Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا

لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا

Closed
by February 1, 2011 گشتی

لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا
کامەران چروستانی

 

لەنێوان ڕابردوو و داهاتوودا هەنوکە هەیە. بەڵام ئێمە لە چ کاتێکدا دەژین؟ چونکە هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانێت ژیانی خۆی لە ڕابردوودا یاخود لە داهاتوودا هەڵبواسێت یان لە هەنوکەدا ڕایبگرێت و بەڕێوەیبەرێت. گەر بمانەوێت تەنها لە ئێستادا بژین کارێکی گرانە و لەوانەیە  جگە لە بواری مێدیتەیشن و قوڵبوونەوەی بیرەکاندا نەتوانین بەجێی بهێنین، بەڵام ژیانە واقیعییەکە ئەوەی سەلماندووە، کە پێویستمان بەوە هەیە، لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا خۆمان بدۆزینەوە.
هەر ڕووداوێک خۆشییەک یان ئازارێکی لە ڕابردوودا پێ بەخشیبین، هەمیشە لە هزر و هەستماندا سەری خۆی هەڵدەداتەوە و دەردەکەوێتەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان. جا ئەمە لە ڕابردوودا ڕوویداوە و گەر خۆشیی بووبێت، ئەوا ئاواتی دووبارەبوونەوەی دەکەین، خۆ ئەگەر بێزارکەر و ئازاراوی بووبێت ئەوا دڵەڕاوکێمان تووش دەکات و ئارەزوومەندین ئەگەرچی بە خەیاڵیش بێت لە مێشکیشماندا دووبارە نەبێتەوە. ئەمەش بنەمایەکە بۆ ئەوەی هەندێکجار لە ئێستا و داهاتووماندا لە خەیاڵ و بیروبۆچوونی ئەو ڕووداوانەدا بژین و هەر ئەوان ببن بە بنەمای بیر و پلان و بۆچوونەکانمان.
ئەوەی ژیر بێت لەو ڕابردووەدا دەژی، کە دەیبات بۆ داهاتوو وە بە هەموو توانا هزرییەکانیەوە بیر لە هەنگاوەکانی داهاتووی دەکاتەوە، کە دەتوانێت لە بەرژەوەندی ژیانی ئەودا بێت. ژیر ئەو کەسەیە، کە بیر لە مامەڵەکانی ئێستای خۆی دەکاتەوە. بێگومان بە ،کە لە ژیریت نییە گەر ژیانت بە سکاڵاکانی ڕابردووەوە ببەستیتەوە یان لە ناو بەندیخانەی ڕابردوودا خۆی دیل بکات: (من چیم کردبوو، هەتا توشی ئەم نەهامەتییە ببم؟ ئایا شایەستەی ئەوە بووم؟ ئەگەر ئەوە ڕووی نەدایە ئەوا …….، خۆزگە ئەو هەنگاوەم نەنایە، ئەگینا ژیانم بە شێوەیەکی تر دەڕۆشت). ژیانت بەرهەمی ساتە هەنووکییەکانی هەموو ژیانی خۆتە بەوەی کە خۆت کردووتە و بەوەی کە بارودۆخەکە بۆ تۆی هانیوەتە پێشەوە. کەواتە بەشێک لەوەی تۆ تیایدا دەژیت، خۆت بڕیاردەر و جێبەجێکەر بوویت. گرنگ ئەوە نییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە لەبری ئەو ڕستانە بڵێیت: چی بکەم، بۆ ئەوەی پاڵێکی نوێ بە ژیانمەوە بنێم؟ گەر ئەوە هەڵە بووبێت، چی بکەم بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە؟
خۆ ئەگەر لە خۆشی و شادییەکانی ڕابردووشدا بژیت، ئەوا جگە لە ئازارێک هیچ شتێکی نوێت پێ نابەخشێت. ئازارێک کە شەمەندەفەرێک هەڵی دەگرێت و  ڕووی شەمەندەفەرەکەش هەمیشە بەرەو ڕابردووە. ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار: ئەمەیە ئەو بیرۆکانەی کە بەرەو ڕابردوو دەتگوێزێتەوە. چونکە لەم بارەدا هیچ شتێک لە هەنوکەدا نادۆزیتەوە، کە وات لێ بکات، هەنوکە وەک هەنوکەی ژیانی خۆت بەرجەستە بکەیت. لەبەر ئەوە بەدوای ئەڵماس و بەردە بەنرخەکانی ڕابردوودا ڕادەکەیت، بەڵام ئەوانە هەرچەندە بەنرخ بن، بەڵام هەر بەرد و کەرەسەی ڕەقن لە ژیانتدا.
ئەو کەسەی، کە لە ئێستادا کەم بژی یان نەیەوێت ئێستا هەنوکە بەرجەستە بکات، ئەوا هەوڵ دەدات لێپرسینەوەکان و ئەنجامەکانی هەمیشە بداتە پاڵ ڕابردووە خەیاڵاوییەکە. ماف و دیفاعکردن لە خود مانای ئەوە نییە، نامەی گوناهبارییەکان بە ڕاست و بە چەپی ڕابردوودا بڵاوبکەینەوە و هەموو شتێک و هەموو کەسێک تاوانبار بکەین، جگە خودی خۆمان نەبێت. ئەو کەسەش کە ڕابردووی خۆی بە تیشکی خۆری بێگەرد دەشوبهێنێت، ئەوا درۆ نەک  تەنها لەگەڵ دەوروبەریدا دەکات، بەڵکو خودی خۆی هەڵدەخڵەتێنێت سەبارەت بە ڕابردوو وە داهاتوو.
ڕابردوو شتێکی جێگیرە و تەنها بواری ئەوەمان پێ دەدات، کە بیری لێ بکەینەوە، داهاتوو دەروازەیەکی بەرفراوانە، کە دەتوانیت زۆر شتی تیادا بەرجەستە بکەیت. لە ڕابردوودا تیشکی خۆر نادۆزیتەوە بەڵکو تەنها بیرەوەرییەکانی ئەو خۆرە دەتوانیت بەدی بکەیت، ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو تیشکەت لە ڕابردوودا هەبووبێت، بەڵام گەر هەنگاوەکانت جێگیر بن، ئەوا ڕۆژێک لە ڕۆژان جارێکی تریش لە داهاتوودا خۆرێک دەدۆزیتەوە و ئەو داهاتووەش لە ساتێکدا دەبێت بە هەنوکە.
کەسانێکی زۆر هەن کە بەدوای هێوری ژیانیاندا لە داهاتوودا دەگەڕێن. هەنگاو بە هەنگاو بیر لە پلانەکان دەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو “هێورییەی داهاتوو” بدۆزنەوە. بەڵام ئەمە شێتییە، چونکە ئەو هێورییە وەک سێبەری خۆیان وایە، هەرگیز پێی ناگەن، گەر بیر لە هێوری خۆیان نەکەنەوە لە ئێستادا. ئایا بە ڕاستی دەگەڕێیت بەدوای هێوری خۆتدا؟ ڕاوەستە، واز لە هەموو شتێک بهێنە، بیرێک لە خۆت بکەرەوە، پرسیار لە خۆت بکە، چی “لەم ساتەدا” هێوریت بۆ دەهێنێت؟ بڕۆ بەدوایدا، بۆی بگەڕێ و بیهێنەرە ناو ئامێزی ژیانی خۆتەوە لەم ساتەدا، چونکە گەر ئێستا هێوریی خۆت نەدۆزیتەوە، ئەوا هەرگیز ناتوانیت بیدۆزیتەوە. ئەمەش بەشێکە لە ناسین و پێناسەی خۆدی خۆت.
بە ئامانجێکی خۆت گەشتیت و لەم “هەنوکەدا” هیچ ئاماجێکی نوێ لە ژیانتدا نییە؟ نازانیت چی بکەیت و بۆچی لێرەیت؟ ئەوە بزانە، کە زۆر گرنگە خودی خۆت و ژیانت هەمیشە لە بەکارهێناندا بن، چونکە بەکارهێنانی خۆت ئەو بنەمایەیە، کە بەهایەک بە ژیانت دەبەخشێت وە ناهێڵێت جارێکی دیکە بەرەو ڕابردوو بڕۆیتەوە و بگەڕێیتەوە یاخود لە خەیاڵەکانی داهاتوودا بژیت. ئامانج و ویست و ئارەزووەکان هەرگیز لە ژیاندا ناوەستن و ئەمەش تەنها لە کاتێکدا ڕوو دەدات، کە لەگەڵ لێدانی دڵتدا وەک دڵی خۆت چالاک بیت.
گوناه نییە بیر لە ڕابردوو بکەیتەوە وە کار لەسەر ڕابردووت بکەیت، بەڵام هێندە کاری لەسەر بکە، کە بتوانێت بتگوێزێتەوە بۆ هەنوکەی ژیانت. بەم شێوەیە دەزانیت تۆ کێیت، چۆن شتەکان هاتوون و چۆن دەتوانن بڕۆن، ڕووداوەکان شی بکەیتەوە و لێپرسینەوەکانی ئەمڕۆ بگریتە ئەستۆی خۆت. بەم شێوەیە دەتوانیت ماڵئاوایی لە ڕابردوو بکەیت.
ئەوەشی مرۆڤ دەیتوانێت بیکات بریتییە لە کارکردن لەسەر داهاتووی، بە شێوەیەک هەنگاوەکان وا دابڕێژێت، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان، نزیک یان دوور بەو خاڵی ئامانجەی بگات، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە هەنوکەی خۆت لە بیر نەکەیت، چونکە ئێستات لە ساتێکدا داهاتوو بووە و داهاتووشت لە ساتێکدا دەبن بە ئێستا.
بۆئەوەی بتوانیت لە هەنوکەتدا بژیت، دەبێت قەبارەیەک بەم هەنوکەی ژیانت بدەیت، بەوەش بواری ژیانی خۆت بەرفراوان دەکەیت، هەڵوێستەکان و بارودۆخەکان بە پۆزەتیڤتر تەماشا دەکەیت، ڕێگاکان فرەڕێباز و دەرگاکان فراوانتر دەبینیت.
ڕابردوو، هەنوکە و داهاتوو سێ یەکەن، کە لە ژیانماندا هەن و بەشێکن لە ڕۆحمان، هەرچەندە سێ تەوەرەی جیاوازی ژیانن. گەر ڕابردوومان لە بیر نەبووایە، ئەوا ژیانمان بە شێوەیەکی دیکە دەبوو، نەماندەتوانی بە ئاگا بین لە هەنوکە و داهاتوو، بەڵام ئەو ڕابردووە دەتوانین بکەین بە بنەما بۆ ئێستامان، گەر خۆمان فڕێ نەدەینە باوەشی ڕابردووەوە. ئەوەی ئێستا لەسەری دەوەستین و پێی خۆمانی تیادا جێگیردەکەین تەنها “هەنوکەیە” و هەر ئەوەشە کە دەتوانێت مانایەک بە خودی خۆمان و ژیانمان ببەخشێت.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.