Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە دوورینامەدا، خۆشبەختى خەیاڵە…. ئارام سدیق

لە دوورینامەدا، خۆشبەختى خەیاڵە…. ئارام سدیق

Closed
by February 29, 2008 گشتی

 چەند سەرنجێكى كورت لە كتێبى لە "دوورینامە"ى بەهمەن غەفوور
 
 پاش راپەڕین و لەگەلأ فەراهەمبوونى پەراوێزێك بۆ ئازادى رادەبڕین و ئازادى نووسین و بڵاوكردنەوەدا دەیان و سەدان كەس دەستیاندایە نووسین و نووسین بووە بەشێك لە ژیانى هەندێكیان و بەشێكیشیان تەنها وەك ئارەزوویەكى كاتى لێیان دەڕوانى. هاوكات لەنێو ئەو لێشاوە نوسینەدا بەشێكى زۆرى ئەو لێشاوە شیعر بوو، هەروەها دەبێت ئەوەش بڵێم كە بەشێكى زۆرى نووسەران سەرەتا بە شیعر دەست پێدەن و پاشان و پاشان خۆیان لە بوارى تردا دەدۆزنەوە. بەر لە ساڵى (2003) كە بارودۆخى ماددى تاكى كورد روو لەباشى نەبوو چاپكردنى كتێب بە گشتى و كتێبى شیعرى كەم بوو بەڵام لەپاش ئەو ساڵەوە كە پرۆسەى ئازادى عیراق تێیدا كراو و بارودۆخى ئابوورى كوردستان بوژانەوەى بەخۆوە بینى چاپكردنى كتێب یە رێژەیەكى زۆر زیادى كرد بۆیە لێشاوێك كتێبى شیعر كەوتنە كتێبخانەكانەوە كە بەشێكى زۆریان نەك شیعر نەبوون بەڵكو وڕێنەبوون و هیچى تر. سەیر لەوەدایە بەشێك لەو وڕێنە نوسانە بەردەوام بوون و تا ئێستاش دەیانەوێت خۆیان وەك شاعیرى داهێنەر بناسێنن. بەڵام ئەوەى جێى بایەخە لەو نێوانەشدا كۆمەڵێك گەنج بە توانایەكى سنووردارەوە دەیانەوێت قسەى دڵى خۆیان لە شێوەى شیعر و بە شێوازى تایبەت دەربڕن.
 یەكێك لەو دیوانە شیعریانەى لەم ماوەیەدا بڵاو بووەوە و شایانى قسەلەسەر كردنە دیوانى (دوورینامە)ى "بەهمەن غەفور" بوو. ئەو كتێبە شیعرییەى بەهمەن خاڵى نییە لە كەموكوڕى، بەڵام ئەوەى شایانى لەسەر وەستانە ئەو هەموو جوانیەیە كە ئەو دیوانە هەڵگرییەتى. ئەو كتێبە خاڵى نییە لە وێنەى سادە و ئاسایى، بەڵام پڕیشە لە وێنەى شیعرى جوان و نوآ و داهێنەرانە كە مەگەر تەنها دڵى عاشقێك و چاوى شاعیرێك ئەو وێنانە بگوێزێتەوە نێو دنیاى وشەوە.
 دوورینامە بێجگە لە پۆستەرە شیعرى كورت كورت هیچ قەسیدەیەكى درێژى لە خۆ نەگرتووە و لەو هەناسە كورتانەدا دنیابینى فراوان و ئاسۆى جوان و گەش دەخوێنینەوە. شاعیر دەیەوێت لەرێى وشەى كورت و گوزارشتى بچووكە ئازارى گەورە بنوسێتەوە. من پێموایە زۆرجارتێكستى كورت ئازارى گەورە دەنوسێـتەوە و بەپێەوانەشەوە زۆر تێكستى گەورە هەن كە نەیانتوانیوە ئازارى بچوكیش وێنە بگرن. رۆمانى "پیرەمێرد و زەریا"ى ئەرنسیت هەمەنگواى رەنگە باشترین نموونەى ئەو تێستە بچووكانەبێت كە خەمى گەورەى ئینسانى لە هەناویدا جآ كردۆتەوە نۆبڵى ئەدەبى پێبەخشراوە. بۆیە نووسەرە داهێنەرەكان زۆرجار لە تێكستى كورتدا جوانى ناكۆتایان جێكردۆتەوە. دوورینامەش لەو تێكستە بچووكانەیە كە جوانى بەرفراوان لە هەناویدا خۆى حەشارداوە و شایانى لەسەر وەستان و خوێندنەوەیە.
 
 دەمزانى
 نەگەیشتنى بەتۆ
 ونبوونە لە خەیاڵدا
 ونبوونە لە خۆمدا
 ونبوون گەڕانێكى بێكۆتاییە
 ئەوەى لەو چەند وشە كەمەى سەرەوەدا خراوەتەڕوو تەنها وشە ریزكردن نین بەڵكو خستنەڕوو دنیای كوردییە كە مرۆڤەكان بەرەو ونوون دەبات و دەیكاتە گەڕانێكى بێكۆتایى. ونبوون لەوێدا تەنها لە مانایەكدا كورت ناكرێتەوە، بەڵكو دەكرێت ونبوون كۆچ بێت بۆ هەندەران دەكرێت ونبوونى دوو عاشق بێت لەیەكترى دەكرێت ونبوونى دوو هاوڕآ یان دوو مرۆڤ و…هتد بێت. واتە تێدەگەین جوانى شیعر  بەتەنها لەوەدا نییە وشە ریز بكرێت یان وشەى نوآ بهێنرێت. شیعر بەتەنها بە راوكردنى جوانییەك جوانى بە مرۆڤەكانى تر نابەخشێت، بەڵكو كۆكردنەوەى هەموو جوانیەكان لە شیعردا وا لە شیعر دەكات جوانى نوآ و وێنەى نوآ بە خوێنەرەكانى ببەخشێت.
 
 دیندارەكان
 خواگرتوونى
 منیش
 عەشق گرتوومى
 ئەوان یەكتر دەكوژن
 منیش:-هیواكانم
 عەشقلە كۆمەڵگەى كوردیدا بەهۆى ئەو هەموو رێگرە كۆمەڵایەتیەوە زۆرجار مرۆڤ بەرو هەموو نائومێدییەك دەبات و تا دەگاتە خۆكوشتن. ئەو مرۆڤانەى "تا"ى عەشقیان لێدێت سآ چارەنووس چاوەڕوانیانە یان دەبنە شاعیر و بە شیعر ناخى خۆیان بەتالأ دەكەنەوە، یان سەرى خۆیان هەڵدەگرن و واز لە زۆر شت دێنن و وەك دێوانەیان لێدێت و زۆرجار بەرەو هەندەران كۆچ دەكەن یان خۆكوشتن هەڵدەبژێرن. گەنجانى كۆمەڵگەى ئێمە بەشێكى زۆریان خۆشبەختانە بوونەتە شاعیر. بۆیە دەڵێم خۆشبەختانە لەبەر ئەوەى رێگەكانى تر پرمەترسین هەرچەندە كۆمەڵگەى ئێمە لەو دوو جۆرەى تریش خاڵى نییە. بەهمەن لەو كەسانەیە كە بۆتە شاعیر و لەڕێى شیعرەوە گوزارش لە بێهیوابوونى هەم خۆى و هەم هاوشێوەكانى خۆى دەكات. بەهمەن ئەوەندە بێهوایە تا لە شوێنێكدە دەنوسێت: لە خۆمەوە فێربووم خۆشبەختى خەیاڵە. واتە شاعیر لە ئەزموونى ژیانى خۆیەوە فێرى ئەوەبووە هیواكان دەمرن و خۆشبەختى وەك مەحالأ دەمێنێتەوە.
 ئەوەى گرنگە لە دوادجاردا ئاماژەى پێبكەم ئەوەیە كە دوورینامەكەى بەهمەن غەفوور دەكرێت وەك ئەزموونێكى نوێى شاعیرانى گەنج تەماشا بكرێت، بێگومان ئەزموونێكى جوان لەبەر ئەوەى ئەو دیوانە بچووكە خاڵى نییە لە جوانى و وێنەى نوآ و دنیابینى شیعرى كە شایستەى خوێندنەوەیە. هەروەها هەست بەو تەمە نائومێدیەش دەكرێت كە دوورینامەى پڕكردووە لەو گوتارەى كە "خۆشبەختى خەیاڵە"، بێگومان ئەم حاڵەتەش رەنگدانەى ژیانى بەشێكى زۆرى گەنجى كوردە، بەیە ئاساییە. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بدەین كە هەمیشە ئازار و خەم و نائومێدى دەبێتە تێكستى جوان و داهێنەر هەمیشە تێكستە جوانەكان بەشێكى زۆریان ئازارى قولأ لە هەناویاندایە.
 
 * بەهمەن غەفوور، دوورینامە، لە بڵاوكراوەكانى كۆمپانیاى ئاوێنە ساڵى (2007).
   
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.