Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
لێکۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ڵمانی هۆشیاری به‌ ئه‌گه‌ری دابه‌شبوونی ئێراق ده‌دات

لێکۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ڵمانی هۆشیاری به‌ ئه‌گه‌ری دابه‌شبوونی ئێراق ده‌دات

Closed
by August 3, 2008 تایبەت

 له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ڵمانییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، كه باروودۆخی ئێستای ئێراق هۆكارێكی گه‌وره‌یه بۆ دابه‌شبوونی: هۆكاری ئه‌و دابه‌شبوونه‌ش به‌ته‌نها بۆ نائارامی به‌هۆی چالاكییه تیرۆریستییه‌كانه‌وه ناو وڵات ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو بۆ ناكۆكی نێوان سوننه‌‌كان، شیعه‌كان و كورده‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه. چونكه هه‌‌ریه‌ك له‌وانه‌ دوای ئاره‌زووه‌كانی خۆیان كه‌وتوون.
 ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ش له‌ئاكامی توێژینه‌وه‌كی زانستی ئه‌ڵمانییه‌وه هاتووه، که دكتۆر "Guido Steinberg" له "Berliner Stiftung Wissenschaft und Politik" ئاماده‌‌یکردووه و ڕۆژی چوار شه‌ممه، ڕێكه‌وتی 2007.08.15، بڵاویکردۆته‌وه. توێژه‌ری ناوبراو به‌یه‌كێك له‌پسپۆرانی زانستی ئایینی ئیسلام و تیرۆر ده‌ناسرێت.
 "Guido Steinberg" له‌ناوه‌ڕۆكی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌دا ده‌نووسێت: ئێستا ئێراق بستێك له‌دابه‌شبوون دووره.
 نووسه‌ری ناوبراو پێیوایه، كه "فیدرالی" بۆ ده‌ربازبوون له‌کێشه‌ی‌ دابه‌شنه‌كردنی ئێراق ته‌نها چاره‌سه‌ره.
 ئه‌‌گه‌ر سیسته‌می فیدرالی له ئێراقدا په‌یڕه‌و نه‌كرێت، ئه‌وا چه‌ند داهاتووییه‌كی ناهه‌موار چاوه‌ڕوانی ئێراق ده‌كات: دابه‌شبوونێك، که هیچ لایه‌نێك پێی ئاسووده نابێت. بێجگه له‌هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی هێزه ده‌ره‌كییه‌كانی چوارده‌وور، جه‌نگ له‌نێوان گروپه شیعه‌كاندا ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرساندنی هه‌یه.
 ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ژێر ناونیشانی "Der Irak zwischen Föderalismus und Staatszerfall" (=ئێراق له‌نێوان فیدرالیزم و لێكهه‌ڵوه‌شان)دا هاتووه و له‌ 30 لاپه‌ڕه‌دا له‌ته‌ك چالاكییه تیرۆریستییه‌كان باس له‌كێشه‌یه‌كی دیكه‌‌ی ئێراق ده‌كات، که له‌گه‌ڵ‌ چالاكییه‌ تیرۆریستیه‌كاندا یه‌ك هاوسه‌نگییان هه‌یه.
 داگیركردن كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه
 كڕۆكی ڕامیاری ئێستای ئێراق به‌ته‌نها به‌ده‌ستكه‌وتنی ده‌سه‌ڵات، ئاسایش و چه‌سپاندنی ئاره‌زوو‌ی تاكه‌كان ده‌ناسرێت. چۆنێتی هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌، هه‌ستكردنه به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵ و سه‌روه‌ری وڵاتێكی ده‌سه‌ڵاتدار.
 كورده‌كان تا ڕاده‌یه‌كی باش توانیویانه ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌سه‌ر زۆربه‌ی زۆری ناوچه‌ كوردنشینه‌کاندا باڵاده‌ستبكه‌ن، بێجگه له‌وه‌ش سه‌ربه‌خۆییه‌كی باشیان بۆ خۆیان به‌ده‌ستهێناوه و به‌شێوه‌یه‌ك، كه له‌یه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرانه.
 له‌لای خۆیانه‌وه‌ش شیعه‌كان و سوننه‌كان له‌م سه‌ربه‌خۆییه‌ی كورده‌كان تێگه‌یشتوون و ناتوانن به‌رهه‌ڵستی بكه‌ن. له‌ڕوانگه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌ش ده‌كرێت، كه شیعه‌كان و سوننه‌كان له‌لایه‌نێكی پۆزه‌تیڤی سیسته‌می فیدرالی تێگه‌یشتبێتن.
 به‌ڵام سه‌ربه‌خۆی كورده‌كان كێشه‌ی دیكه ده‌هێنته‌ ئاراوه: له‌كۆتایی ئه‌مساڵ له‌شاری كه‌ركووك ڕیفراندۆم بۆ جێبه‌جێكردنی په‌ڕه‌گرافی 140 ئه‌نجام ده‌درێت، که بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی ئه‌و شاره‌ی دیموگرافیایی دانیشتووانه‌كه‌ی له‌لایه‌ن "سه‌دام حوسێن"ه‌وه گۆڕاوه، پاش‌ ئه‌وه‌ی له‌شاره‌كانی باشووری ئێراقه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆری له عه‌ره‌ب بۆ ئه‌و شاره هاورد و هاوكاتیش كورده‌كانی كه‌ركووكی ڕه‌وانه‌ی شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر كرد.
 ئێستا توركمانه‌كان و عه‌ره‌به هاورده‌كان به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر چاره‌نووسی كه‌ركووك ناڕه‌زاین و به‌رهه‌ڵستی خۆیان نیشانی ده‌ده‌ن.
 "Guido Steinberg" له‌م لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌دا پێیوایه، كه سه‌ربه‌خۆیی و ئارامی ناوچه‌ كورده‌كان پاش ئه‌نجامدانی ده‌نگدان كۆتایی دێت. چونكه سوپای توركی هێرش بۆ سه‌ر كوردستان ده‌كات و سه‌قامیگری ئه‌و ناوچه ئارامه‌ی ئێراق تێكده‌دات.
 ئه‌نقه‌ره له‌و باوه‌ڕه‌دایه، كه كورده‌كان به‌ده‌ستكه‌وتنی كه‌ركووك ده‌بنه خاوه‌ن گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ی نه‌وتی و ئه‌وه‌ش به‌فاكتۆرێكی گرنگ بۆ دروستكردنی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ داده‌نرێت.
 نووسه‌ری ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه پێیوایه، كه توركیا به‌ته‌نها به‌ده‌سه‌ڵاتی كورد به‌سه‌ر بیره نه‌وته‌كاندا نامۆ نییه، به‌ڵكو لایه‌نه شیعه‌كان و سوننه‌كانی ناو په‌ڕله‌مانی ئێراق هه‌مان بۆچوونیان به‌رامبه‌ر كورد هه‌یه.
 ڕۆڵی شیعه‌كان و سوننه‌كان
 ده‌سته‌ی باڵای شیعه‌كان سیسته‌می فیدرالی وه‌ك چاره‌سه‌رێكی ده‌ربازبوون له‌ده‌ست سوننه‌كان ده‌بینێت، ئه‌وه‌ش ئه‌و ساته‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ سوننه‌كاندا بكه‌ونه‌ جه‌نگێكی ڕاسته‌وخۆوه.
 "Guido Steinberg" ئاشکرای ده‌كات، كه گروپێك له‌شیعه‌كان به‌رامبه‌ر سیسته‌می فیدرالی نامۆیه، چونكه سه‌ربه‌خۆیی شیعه‌كان و كورده‌كان له وڵاتێكی وه‌ك ئێراقدا ئاسته‌م نابێت. هه‌ربۆیه هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگێك له‌نێوان شیعه‌كان و شیعه‌كاندا دوور نییه.
 گروپه سوننه‌كان ‌ده‌سه‌ڵاتدارێتی شیعه‌كانیان پێ په‌سه‌ند نییه و هه‌روه‌ها سیسته‌می فیدرالی به‌شێوه‌یه‌كی بنبڕ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه، هه‌رچه‌نده ڕێژه‌یان له‌ئێراقدا ته‌نها له 20%، به‌ڵام خۆیان به‌سه‌روه‌ر و خاوه‌نی وڵات ده‌زانن.
 ترسی سوننه‌كان بۆ سه‌رچاوه نه‌وتییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه كورده‌كان له‌باكوور و شیعه‌كان له‌باشوور ده‌ست به‌سه‌ر سه‌رچاوه نه‌وتییه‌كانی وڵاتدا ده‌گرن و به‌وه‌ش سوننه‌كان له‌و ئاڵتونه ڕه‌شه بێبه‌ش ده‌بن؛ بێگومان ئه‌مه‌ش ‌باوه‌ڕی سوننه‌كانه.
 هاوسێیه‌كانی ئێراق
 كێشه‌كانی ئێراق هێنده ئاڵۆزه، كه هیچ چاره‌سه‌ركردنێكی ساكاری بۆ نییه. بێگومان وڵاته هاوسێیه‌كانی ئێراق به‌به‌شێكی ‌سه‌رچاوه‌‌ی كێشه‌كان داده‌نرێن: وڵاتی عه‌ره‌بستانی سه‌عودیه ترسێكی یه‌كجار زۆری له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی شیعه هه‌یه، چونكه به‌هۆی ئه‌وانه‌وه ده‌كرێت ئێران كاریگه‌ری نه‌گه‌تیڤی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌عودی هه‌بێت.
 هه‌رچی ئێراق نائارام بێت له‌به‌رژه‌‌وه‌ندی وڵاتی سوریادایه، هه‌ربۆیه به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی هه‌وڵی نائارامی ئێراق ده‌دات. هه‌ر له‌به‌ر هه‌مان هۆكار سوریا په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ‌ ئێراندا به‌هێزكردووه.
 له‌كۆتایی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یدا "Guido Steinberg" بیردۆزه‌كه‌ی خۆی دووباره ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: "فیدرالی باشترین ڕێگاچاره‌سه‌ره بۆ له‌یه‌كهه‌ڵنه‌وه‌شانی ئێراق، به‌ڵام نائارامی بۆ چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ش باڵی خۆی به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته‌دا ده‌كێشێت."
 سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ:
 Spiegel
 لینكی په‌یوه‌ندیدار:
 Stiftung Wissenschaft und Politik
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.