لە جەلەمۆرد ەوە بۆ سوید ….عومەر محەمەد
لە جەلەمۆرد ەوە بۆ سوید
ڕۆڵی ” مام ئەفەندی” لەبەرفەمی ناساندنی تاوانی ئەنفالدا
لە كۆتاییەكانی ساڵی 2008 وەفدێكی پارتی چەپی سویدی بەمەبەستی كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانی ئەنفال، سەردانی كوردستانیان كرد، من ئەو كاتە یاوەریان بوومو دەستنیشانی شایەتحاڵەكانم بۆ دەكردن، رۆژی 21ی تشرینی دووهەم، سەردانی شاری هەڵەبجەمان كردو سەرلەبەیانی رۆژی دواتر بەرواری 22/11 لەسلێمانیەوە بەرێكەوتین بۆ كۆمەڵگای شۆرش، كاتژمێر 9:45ی سەر لەبەیانی لە بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانو ئەنفالكراوانی چەمچەماڵ لەلایەن قایمقامی ئەوسای چەمچەماڵو بەڕێوەبەرو كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیو ژمارەیەك لەكەسوكاری ئەنفالكراوەكان پێشوازیمان لێكرا.
كەگەیشتین زۆر دلخۆش بووم،بەبینینی مام ئەفەندی، چونكە رۆژی پێشتر داوام لەبەرێوەبەرایەتی شەهیدان كرد بوو، كە پێویستە یەكێك لەوشایەتحاڵانەی دەیان بینین ئەوپیاوە بێت، چونكە دەمزانی چەندە شایەتحاڵیكی قەناعەت بەخشە، كورتو پوخت قسەدەكاوبەرونی وێنەی ئەنفالكردنی ناوچەكەیانو گوندەكەیان دەدا بەدەستەوە، پێشتر مام ئەفەندیم بینیبوو، قسەم لەگەڵداكردبوو، لەدادگای بالای تاوانەكانیش شایەتحاڵیكی وریاو بە ویقار بوو.. سەرباری ئەوەی خێزانەكەیوچوار منداڵی ئەنفالكرابوون، بۆخۆشی زیندان بوو لەدۆزەخی نوگرەسەلمان گەرابووەوە بەراستی پیاوێكی بەهیمەتو ورەبەرز بوو.
لەهەمان كاتدا جگەلە ( ئەفەندی ئەحمەد مەلامحمەد) سێ شایەتحاڵی تر ئامادەبوون ئەوانەی بیرم ماون ژنێك بەناوی قەدریەوكوڕێكی تر كە ئەوكاتە لە نوگرەسەلمان تەمەنی 7 ساڵان بووە ، بە ناوی ئەسكەندەر ئامادەبوون بۆ ئەوەی قسەمان بۆ بكەن، هەرچوارییان حیكایەتی تراژیدی خۆیان لەگرتنو گواستنەوەو دواتر ئازاد كردنیان بەوردەكاریەوە بۆ وەفدەكە گێڕایەوە.
بەڵام گیرانەوەی مام ئەفەندی بەردی بەو رەقییەی خۆیەوە دەهێنایە دەنگ، ئەم نوسینە پێزانینە بۆ پیاوێك كە قسەو گیرانەوەكانی بوونە مایەی سەرنج، دڵنیام قسەكانی مام ئەفەندی رۆڵی كاریگەریان لەسەر سەرۆكو وەفدەكەی پارتی چەپی سویدی بوو، زۆر بەوردی لەسەر وردەكاریەكانی ئەنفالی گوندەكەیان دەوەستاو پەنجەی دەخستە سەرخاڵ، گرنگترین قسەی ئەو پیاوە ئەوە بوو، كاتێك وەرگیرەكە پێی ووت: ” چیت بینیوە بێ زیادوكەم بۆمان بگیریتەوە” مام ئەفەند بە زەردەخەنەیەكەوە ووتی: درۆزن بۆیە قسەی ناراست دەكات لەبەر ئەوەی شتی راستی لەلا كەمە، من پێویستم بە درۆنیە لەبەرئەوەی ئەوەندەم پێیە هەرلە ئێستاوە هەتا دنیادنیایە مەزلومیەتی خۆمان بگیرمەوە تەواو نابێ، ئیتر چ پێویستم بەوەیە راستیەكان فەرامۆشبكەمو ناراستی بلێم.؟! كە كەوتە گیرانەوەی چیرۆكی خۆیان لە گوندی جەلەمۆرد ووتی: تەنها لە خانەوادەكەی خۆم 36 كەس ئەنفالكراین، پێنج كەسیان هی خانەوادەی خۆمن ( ژنو كوروكچی خۆمن) بەوردی قسەی بۆ وەفدەدەكرد.
سەرەتا لە كیمیابارانی گۆپتەپەو عەسكەرەوە دەرگای باسەكەی كردەوە، ئینجا چۆن هەواڵە تۆقێنەرەكە گەیشتووەتە گوندی جەلەمۆردو چۆن شڵەژاونو لەترسی چەكی كیمیاوی گوندیان چۆڵكردووەو چونەتە دەرەوەو لەناو شیودۆڵەكان خۆیان حەشارداوەو چۆن كەوتوونەتە بەرپەلاماری سوپا، قیژەی منداڵو ناڵەی پیرەمیردو كروزانەوەی دایكانی شەكەتو گرتنو راپێچكردنیان، دواتر كۆكراونەتەوەو بە تراكتۆرو ئیڤای سەربازی بردویانن بەرەو چەمچەماڵو لەوێشەوە بۆ كەمپی تۆپزاوا، ئەشكەنجەی دەرونی دراون،چۆن برسی كراون.. بۆچی برسی كراون، مام ئەفەندی ووتی برسی كردنمان بۆئەوە بوو لەپەلوپۆمان بخەنو كەس نەتوانێ ڕابكات، بەعسیەكان دەیان گووت: مادام هەر دەكوژرین ئیتر نانی چیان بدەینێو ئەو مەسرەفەیان بۆ لیبكەین..؟ بەبی وەستان قسەی دەكرد وەستانێك و دەستی بەقسە كردن كردەوە : هەرواش بوو هەرچی گەنجی كوردە بەبرسێتی و تینوێتی گوللەباران كراون لەو بیابانەی خوارەوە، سویندتان لەسەرم نیە رەنگە پێش كوژرانیان لەتینوا مردبن یان كوێربووبن، ووتی : بۆیە ئێمەشیان جیاكردەوە بۆ ئەوەی لەپێشەوە گەنجەكان خەلاس بكەنو خۆیان بەپیروپەكەوتەوە خەریك نەكەن، كەباسی جیاكردنەوەی خۆیانی دەكرد بەرەو نوگرەسەلمان ئەوەندە بە روونی قسەی دەكرد كورم دەویست خۆی بگرێو دڵی پڕنەبێ..؟ چۆن لە تۆپزاوا سوكایەتیان پێكراوەو دواتر براون بۆ نوگرە سەلمانو لەوێش بەهەمان شێوەو بەزەحمەت ژیانیان گوزەراندووە، مام ئەفەندی وتی : چەندین كەس لە نوگرەسەلمان لەبرساو لە گەرما مردن، بەشداری ناشتنو داپۆشینی ئەو تەرمانەم كردووە كە لەپشتی قەلای نوگرەسەلمانەوە تەنكە خۆڵیكمان پێدادەكردنو دواتر سەگ تەرمەكانی دەردەهێناو دەیخواردن، هەقیقەت شایەتحاڵیەكەی ئەفەندی زۆرگرنگو بەسوود بوو. ئەم چەند دێرەم بۆ ئەوەیە بلێم پارتی چەپی سویدی كە رۆڵیكی كاریگەری لە بەجینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفالدا هەبوو لەپەرلەمانی وڵاتەكەیان، نابێت رۆڵی شایەتحاڵێكی گرنگی وەك مام ئەفەندیو تراژیدیای گوندی جەلەمۆرد لەبیر بكەین، بەداخەوە مام ئەفەندی لەدوای ئەو چاوپێكەوتنە لەبەرواری 7/1/ 2009 كۆچی دوایی كردو بەری ئەودیدارەی بەچاوی خۆی نەبینی.
مام ئەفەندی دوای ئەوەی بێئومید بوو لە گەرانەوەی خانەوادەكەی كە بریتی بوون لە ( هەیبەت محمد سلیمان ژنەكەی، كچوكورەكانیشی كەمالو عەتیەو رەنج و تالیب ) بوون، ئیتر هاوسەرگیرییەكی ناچاری كردبووەوەو كچێكو سی كوری بەناوەكانی ( كابان، فرمان، ئەرسەلان، گۆران) لەهاوسەری تازەی هەیە، كە ئێستاش بە مەینەتیەكی زۆرەوە لەگوندی گۆپتەپەدەژین . بەهیوام بەجینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفال لەپەرلەمانی سوید ببێتە مایەی ئەوەی حكومەتی هەریم بەتایبەتی هەردوو وەزارەتی شەهیدانو كاروباری كۆمەڵایەتی رێ و شوێنیكی شایستە بگرنەبەر بۆ چاودێری كردنی منداڵەكانی .