدەرت دایە، ئەوە وعورف ونەریتی تەونە خێلەکیەکەی عەقڵی رۆژهەڵاتی باوە، هەموو شتێک لە گۆڕانە بەلام نابێت عەقڵ خۆی نوێ بکاتەوە دەبێت هەر بە عەقڵی نیو سەدەو زیاتر بیر بکەینەوە، ئەوە دادوەری کۆمەڵی پیاوە، تۆ لە هەق ولەزەت وماف بێ بەری دەکات وئەوی نێریش بە سەروەرو باڵادەست دەکات…
بەو دەستلەملانە ساردو سڕەی بێ شەهوەت و گەوز گەوزانەی بەخورتی ونوستنێکی بێ ئاوێزان و بێ خۆشەویستی، چ زەقنەبووتێکی تەبایی وهاوژینی ومەرگەساتێکی تری نانەوەی نەوەیەکی مەیتەنەتبارو بەدبەخت نوێ ئەکاتەوە، ئەو شرە لێفەی جۆرەها کارەساتی کوژانەوەی رۆح ولە خاچ دانی ئارەزوو و هەڕاج کردنی قودسیەتی لەش ومردن وئاوزینگ دانی ئاگردانێکی بەجۆش ومیحنەتی جەستەیان ئەشاردەوە، سەرهەڵدانی دۆزەخێک بوو هەمیشە   لەزەت داتەکانی یەک لایەنەو یەک رەگەزەی لە بندا دووبارە ئەبووەوە، جگە لەو نەهامەتیانەش لە جیهانی ژێر لێفەکە ئەبینرا، لێفەکە بۆ تۆ سەردی گەڕانەوەی ئەو رۆژە نەگبەتەت بوو کە هەردووکتان لە سەرمانە لێوەلەرزەتان گرتبوو پەتوویەک، جاجمێکتان نەبوو تاوێک گەرمتان بکاتەوە، بەڵام لە خۆشبەختییتان ژنێکی بە ویژدان هاوسێی ئەو دیو ماڵەکەتان بوو، وەکو سەدەقەو خێر بەزەیی پێتان هاتەوەو بەسەری کردنەوەو تا ئەمڕۆکەش ئەو لێفە هەر زیندووەو ئێوەشی زیندوو هێشتەوە بە بینینشی، فلیمی هەزارەها ئازارو سەدەقەو نەداری ومەینەتیتان لەبەر چاو نوێ دەبێتەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەش بەختەوریت کە خۆتان و منداڵەکەتانی لە سەرماو رەقهەڵاتنی زستانی شێت وشوورو هەڕەشەی نەمانتان، پاراستووە…
لە کاتی هەر تەکانێکی دلرەقانەو جلیتبازیەکی نێرە بەرانانەی بن لێفەدا، ئەو خۆی بە میرو ئەتووشی بە بەندەیەکی سەرکزو رەش ورووت ئەزانێت کە زۆر جار لە نێوان دڵە بۆگەنەکەی ودەروونە رەشەکەی وا خۆی ئەدوێنێت :
_ پارەی خۆم پی دایە کات وجەم وپرس کردنی لۆ چیە…ماڵ ماڵی خۆمەو خۆشم سەرپارەمە…هەر چ وەختێک بێتە سەرم ئەیکەم….
 ئنجا تۆزقاڵێک بواری بۆ نەوسی مێیایەتی تۆ نەکردۆتەوە، تۆش لەبەردەم نێرایەتی ئەو هیچ هەست وخوستێکی بە جۆش وخرۆشی ژنایەتی خۆت سەودا نەکردووە، رۆژێک نەبوو وەکو رەگەزێکی ئاسایی تامێکی سروشتیت لەو کانیاوی سەلیقەو خرۆشانە هەڵێنجابێت، هەستت بە بوونی گڕو گەرمی تێکەڵاو بوونی جەستە نەکردووە، بۆیە زۆر جار لە بەرامبەر ئەو هەلسو کەوتە دڕاندانەی ئەوەوە، واتدەزانی ئەتوو هاوسەرێکی هەڕەمەکییت نیە، ئەو نێرەکەرە بۆ خۆی تەگەیەکەو منیشی بەلا دێرەبابایەکی سۆزانی لەشفرۆشە، ئەو پارەی خۆی داوەو جەستەی تۆش کاڵایەکە، وەکو جامێک بۆ رازانەوەی خوانی نەشئەو دەستبازی وتێر بوونی نەوسە جنسیەکانی ئەوە کڕاوە، بەڵام لە راستیدا پارەی چی خۆ تۆ لەو رۆژەی قەدەر ئەوی بە تۆ ناساندووە، هەر تۆ ئەو بەخێو دەکەی ومنداڵەکانی ئەویشی لەگەل بێت، رۆژێک نەیکردۆتە نەریتێک بڕە پارەیەکتان بۆ سەرف بکات وشتێکتان بۆ بهێنێتەوە ماڵ، تەنانەت ئەو پارەیەش کە لە بەرامبەر سەدەقەو خێری ماڵان ودەستهەقی جلشۆری ونان کردن ونۆکەری ماڵان دەستت ئەکەوێ، بە زۆر لە دەستت دەر دێنێ وبۆ خۆی گل ئەداتەوە….
لەگەل رۆژانی تەمەنتدا، هێلکە پاکەکانت بە ئاوی پیسی ئەو لە گەرا کردن وپێگەیین بوون، تا بێچووێکی تازە لە منداڵدانتە هەراشی ئەکرد، بە بێ ئەوەی ئامادەیی ئابووری وکۆمەڵایەتیتان تێدا بێت بۆ پێشوازی بزانیت ئەو منداڵە چەند پێویست بوو ؟ بە بێ ئەوەی ئێوە وەکو دوو دایک و باوک ئامادەگی بەرپرسیاریتان بەرامبەر ژیانیان لە ئەستۆ گرت بێت، بێ ئەوەی تۆ تام لە راکشانی بن لێفەو لەزەتی شەوانی ناو پێخەفی ژن ومێردایەتی بکەی لەبەر ئەوەی تۆ هەر لە بەردەم چڕنووکی یەک ئەژدیهای نەداری جەستەت گیری نەخوارد بوو، بەلکو ترس وەکو مێردەزمەو کابوسێکی بەردەوام لەگەل تەمەنت گەورە دەبوو، رۆژ دوای رۆژیش ترسەکە لە ناوەوەت زڕتر خۆی نیشان دەدای…
ترسێک کە نهێنیەکی پەنهانەی تۆو پیاوەکەت بوو کە ئەو وەڵامە باڵ نەگرتووانەی پرسیارە هەمیشەییەکانی چوار مندالەکانت بوون کە یەک دوای یەک ئەرکی پرسیارەکەیان یەک بۆ ئەوی تری بەجێ دەهێشت وئەو گەورە دەبوو بە بێ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی :
– – ئۆدێ …دە لۆمان بگێڕەوە ئەتوو..کو لەگەل بابم.. یەکترتان ناسی ….
مندالەکەت ناچار بوو کە وەڵامەکەی دەست نەئەکەوت وازی لێ بهێنێ، بەلام ئەوجارە مندالێکی دیکەت کە فامی دەکرد، وەکو شتێک بێت خوویان پێیەوە گرت بێت، دەستیان لەو پرسیارە هەڵنەئەگرت وهەمان فلیمیان دووبارە ئەکردەوە، بەڵام ئەویش وەکو ئەوانی دی دواجار بێزار دەبوو ودەستی لە وڕێنەی ئەو پرسیارە بێ وەڵامە هەڵئەگرت…
ترسی تۆش لەو وەڵامە بە کوژانەوەی پرسیارە بە ئازارەکانی ئەوان، تاوێکی کورت دەڕەویەوەو خەفە دەبوو تۆش بۆ خۆت پشوویەکت ئەدا، بەڵام پاش ماوەیەک پرسیارەکە بە شێوەیەکی تر لە بن دەوارە شڕەکەی مالۆچکەکەتان سەری دەرئەهێنایەوە :
– دە..ئەتوو دایە بەس پێمان بلێ کوو مێردت بەو پیاوە کرد….
ئەو پرسیارەش دوای ئەو شەڕو گێچەل وناتەبایی وناهاوسەنگی لە پەیوەندی ژن ومێردایەتیتان بۆ منداڵەکەتان دەردەکەوت، ئەوان لە سۆنگەی نەداری وبرسیەتی لاواز بە جەستەو بە تەمەنیش منداڵێکی کاڵفام وساوا دەهاتنە بەرچاو، بەڵام ئەوان قۆڕەی زگی خاوو بەتال ونەبوونی ودەردی نەداری ئازاری گەورەی وا بوون، هەڕەشەی لەناوچوون و بەگژ چوونەوەیان لە پێناو مانەوە، مڵملانێی بەردەوام بوون، فێری وانەی مەزنی ژیانیان ئەکردن، بۆیە لە ناو خەم وژان چڕ ببوونەوە، جەربەزەو بەهێز بە گیان و توندوتۆل لە کەولیان ئەهاتنە بەرچاو، هەرچەندە ئەوان مەینەتیەکانی تۆیان ئەوەی لە پشت پەردە هەیەو ئەوانەی لە بن لێفی ژیانی ژن ومێردایەتیش روو ئەدەن نەئەبینی، تەنیا ئەوەی هەستیان پێ ئەکرد لە روانگەی دایک وباوکایەتی، کە ئەوان وەکو باوکێکی نادیارو بێ حزورو بێ بەرپرسیاری خاوو خێزانیان ناسی بوو…

هەمیشە لە کاتی سەرهەڵدانی وادەی پرسیارەکەیان تۆ خۆت ئەدزیەوە، وەکو مووی ناو ماست بە نەرمی بە بێ ئەوەی هەست بە خشپەی پاشەکشەی پێیەکانت بکەن ئەو جارەش لێی دەرئەچووی، بەلام هەموو جار لەو ئانوساتانەدا، رۆحت دەهاتە سەر کەپووت دەترسای ئەو جارە دواجار بێت ونەتوانیت دەستبەرداریان بکەی، بۆیە ژیانت یەکبینە پڕ بوو لەترس ودڵەراوکێ، سەرت سوڕمابوو لەو ژیانەی لێواولێوەی ترسە، ئاخر تەمەنی سیو پێنج بەهاریت سەرتاپای ترس وراکەراک وخۆشاردنەوە بوو…
ترس لە قسەوقسەلۆکی خەڵکی دەوروبەت لەسەردەمی هەرزەکاری وگەنجیت ، خەنجەرێکی ژەهراویی بوو، هەمیشە جەستەو رۆحی ناسکیان کونکون ئەکردی، ، ترسی باوک وبرات لە بەردەم ترسی حەیاو ئابڕووی خێل وخێزان تکان، هەمیشە سێبەرێکی رەش وگەرەشک ئاسا لێت نەئەبوونەوەو کابووسێکی بەردەوامت بوون، راویان دەنای و هەموو شتێکیان راو دەکردی، تەنانەت رەقیبێکی رەق وتوند بوون لەگەل گەورە بوونی تەمەنت چاودێریەکیان توندتر وچڕتر ئەبوو، تەماشای وردو درشتی ئاخاوتن وجوڵەوهەنگاوێکیان ئەکردی، چونکە بەلای ئەوان شەرەفی (خێزان) لە ناوگەلی تۆ دەست پێ دەکات ولە ناو لەپی دەستیشت کۆتایی دێت، وەکو هێلکەیەکی خاوو پاکیان ئەچواند ئەگەر تۆ لەو هێلکە تۆزقالێک بێ ئاگاو کەمتەرخەم بیت، ئەوا ئەکەوێت وئەشکێت وهەموو شتێکی مەزن وپاکیش لە ناو ئەچێت….
 لە راسیشدا هەرگیز وا نەبوو، ئەوا رێرەوی عەقڵی داب ونەریت بوو ئەو سەپان وسانسۆرە دڵرەق وبێ ئەمەکەیان بۆ هەڵئەتۆقاندی، باب وبرایان بە سەر ئەکردی بە سەردارێکی دڵرەق وستەمکار، ئێستاش ترسێکی گەورەتر وترسناکتریش لەو کاتەیدا بەر ئەبێتە کیانت، سێبەرێکی رەشەو بە دواتەوە یەکبینە ئەخشێت ولێت نابێتەوە خۆت بە هەر کون وقوژبنێکەوە ئەنێی بە دواتەوەیەو لێت نابێتەوە…..
تۆ لە ترسی ئەو شەرەف چوونەی ئەوان بوو کاتی خۆی لە ناو خاوو خێزانەکەت وەکو منداڵیکی شیرەخۆرەی نەفام هۆشمەندیت لە راوەستان بوو، ئەگەڕایت بە دوای دەرچەیەک هەناسەیەک لە ئازادی بوونی رۆح وجەستەت پێدا هەڵمژی، لە هەولی قۆزتنەوەی دەرفەتێک بووی ژیانێکی جیاوازتر دروست بکەیەوە، بۆیە بە کەمترین سەراب ووەهم وەکو چۆڕێ شیری سەرئاگردان هەڵئەچووی وهەڵئەخەلەتای هەر ئەوەش بوو ئەو پیاوە نابوتەت لەو زەمەنەدا لێ بوو بە دەوەنێک لە ساتی نقووم بوونت، خۆت پێ گرتەوە..
تۆ لە ترسی پیاوەتی ئەوان بیرت لە رزگار کردنی ژنایەتی خۆت ئەکردەوە، لە خولیای ئەوەش دانەبووی وەکو دەستە خوشکەکانت بیر لە خۆکوشتن ومەرگ بکەیەوە، ئەشتزانی تەنانەت لەو کۆمەڵە پیاوسالاریە، تەنیا لە رێگای پیاوێک ئازادیەکانی خۆت دەستەبەر ئەکەی کەسێکی دیکە نادۆزیەوە ببێتە فریادرەسێک بۆ گۆڕانکاری لە ژیانت، بۆیە بەردەوام لە چاوەڕێ وخولیای دەستی ئەو رزگارکەرە بووی بێت ولەو تەلزگەو چەرمەسەریەت دەربێنێ ولە کونج وئاقارێکی دیکە بە چارەنووسێکی تر دەست پێ بکەیەوە…..
تا بۆ نەگبەتی وچارەرەشیت تووشت بەو پیاوە دڵرەقەی ئەمڕۆکەت بوو، دڵی لێ دزی ئاراستەی گۆڕی، بە قسە ناسک وخۆشەکانی کە رۆح وجەستەت پێانەوە رانەهات بوو، فریوت خوارد، دیارە لە ناو ئەو ژیانە پڕ لە ترس ودڵەراوکێ ومەرگەوەریە گیان وتەمەنت بواریان بۆ نەرەخسا بوو بە رەوتێکی هەراش بوونی ئاساییدا بڕۆن، بۆیە وەکو هەرزەکارێکی سەرەڕۆیانەو سەرمەستانەی خۆشی، لە بەرامبەر نیگا سەربزێوو بڕیارە شێت وشورەکانی ئەو سەرت لێ شێوا، ژنایەتیت لە بەرابەر ئەو پیاوە سەرەڕۆیە چۆکی داداو خۆت تەسلیم کرد وهەموو سەوەری وشتە پیرۆزەکانت لە لەپی ئەو کەسە داوێن پیس ودەست ناپاکە دانا…..
بڕیارتدا بۆ ئەوەی خۆت لەو گێژاوەی ژیان رزگار بکەیت دەبێ بەدوای رازەکانی ئەو کەویت ودەست لە هەموو شتەکانی خۆت هەڵگریت، ئەویش بەوە ئەتووی هەلخەلەتاند کە لە رووی دەرامەتەوە نائامادەیە بۆ هاتنە پێش وداوا کردنت لە باوک وبراکانت بۆیە مەسەلەی رەدووکەتنی هێنایە پێش، ئەو کاتە شتە پەنهانەکانی ئەوت نەئەناسی ئێستا بۆت دەرئەکەوێت کە ئەو خۆی ئەو کەسە راستگۆیە نەبوو لە پێناو گۆڕانی واقیعی ژیانت هەموو هەنگاوێکی باش بگرێتە بەر ئەوەتە لەبڕی ئەوەی بە ئاشکرا لە دەرگای ماڵەوەتان بێتە ژوورەوە، بە دزی لە پەنجەرەیەکەوە پێی ئەخاتە ماڵەوەتان، تۆش لە نێوان بەرداشی کۆمەڵ وخێزانەکەت ئەوت بە قسمەتیکی چارەنووسساز ئەزانی بۆیە تا دواجار خۆت ومالەوەت خستە بەردەم ئەمری واقیع باوەڕت پێ کردو لەگەلیدا بەلێنی هەڵاتن ورەدووکەوتنت مۆر کرد….
بەڵام واتئەزانی بە رزگار بوون لە کۆتەکانی باوک وبرا هەموو دەروازەو پەنجەرەکانی بەختەوەری ژیان لە بەردەمت واڵا دەبن وهیچ هەورازێک هەناسەی رێگا بڕینت سوار ناکات، بەلام نەتزانی پیاو لە ناو ئەو رژێمە کۆمەلایەتیەی خۆمان هەر پیاوە، چ هۆو بەرژەوەندیەکی ئەوتۆ هەیە  دەست لە دەسەڵاتی بەرداو ئەوها بە سوکی تاجی شاهانەی بدۆرێنێت کە دین وکۆمەل، وەکو شەرەفێک پێیان بەخشیوە…
تۆ رۆژێک نەبوو بیر لە هەڵاتن وراکردنی رۆح وجەستەت نەکەیەوە، لە بەرامبەر ئەو واقیعە بە زۆر سەپاوەی باوک وبراکەت کە وەکو زیندانێک ومەنفایەکی داگیر کردنی ئازادیە تایبەتیەکانی حەسرەت وهەناسەو خۆزگەو تاسەکانت بوو، بۆیە پێت وا بوو بە دووکەوتنیش شێوەیەکی تری خۆدەرباز کردنەو بە جیاوازت نەئەزانی، بەڵام ئامانجی هاوشانی ئەو لەو هەڵاتنە، گۆڕینی واقیعەکەت نەبوو، بەڵکو  تێر کردنی نەوسە برسیەکانی بوو، دۆزینەوەی جەستەیەک کە کەبتە دەروونی و کەتنی رۆحە شەڕانگێزی ونێربازیەکانی خۆی جێ بەجێ بکات..
ئەوە وەڵامی پرسیاری منداڵەکانت بوو، بە چ رووێک ئەتوانی راستی مەسەلەکەی خۆتیان بۆ بدرکێنی، تەنانەت ترس لە مەترسی ئەو پرسیارە بەلاتەوە زۆر لەو مەترسیەی تۆلەو گەڕانی باوک وبراکانیشت بۆ کڕینەوەی شەرەفی لەکەدار بوویان، کەم کرد بووەوە ….

 

شوان عوسمان
(شەقڵاوە)
سەماوەزی ٢٠١٠
sjuar@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.