Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە دژی تەزویرچییەکان: با هەموومان بەشدارو چاودێر بین

لە دژی تەزویرچییەکان: با هەموومان بەشدارو چاودێر بین

Closed
by September 9, 2013 گشتی

 

 

 

 

چەند رۆژێکی دیکە دەنگدانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. دەنگدان یەکێک لە وەسیلەکانی بەشداریکردنە لە پرۆسەی سیاسی‌و بریاری سیاسی لە کۆمەڵگەکان. لەوەتەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەستیانپێکردوە، ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر لە کوردستان هەستیپێدەکرێت بوونی جۆش‌و خرۆشێکی جەماوەرەییە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو. هاوکات، هەندێک لایەن ناراستەوخۆ لە هەوڵی ساردکردنەوەی خەڵکن لە دەنگدان‌و لەژێرەوەش وەک پیشەیان لە ئامادەسازیدان بۆ تەزویرکردنی دەنگەکان‌و ناشیرینکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن. 

لەبەرئەوەی تەزویر گەورەترین ئاستەنگە لە پێش پرۆسەی هەڵبژاردن‌‌ لە کوردستان، کە مەبەست لێی تێکدانی رێژەی دەنگەکان‌و لەوێشەوەش ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانە، بۆیە ئەم بابەتە کورتە لە خولگەی ئەو دیاردە ناشارستانی‌و نادیموکراسی‌و نائەخلاقییەدا دەسوڕێتەوەو مامەڵە لەگەڵ پرسی تەزویر لە هەڵبژاردەنەکانی داهاتوو دەکات. چ بکرێت بۆ ئەوەی خەون‌و ئاواتی عەدالەتخوازان‌و ئازادیخوازان‌و دیموکراتخوازان بێتەدی‌و پیلانە گڵاوەکانی دژیان سەرنەگرێ تەوەری سەرەکی ئەم نوسینەن. ڕووی قسەکانیشمان زیاتر لە خەڵکی بێلایەن‌و مەحرومکراوی کوردستانە. لە چەند شوێنێک‌و نوسینی دیکەدا پێشتر پێشنیارو راسپاردەم پێشکەشکردوە لەسەر چۆنییەتی رێگریکردن‌و کەمکردنەوەی تەزویر. پێشنیارو راسپارەکان داوای گۆڕانکاری جەوهەرییان لە سیستمی دەنگدان‌و سەرژمێری‌و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردبوو. لەبەرئەوەی دەسەڵات هیچ ئامادەیی ئەوەی تێدانەبوو ئەو گۆڕانکارییانە بکات راسپاردەکان لەسەر کاغەزەکان مردن. هاوکات، لەبەرئەوەی تەنیا چەند ڕۆژێک ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان بۆیە قسەکردن لەو راسپاردەو پێشنیارانە هیچ کەڵکی نییەو لەم ماوە کورتەدا جێبەجێکردنیان هیچ مومکین نییە. بۆیە ئەوەی لێرە دەیخەینەڕوو چەند خاڵێکە کە دەکرێت‌و دەگونجێت لە ئێستاوە تا رۆژی هەڵبژاردن، بەتایبەتیش لە رۆژی هەڵبژاردن، کاریان لەسەر بکرێت‌و جێبەجێبکرێن، کە ئەمانەن:   

یەکەم، هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەپیرو گەنج، ژن‌و پیاو، کوڕو کچ بێ قەیدو شەرت بەشداری هەڵبژاردن بکەن‌. ئەگەر پرسیار ئەوەیە، بۆ؟ لە وەڵامدا دەڵێم، چونکە بە بەشداریکردنی خەڵک دەرفەت‌و هەلی تەزویر لە دەست تەزویرچییەکان کەمدەبێتەوە. رابردوو پێمان دەڵیت، بەگشتی تەزویرچییەکان دەنگی کەسە بەشدارنەبووەکان‌و کەسە مردوە زیندوەکان لە ناو لیستەکاندا تەزویردەکەن. ئەویش بەدروستکردنی ناسنامە (هەویە) بەناوی ئەو کەسەی کە بەشداری ناکات‌و بە وێنەی کەسە تەزویرچییەکە. لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو دەرکەوتووە کە باندی تەزویرچییەکان، بەتایبەتی لە سەعاتەکانی کۆتایی دەنگداندا، لە دوای نیوەڕۆ بەدواوە، کە دەبینن خەڵک لەسەر سندوقەکانی دەنگدان کەمبوونەتەوە، ئیدی دێن ناوی کەسە بەشدارنەبووەکان دەنێرن بۆ بنکەی تەزویرچییەکان کە لە بنکە حزبییەکان بارەگایان داناوە. ئەوانیش یەکسەر ناسنامەی تەزویر بەو ناوانەوە دروستدەکەن‌و وێنەی تەزویرچییەکی پێوەدەلکێنن‌و دەینێرن بۆ دەنگدان لەو بنکەیە. بۆیە، هەنگاوی یەکەم بۆ پێشگیریکردن لە تەزویر بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنەکان.

دووەم، هاوڵاتیانی بەشداربوو لە دەنگدانەکان دەبێت هەر چاوێکیان بکەین بە دە چاو، هەر گوێیەکیان بکەین بە دە گوێ‌و ئازایانە‌و چاونەترسانە‌و ئاشتیخوازانەو دڵسۆزانە چاودێری پرۆسەی دەنگدان بکەین. هاوڵاتی دەنگدەر نابێت بهێڵێت هیچ کەس‌و لایەنێک تەنانەت ئەگەر لایەنەکە ئەو لایەنەش بوو کە خۆی دەنگی پێدەدات، تەزویربکات یان هەڕەشەی تەزویربکات، بەهەر شێوەیەک لە شێوەکان. دەنگدەرانی بێلایەن‌ لە کوردستان لە ئەندامانی هەموو حزبەکانی کوردستان زۆرترن. بێلایەنی دەنگدەر نابێت ببێتە مایەی ئەوەی بڵێت جا من هەقم چییە خۆ من نە چاودێرم نە کادیری حزبیی. دەنگدەری بێلایەن ناکرێت بڵێت ئەمە کێشەی کۆمۆسیۆنە یان حزبەکانە. لە راستیدا هەموومان چاکدەزانین کە کۆمسیۆن‌و هەندێک لە حزبەکان بەشێکن لە کێشەکە نەک چارەسەر. کۆمسیۆن بە خۆی لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی (موحاسەسەی) حزبی دامەزراوە، بۆیە کۆمسیۆن هەر لە دامەزراندن‌و دووبارە دامەزراندنییەوە هیچ موسداقییەتێکی نەبووەو نییە. ئەوەی لێرە مەبەستە رێگرتنە لە کۆمۆسیۆن‌و چاودێرە حزبییەکان لە تەزویرکردن، چونکە ئەوان تەزویرکەری یەکەمن. زەرەرمەندی یەکەم لە تەزویر خەڵکی بێلایەنە چونکە خۆیان سودمەندی یەکەمن لە گەشەکردن‌و سەقامگیربوونی دیموکراسییەت‌ لە کوردستان‌و زەرەرمەندی یەکەمیش لە کەمکردنەوەی تەزویر تەزویرچیی‌و کۆمسیۆن‌و دەسەڵاتەکانی پشتیانن.

سێیەم، شەڕی تەزویر شەڕێک نییە کە تەنیا پەیوەندی بە رۆژی دەنگدان‌و پرۆسەی دەنگدانەوە هەبێت بەڵکو شەڕێکە لە دژی ناعەدالەتی، چونکە، تەزویرچییەکان بە تەزویر ناعەدالەتی پتەودەکەن‌و دەسەپێنن‌و شەرعییەتی پێدەدەن. بەگژاچوونەوەی تەزویر شەڕێکە لە دژی گەندەڵی، چونکە، تەزویرکردن کۆڵەکەی سەرەکی گەندەڵییە. شەڕ لە دژی تەزویر شەڕێکە لە دژی بکوژانی ئازادی‌و بکوژانی رۆژنامەنوسان‌و زیندانیکردنی چالاکوانان، چونکە، تەزویرچییەکان لە رێگەی دەنگە تەزویرەکانەوە کورسییەکانیان مسۆگەردەکەن‌و دەسەڵات زامندەکەن‌. لەوێشەوە، دەسەڵاتەکە بەکاردێنن بۆ داڵدەدانی بکوژانی خۆپیشاندەران‌و بەرتەسکردنەوەی روبەری ئازادییەکان. بۆیە ناکرێت پرسی تەزویر لە پرۆسەی دەنگداندا قەتیسبکرێت یان جیابکرێتەوە، بەڵکو دەبێت ئەم رەهەندانەو دەیان رەهەندی دیکەی تەزویر ببینرێن‌و بە هەند وەربگیردرێن.

چوارەم، دارشتن‌و ئیدامەدان بە تەزویر لەلایەن تەزویرچییەکان راست بە مەبەستی سڵەمینەوەی خەڵک لە بەشداریکردن لە دەنگدان‌و پرۆسەی سیاسیی وەگەڕخراوە. بە مانایەکی دیکە، تەزویرچییەکان دەیانەوێت ئەو گریمانە لای خەڵکی عەوام دروستببێت کە بەشداری پرۆسەی سیاسی‌و دەنگدان بکات یان نەکات وەک یەکە، چونکە ئەوان دەیانەوێت بە خەڵک بڵێن ئێوە بەشداریبکەن یان نەیکەن ئێمە بە تەزویر هەر دەیبەینەوە. بەمەش دەنگدان‌و هەڵبژاردن بێنرخ دەکەن. بەڵام ئەمە دوورە لە راستی. راستە تەزویرچییە دەسەڵاتدارەکان لە رێگەی دەنگە تەزویرەکانەوە دەتوانن هەندێک کورسی زیاتر مسۆگەربکەن بۆ خۆیان. بەڵام خاڵێکی گرنگ، یان راستییەک، کە تەزویرچییەکان دەیانەوێت چەواشەی بکەن ئەوەیە کە تا رێژەی بەشداریکردن زیادبکات رێژەی تەزویر کەمدەبێتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە تا رێژەی بەشدارکردن زیادبکات دەنگە تەزویرەکان نرخیان کەمتردەبێت. بۆیە بۆئەوەی پڕۆژەی ساردکردنەوەی خەڵک لە بەشداریکردن لە دەنگدان‌و پرۆسەی سیاسی هەڵبوەشێنرێتەوە دەبێت هەموو خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بکەن‌و بە دەنگی خۆیان کورسی بۆ ئەو لایەنانە مسۆگەربکەن کە دژی تەزویرو گەندەڵن‌. لەوانەش گرنگتر ئەوەیە، بەبەشداریکردن لە دەنگدان رۆحی هەقیقی دەخرێتەوەبەر پرۆسەی سیاسی‌و دیموکراسی لە کوردستان‌. بەمەش، دەکرێت دەنگدان بکرێت بەو پوشکەیەی کە پشتی حوشتری تەزویرچییەکان دەشکێنێ‌و هەیبەت‌و شکۆ بۆ دەنگ‌و دەنگدان بگێڕێتەوە. 

    پێنجەم، هەموو نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمجارە فەزایەکی سیاسی‌ ئازادترو ئارامترو بێترستر بۆ بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە ئارادایە. ئەگەر پرۆسەکە بەمشێوەیە بەردەوامبێت ئومێدی ئەوە دەکرێت کە گۆڕانکاری گەورە لە هاوکێشەی هێزەکان لە کوردستان دروستببێت. بەڵام ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە تەنیاو تەنیا کاتێک دروستدەبێت ئەگەر هاتوو بڕو ڕێژەو ژمارەی دەنگە تەزویرەکان لە رۆژی دەنگداندا کەمبکرێتەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەم فەزا سیاسییە باشەی کە فەراهەمکراوە دەکرێت “هێمنیی پێش گەردەلول بێت”. بەواتایەکی دیکە، دەکرێت تەزویرچییەکان خۆیان بۆ رۆژی دەنگدان حەشاردابیت‌و لەو رۆژەدا “دەگەی” خۆیان لێبدەن. دووبارەی دەکەینەوە، تەزویر گەورەترین کێشەیە لە پێش پرۆسەی سیاسی‌و دیموکراسی لە کوردستان. بە کەمکردنەوەی تەزویر پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان هەنگاوێکی گەورە دەنێت بۆ پێشەوە. بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێک بخرێتەگەڕ بۆ بەرنگاربوونەوەی تەزویرو ناکرێت دڵمان بەو فەزایە زۆر خۆشبێت کە لە ئارادایە. دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە دیاردەیەکی خراپ بێت بەڵکو بەپێچەوانەوە ئاماژەیەکی زۆر باشە، بەڵام ئەوەی جێگەی ترسە ئەوەیە کە هەموو ئەو دڵپێخۆشییە لە رۆژی دەنگدان بە تەزویرێکی زۆرو سیستیماتێک ونبێت، وەک ساڵانی پێشووتر. 

لە کۆتایی دەبێت ئەوە بڵێین کە شەڕی تەزویر، بەگژاچوونەوەی تەزویر، بنبڕکردنی تەزویر، کەمکردنەوەی تەزویر ئەرکی سەرەکی دەنگدەری بێلایەنە پێشئەوەی ئەرکی هەر کەس‌‌و لایەنێکی دیکە بێت. بە دوو شت دەکرێت هەنگاوی ئێجگار گەورەو سەرکی بهاوێشترێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تەزویر، کە ئەمانەن: بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان‌و هاندانی خەڵکانی دەوروبەر بۆ بەشداریکرن، لەگەڵ، هەستکردن‌ بەوەی کە چاودێریکردنی دەنگدان‌و هەڵبژاردنەکان لە رۆژی دەنگدان تەنیا ئەرکی چاودێران‌و کادیرانی حزبەکان نییە بەڵکو ئەرکی ئەخلاقی‌و نیشتیمانی هەموو هاوڵاتییەکە. واتە شەڕی تەزویرچی‌و گەندەڵکاران بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان دەستپێدەکات‌و بە چاودێریکردنی تەزویرچییەکان‌و رێگریکردن لێیان کۆتایی دێت. 

د. شێرکۆ کرمانج
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.