Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
لەبیرەوەرى پیلانگێڕی نێودەوڵەتى (15)ى شوباتى (1999)دا؛…. حەسەن جودى

لەبیرەوەرى پیلانگێڕی نێودەوڵەتى (15)ى شوباتى (1999)دا؛…. حەسەن جودى

Closed
by February 18, 2008 گشتی

  نهێنى پیلانگێڕییەكانى دژ بە رێبەر ئۆجەلان، (PKK) و گەلی كورد
    پیلانگێڕێتی؛ تایبەتمەندییەكی هەرە بنچینەیی زیهنییەتی دەسەڵاتخوازێتی و سیستەمی داگیركەرێتییە. رەگی پیلانگێڕێتی تا قووڵایی مێژوو رۆچووە و لق و پۆپەیشی تا رۆژگاری ئەمڕۆ هاتووە. لەكوێ چەوسانەوە و نادادی و نایەكسانی هەبێت، لەوێ تێكۆشان بۆ ئازادی، دادپەروەری و یەكسانی پێشكەوتووە، بەڵام هەمیشە لەبەرامبەر ئەو تێكۆشانەشدا تەونی پیلانگێڕێتی دەچنرێ. لەگەڵ یەكەم هەنگاوی دابەشبوونی نێو كۆمەڵگا سەرەتاییەكاندا پیلانگێڕێتییش وەك شێوازێكی چەوساندنەوە، باڵادەستێتی و كۆیلایەتیكردن تاهاتووە پەرەیسەندووە و شێوە و چوارچێوەی جۆربەجۆری وەرگرتووە. هەرچەندە شێوە و شێواز و ئامانجەكانیان جیاوازیش بن، بەڵام سروشت و ناواخنی هەموو پیلانگێڕییەكان یەكن.
 لەو باوەڕەدام هیچ گەلێك بەڕادەی گەلی كورد پیلانگێڕێتی لەدژدا ئەنجامنەدراوە. رەنگبێ سروشت و پێكهاتەی ئەم گەلە و وڵاتەكەی و مەیلە ئازادیخوازانەكەی، كە لەنێو قۆناخی نیۆلۆتیك (چەرخی بەردینى نوێ)ەوە سەرچاوە دەگرێت، هۆكارێكی بنچینەیی چنینی پیلانگێڕییەكان بێت لەدژیدا.
    (PKK)ش وەك تەڤگەرێكی سەربەخۆی ئازادیخوازی هەڵقوڵاوی نێو ئەم گەل و وڵاتە لەبەرامبەر مەیلە ئازادیخوازنەكەیدا زۆرترین و چڕوپڕترین و مەترسیدارترین پیلانگێڕێتی لەدژدا ئەنجامدراوە. سەرجەم ئەو هەوڵە پیلانگێڕییانەی ئەنجامدراون؛ چ لەناوخۆییدا بێت، یان دەرەكی بێت، لەناوەندێك یان لەچەند ناوەندێكی هاوبەشدا چنراون و بەڕێوەبراون، ئەو پیلانگێڕییە دەرەكییانەی ئەنجامدراون هەوڵدراوە زەمینە و پشتیوانی ناوخۆیی (لەناو كوردان ــ هەم لەناو تەڤگەر و هەم لەناو هێزە كوردییەكاندا) بەدەستبخات، بەهەمان شێوە؛ پیلانگێڕییە ناوخۆییەكانیش بەزەمینە و پشتیوانی دەرەكی (هێزە داگیركەرەكان، زلهێزە ئیمپریالیستەكان) ئەنجامدراون. كرۆك و ئامانجی سەرجەم پیلانگێڕییەكان؛ سەرەتا دەستپێكردنی كەمپینی ناوزڕاندن و رەشكردنی ئەو تەڤگەرە بووە، ئەگەر ئەمەش ئەنجامگیر نەبووبێت ئەوا هەوڵی بێ كاریگەریكردن و مارژیناڵكردنی دراوە، ئەگەر ئەمەش ئەنجامگیر نەبوو، هەوڵی پارچەكردن و بەخۆوەگرێدان و بەلاڕێدابردنی دراوە، ئەگەرنا هەوڵی لەناوبردن و تەسفیەكردنی دراوە.
 دەكرێ لەو پیلانگێڕییانەی كە لەبەرامبەر رێبەر ئاپۆ و (PKK) و گەلی ئازادیخوازی كورددا ئەنجامدراون كۆی ئەزموونی پیلانگێڕێتی مێژووی مرۆڤایەتی ببینین. واتا لەناواخن و شێوازەكانی ئەو پیلانگێڕییانەدا سەرجەم شێواز و تاكتیك و نەخشە و ئامرازە بەكاربراوەكان بەكارهاتوون. بۆیە پیلانگێڕییەكان نموونەی گڵاوترین، هۆڤانەترین و مەترسیدارترین پیلانگێڕین. لەكۆی ئەو پیلانگێڕییانەدا پەیامێك یان ئامانجێكی زلهێزە باڵادەستەكانی جیهانی و داگیركەرانی كوردستان خۆی حەشارداوە، ئەویش ئەمەیە؛ "نابێ لەخۆرهەڵاتی ناوین بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی هیچ هێز، تەڤگەر و سیستەمێكی سەربەخۆ و ئازاد سەرهەڵبدات، ئەگەر سەریشهەڵبدات ئەوا مسۆگەر مەحكومی ناوزڕاندن، بێ كاریگەركردن، مارژیناڵكردن (بچووككرنەوە)، پارچەكردن و بەخۆوەگرێدان، بەلاڕێدابردن و لەناوبردنە" سەرجەم ئەو شێوازە و تاكتیكانەش شێواز و تاكتیكی پیلانگێڕییانەن. لەم پێناوەشدا هەمیشە چینی باڵادەستی كورد و چینە باڵادەستەكانی خۆرهەڵاتی ناوین و ئەو هێزانەی نوێنەرایەتییان دەكەن دەست لەسەر سنگ ئامادەی هەموو تێوەگلان و تێوەخزان و بەشداریكردنێكن لەو پیلانگێڕییانەدا. ئیدی ئەوەی لەبەرامبەر رێبەر ئاپۆ، (PKK) و گەلی كورددا ئەنجامدراوە و بەڕێوەبراوە، رێك لەگەڵ ئەو راستییەدا یەكانگیر دەبێتەوە. بێگومان پیلانگێڕان هەمیشە بێباك بوونە لەو گەمە گڵاوانەی ئەنجامیان داوە، گرنگ پاراستنی بەرژەوەندییە كاتی و هەمیشەییەكانیان بووە.
 ئەگەر ئەمڕۆ دوای هەموو ئەو پیلانگێڕییانەی لەبەرامبەر گەلی كورد بەگشتی و (PKK) و رێبەر ئۆجەلان بەتایبەتی ئەنجامدراون، بەوردی لەئاكامەكانی ئەو پیلانگێڕییانە بكۆڵینەوە، دەكرێ بپرسین: داخوا گەلی كورد، (PKK) و رێبەر ئاپۆ ملكەچی پیلانگێڕان بوون؟ بێكاریگەر و پارچە و مارژیناڵ كران؟ بەوانەوە گرێدران و بەلاڕێدابردران؟ لەناوچوون؟ پیلانگێڕان ئەنجامگیربوون؟ پیلانەكانیان سەركەوت؟ لێرەوە دەتوانین بڵێین: پیلانگێڕان زەبری كوشندەیان لە گەلی كورد و (PKK) و رێبەر ئۆجەلان داوە و زۆر زەرەرمەند بوون، چەندین كۆسپ و تەگەرە و ئێش و ژان و كێشە و گرفتی زۆریان بۆ دروستكردوون و رێگای گەیشتن بەئازادی و مافەكانیان دوورتر كردەوە. بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە گەلی كورد، (PKK) و رێبەر ئۆجەلان بێكاریگەر و پارچە و مارژیناڵ بكەن یان بەخۆیانیانەوە گرێبدەن و بەلاڕێیاندا ببەن، یاخود لەناویان ببەن. هیچ كاتێك نەیانتوانیوە باوەڕی و هیوا و ئیرادەی ئازاد و سەربەخۆیان تێكبشكێنن، یان لەفەلسەفەی ئازادی و ژیانێكی شكۆمەند بەدووریان بگرن. راستە گەلی كورد و (PKK)یان دووچاری چەندین شەڕ و پێكدادانی دەستەویەخە كرد، گەلێك دەرفەتی بەهاداریان لەدەست كورد و (PKK) بەفیڕۆدا، زۆر توانستی ماددی و مەعنەوی گەلی كورد و (PKK)یان بەهەدەر دا، رێبەر ئاپۆیان بەگڵاوترین شێوەی پیلانگێڕێتی دەستگیركرد، تەنانەت لەرۆژگاری ئەمڕۆدا، لەنێو دۆخی گۆشەگیری لەناو گۆشەگیریدا بەقێزەونترین رەفتار ژەهرخواردیشیان كرد… مسۆگەر لەمەو دواش پیلانگێڕان دەستبەرداری پیلانگێڕێتی خۆیان نابن… بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو گورزە كوشندانە، گەلی كورد، تەڤگەری (PKK) و رێبەر ئۆجەلان لەهەموو كاتێكی دیكە زیاتر بەكاریگەرتر، تۆكمەتر، بەهیواتر و بەباوەڕتر و بەئیرادەترن، لەهەموو كاتێك زیاتر پەیوەستی یەكدی و پەیوەستی ئازادین، ئەمڕۆ گەلی كورد لەرووی چۆنایەتییەوە گۆڕان و وەرچەرخانێكی مەزنی بەخۆیەوە بینیوە و  بانگەشەی ئازادیخوازانەی خۆی لەهەر كاتێكی دیكە زیاتر بەرزتر و بەهێزترە. تەڤگەری (PKK)ش لەتەڤگەرێكی كادیران و نوخبە دەرچووە و بۆتە تەڤگەرێكی جەماوەری گەلەری هەرە مەزنی جیهان. فەلسەفە و پارادیگمای رێبەر ئاپۆش سنووری تەواوی كوردستانی بڕیوە و بەرەو خۆرهەڵاتی ناوین و جیهان هەڵدەكشێ و وەك بەهایەكی هەرە هێژای مرۆڤایەتی لێی دەڕوانرێ. ئەمڕۆ گەلی كورد بەسروشت و تایبەتمەندی شارستانی و هاوچەرخانەی خۆیەوە رۆڵی داینەمۆی رێنسانس، رۆشنگەری، دیموكراتیزەكردن و كۆنفیدراڵێتی خۆرهەڵاتی ناوین دەگێڕێت. تەنانەت لەدۆخی تەڤلیبوونی توركیا بۆ یەكێتی ئەوروپا گەلی كورد بەو سروشت و تایبەتمەندییەی خۆی، كە تەڤگەری (PKK) تێیدا ئافراندوویەتی وەك چوارەمین گەورەترین گەل لە ئەوروپا توانستی رێڕەوكردنی لەگەڵ گەلانی ئەوروپادا هەیە. بەمەش هەم بەناسنامەی خۆرهەڵاتییانەی خۆی و هەمیش بەناسنامەی ئەوروپاییانەی خۆییەوە رۆڵگیر دەبێت. ئیدی ئەو گەلەی بەهەموو شێوەیەك نكۆڵی و قڕدەكرا و لەنێو بۆتەی گەلی سەردەستدا دەتوێنرایەوە، ئەمڕۆ بەو وزە و توانستە شاراوەیەی كە رێبەر ئاپۆ و (PKK) لەم گەلەدا دەریخستۆتە روو، بەو شێوەیە ئاراستەگیر بووە. هەڵبەتە ئاستی پیلانگێڕییەكان وەك چۆن گوزارشت لەئاستی كێشەی گەلی كورد دەكات ئەوا بەهەمان شێوە گوزارشت لە ئاستی پێشكەوتن و بەرزبوونەوەی تێكۆشانی گەلی كورد، (PKK) و رێبەر ئاپۆش دەكات، ئەم تێكۆشانە سەرەڕای هەموو مەترسییەكان و ئەگەری روودانی پیلانگێڕێتی كوشندە و گڵاوتریش، بەڵام كۆتایی بەسەركەوتنی سەردەمی پەیماننامە و رێككەوتنە شوومەكانی قەسری شیرین، سایكس بیكۆ، لۆزان، سەعد ئاباد، سەنتۆ، بەغداد، جەزائیر، دبلن و واشنتۆن و …هتد هێنا و سەردەمی "گەلی سەركەوتن" دەستیپێكردووە و هاوار و بانگەشەی ئازادیخوازانەی تادێَت جیهانی "كەڕ، ڵاڵ، كوێر" تێدەپەڕێنێت و وێنای جیهانێك كە "كوردی ئازاد" یش هەرسبكات، دەنەخشێنێت.
 بێگومان ئەمە بەو واتایە نایەت كەچیدی لەبەرامبەر كوردان و تەڤگەر و رێبەرە ئازادیخوازییەكەى پیلانگێڕێتى ئەنجام نادرێت. رێك بەپێچەوانەوە ئێستا پیلانگێڕێتى هەرە مەزن بەڕێوە دەچێت. تەنانەت ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەى كە لە(15)ى شوباتى (1999)دا رێبەر ئۆجەلانى تێدا رفێنرا و رادەستى رژێمى تۆتالیتارى توركیا كرایەوە، ئێستا لەمیانەى ژەهرخواردكردنى رێبەر ئۆجەلان، هێرشی ئاسمانى و زەمینى بۆ سەر بنارى قەندیل و دانانى ئابڵۆقەى ئابوورى و راگەیاندنى بۆ سەر  مەخموور و قەندیل، دواخستنى ماددەى (140) و پەراوێزخستنى پێگەى كورد لە بەغدا و تەواوى خۆرهەڵاتى ناوین و چەندین ئیجرائات و هەڵوێستى دیكەى دژ بە گەلی كورد لە ئاستى ئێراق و هەرێمەكە و جیهان سەلمێنەرى ئەو راستییەن كە لە ئانوساتى ئێستاشدا پیلانگێڕێتى هەرە مەزن و كۆی هەموو پیلانگێڕییەكان لەئارادایە…
 بەڵام ئەوەى خاڵی هەرە گرنگ و پۆزەتیفە گەلی كوردستان و بزووتنەوە و رێبەرە ئازادیخوازەكەى لەهەموو ئانوساتێكی دیكە بەهێز و تواناتر و یەكگرتووترن..ئەمەش فاكتەری هەرە مەزنى پووچەڵكردنەوەى سەرجەم پیلانگێڕییەكانە. بۆیە تەنیا یەك رێگە لەبەردەم پیلانگێڕان ماوە ئەویش پەسندكردنى ئیرادە و ماف و ئازادییەكانى گەلی كوردستانە.   
 
 
Hesen_cudi@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.