Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لەیادی هۆلۆکۆست دا  … نەژاد سیوەیلی

لەیادی هۆلۆکۆست دا … نەژاد سیوەیلی

Closed
by January 27, 2013 جینۆساید

 

 

 

جینۆسایدی هۆلۆکۆست کە گەورەترین جینۆسایدی چەرخی مۆدێرنەیە ،تائەمڕۆ هەزاران شیعر،مۆزەخانە پێشانگای گەڕۆک،فیلم و ڕۆمان،دۆکۆمێنتاری و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.دیارە بەشێکی ئەمە لەبەر فراوانی خودی هۆلۆکۆستە کە گوایە زیاتر لە %٨٥ لە جولەکەکانی ئەوروپا بەقەرەجەکانی پۆڵەنداشەوە لەم پرۆسە سیستیماتیکیەدا لەناوبران بە کۆمەڵ. بەڵام بە دیدی من بەشێکی زۆرتری پەیوەندی بەوەوە هەیە کەئەوان بەپێچەوانەی ئێمەوە ئەوان گەلێکی هۆشیارو غەمخۆرن ،پسپۆڕو ئەکادیمی و هونەرمەندو نوسەرو ڕۆشنبیرو خۆبەخشی زۆریان هەیەو سەرمایەیەکی باشیان بۆئەم تاوانە لێکراوەیان تەرخان کردوە،چونکە ئەوان باشتر لەم کارانە تێدەگەن.ئەو پشتیوانیە ماڵییەش بۆ زیاتر زەق کردنەوەو بە جیهانی کردنی هۆلۆکۆست ،چەند لەلایەن خودی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دابین کراوە زۆر لەوە زیاتر لەلایەن جولەکە دەوڵەمەندەکانی ئەوروپاو ئەمێریکا بوە.

زۆرێک لەو گەلانەی دیکەی کە جینۆساید کراون وەک،برووندی، کۆنگۆ،یۆنانیە پۆنتیەکان لەسەردەمی جینۆسایدی ئەرمەنیەکاندا لە تورکیا بەدەستی عەسمانیەکان،،وە لەناوبردنی قەرەجەکان لەکاتی هۆلۆکۆستدا ،نەیان توانی هێندەی هۆلۆکۆست زەق و دیارو بەرچاو و جیهانی بن،گرفتی بێدەنگ بوون لە جینۆسایدێک چەند پەیوەندی بە سیاسەت و بەرژەوەندی ووڵاتە دەسەڵاتدارەکانەوە هەیە ئەوەندەش پەیوەندی بە نەبونی سەرچاوەی باشی ئەکادیمیەوە هەیە کە بتوانێت ئەم تاوانانە بخاتە سەرنەخشەی تاوانەکانی تر.ئەڵبەتە ئەم پرسی بە جیهانی کردنەش بە لێکۆڵینەوەیەک ودووان چارەسەر نابێت،بە کۆنفرانسێک و دووان کۆتای نایەت و ناچێتە نێو گروپی جینۆسایدە جیهانیەکانی دیکەوە.بەوە دەبێت کە کۆمەڵێک پسپۆڕ لەبوارەجیاجیاکاندا لێکۆڵینەوە و ئەناڵایزیەی لەسەر بکەن.

کورد وەک میللەتێک و حکومەتی هەرێمەکەی کە زاکیرەی لاوازەو زۆر زوو ڕابردو ڕوداوەکانی بێ یاداشت ڕا گوزەر دەکات،لە پێڕی ئەو میللەتانەیە کە کە کەمتەرخەم و بێ بایەخ لە تراژیدیا نەتەوەییەکانیان ڕوانیوە. 

لێکچونێکی ناکلتوری بەڵام سیستیماتیکیانە لە نێوان هۆلۆکۆست وئەنفالدا هەیە .وەک چۆن نازیەکان لەسەرەتای هاتنە سەرکاریان پلان و نەخشەی وردیان هەبو بۆ سڕینەوەیان . وەلێ حکومەتی عێراقی لەدروستبونیەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان نیەتی پەرتەوازە کردن و دەستەمۆکردن و بێ شوناس کردنیانی هەبو تائەم دۆخە لە هاتنی مێشێل عەفلەقی مەسیحی قەومیدا دەبێتە بڕیاری ئەنجومەنی شۆڕش و لەترۆپکی دەسەڵاتی سەدامیشدا بەئەنجام دەگەیندرێت..کورد لە باشوردا ئەزمونێکی دورو درێژی هەبو لەگەڵ قڕ کردن و لەناو بردندا .وەلێ ئەوەی جولەکەکان نوێ بو پێش هاتنی هێتلەر دەنگێک نەبو بەوناوە بۆ سڕینەوەیان.

ئەوەی ساڵی ١٩٨٨ کە بەئەنفال ناونرا ،شێوەیەکی تایبەتی وەرگرت لە فۆرمی جینۆساید.ئەنفال وەک وشەیەک جێکەوتە بو خۆی خستە فەرهەنگی ئەدەبیاتی سیاسی و وێژەیی کوردەوە.وەلێ نەئەو سەردەمەو نە ئێستاش نەیتوانی بچێتە ڕیزبەندی کۆی جینۆسایدە نێودەوڵەتیەکانی دونیاوە و ببێتە جێێ مشتو مڕی لێکۆڵەرانی تایبەت بەو بوارە لە جیهاندا .

لەدیدی تیۆریستکارێکی وەک {کوپەر}ەوە کە جینۆساید وەک ململانێێ نێوان دوو گروپ دیاری دەکات گروپی خاوەن دەسەڵات و گروپی داگیرکراو،لە ڕێی ئایدۆلۆژیەکەوە پێشینەی بۆ ساز دەکرێت وە دەرفەت و پاساوێکیش دەداتە دەستی گروپی سەردەستە بۆ پاکتاوی گروپی ژێر دەستە لە قۆناغو زەمەنێکی دیاری کراودا ،ئەمەش لە ئەنفالدا بە ڕونی دەبیندرێت و کۆی پەلامارەکانی ئەنفال شەش مانگ و یازدە ڕۆژی پێدەچێت،ئەنفال وەک کۆی ئەو وێرانکاری و کوشتن ولەناو بردنەی بەعس لەماوەی ئەو شەش مانگو یازدە ڕۆژەدا ئەنجامی ئەدات،پەلامارەکانی بەر لەو مێژووەو پەلامەرەکانی دوای ئەو مێژووە بەشێک نین لە پەلامارەکانی ئەنفال..ئەمەش دیوێکی دیکەی ئەو بەرنامەو هەنگاوە بە سیستماتیکیانەیە کە وەک پێناسەی ستاندداردی نێودەوڵەتی بۆ جینۆساید کراوە

حکومەتی هەرێم ئەنفالی لەیاد کردوە نەک لەبەرئەوەی سالانە دەزگاو ڕاگەیاندنە فەرمیەکان ئەوڕۆحی پرسەیە دوبارە ناکەنەوە.کەساڵانەو لەیادی کارەساتەکەدا شاشەی تەلەفیزیۆن و دەنگی ڕادیۆکانمان وێنەباران و شیوەن باران دەکەن،بەڵکو ڕێک لەبەر ئەوەی هێشتا دۆخی ئەم ڕۆحی پرسەو تراومایەمان جێنەهێشتوە.بۆ  دۆخێکی بە جیهانی کردنی لە فۆرمی جینۆسایدی دانپێدانراودا لەدەرەوە..ئەم ڕۆحی پرسەیە میکانیزمێکی ڕاست نیە ،بۆ ئەوەی ڕوداوەکە لە مێژووەوە بگوێزرێتەوە بۆ بەشێک لە یادەوەری وەک کۆسپی نەتەوە و وەک  دانپێدانانی جینۆسایدی فەرمی لە لایەن دەزگاو دەولەتە دەرەکیەکانەوەو ،دواجاریش ببێتە بەشێک لە پێکهێنەرەکانی بیرکردنەوەمان،کردنی ئەنفال بەبەشێک لە یادەوەری پێویستی بە سیاسەتێکی جیاوازە لەو سیاسەتی ڕاگەیاندنەی کە حکومەتی هەرێم پەیڕەوی دەکات.کێشەکە پەیوەندی بە یادکردنەوەی ساڵانەو  ئاهەنگی پرسەو نمایشی دۆکۆمێنتی کارەساتەکەوە نیە ،وەک ڕاگەیاندنی رەسمی تێێ گەیشتوە.دواشت پێویستمان پێێ نەبێت ئەو ڕۆحی پرسەیەیە کەلەساڵیادی ئەنفالدا ڕاگەیاندنی فەرمی داگیردەکات .بەڵکو کارێکی ستراتیژو زیندوترمان پێویستە تا ئەو ڕۆحی هاودەردیە زیندو بکەینەوە کە ڕابردوو بە ئێستاو داهاتوەو گرێدەدات و هەردوکیشیان بە جیهانی دەرەوە .

نەژاد سیوەیلی 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.